شۆڕشی گەلانی ئێران ڕووداوێکی مێژوویی گرینگە کە ٤٢ ساڵە بەردەوام خۆی بەرهەم دێنێتەوە. نەک بەو مانایە کە ئیرادەی خەڵکی ڕاپەڕیو و ئامانجی ئازادیخوازی بەرهەم دێتەوە، بەڵکوو ئەوە ڕێژێمی سیاسیی براوەی شۆڕشە کە تا ئێستاش لە دۆخی شۆڕشدایە و دامودەزگا و دامەزراوەکانی خستۆتە خزمەت پاراستن و برەودان بەو دۆخە. کارنامەی کۆماری ئیسلامی لەو ٤٢ ساڵەدا لە دوو ڕەهەندەوە شیاوی لێوردبوونەوەیە.
– ڕەهەندی یەکەم ئەو شێوازە دەسەڵاتدارێتییەیە کە لە یەکەم ڕۆژی گەڕانەوەی خومەینی بۆ تاران دەرکەوت. خومەینی کە لە وتووێژەکانی لە نۆفل لۆشاتۆ لەگەڵ ڕاگەیەنە ڕۆژئاواییەکان، حوکمڕانیی داهاتووی ئێرانی بە کۆماری فەڕانسە دەشوبهاند، لە ١٢ی ڕێبەندانی ٥٧ لە “بەهەشتی زەهرا” نیازی ڕاستەقینەی خۆی دەربڕی و وەک هەموو دیکتاتۆڕانی مێژوو گوتی: “من دەوڵەت دیاری دەکەم”. خومەینی وەک براوەی یەکەمی شۆڕش ڕێژیمێکی سیاسیی دامەزراند کە تا ئیستاش سروشتی خۆی پاراستووە و توانیوێتی هەموو جومگەکانی دەسەڵات لە دەست گرووپێکی فەرمانڕەوا بە ناوەندێتیی وەلی فەقیهـ کۆ بکاتەوە.
– ڕەهەندی دووهەمی ئاکامەکانی شۆڕشی ٥٧ کە مەبەستی ئەو وتارەیە، دۆخی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیی گەلانی ئێرانە. دابینکردنی بەستێنێکی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی کە بارتەقای مێژوو و سامانی سروشتی و سامانی مرۆیی وڵات بێ، لە ئەرکە سەرەکییەکانی هەر دەسەڵاتێکی سیاسییە. ئەزموونی سیاسی لە ئێران بە درێژایی تەمەنی ڕێژێمی پاشایەتی بریتییە لە دیکتاتۆڕی و سەرەڕۆیی دەستەی فەرمانڕەوا. لە هەمان کاتدا چەند وێستگەیەکی مێژوویی لە مێژووی هاوچەرخی ئێراندا ئەوەمان پێ دەڵێ کە دێمۆکڕاتیزەکردنی ئێران و بنەماکانی پلۆڕالیزم و تۆلێڕانس لە هەناوی کۆمەڵگەی ئێراندا بەرجەستە بوون. سنووردارکردنی دەسەڵاتی شا و دامەزرانی پارلمان و سەرهەڵدانی حیزبایەتی وەک دیاردەیەکی مۆدێڕن لە دیارترینی ئەو وێستگانەن کە سەلمێنەری ئەو پوتانسیەلەن لە نێو گەلانی ئێراندا. ڕاپەڕینی ٥٧ بەشێکە لەو بزووتنەوە ئازادیخوازییەی کە دژی دیکتاتۆڕی پەهلەوی سەری هەڵدا. گەلانی ئێران عەوداڵی ئازادی و کرانەوەی سیاسی و دواجار ئابووری بوون. هەر لە بەر ئەوەیە ڕۆیشتنی شا بۆ دەرەوە لە ٢٦ی بەفرانباری ٥٧ وەک هێمای دیکتاتۆڕی، یەکسان بوو بە کوتانی بزماری کۆتایی لە تابووتی ئەو ڕێژیمە. خەڵکی ئێران جگە لە ژمارەیەکی کەم نوخبەی سیاسی، ئاگاداری بیرۆکەی پێشتر گەڵاڵەکراوی ویلایەتی فەقیهـ بۆ داهاتووی ئێران نەبوون. دروشمە بریقەدارەکانی خومەینی بۆ گێڕانەوەی سامانی وڵات بۆ سەر سفرەی خەڵک، ڕێگای بۆ جێخستنی پڕۆژەی ئەزمووننەکراوی کۆماری ئیسلامی هەموار کرد. ماوەی ٥٠ ڕۆژ زۆر کورتتر بوو لەوەی گەلانی ئێران لە دۆخی شۆڕش بێنە دەر و بە چاوێکی کراوە و تێگەیشتنێکی دروست دەنگ بە ڕیفراندۆمی دیاریکردنی ڕێژێمی داهاتووی ئێران بدەن.
ئەگەر لە لوتکەی ٤٢ ساڵ حوکمڕانیی کۆماری ئیسلامییەوە ئاوڕ لە دۆخی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتیی ئێران بدەینەوە، ئەوەی بەرەوڕووی دەبینەوە قەیرانێکی ٤٢ ساڵەیە لە هەموو ڕووەکانەوە. کەلێنی نێوان خەڵک و دەسەڵات بە ڕادەیەک گەورە بۆتەوە کە خەڵک تەنانەت لە بابەتێکی تەندروستی وەک نەخۆشیی کڕۆنا متمانە بە دەوڵەت ناکەن. هۆگریی گەلانی ئێران بەو وڵاتانەی کە کۆماری ئیسلامی بە دوژمنی خۆی دەزانێ، ڕۆژ بە ڕۆژ بەرز دەبێتەوە، یاریی ڕیفۆرمخواز-پاوانخوازی ڕێژێم بە ڕادەیەک حەیای تکاوە کە تەنانەت بەرپرسێکی پێشووی دەوڵەتی خاتەمی ڕادەگەیەنێ کە هێنانە مەیدانی خاتەمی پڕۆژەی خامەنەیی بووە بۆ ڕزگارکردنی ڕێژێم لە هەڕەشەی دەرەکی و ڕزگارکردنی سیستمی سیاسی لە داڕمان. دەزگای سەرکوتی کۆماری ئیسلامی بە هەموو هێزی خۆیەوە نەیتوانیوە دەنگی ناڕەزایەتیی جەماوەری کپ بکا، ناڕەزایەتی دەربڕینە سەراسەرییەکانی ٩٦ و ٩٨ سەرەڕای سەرکوتی بێ ڕەحمانە، ڕێژێمی تا لێواری داڕمان برد.
خومەینی کە بە دروشمی گێڕانەوەی دین و دونیا بۆ خەڵکی ئێران، بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە داهاتی سامانی گشتی دێنێتە سەر سفرەی خەڵک، کۆمەڵێک دامەزراوەی وەک سپای پاسداران و دەزگای ئایینی دامەزراند کە دەستیان ناوەتە بینە قاقای خەڵک و ڕۆژ بە ڕۆژ خەڵک هەژارتر و برسیتر دەکەن. بەپێی هیندێک ئاماری نافەرمی نزیک بە نیوەی هاوردەی سەر سنوور و ناو ئەسکلەکان لە لایەن سپای پاسداڕانەوە ئەنجام دەدرێ بێئەوەی گومرک بکرێن، ئەوە لە کاتێکدایە کۆڵبەرانی کورد کە بە ناچاری و بۆ بژێوی ژیانیان کاڵایەک لە سنوورەکان دەگوازنەوە، تۆمەتی قاچاخچییان دەدرێتە پاڵ و ڕاستەوخۆ دەکەونە بەر فیشەکی هێزە چەکدارەکانی ئێران.
میراتی فکریی خومەینی کە پەرەپێدانی ئیدئۆلۆژیی شیعیی ویلایەتی فەقیهـ بوو بۆ وڵاتانی ئیسلامی، چ بۆ خەڵک لە نێوخۆی ئێران و چ بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆتە قەیرانێکی گەورە کە تێچووی گیانی و ماددیی گەورەی بۆ گەلانی ئێران و تێکدانی سەقامگیری و ئاشتی بۆ ناوچە و تەنانەت جیهان بەدواوە بووە. قەیرانی هەژاری و بێکاری لە وڵاتێکی پان و بەرین و دەوڵەمەندی وەک ئێران گەیشتۆتە ئاستێک کە باندۆری لە سەر نۆڕم و بەهاکانی کۆمەڵگە داناوە و خەڵکی ماندوو کردووە. بە جۆرێک کە ئاماری دزی و تاوان و ئالوودەبوون بە ماددە هۆشبەرەکان و هەڵوەشانەوەی بنەماڵە گەیشتوونەتە ئاستێکی مەترسیدار و باڵانسی کۆمەڵگەیان تێکداوە. بە پێی ئەو ئامارانەی لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکان بڵاو دەبنەوە ئاستی هیوا بە ژیان و داهاتی تاک لە ئێران لە خوارەوەی تەنانەت بەشێک لە وڵاتانی ئەفریقایە. لە کاتێکدا سەتڵە زبڵەکان بوونەتە سفرەی بەشێک لە هاووڵاتیان، بە میلیاردها دۆلار لە لایەن ناوەندە سەربازی و ئیدئۆلۆژیکەکانی ڕێژیم خەرجی پڕۆژەی ناوکی و مووشەکی و پشتیوانی لە گرووپە تیرۆریستییەکان لە سەرتاسەری جیهان دەکرێ. خەڵکی ئێران ٤٢ ساڵە باجی سیاسەتە دوژمنکارییەکانی دەوڵەت لەگەڵ ئەمریکا دەدەن، بەڵام بەرپرسانی پلە یەکی ڕێژیم منداڵەکانیان بۆ درێژەدان بە خوێندن دەنێرنە باشترین زانکۆکانی ئەمریکا.
١٢ی ڕێبەندانی ١٣٥٧ و گەڕانەوەی خومەینی سەرەتای گەڕانەوەی مێژوویە بۆ خەڵکی ئێران، سەرەتای نوقمبوونی گەلانی ئێرانە لەو وێرانستانەی کە تەنیا جێگای باندێکی ئازادیکوژ و ژیانکوژی تێدا دەبێتەوە کە ڕۆژ بە ڕۆژ دەوڵەمەندتر و قەڵەوتر دەبن و زۆرینەی خەڵک لە ژێر پۆستاڵی ئیدئۆلۆژیکی خۆیاندا دەچەوسێننەوە. تاوانەکانی خاوەران و قاڕنێ و قەڵاتان و ئیڤین و … وێرانکردنی ژێرخانی ئابووری و کۆمەڵایەتی، دیاریی ئەو سەفەرە نگریسە بوون کە تا ئێستاش بەردەوامە و تەنیا لە نەمانی ئەو ڕێژیمەدا ئومێدی ساڕێژبوونەوەیان لێ دەکرێ.