دوای زیاتر لە چوار دەیە لە ڕووبەرووبوونەوەی بزووتنەوەی خەڵکی کوردستان و دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران لەگەڵ یەکتریدا، حەق وایە بەراوەردێکی جێگە و پێگەیان لە بەستێنی جەماوەریدا بکەین. ئەگەرچی ئەم دوو لایەنە بە لەبەرچاوگرتنی جیاوازیی قەبارەی پێکهاتەیی، زەرفییەتە سیاسی، ئابووری، میدیایی، سەربازی، ئینسانی، ناوچەیی و نێودەوڵەوتییەکان بە زەحمەت بە بەری یەکتر دەگیرێن. بەڵام دیسانیش مادام قسە لە ڕووبەڕووبوونەوەی دوو تێڕوانین و دوو ماهییەت، دوو جیهانبینی و دوو هەڵوێستی سیاسیی پێوەندیدارە، دەکرێ لە ڕوانگەی هەڵسەنگاندن و پێکگرتنیان لە ڕووی جەماوەرییەوە باسێک لە ڕەوایی و ناڕەواییان بکرێ.
بزووتنەوەی کورد لە ئێران لە چوارچێوەی مافە نەتەوەییەکانی خۆیدا – کە لە هەموو پەسەندکراوە نێونەتەوەییەکان و یەک لەوان جاڕنامەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بە ڕەوا ناسراوە- وەک میللەتێک لە چوارچێوەی وڵاتی ئێراندا هەوڵی دەستەبەرکردنی داون. لە ڕەوتی گۆڕانکارییەکانی شۆڕشی ١٣٥٧ی هەتاویدا، ڕێبەرایەتیی بزووتنەوەی کورد بە ڕوانینی دێموکراتیک و ڕێگەچارەی ئاشتیخوازانەوە ڕوو بە نیزامی سیاسیی نوێ لە تاران، ویست و داخوازە نەتەوەییەکانی خەڵکی کوردستانی هێنایەوە بەر باس. هەرچەند ڕێبەرانی کورد زۆر زووتر لەوەی چاوەڕوان دەکرا، هەستیان بە ماهییەت و شێوە ڕوانین و جۆری هەڵوێستگرتنی ڕێژیمی تازە بە دەسەڵاتگەیشتووی کۆماری ئیسلامی کرد، بەڵام دیسانیش لە سەر ئەساسی باوەڕمەندبوونیان بە نێوەڕۆکی ئاشتیخوازانەی خەباتەکەیان و ڕەوایی ویستەکانی خەڵک هەموو هەوڵیكیان ئەوە بوو کە خۆ لە تێوەگلان لە شەڕ و توندوتیژی بپارێزن. لەم پێناوەدا هەوڵی زۆر درا، بەڵام لە کۆتاییدا ئەقڵییەتی تەواویەتخوازی، حاشاکردن لە ڕەوابوونی داواکانی خەڵکی کوردستان، بە نێعمەتزانینی شەڕ و بە کافر زانینی خەڵکی کوردستان، شەڕی بە سەر بزووتنەوەی کورددا سەپاند.
ئەم شەڕە لە تەواویەتی خۆیدا و لە هەموو بەستێنە سەخت و نەرمەکاندا بۆ سەر کورد و کوردستان پەرەی پێ درا. تاڵان و وێرانکردنی کوردستان لە لایەن هێزە شەڕخواز و تاڵانچییەکانی ڕێژیمەوە سەرخان و ژێرخانی کوردستانی گرتەوە. سووتاندن و وێرانکردنی ئاواییەکان و ڕەچاوکردنی سیاسەتی پاشکەوتووکردنی کوردستان لە ڕووی ئابووری و بەتاڵان بردنی ژێرخانی ئابووری لە لایەک و، هێرش بۆ سەر حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، تێرۆری رێبەرانی کورد و هەزاران کەس لە کادر و پێشمەرگەکان، بەشێک بوون لەو شەڕە سەختەی دژ بە بزووتنەوەی خەڵکی کوردستان کرا.
شەڕی کۆماری ئیسلامی ئێران دژ بە خەڵکی کوردستان لە تەواوی بەستێنەکاندا تا ئێستایشی لە گەڵ بێت هەر وا درێژەی هەیە؛ ئەگەر لە لایەک بە هێرشی مووشەکی بنکە و بارەگای حیزبەکان دەکاتە ئامانج و ماشێنی تێرۆری بۆ لەنێوبردنی کادر و پێشمەرگەی حیزبەکان هەروا لە گەڕدایە، لە لایەکی دیکەوە بە گوشار خستنە سەر چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە نێوخۆی وڵات و گرتن و زیندانی بە سەدان کەسیان، ئەم شەڕەی دژ بە خەڵکی کوردستان هەروا درێژەی هەیە.
ئامانجی ئەم ڕێژیمە لە تەواوی ئەم زیاتر لە چل ساڵەی تەمەنیدا دژ بە خەڵکی کوردستان و بزووتنەوە ڕەواکەی، لاوازکردن، لە پەراوێزخستن، کپکردن، بەدناوکردن و بە گشتی لانیکەم تەسلیمکردن و لانی زۆری لەنێوبردن بووە و لەم پێناوەدا ئەوەی لە دەستی هاتووە کردوویەتی. لە بەرانبەردا لە پێناو مانەوەی خۆیدا وڵاتێکی گەورە و گران و دەوڵەمەندی وەک ئێران و خەڵکەکەی تووشی دەیان قەیرانی جۆراوجۆری هۆڤییەتی، سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی کردوە. لە پێناو مانەوەی خۆیدا جیا لە تەرخانکردنی بەشێکی زۆر لە سەروەت و سامانی ئەم وڵاتە بۆ تاقم و گرووپە تێرۆریستییەکانی ناوچەکە، لە ئاکامی مۆرکردنی چەند پەیماننامە و ڕێکەوتنێکدا لە گەڵ دەوڵەتانی دیکە، بەشێکی دیکەی سەروەت و سامانی ئەم وڵات و خەڵکەی بۆ دەیان ساڵی داهاتوو هەرزانفرۆش کردووە.
با بێنە سەر باسی هەڵسەنگاندنی پێگەی جەماوەریی بزووتنەوەی کوردستان و ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سەر ئاستی نێوخۆی، ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا:
لە سەر ئاستی نێوخۆی وڵات
لە کەس شاراوە نییە کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەسەڵاتێکی خۆسەپێن و سەرەڕۆیە و لە لای خەڵکی ئەم وڵاتە بێزراوە و هیچ ڕەواییەکی خەڵکی و جەماوەریی لە پشت نییە. ڕاستە کە زۆرترین پرسی بە ناو هەڵبژاردن لەو وڵاتە بەڕێوە دەچێ و لەوانەیە لە هێندێک قۆناغ و دەورەی هەڵبژاردنە جۆراوجۆرەکاندا ڕێژەی بەشداریی خەڵک لە دەنگدان و چوونە سەر سندوقەکانی دەنگدانیش بەرچاو بووبێ، بەڵام ئەم ڕەفتارەی خەڵکی ئێران بە هیچ شێوازێک بە مانای ڕەواییدان بەم نیزامە نەبووە. بەڵکوو دەکرێ لە خانەی گەیاندنی پەیامێکی ئامانجداری گشتی و جەماوەریی خەڵکدا لێک بدرێتەوە کە لە گشتییەتی خۆیدا [نا] گوتن بە ڕێژیم لە تەواویەتی خۆیدا بووە.
بزووتنەوەی مافخوازانەی خەڵکی سەرانسەری ئێران و گەلانی ئەم وڵاتە کە هەر جارە و بە شێوازێک و لە دەرفەتگەلی گونجاودا خۆی دەردەخا، لە ئێستادا هیوای بە هیچ جۆرە گۆڕانکارییەکی ئیسلاحی لەم نیزامەدا نەماوە و بە پانەوە بیر لە تێپەڕین لەم سیستەمە دەکاتەوە. بەردەوامیی سەرکوتی سیستەماتیکی دەزگا ئەمنیەتییەکانی ئەم ڕێژیمە و چوونەسەری ڕادەی گرتن و زیندانیکردنی چالاکانی سیاسی و مەدەنی و داسەپاندنی حوکمی قورس بەسەریاندا، سەلمێنەری ئەم ئیدیعایەن.
ڕێبەران و کاربەدەستانی ئەم نیزامە هەر لە ڕێبەرەوە بگرە تا بەرپرسانی دەزگا جۆراوجۆرە دەوڵەتی و حکومەتییەکان، لە نزمترین ئاستی پێگەی جەماوەریدان و لە هەر دەرفەت و مەجالێکدا کە بۆ خەڵک دەڕەخسێ، ناو و وێنەیان ڕوو بە ڕووی مەرگ و نەمان و سووتاندن دەبێتەوە و وەک سەرەکیترین هۆکارەکانی نەهامەتی و بێهیوایی و مافپێشێلکراوی و هەژاریی خەڵک و وڵات سەیر دەکرێن.
لە بەرانبەردا بزووتنەوەی مافخوازانەی خەڵکی کوردستان سەرەڕای ئەو هەموو دوژمنکاری و لێدانانەی بە مەبەستی لەنێوبردنی کراوە، ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ لە گەشە و پەرەسەندندایە. کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان زیاتر لە هەمیشە ئاستی شعوری سیاسی و نەتەوەییان بەرز بۆتەوە و خاوەندارێتی لە شوناس و کەسایەتی نەتەوەیی و نیشتمانیی خۆیان دەکەن. بزووتنەوەی کورد زیاتر لە هەمیشە گشتگیر و لەسەر پێیە و بە پێچەوانەی هەموو هەوڵێکی ڕێژیم بۆ کپکردن و سەرکوتکردنی، زیاتر لە هەموو شوێنێکی دیکەی ئێران، ئەوە کوردستانە کە دوای زیاتر لە چوار دەیە بەرگەگرتن لە هەمبەر هەموو جۆرە هێرش و سەرکوتکارییەک، ڕێکخراوتر و بەهێزتر و بە بیر و باوەڕتر لە هەمیشە بەرانبەر بە سیاسەتی سەرکوت و سڕینەوەی سیستماتیک وەستاوەتەوە.
پێگەی جەماوەری و سیاسیی حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، بەتایبەت حیزبی دێموکرات نەک هەر بە تەنیا لە سەر قسە و بۆچوونی خۆمان، بەڵکوو بە داننانی دەسەڵاتدارانی خودی ئەو نیزامەی کە لەو زیاتر لە چوار دەیەدا هەموو هەوڵێکی لە پێناو لاوازکردن، لە پەراوێزخستن، بەدناوکردن و لەنێوبردنی دا، دڵخۆشکەرە. ئەوان کە دەیانزانی و دانیان پێدانەدەنا کە ناوەندی بڕیاری جووڵە و ڕەفتار و هەڵوێستی خەڵکی کوردستان کوێیە و بە پێشکەوتوترین مووشەکەکانیان کردیانە ئامانج، هەر دوای کەمتر لە حەوتوویەک بۆیان دەرکەوت و ناچار بە دانپێدانانی بوون کە حیزبەکان و لە سەرووی هەمووانەوەی حیزبی دێموکرات، خاوەنی چ پێگەیەکی بەرزی سیاسی و جەماوەرییە لەنێو خەڵکی کوردستاندا.
ڕێبەرانی کورد و بزووتنەوەی کوردستان کە هێندێکیان بە هۆی تێرۆریزمی دەوڵەتیی ئەم ڕێژیمەوە تێرۆر کران و ئەوانی دیکەشیان بێبەش لە هێرشی ڕەنگاوڕەنگی دوژمنکارانەی ڕێژیم نەبوون، بە پێچەوانەی ڕێبەرانی ئەوان، لەنێو خەڵکی خۆیاندا بوونەتە بەشێک لە هێما و شوناسی سیاسی و نەتەوەیی و کەسایەتیی بەرزی میللەتەکەیان.
بۆ نموونە ئەگەر شەهید دوکتور قاسملوو بە نموونە بهێنینەوە کە لە لایەن ئەم ڕێژیمەوە تێرۆر کرا، دەبینین کە پێگەی بەرز و ماناداری ئەم ڕێبەرە لەنێو میللەتەکەیدا ئەوەندە بەرز و جێکەوتووە کە تەنانەت دوای سی و دوو ساڵ لە شەهیدبوونیشی، کۆماری ئیسلامیی ئێران لە زیندووبوونی بیر و ئەندێشەکانی لە ڕەفتار و بیرکردنەوەی میللەتەکەیدا دەترسێ و بە ڕێگای جۆراوجۆری پڕوپاگاندای میدیاییەوە هەوڵی خەوشدارکردنی دەدا.
لەسەر ئاستی ناوچەیی
هەرکات قسە لە بشێوی، شەڕ، تەقینەوە و کردەوەی تێرۆریستی، نائارامی و پێکدادانی سەربازی، ئاژاوەگێڕی و دەستێوەردانی ناڕەوا و پەککەوتنی ئاشتی و ئارامی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاوستدا دێتە ئاراوە، بەبێ هیچ گومان و دوودڵییەک ناوی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سەرووی هەموو ناوەکانەوەیە. بۆیە ناو و ماهییەت و وجوودی ئەم ڕێژیمە لە تەواویەتیی خۆیدا جیا لە لای ئەو تاقم و گرووپە توندڕەوە تێرۆریستانەی کە بە سەرەوت و سامانی خەڵک و خاکی ئێران دەژین و لەسەر پێ ماون، لە لای خەڵکی تەواوی ئەم وڵاتانە بیزراو و هۆکاری نەهامەتییەکانیانن. خەڵکی وڵاتانی شەڕ لێدراوی عێراق، سووریە، لوبنان، یەمەن، ئەفغانستان و… کە ئەم ڕێژیمە چوار دەیەیە خۆی بە پشتیوان و یارمەتیدەریان نیشان دەدا، بەشێکی بەرچاو لە نەهامەتی و ناسەقامگیریی هێمنایەتیی وڵاتەکەیان لە چاوی کۆماری ئیسلامی ئێراندا دەبینن و بە تایبەت لە ماوەی یەک دەیەی ڕابردوودا نەفرەت و بێزاریی خۆیان لەم نیزامە و کاربەدەستانیان دەربڕیوە.
لە بەرانبەردا پەیام و هەڵوێستەکانی بزووتنەوەی خەڵکی کوردستان و جێگە و پێگەی ئەم میللەتە کە قوربانیی دەستی دیاردەی توندوتیژی و سیاسەتی سیستماتێکی کۆماری ئیسلامیی ئێران و وڵاتانی هاوشێوەیەتی، لە نێو خەڵکی وڵاتانی ناوچەکەدا زیاتر لە هەمیشە بە ڕەوا دەبیندرێ و سەرنجی دەدرێتێ. ڕۆڵی ئەقڵیەتی سیاسیی بزووتنەوەی کورد کە لەسەر ئەساسی مافخوازی و ئاشتەوایی و ئاشتیخوازی و ڕێزگرتن لە ماف و ئازادیی گەلان و ڕێزگرتن لە سەروەریی وڵاتان دامەزراوە و بیچمی گرتووە، لە نێو گەلانی ناوچەکەدا -هەرچەند بەشێک لە دەوڵەتەکانیان دژایەتیی دەکەن- بە ڕێزەوە سەیر دەکرێ و میللەتی کورد بە خەڵکانێکی پێشکەوتوو و ئاشتیخواز و ئازادیخواز دەبینن.
لەسەر ئاستی نێونەتەوەیی
کۆماری ئیسلامی ئێران لە نێو وڵاتانی پێشێلکاری مافی مرۆڤدا لە ریزی پێشەوەی زۆرێک لە وڵاتانی نادێموکراتیک و دواکەوتوو دایە. کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕێگای هەوڵدان بۆ دەستپێڕاگەیشتن بە چەکی ناوکی، مەترسیدارترین هەرەشەیە بۆ سەر ئەمنیەت و ئاسایشی جیهانی. تێرۆریزمی دەوڵەتیی کۆماری ئیسلامی ئێران زۆرترین قوربانیی لێ کەوتۆتەوە. تەنیا وڵاتێک کە بەئاشکرا و بە پانەوە دەروەستنامە و بڕیارنامە نێودەوڵەتییەکان پێشێل دەکا، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئیڕانە. لە پشتی زۆرێک لە پلانە تێرۆریستییەکانی بەڕێوەچوو لە دەوڵەتان دژ بە هێز و کەسایەتییە دژبەرەکانی ئەم ڕێژیمەوە، ڕێبەرانی هەرە سەرەوەی کۆماری ئیسلامی هەن. ئەمە بەشێک لەو سەرتیترانەن کە بە ڕوونی دەریدەخا کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لەسەر ئاستی نێونەتەوەیی و نێودەوڵەتیدا خاوەنی چ جێگەوپێگەیەکی سووک و پڕ لە شوورەییە.
لە پێوەندی لەگەڵ جێگەوپێگەی ڕێبەران و کاربەدەستانی ئەم وڵاتە لەسەر ئاستی نێونەتەوەیی تەنیا هەر ئەوەندە بەسە کە؛ زۆرێک لە کاربەدەستانی ئێستا و پێشووی ئەم ڕێژیمە هەر لە کەسی یەکەم، عەلی خامنەییەوە بگرە تا زۆرێک لە وەزیران و پلەدارانی ئەم وڵاتە بە هۆی دەستتێدابوونیان لە چەندین کردەوەی تێرۆریستی و خراپکارانەدا -کە بڕیاری کۆتایی دادگا موعتەبەرەکانی وەک دادگای میکۆنووسی لەسەرە- بە هۆی بەدواداچوونی یاسایی، زاتی چوونەدەر لە وڵات و سەفەر بۆ وڵاتانی دیکەیان نیە. جیا لەمانە زۆربەی زۆری کاربەدەستانی ئەم ڕێژیمە دیسان هەر لە عەلی خامنەییەوە بگرە تا سەرۆکی مەجلیس و سەرۆکی دەزگای قەزایی و سەیان کەس لە کاربەدەستانی پلەبەرزی “کشوری و لشکری”، بە هۆی بەدناوی و کردەوەی خراپکارانەوە لە لایەن دەوڵەتان و ناوەندە پووڵییەکانی جیهانییەوە گەمارۆیان خراوەتە سەر.
لە بەرانبەردا سەرەڕای سیاسەتی ساتوسەودای قازانجپەرەستانەی زۆرێک لە وڵاتان لە گەڵ ئەم ڕێژیمە، میللەتی کورد و بزووتنەوە پێشکەوتنخوازانەکەی لە کۆڕ و کۆمەڵە نێودەوڵەتییەکاندا بە ئێعتبار و ئەرزشەوە لێی دەڕواندرێ. لە پرسی بەربەرەکانێ دژ بە دیاردەی نێودەوڵەتیی تێرۆریزمدا بزووتنەوەی سێکۆلاری کورد و هێزی پێشمەرگەی کوردستان کە زیاتر لە چل ساڵە دژ بە بەهێزترین رێژیمی تێرۆریست و تێرۆریستپەرەوەری وەک کۆماری ئیسلامیی ئێران بەربەرەکانێ دەکا و لەم بارەوە وەک سەرەکیترین قوربانیی تێرۆر قورسترین تێچووی داوە، بە چاوی ڕێز و پێزانینەوە لە لایەن کۆمەڵگەی نێونەتەوەییەوە چاوی لێ دەکرێ.
بۆیە لەم بەراوەردکارییە کورتەدا بەحەق دەبینین ئەوەی سەرەڕای هەموو ئیمکانات و سەروەت و سامان و هێزێک کە هەیبوو و هەیەتی بەڵام لە کۆتاییدا مایە پووچ دەرچوو، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران و ڕێبەران و بە گشتی بەڕێوەبەرانین و ئەوەی تا ئێستا توانیویەتی خۆی و حەقانیەت و ماهییەتی وجوودیی خۆی بسەلمێنێ و پەرەی پێ بدا و داهاتووی ڕوون و بەدەسکەوت بێت، خەڵکی کوردستان و بزووتنەوە ڕەواکەیەتی.