ڕێژیمی سیاسیی ئێران لەنێوان ئۆتۆریتاریزم و تۆتالیتاریزمدا
(دامودەزگاکانی سەرکوت و کۆنتڕۆڵ)
کۆماری ئیسلامیی ئێران وەک ڕێژیمێکی توتالیتێر و ئوتۆریتێر چەند دە زگایەکی سەرکوت و کۆنتڕۆڵی خەڵکی هەیە کە بە کورتی ئاماژەیان پێ دەکەین:
دەزگاکانی زانیاری: لە ئێران، دوو ئۆرگانی سەرەکیی زانیاری هەن، یەکێکیان وەزارەتی ئیتلاعاتە بە ناوی “وزارت اطلاعات و امنیت کشور” کە لەژێر کۆنتڕۆڵی دەسەڵاتی جێبەجێکردن (دەوڵەت)دایە. دەزگاکەی دیکەیان دەزگای زانیاریی سوپای پاسدارانە بە ناوی “سازمان حفاظت اطلاعات سپاه” کە لەژێر کۆنتڕۆڵی سوپای پاسداران دایە و هاوتەریب لەگەڵ وەزارەتی ئیتلاعات کار دەکا. ئەو دوو ئۆرگانە، لەگەڵ ئەوەشدا کە دوو ئۆرگانی ڕکەبەرن، وەکوو دوو ئۆرگانی سەرەکیی سەرکوت و تێرۆرن لە ئێراندا. هەر دووکیان خاوەن گرتووخانە و ناوەندی لێکۆڵینەوە و شوێنی ئەشکەنجەن. ئەرکی سەرەکیی ئەو دوو دەزگا زانیارییە کۆکردنەوەی زانیاری، دزەکردنە نێو حیزب و ڕێکخراوەکان بە تایبەت ئەوانەی دژبەری کۆماری ئیسلامین و پلان داڕشتنە بۆ لەنێوبردنی نەیاران. هەر دووکیان وەکوو باسکی دەسەڵاتی دادوەرین و بە شێوەی هەر دوو دەزگای SA و SSی ئاڵمانی نازی کار دەکەن. دەزگای زانیاریی سوپای پاسداران زۆر لە وەزارەتی ئیتلاعات بەهێزترە، چونکە خاوەنی تۆڕێکی گەورەترە کە هەمان ڕێکخراوی بەسیجە لە نێوخۆی ئێران. لە دەرەوەی ئێرانیش تەواوی ئەو گرووپ و ڕێکخراوانەی سوپای پاسداران پشتیوانییان لێ دەکا و لە ڕێگای سوپای قودسەوە کۆنتڕۆڵیان دەکا، وەکوو تۆڕی دەزگای زانیاریی سوپای پاسداران لە دەرەوەی وڵات کار دەکەن.
بێجگە لەو دوو ئۆرگانە کە کارەکانیان زۆر بەرفراوانە و پێویستیی بە توێژینەوەی زیاترە، بە سەدان ئۆرگانی دیکە هەن کە ئەرکیان تەنیا کۆنتڕۆڵکردنی کۆمەڵگەیە و ئەوەش لە تایبەتمەندییەکانی ڕێژیمێکی تۆتالیتەرە. ئەو ئۆرگانانە هەر کامیان لە بوارێکی جیاوازدا کۆنتڕۆڵیان خستۆتە سەر کۆمەڵگە، بۆ ئەوەی هیچ بەشێکی کۆمەڵگە لە کۆنتڕۆڵی دەوڵەت دەرنەچێ، لە ژیانی سیاسی تاکەکانەوە بگرە هەتا دەگاتە ژیانی کۆمەڵایەتییان.
ئۆرگانەکانی کۆنتڕۆڵی خوپێشاندان، ڕاپەڕین و ناڕەزایەتیی جەماوەری
ناوی بەشێک لەو دەزگا سەرکوتانەی بۆ بەگژداچوونەوەی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان دروست کراون بریتین لە: قەرارگای “ثارالله”، قەرارگای “رسول اکرم”، قەرارگای “نصر”، قەرارگای “فجر”، سوپای “محمد ڕسول الله”، سوپای “سید الشهدا”، تیپی دژە شۆڕشی “الزهرا”، تیپی دژە شۆڕشی “عاشورا”، تیپی بەسیجی “امام علی”، “نوپو”، هێزی تایبەتی پاسەوانی ویلایەت.
ئۆرگانەکانی کۆنتڕۆڵی پەیوەندی
بەشی پەیوەندییەکان و ئەلکترۆنیکی سوپای پاسداران، بنکەی ناوەندیی چاودێری و گوێگرتنە تەلەیفوونییەکان، کۆمیتەی ڕووبەڕووبوونەوەی تاوانە ئینتەرنێتییەکان، کۆمیتەی کۆنتڕۆڵی ماڵپەڕە ئینتەرنێتییەکان، ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی شوێنی گۆڕینەوەی زانیارییەکان، لقی دەفتەری دادستان بۆ تاوانەکانی سەر ئینتەرنێت، کۆمیتەی فیلتەرکردن سەر بە دەسەڵاتی دادوەری، کۆمەڵگەی تەکنیکی زانیارییەکان، ئەنجومەنی ئینتەرنێتیی بەسیج، فەرماندەیی سایبەری سەر بە سوپای پاسداران، سوپای سایبەری، سوپای خۆر، ناوەندی چاودێری تاوانە ڕێکخراوەکانی سەر بە سوپای پاسداران، بەڕێوەبەرایەتیی تەکنیکیی وەزیری ئیتلاعات، دادگای تایبەت بە تاوانەکانی سەر ئینتەرنێت، پۆلیسی فەتا (سایبەری).
ئۆرگانەکانی کۆنتڕۆڵی جل و بەرگی هاوڵاتیان
پۆلیسی ئەخلاق، دەفتەری ناوەندی داواکردنی کاڵا، پۆلیسی ژنان، پۆلیسی ئاسایشی ئەخلاق، پۆلیسی ئاسایشی کۆمەڵگە، پۆلیسی خوێندنگەکان، پۆلیسی لاوان، پۆلیسی بنەماڵە.
ئۆرگانەکانی کۆنتڕۆڵی زانکۆکان
بەشی بەسیج، دەفتەری نوێنەرایەتی وەلی فەقیهـ، ئەنجومەنی باڵای شۆڕشی کولتووری، کۆمیتەی دیسیپلین، خزمەتگوزاری ئاسایشی زانکۆکان، ئۆرگانەکانی کۆنتڕۆڵی کرێکاران و خاوەنکاران، ئەنجومەنی ئیسلامیی کار، بەشی دامەزرانەکانی بەسیج، خزمەتگوزاری ئاسایشی بەڕێوەبەران، یەکەی دامەزراندنەکان، ماڵی کرێکاران.
ئۆرگانەکانی کۆنتڕۆڵی شوێنە کۆمەڵایەتییەکان
“انصار حزب الله”، مەئموورانی سیاسیی سوپای پاسداران، پۆلیسی گەڕەکەکان، پۆلیسی نادیار، پۆلیسی مێترۆ، یەکەی یارمەتیی پۆلیس، ئۆرگانەکانی کۆنتڕۆڵی ڕاگەیەنەکان، یەکەی کۆنتڕۆڵی سەر بە وەزارەتی ڕێنوێنی ئیسلامی، نوێنەرایەتیی کۆنتڕۆڵی ڕاگەیەنەکان، دادگای تایبەت بە ڕاگەیاندن.
ئۆرگانەکانی کۆنتڕۆڵی کەسایەتییە ئایینییەکان
دادگای تایبەت بە کەسایەتییە ئایینییەکان، دەفتەری تایبەت بە ئاماری سێمینارە ئایینییەکان، تیپی امام جعفر صادق.
ئۆرگانەکانی دیکەی کۆنتڕۆڵ
شوڕای تەئمینی پارێزگا (بەرپرسی دابینکردنی ژمارەی هێزەکانی ئاسایش و سەرکوت لە هەر پارێزگایەک)، شوڕای تەمینی فەرماندارییەکان، شوڕای کولتووری و کۆمەڵایەتی، دەفتەری دادستان، دادگای شۆڕش، پۆلیسی ١١٠
***
کۆماری ئیسلامیی ئێران لەسەر بنەمای ئایدۆلۆژیی ویلایەتی فەقیهـ دامەزراوە، پڕەنسیپێک کە خۆمەینی تیۆریزەی کردووە و لە دوو قۆناغی سەرەکی پێکهاتووە: لە قۆناغی یەکەمدا، واتە بەر لە شۆڕشی ١٣٥٧، ئایینی ئیسلامی شیعەی دوازدە ئیمامی، بە سیاسی دەکرێ بۆ ئەوەی بتوانرێ حکوومەتی پێ بکرێ، کە ئەوەش دابڕانێکە لە نەریتەکانی ئایینی شیعە. بەپێی نەریتەکانی ئایینی شیعەی دوازدە ئیمامی، لە ماوەی ونبوونی ئیمام مەهدی، فەقیهەکان نابێ حکوومەت بکەن، چونکە ڕەوایی ئاسمانی یان خوداییان پێ نەدراوە. لە قۆناغی دووهەمدا، واتە دوای شۆڕشی ١٣٥٧، سیاسەت بە ئیسلامی دەکرێ، کە ئەوەش دابڕانێکە لە نەریتەکانی سیاسەت لە ئێران، چونکە لە مێژووی ئێراندا، هەمیشە جیاوازییەک لە نێوان ئایین و سیاسەتدا هەبووە، تەنانەت ئەگەر دەسەڵاتێکی ئایینیش بۆ ماوەیەک حوکمی گرتبێتە دەست. لەژێر پڕەنسیپەکانی ئایدۆلۆژیای ویلایەتی فەقیهـدا، کۆماری ئیسلامیی ئێران بریتییە لە بە سیاسیکردنی ئیسلام و بە ئیسلامیکردنی سیاسەت. دەسەڵاتی ئایدۆلۆژیکی کۆماری ئیسلامی کە وەکوو هەر دەسەڵاتێکی دیکەی نادێمۆکرات پشت بە هێزی چەکدار دەبەستێ، دابڕانێکی لە نەریتی هێزە چەکدارەکانیشدا دروست کردووە، ئەویش جێگرتنەوەی هێزی ئەرتەشی ئێرانە بە سوپایەکی ئایدۆلۆژیکی توندڕەو بە ناوی سوپای پاسداران. سوپایەک کە جگە لە بواری نیزامی، دەستێوەردان لە هەموو بوارەکاندا دەکا، نەک بۆ ئەوەی خۆی بە دەسەڵات بگا، بەڵکوو بۆ پشتیوانی لە وەلی فەقیهـ، ئەوەش لە تایبەتمەندییەکانی ڕێژیمە تۆتالیتەرەکانە کە تێیاندا هێزە چەکدارەکان لە بەرژەوەندی لایەنی دەسەڵاتدار، دەستێوەردان دەکەن، نەک بۆ بەرژەوەندیی کەسانیتر یان بۆ ئەنجامدانی کوودەتای سەربازی. هەروەها ڕێکخراوی بەسیجیش بۆ تەیارکردنی کۆمەڵگە لە دەوری ئایدۆلۆژیای ویلایەتی فەقیهـ دروست کراوە کە یەکێک لە کۆڵەکە گرنگەکانی کۆماری ئیسلامییە، چونکە ڕیشەی لە هەموو بەشەکانی کۆمەڵگەی ئێراندا داکوتاوە. ڕۆڵی سەرەکی بەسیج، پڕوپاگەندا کردنە بۆ ئایدۆلۆژیای دەوڵەتی و دروستکردنی پەیوەندییە لە نێوان چین و توێژەکانی کۆمەڵگە لەگەڵ یەکترو هەروەها لەگەڵ دەوڵەت.
یەکێکی دیکە لە تایبەتمەندییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئاستی زۆرەملێ و سەرکوتە بۆ تۆقاندنی کۆمەڵگە. یاسا و ڕێساکانی ئایینی شیعەی دوازدە ئیمامی بە زۆر بە سەر تەواوی کۆمەڵگەدا جێبەجێ دەکرێن، ئەوە لە حاڵێکدایە کە کۆمەڵگەی ئێران کۆمەڵگەیەکی فرە ڕەنگە و ئایین و کولتووری جیاوازی تێدایە. لە ئێران کەمینە ئایینییەکان دەبێ بە زۆر خۆیان لەگەڵ ئایینی دەوڵەتی بگونجێنن. هەروەها نەتەوەکانی دانیشتووی ئێرانیش دەبێ خۆیان لەگەڵ زمان و کولتوور و نەریتەکانی نەتەوەی فارس سازگار بکەن. واتە لە ئێران، شیعە بوون و فارس بوون لە لایەن دامەزراوە دەوڵەتییەکانەوە وەکوو خاڵێکی ئەرێنی سەیر دەکرێ و پێچەوانەکەشی وەکوو خاڵێکی نەرێنی. هەروەها، ژنان لە ئێران کە نیوەی کۆمەڵگە پێک دێنن، بە توندی لە ژێر یاسا و ڕێسا زۆرەملێیەکانەوە دەچەوسێنەوە، وەکوو زۆرەکیبوونی سەر داپۆشین و خۆداپۆشین بە شێوەی ئایینی، نایەکسان بوونیان لەگەڵ پیاوان لە مافەکانیان و ئەرکەکانیاندا و زۆرلێکردنیان بۆ ئەوەی پابەندی سیستەمی بنەماڵەی نەریتی بن، کە سیستەمێکی پیاوسالارە و کۆماری ئیسلامیش لە بەرژەوەندیی خۆیدا پێناسەی کردۆتەوە.
سیاسەتێکی زۆرەملێیانەی دیکە شۆڕشی کولتوورییە، کە تا ئێستاش پەیڕەو دەکرێ، بە مەبەستی پاڵاوتن و لە فیلتەردانی زانست و سەرچاوە زانستییەکان و کەسانی ئاکادێمی بە شێوەیەک کە لە خزمەتی دەسەڵاتدا بن. لە دوای ساڵی ١٣٥٧ـەوە، سەرکوتێکی چڕ لەسەر کۆمەڵگەی ئێران هەیە، چونکە پێشتر و لە سەردەمی پاشایەتیدا تەنیا ئەو بەشانە لە کۆمەڵگە سەرکوت دەکران کە ڕێژیمی پاشایەتی وەکوو مەترسی بۆ سەر دەسەڵاتی خۆی سەیری دەکردن، بەڵام دوای ١٣٥٧، هەموو کۆمەڵگەی بە تەواوی کراوەتە ئامانج. هەر چین و توێژێک بە چەشنێک سەرکوت دەکرێ. ژمارەی ئەو کەسانەی لە سێدارە دەدرێن، تێرۆری کەسایەتییە سیاسی و ئایینییەکان، قەدەغەکردنی حیزب و ڕێکخراوەکان و هەوڵی لەنێوبردنیان، سەرکوتی بەربڵاوی نەتەوە و کەمینە ئایینییەکان و چەندین سیاسەتی دیکەی سەرکوتکردن، سەلمێنەری ئەوەن کە ئەو تایبەتمەندییەی ڕێژیمە تۆتالیتەرەکان لە ڕێژیمی سیاسیی ئێرانیشدا بە تەواوی و بە زۆریشەوە بوونی هەیە.
وەک لەو زنجیرە بابەتەدا باس کرا چەندین تایبەتمەندیی ڕێژیمی سیاسیی ئێران وەبەر چاو دەکەون، وەکوو: ئایدۆلۆژیا، تەیار \کردنی جەماوەرو هەروەها سیاسەتی زۆرەملێ و سەرکوت لە ڕێگای میلیشیا و هێزی نیزامیی ئایدۆلۆژیک. هەر سێ لەو تایبەتمەندییانەش لە تایبەتمەندییەکانی ڕێژیمە تۆتالیتەرەکانن.
کۆتایی
ڕێژیمی سیاسیی کۆماری ئیسلامی، ڕێژیمێکی دەگمەنە لە لێکگرێدانی دامەزراوە ئایینییەکان و دامەزراوە سیاسییەکان لە “کۆمەڵگەیەکی سەردەمییانە”دا. فاکتەرێکی گرنگ لە پۆلێنکردنی هاوچەرخی ڕێژیمە سیاسییەکاندا ئەوەیە کە لێک جیا کردنەوە و پۆلێنکردنی ڕێژیمە سیاسییەکان لە سەر بنەمای ناوی ڕێژیمەکان نییە، بەڵکوو لە سەر بنەمای پێوەرەکانی دێمۆکراسییە. لە دەستووری بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامیدا، لە لایەک، دەسەڵاتەکان لێک جیا کراونەتەوە و خەڵک دەتوانن لە ڕێگەی هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماری و پاڕلمانییەوە بەشداری لە دەسەڵاتدا بکەن. لە لایەکیترەوە، دامەزراوە هەڵبژێردراوەکان (هەرچەندە هەڵبژاردنەکە ئازاد و دێمۆکراتیک نییە) بە کردەوە لە لایەن دەسەڵاتی ئایینییەوە کە وەلی فەقیهـ نوێنەرایەتی دەکا، سڕ کراون.
ئایدۆلۆژی ویلایەتی فەقیهـ کە ئایدۆلۆژییەکی جیهانگیرە و هەوڵ دەدا جیهان بگۆڕێ و دادوەریی ئاسمانی بێنێتە کایەوە. بۆ گەیشتن بەو ئامانجە، هەوڵ دەدا لە ڕێگەی دامەزراوەیەکی نیزامی ئایدۆلۆژیکی وەکوو سوپای پاسداران جیهان لە دەوری ئایدۆلۆژیای ویلایەتی فەقیهـ تەیار بکا. سوپای پاسداران، نەک تەنیا زۆربەی بوارەکانی نێوخۆی ئێرانی خستۆتە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیەوە، بەڵکوو هەوڵ دەدا کاریگەری و هێژمۆنیی خۆی بخاتە سەر پەیوەندییە نێونەتەوەییەکانیش، بە تایبەت لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ئەوەش ئەو بیرۆکەی بەهێز کردووە کە کۆماری ئیسلامی ئێران دەیهەوێ جۆرێک لە “پان ئیسلامیزمی شیعی” یان “کۆڵۆنیاڵیزمی شیعی” لە سیستەمی نێونەتەوەییدا بنیات بنێ.
لە کۆتاییدا، بەپێی پێناسەکەی ژوان لەنز، ڕێژیمێک بە تۆتالیتەر دادەنرێ کە سێ تایبەتمەندیی سەرەکی پێکەوە تێیدا بوونیان هەبێ: ئایدۆلۆژیا، تاکحیزبی و ڕێبەرێک کە دەسەڵاتی تەواوی هەبێ. ئەگەر ئەو پێناسەیە وەکوو بنەما بگرین، ڕێژیمی سیاسیی ئێران هەر سێ لەو تایبەتمەندییانەی پێکەوە لە خۆیدا کۆ کردۆتەوە، هەرچەندە چەندین تایبەتمەندیی دیکەشی لە تۆتالیتاریزم تێدایە.