له‌م دواییانه‌دا ڕێژیمی كۆماری ئیسلامیی ئێران هاوكات له‌گه‌ڵ چركردنه‌وه‌ی توندوتیژی و گرتن و ڕاوه‌دونانی چالاكانی كورد له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان، لە هێرشی نه‌رمی دوژمنكارانەشی له دژی جووڵانه‌وه‌ی ڕزگاریخوازیی گه‌لی كورد له سه‌رانسه‌ری كوردستاندا بەردەوام بووە. بۆ زۆربه‌ی چاودێرانی سیاسیی ئاشنا به كرده‌وه‌كانی كۆماری ئیسلامی له ماوه‌ی ده‌سه‌ڵاتی نگریسیدا ده‌رحه‌ق به نه‌ته‌وه‌ی كورد و ئامانجه‌كانی نه‌ته‌وه‌ی كورد و هه‌روه‌ها ئاشنا به ڕادده‌ی قووڵایی هه‌ستی ناسیۆنالیستیی كورد به‌گشتی له پێناوی وه‌ده‌ستهێنانی مافه ڕەواكانیدا، شك و گومان نه‌ماوه كه ئه‌و هێرشه جۆراوجۆرانه‌ی كۆماری ئیسلامی بۆ سه‌ر هه‌ست و بیر و بوونی كورد، سه‌رچاوه‌ی له ستڕاتیژییهك وه‌رگرتووه كه كورد و مافه ڕه‌واكانی به له‌مپه‌رێكی گه‌وره له‌سه‌ر ڕێی درێژه‌دان و سه‌ركه‌وتنی خۆی ده‌زانێ.
هێرشه هه‌مه لایه‌نه‌كانی كۆماری ئیسلامی كه له‌لایه‌كه‌وه له ماوه‌ی مانگێكدا زیاتر سه‌د كه‌س له چالاكانی مه‌ده‌نی، فه‌رهه‌نگی و كۆمه‌ڵایه‌تی خه‌ڵكی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستانی له سیاچاڵه‌كانی ڕێژیم‌دا خستووه‌ته ژێر ئه‌شكه‌نجه و ئازاره و له لایه‌كی دیكه‌وه به بڵاوكردنه‌وه‌ی زنجیره‌یه‌ك له فیلم و دۆكومێنتاریی جه‌علی كه له‌سه‌ر بناغه‌ی سیاسه‌تی چه‌واشه‌كارانه و خۆ هه‌ڵكێشانی دۆن‌كیشۆت ئاسایانه‌ی خۆی و هێندێك قسه‌ی سه‌رلێشێواوانی کوردی دابڕاو لە بزووتنەوەی سیاسیی کورد بڵاویان ده‌كاته‌وه، سنووری ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستانیشی بڕیوه و هه‌موو به‌شه‌كانی كوردستان به گشتی و ڕۆژهه‌ڵات و باشووری كوردستانیشی به تایبه‌ت كردووه‌ته ئامانج. دیاره ئه‌و هێرشه هه‌مه‌لایه‌نانه‌ی كۆماری ئیسلامی نیشانه‌ی ترس و دڵه‌ڕاوكێی ئه‌و ڕێژیمه‌یه له هێزی كاریگه‌ر و شوێندانه‌ری جووڵانه‌وه‌ی ڕزگاریخوازیی كورد له ناوچه‌كه‌دا و هیچ شتێك ناسه‌لمێنێ جگه له چه‌واشه‌كاریی ڕێژیم و ترسی ئەو ڕێژیمە له جووڵانه‌وه‌ی كورد به گشتی و جووڵانه‌وه‌ی كورد له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان به‌تایبه‌تی.
ڕێژیم له لایه‌كه‌وه ڕهشبگیرییهكی به‌ربڵاوی ده‌ست پێ كردووه له دژی چالاكانی مه‌ده‌نی، فه‌رهه‌نگی، كۆمه‌ڵایه‌تی، ژینگه‌پارێزی و سیاسی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان به مه‌به‌ستی زاڵکردنی کەشی ترساندن و، له لایه‌كی دیكه‌شه‌وه به بڵاوكردنه‌وه‌ی هێندێك قسه‌ی ژه‌هراوی له دژی خه‌باتگێڕانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان، به فكری خۆی ده‌یهه‌وێ له نفوز و خۆشه‌ویستیی حیزب و ڕێكخراوه سیاسییه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان له‌نێو كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكدا كه‌م بكاته‌وه. له هه‌مان كاتیش‌دا به دروستكردنی هێندێك فیلمی بێشه‌رمانه و ڕووهه‌ڵماڵاوانه ده‌یهه‌وێ تیڕۆڕیستانی خۆی وه‌ك ڕزگاركه‌رانی كورد له ده‌ستی ڕێكخراوی تیڕۆڕیستیی داعش بناسێنێ و ڕێبه‌ران و پێشمه‌رگه‌كانی هه‌موو كوردستان به گشتی و باشووری كوردستان به‌تایبه‌تی وه‌ك بێئیراده و ترسه‌نۆك له قه‌ڵه‌م بدا.
ڕێژیمی كۆماری ئیسلامی زۆر ناڕه‌حه‌ته له‌وه‌ی كه پێشمه‌رگه و هێزی خەباتگێڕی كورد وه‌ك سیمبولی خه‌بات و تێکۆشان له دژی تیڕۆڕیزم له دنیادا ناسراون و وشه‌ی پێشمه‌رگه چووه‌ته نێو فه‌رهه‌نگی سیاسیی جیهانه‌وه و ئیدی له هیچ زمانێكدا ته‌رجومه ناكرێ و هه‌ر وه‌كوو خۆی به‌كار ده‌هێنرێ. ڕێژیم ژان گرتوویه‌تی له‌وه‌ی كه كچانی كورد به تایبه‌ت له كۆبانێ، بوونه‌تە سیمبۆلی ژنی ئازاده و ئازا و، هاوشانی پیاوانی دلێر سینگی خۆیان كردووه‌ته قه‌ڵغانی تیری دوژمن بۆ به‌رگری له خاك و نه‌ته‌وه‌كه‌یان.
ڕه‌فتاره‌كانی كۆماری ئیسلامی له دژی نه‌ته‌وه‌ی كورد به گشتی ده‌رخه‌ری ئه‌و ڕاستییه‌ن كه ئه‌و ڕێژیمه له هه‌ر ئامڕازێك كه‌ڵك وه‌رده‌گرێ تا گه‌لی كوردستان له وه‌ده‌ستهێنانی مافه ڕه‌واكانیدا ناكام بكا و ئه‌و دوژمنایهتییهشی هه‌ر له هه‌وه‌ڵین ڕۆژه‌كانی هاتنه سهركاریەوە بە به‌رده‌وامی پێشان داوه.
له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان كۆمه‌ڵكوژی، ئیعدام، زیندانیكردن و ئەشكه‌نجه، كۆڵبهركوشتن، گرتن و ڕاوه‌دونانی چالاكانی مه‌ده‌نی و شه‌ڕی درێژخایه‌ن له دژی جووڵانه‌وه‌ی مافخوازیی خه‌ڵكی كوردستان و میلیتاریزه‌كردنی كوردستان و گه‌مارۆی ئابووری و به‌تاڵانبردنی سه‌روه‌ت و سامانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستانی كردووه‌ته ستڕاتیژیی نه‌گۆڕی خۆی. له به‌شه‌كانی دیكه‌ی كوردستانیش، ده‌ستێوه‌ردان له كاروباریان، خۆ فهڕزكردن، شكاندنی غروور و بهیدهستكردنیان و له هه‌مان كاتدا پیلانگێڕی و داگیركاری (وه‌ك ئه‌وه‌ی له كه‌ركووك و ناوچه دابڕاوه‌كانی دیكه‌ی باشووری كوردستان به هاوكاری جه‌یشی حەشدی شه‌عبی كردی) كردووه‌ته ستڕاتیژیی خۆی.
بۆیه نه‌ته‌وه‌ی كورد پێویسته به گشتی له‌و ڕاستییانه تێ بگا، كه كۆماری ئیسلامیی ئێران، له بناغه‌دا كێشه‌ی له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌ی كورد هه‌یه به گشتی. ترسی له نه‌ته‌وه‌ی كورد و جووڵانه‌وه‌كه‌ی هه‌یه. جووڵانه‌وه‌ی كورد دێموكڕاسیخواز و ئاشتیخوازه. لایه‌نگری پێكه‌وه ژیانی هه‌موو نه‌ته‌وه و ئایین و ئایینزاكانه له ناوچه‌دا. ئەوەش ڕاست له به‌رامبه‌ر ستڕاتیژیی كۆماری ئیسلامیدایه كه له سه‌ر بناغه‌ی یه‌ك مه‌زهه‌ب و یه‌ك نه‌ته‌وه‌ی باڵاده‌ست دامه‌زراوه و ته‌نیا كه‌سێك به ناوی (وه‌لی فه‌قیهـ) به‌ڕێوه‌ی ده‌با. ئه‌وه جگه له بیر و بۆچوونی شۆوێنیستیی كاربه‌ده‌ستانی ڕێژیمیش كه له بناغه‌دا دژی بوونی نه‌ته‌وه‌یه‌كن به ناوی كورد.
ئێمه ناتوانین چاوه‌ڕوانییه‌كی له‌وه باشترمان له ڕێژیمێكی تۆتالیتێر، دیكتاتۆر، تیڕۆڕیستپهروهر و دژه‌كوردی وه‌ك كۆماری ئیسلامی هه‌بێ. به‌ڵام له به‌رامبه‌ر هه‌ڵسوكه‌وتی كۆماری ئیسلامی‌دا چاوه‌ڕوانیمان له خۆمان و ڕێبه‌رانمان و هێزه سیاسیه‌كانمان ده‌بێ چ بێ؟ یا به واتایهکیتر كورد ده‌بێ چ بكا له به‌رامبه‌ر ئه‌و هه‌موو دوژمنكارییه‌دا؟ به باوه‌ڕی من ڕێبه‌رانی كورد له هه‌موو به‌شه‌كانی كوردستان پێویسته به ئاشكرا به‌رپه‌رچی دوژمنكارییه‌كان و چه‌واشه‌كارییه‌كانی ڕێژیم بده‌نه‌وه. حیزب و ڕێكخراوه سیاسییه‌كان به‌پێی ئه‌و ئیمكاناته‌ی له به‌رده‌ستیاندایه كرده‌وه دژی گهلییهكانی ڕێژیم و پلان و به‌رنامه‌ی دوژمنانه و جینایهتكارانهكانی ڕێژیم له‌قاو بده‌ن. چالاكانی سه‌ر تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان پێویسته له جیاتی پێكههڵپڕژان و ڕه‌خنه‌ی بێجێ و دژایه‌تیكردنی حیزبه‌كان، كه ته‌نیا ده‌بێته خۆراكی ته‌بلیغاتی بۆ ڕێژیم، سیاسه‌ته‌كانی كۆماری ئیسلامی و نەیارانی دیکەی کورد و لایەنە بەستراوەکان بە کۆماری ئیسلامی كه به دایمە ده‌رحه‌ق به نه‌ته‌وه‌كه‌مان خه‌ریكی پیلانگێڕین له قاو بده‌ن.
ئێمه‌ی كورد به هه‌موومان و لە هەموو ئاست و بەرپرسایەتی و لە هەموو ڕیزەکاندا پێویسته به خۆداچوونه‌وه بكه‌ین. تاكه‌ی به شكاندنی یه‌كتر و هەوڵدان بۆ لاوازکردنی یەکدی ده‌مانه‌وێ به ده‌ستی خۆمان كه‌ره‌سه‌ی چه‌واشه‌كاری و ماتڕیاڵی فیلم و دۆكومێنت سازكردن له‌سه‌ر خۆمان بده‌ین به دوژمنانمان؟ تاكه‌ی پرسیار بخه‌ینه سه‌ر جووڵانه‌وه‌ی ڕه‌وامان و ته‌نیا بۆ شكاندنی یه‌كتر هه‌موو مێژووی خه‌بات و تێكۆشانمان خه‌وشدار بكه‌ین؟ بۆ ده‌بێ كار بگاته جێگایه‌ك كه خه‌باتگێڕانی دوێنێمان بێن و به‌رگری ڕه‌وای حیزبه‌كانمان و گه‌له‌كه‌مان به خه‌باتێكی شكستخواردووی چه‌كداری له‌قه‌ڵه‌م بده‌ن؟ له‌بیرمان چووه‌ته‌وه كه كورد ته‌نیا و ته‌نیا بۆ به‌رگری له گیان و مانی خۆی ده‌ستی داوه‌ته چه‌ك؟ بۆچی هێنانی زیاتر له دووسه‌د هه‌زار چه‌كداری ڕێژیمی كۆماری ئیسلامی له ناوچه دووره‌ده‌سته‌كانی ئێرانه‌وه بۆ سەر ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان، به مه‌به‌ستی میلیتاریزه‌كردنی كوردستان و سه‌ركوتی جووڵانه‌وه‌ی گه‌لی كورد له‌بیر ده‌كه‌ین. بۆچی قه‌ڵاچۆكردنی كورد له سنه، سه‌قز، مهاباد، بانه و شاره‌كانی دیكه و كۆمه‌ڵكوژییه‌كانی قارنێ، قه‌ڵاتان، ئیندرقاش، وسوكهند، سۆفیان، چه‌قه‌ڵ مسته‌فا، نه‌غه‌ده و ده‌یان جێگای دیكه له‌بیر دهبهینەوە. ئیعدامه‌كانی به‌كۆمه‌ڵ و به‌تاك و زیندانیكردنی ده‌یان هه‌زار كه‌س و كوشتنی كۆڵبه‌ران له بیر ده‌به‌ین. بۆچی هێرشی دڕندانه‌ی نیزامی حیزبی به‌عس و ئه‌نفال و كیمیاباران له‌بیر ده‌كه‌ین و هێرشی حه‌شدی شه‌عبی بۆ سه‌ر ناوچه‌دابڕاوه‌كان و ده‌ستپێكردنی ته‌عریبی تازه نابینین. بۆچی شه‌ڕفرۆشیی تورکیە له عه‌فرین و سریێ كانی نابینین و ڕه‌فتاره‌كانی ڕێژیمی سووریە و هێرشی داعش و كۆمه‌ڵكوژیی کورد و كاولكردنی كۆبانێ و شه‌نگالمان له‌بیر چووه‌ته‌وه و له سه‌ر تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان كارمان بووه‌ته دژایه‌تیكردنی یه‌كتر وشكاندنی سیمبۆلهكانمان. بەس نییە یه‌كتر شكاندن، ڕێبه‌ر شكاندن و خه‌باتكار شكاندن و حیزب شكاندن.
ئێمه ئه‌وه‌نده‌مان دڕنده‌یی له دژ كراوه كه ده‌توانێ خۆراكی ده‌یان ساڵ له قاودان له‌سه‌ر تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بێ. ئێمه‌ی كورد پێویستمان به یه‌كگرتن هه‌یه، نه‌ك یه‌كتر شكاندن. ئه‌گه‌ر له ڕابردووش‌دا هه‌ڵه‌مان كردوه، یه‌كتریمان بوغزاندووه یا ته‌نانه‌ت شه‌ڕی براكوژیمان كردووه، ئەمە با ببێتە بەشێک لە مێژووی تاڵی نەتەوەیەک وەک هەموو نەتەوەکانی دیکە و، ئیتر ده‌بێ بیكه‌ینه ده‌رس، نه‌ك وه‌سیله‌ی درێژه‌دان به دووبه‌ره‌كی و یه‌كتر بوغزاندن و خۆراكی ته‌بلیغاتی دانه ده‌ست دوژمن.
پێویسته ئه‌و هه‌وڵانه‌ی كۆماری ئیسلامی بۆ شكاندنمان و بۆ زیندووكردنه‌وه‌ی دووبه‌ره‌كی له نێوماندا بكه‌ینه ده‌رسێك و ڕاست پێچه‌وانه‌ی ئامانجه‌كانی ئه‌و ته‌بلیغاته شوومه بڕیار بده‌ین و کردەوە بنوێنین. واته یه‌ك بگرین و به‌ره‌یه‌كی به‌هێزی كوردی له هه‌ر به‌شەی كوردستان پێك بێنین و له‌جیاتی مه‌رایی و ترسان له دوژمنه ڕهنگاوڕهنگهكانمان، هه‌موو به‌شه‌كانی كوردستان ببینه پاڵپشتی یه‌كتر. ئەوە تەنیا ڕێگای ڕزگاری و سەرکەوتنمانە.