ئەو خەباتە سیاسییەی کە بە شێوەیەکی دروست و سەرکەوتوو ڕێنوێنی کرابێ، لە ئاکامدا دەتوانێ وێڕای بەهێزکردنی بەرەی ئازادیخوازان وەها کاریگەریی لەسەر هەندێ بەشی کۆمەڵگە دابنێ کە دیکتاتۆر نەتوانێ بە ئاسانی کۆنترۆڵی بەسەردا هەبێ. هەروەها دەبێ ئەم شێوە خەباتە سیاسییە ببێتە نموونەی ئەزموونێکی پڕبایەخی “خۆ بواردن لە هاوکاری ڕێژیم”.
ئەم ئەزموونە لە کاتی خۆیدا و لە ئاستێکی گەورەتردا یارمەتییەکی گەورە دەکا.
هەروا کە پێشتر (لە بەشی سێدا) باس کرا، ملکەچ بوون و هاوکاریکردن و گوێڕایەڵیی خەڵک بۆ مانەوەی دیکتاتۆر لە دەسەڵاتدا زەروورە. بەبێ دەستپێڕاگەییشتن بە سەرچاوەکانی دەسەڵاتی سیاسی، دیکتاتۆرەکان لاواز دەبن و لە ئاکامدا لەنێو دەچن. کەواتە وەرگرتنەوەی پشتگیری و پشتیوانیی خەڵک، گرینگترین هەنگاوی پێویست بۆ لێکهەڵوەشانی دیکتاتۆرە.
خەباتی سیاسی و ئەو کارە سەمبۆلیکانەی کە دیکتاتۆر وەزاڵە دێنێ، لەو شێوازانەن کە دەتوانن ڕەوایی ئەخلاقی و سیاسیی ڕێژیم لاواز بکەن. ڕێژیم هەرچەندە ڕەوایی و مەشرووعیەتی زیاتر بێ، زیاتر دەتوانێ خەڵک گوێڕایەڵی خۆی بکا و پشتی پێ ببەستێ. بۆیە هەڕەشە بۆ سەر مان و مەوجوودییەتی ڕێژیم دەبێ لە کردەوەدا و بە گوێڕایەڵنەبوونی خۆی نیشان بدا. هاوکارینەکردن و ملکەچنەبوونی دیکتاتۆر دەتوانێ سەرچاوەکانی دیکەی دەسەڵاتی لەدەست دەربێنێ.
دووهەمین سەرچاوەی گرینگی دەسەڵات، سەرچاوە مرۆییەکانن. واتە ڕێژە و گرنگیی ئەو کەسانەی کە هاوکاریی دەسەڵاتداران دەکەن و یارمەتییان دەدەن. ئەگەر ئەو هاوکاری و یارمەتییانەی ئەو بەشە لە خەڵک لە دیکتاتۆر وەربگیرێتەوە، ڕێژیم تووشی کێشەی زۆر جیددی دەبێ. بۆ وێنە ئەگەر کارمەندەکان کاری ئاسایی خۆیان نەکەن و لە ماڵدا بمێننەوە، دەزگای ئیدارهی ڕێژیم تووشی کێشەی زۆر جیددی دەبێ.
هەر بەو شێوەیە ئەگەر ئەو بەشەی لە خەڵک کە شارەزایی و تواناییەکیان لە بوارێکدا هەیە، هاوکاریی ڕێژیم نەکەن، دیکتاتۆر ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ زیاتر بەرەو لاوازی دەچێ. تەنانەت وای لێ دێ کە توانایی بڕیاردان و بەڕێوەبەریی وڵاتی نامێنێ.
ئەگەر خەڵک ئەو کاریگەرییە ڕوحی و ئیدئۆلۆژییەیان کەم بێتەوە کە هۆکارێکی گرینگە بۆ ملکەچبوونییان بە فەرمانەکانی دەسەڵاتی دیکتاتۆر، ئەوجار زیاتر ڕوو دەکەنە نافەرمانی و پشتکردن لە ڕێژیم.
دەستپێڕاگەییشتنی دیکتاتۆر بە سەرچاوە ماددیەکانیش ڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر دەسەڵاتەکەی دەبێ. ئەگەر هێزە ئازادیخوازەکان بتوانن ئەو سەرچاوە ماددییانە و سیستمی ئابووری، سامانە سروشتییەکان و کەرەسەکانی پێوەندی و گواستنەوە کۆنترۆڵ بکەن، سەرچاوەیەکی گرینگی دیکەی دەسەڵات لە دەستی دیکتاتۆر دەردەچێ و زیاتر بەرەو لاوازیی دەبا. بایکۆت و مانگرتنەکان و کۆنترۆڵی زیاتری ئازادیخوازان بەسەر بەشەکانی ئابووری و گواستنەوە و پێوەندییەکان ڕێژیم بەرەو لاوازیی زیاتر دەبا.
هەروا کە پێشریش باس کرا، توانایی دیکتاتۆرەکان لە ترساندن و تۆقاندن و سەرکوت و سزادانی تێکۆشەرانی کۆمەڵگە بەشێکی بنەڕەتی لە دەسەڵات و هێزی دیکتاتۆرە. ئەم هێزە دەکرێ بە دوو شێوە لاواز بکرێ، یەکەم ئەگەر خەڵک وەکوو کاتی شەڕ ئامادە بن تێچووەکانی خەبات بدەن کاریگەریی ئەو سەرکوتانە زۆر زۆر کەم دەکا. واتە سەرکوتەکان ناتوانێ خەڵک ملکەچ بکا. دووهەم ئەگەر خودی هێزەکانی پۆلیس دڵسارد ببنەوە لەوانەیە خۆیان لە فەرمانی لێدان و تەقەکردن لە خەڵک ببوێرن و فەرمانەکان جێبەجێ نەکەن. ئەگەر ئەوە بکرێ ئیتر دیکتاتۆر ناتوانێ پشت بە هێزەکانی پۆلیس و هێزە چەکدارەکانی ببەستێ و لەو بەشەدا سەرکەوتنی خۆی مسۆگەر بکا؛ بۆیە پێویستە ئەو چەکەی لەدەست دەربێنی.
بە کورتی سەرکەوتن لە بەرانبەر دیکتاتۆردا، پێویستیی بە کەمکردنەوە و نەمانی سەرچاوەکانی هێز و دەسەڵاتە. بەبێ ئەوانە دیکتاتۆر لاواز دەبێ و لە کۆتاییدا دەڕووخێ. لەبەر ئەوە پلاندانانی ستراتیژیکی باش بۆ خەباتی سیاسی بە دژی دیکتاتۆرەکان دەبێ سەرەکیترین سەرچاوەکانی هێز و دەسەڵاتی دیکتاتۆر بکاتە ئامانج.
پەرەپێدانی ئازادی
گەشەکردنی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵایەتی ئابووری و فەرهەنگی و سیاسی لە دەورانی خەباتدا بەرەبەرە دەبێتە هۆی گەشە و کرانەوەیەکی دێموکراتیک لە کۆمەڵگە و کەمبوونەوەی دەسەڵاتی دیکتاتۆر. بەهەر ئەندازە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بەهێز ببن بەو ڕاددەیە هێزی دیکتاتۆر کەم دەبێتەوە و خەڵک هەرچی زیاتر کۆمەڵگەیەکی سەربەخۆ لە دەسەڵاتی دیکتاتۆر دادەمەزرێنن. لەو کاتەدا ئەگەر دیکتاتۆر بیهەوێ پێش بەو ڕەوتە بگرێ، خەباتی ناتوندوتیژ دەتوانێ بە شێوەیەکی باش لە بەرانبەر دیکتاتۆردا ڕاوەستێ و پارێزگاری لەو ئازادییە بکا کە وەدەستیان هێناوە.
ئەم تێکەڵەیە لە خەبات و دامەزراندنی ڕێکخراوە جۆربەجۆرەکان دەتوانێ ببێتە هۆی سەقامگیریی ئازادییەکی ڕاستی و تێکڕووخانی دیکتاتۆری و دامەزرانی سیستمێکی دێموکراتیک. چونکە ئەوکات کۆمەڵگە لە بنەڕەتڕا گۆڕانی بەسەردا هاتووە.
وڵاتی لەهستان لە دەیەی ٧٠ و ٨٠ی زایینی نموونەیەکی ڕوونی وەرگرتنەوەی سەرچاوەکانی هێز و دامەزرانی ڕێکخراوە جۆربەجۆرەکان لە ڕێگای ئازادیخوازەکانەوەیە. کلیسای کاتۆلیک لەژێر گوشار و ئازاردا بوو، بەڵام هیچکات بەتەواوی نەکەوتە ژێر کۆنترۆڵی کۆمۆنیستەکان. لە ساڵی ١٩٧٦دا ڕۆشنبیران و کرێکاران هەندێ گرووپی بچووکیان وەکوو “کۆمیتەی بەرگریی کرێکاران” پێکهێنا کە مەبەستیان بردنەپێشی بیروباوەڕی سیاسیی خۆیان بوو. لە ساڵی ١٩٨٠ “ڕێکخراوەی یەکیەتیی سینفی” بە نیشاندانی هێزی خۆی لە ڕێخستنی مانگرتنەکان توانی ڕەسمیەتی خۆی بەسەر دەوڵەتدا بسەپێنێ. هەروەها جووتیاران، خوێندکاران و زۆر گرووپی دیکەش ڕێکخراوەی سەربەخۆ و تایبەت بە خۆیان پێکهێنا. کاتێک کۆمۆنیستەکان زانییان کە ئەم گرووپانە ڕاستییەکان و باڵانسی هێزیان لە کۆمەڵگەدا گۆڕیوە، چالاکییەکانی یەکییەتی سینفییان قەدەغە کرد و حکوومەتی نیزامییان ڕاگەیاند. تەنانەت بەو حکوومەت نیزامییەش و سەرەڕای بەندکردنەکان و ئەشکەنجەی توند، ڕێکخراوەکان چالاکییەکانی خۆیان ڕانەگرت. بۆ وێنە چەندین ڕۆژنامە و گۆڤار بەبێ ئیزن درێژەیان بە کاری خۆیان دەدا. لەگەڵ ئەوەش نووسەرە بەناوبانگەکان، ناوەندەکانی چاپەمەنیی کۆمۆنیستەکان و چاپخانە دەوڵەتییەکانیان بایکۆت کردبوو. لەولاشەوە چاپخانە بێمۆڵەتەکان لە ساڵدا سەدان کتێبیان چاپ و بڵاو دەکردەوە. ئەو کارانە و هەندێ کاری هاوشێوەی ئەوانە لە بەشەکانی دیکەی کۆمەڵگەدا بەڕێوە دەچوون.
دەوڵەتی نیزامیی کۆمۆنیستەکان لەژێر دەسەڵاتی جروسلسکی لە یەک ڕوانگەوە پاڵی بە کورسیی دەسەڵاتەوە دابوو. ئەویش ئەوە بوو کە ئەوان هێشتا پلەدار و پلەباڵاکان و نووسینگە و بینا دەوڵەتییەکانیان لە کۆنترۆڵدا بوو. ڕێژیم هێشتا دەیتوانی بە زۆری و گوشاری سزاکان و دەسبەسەرکرانەکان و زیندانیکردنەکان و دەستبەسەرداگرتنی دەزگاکانی چاپ و شتی لەو بابەتە فشار بۆ کۆمەڵگە بێنێ. بەڵام بەو حاڵەش دیکتاتۆری نەیتوانی کۆمەڵگە بخاتە ژێر کۆنترۆڵی خۆیەوە. ڕێژیم لەم ڕوانگەیەدا تەنیا شتێک کە نەیدەزانی و لێی ناڕوون بووو، ئەوکاتە بوو کە کۆمەڵگە توانی دیکتاتۆری بە تەواوی تێک بڕووخێنێ.
تەنانەت ئەو کاتەی کە دیکتاتۆری هێشتا دامودەزگا دەوڵەتییەکانی لەژێر دەستدایە، دەکرێ “دەوڵەتێکی هاوتەریب” و دێموکراتیک دابمەزرێ. ئەم دامەزراوەیە دەتوانێ بە شێوەیەکی ڕوو لە هەڵکشان وەکوو دەوڵەتێکی ڕکەبەری ڕێژیم کار بکا و پشتیوانیی خۆی لە خەڵک و ڕێکخراوە کۆمەڵایەتیەکان وەربگرێ. لە ئاکامدا مەشرووعیەتی دیکتاتۆری ڕۆژ بە ڕۆژ کەمتر دەبێتەوە و ئەوەی بەلاوە گران دەبێ. لە کۆتاییدا لەوانەیە دەوڵەتی ڕکەبەری دیکتاتۆر لە قۆناغێکدا بتوانێ ڕێژیمی دیکتاتۆری لابدا و سیستمێکی تەواو دێموکراتیک لە جێگای دابنێ.
لەو کاتەدا دەکرێ قانوونێکی بنەڕەتی ئامادە بکرێ و بۆ تێپەڕین لەو دۆخە هەڵبژاردنێکیش بەڕێوە ببرێ.