بەبۆنەی کۆتاییهاتنی دەورەی ٢٤٠ی فێرگەی پێگەیاندنی پێشمەرگە حیزبی دێموکراتەوە گەرمترین پیرۆزبایی بە هەمووتان، بەتایبەت ئەو پێشمەرگە لاوانە دەڵێم کە ئەمڕۆکە بەڕەسمی بەرگی پیرۆزی پێشمەرگایەتییان پۆشی و لە ڕیزەکانی حیزبدا درێژە بە تێکۆشانی سیاسی و پێشمەرگانەی خۆیان دەدەن.
ئێمە پێشمەرگەی ڕێبازی پێشەوا قازی و پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتین. پێشمەرگەی حیزبێکین کە حەفتا و پێنج ساڵە بۆ ئامانجیێکی سیاسی، نەتەوەیی و کۆمەڵایەتیی پیرۆز و ڕەوا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان تێدەکۆشێ. بۆیە لەو کۆبوونەوەیەدا کە بەبۆنەی دەسپێکی وەرزێکی نوێ لە ژیانی سیاسیی پۆلێک لە لاوانی تێکۆشەری نیشتمانە، وا باشە سەرفەسڵێک لە سیاسەتەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان وەبیر خۆمان بێنینەوە و، لە بەرامبەردا پیلان و چەواشەکارییەکانی کۆماری ئیسلامی لەقاو بدەین.
سیاسەتی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە لەبەرچاوگرتنی، هەلومەرجی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ناوچە بە گشتی ئەوەیە کە لە چوارچێوەی ئێرانێکی ئازاد و دێموکراتیکدا، خەڵکی کوردستان خاوەنی دەسەڵاتی سیاسی و خۆبەڕێوەبەریی خۆی بێ. بنەڕەتی سیاسەتی حیزبی دێموکراتی کوردستان لەسەر خەبات و تێکۆشان بۆ چارەسەری ئاشتییانە و مەدەنییانەی پرسی کورد داندراوە. بەڵام حیزبی دێموکراتی کوردستان، بە سەرنجدان بە زەرفییەت و پوتانسیەلی خەباتگێڕیی کورد و هاوکات شێوەی ڕوانین و سیاسەتی حکوومەتە ناوەندییەکان لە تاران بۆ بزووتنەوەی کورد تاکتیکی خەباتی خۆی داڕشتووە و کەلکی لە هەموو شێوەکانی خەبات وەرگرتووە. ئەگەر مەجالی تێکۆشانی سیاسی و ڕێکخراوەیی بووە قۆستوویەتەوە، ئەگەر پێویست بووە خەباتی پێشمەرگانەی کردووە و؛ ئەگەریش کڵاوڕۆچنەیەکی بۆ وتووێژ و دیالۆگ دیوە، دەرگەی لێ دانەخستووە.
لەو ڕۆژانەدا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کۆمەڵێکی زۆر لە کوڕان و کچانی نیشتمان، ئەوانەی بە جۆرێک لە جۆرەکان خۆیان لە کار و چالاکیی مەدەنیدا دەبیننەوە و لە بوارەکانی کاری ڕێکخراوەیی، کۆمەڵایەتی و ژینگەپارێزیدا هەڵسووڕن و، خۆشەویست و جێی متمانەی خەڵکی خۆیانن؛ لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتییەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون. لەگەڵ ئەو ڕەشبگیریە، دروستکردن و بڵاوکردنەوەی فیلم و دێکیۆمێنتیش خەریکی چەواشەکردنی بزووتنەوەی کورد بە گشتی و بەتایبەتی سیاسەتی حیزبی دێموکرات و ڕێبەرانی خۆشەویست و شوێندانەری ئەم حیزبەن.
مەبەستی ڕێژیم لەو ڕەفتارەی ڕوون و ئاشکرایە. لەبەر ئەوەیە کە دوای حەفتاوپێنج ساڵ ئێستاش سیاسەت و وێژمانی حیزبی دێموکرات لەنێو کۆمەڵگەی کوردەواریدا وەردەگیرێ و خەڵک پێشوازییان لێ دەکا. پەیامی حیزبی دێموکرات پەیامی دێموکراسی بۆ ئێرانە. سروشتییە وڵاتێکی وەکوو ئێران بەو پێکهاتە و حەشیمەت و جۆراوجۆرییە ئەگەر دێموکراسیی تێدا بێ، حکوومەتی لە چەشنی کۆماری ئیسلامی ناتوانێ بوونی هەبێ و حاکم بێ. کەوایە کۆماری ئیسلامی کێشەی بنەڕەتیی لەگەڵ سیاسەت و وێژمان و پەیامەکانی حیزبی دێموکرات هەیە. حیزبی دێموکرات پێیوایە خەڵکی ئێران شایانی ئەوەن دێموکراسییان هەبێ و ئەم وڵاتە شایانی ئەوەیە حکوومەتێکی دێموکراتیکی هەبێ، دەی مادام کۆماری ئیسلامی ماهییەتی ئەوە نییە، دێ بەرەنگاری ئەو وێژمانە دەبێتەوە و شەڕی پێ دەفرۆشێ. جیا لەوە حیزبی دێموکراتی کوردستان هەوڵی وەجووڵەخستنی کۆمەڵگە بۆ بەڕۆژەڤکردنی ماف و داخوازەکانی دەکا. بۆ وشیاریی خەڵک تێدەکۆشێ و ماف و ئازادییەکانیان پێ دەناسێنێ و هەوڵ بۆ بەرەوژووربردنی ئاستی داخوازەکانی خەڵک دەدا. پێیان دەڵێ حەقی خۆیانە خاوەنی هەموو مافە سیاسی، نەتەوەیی، مەدەنی و کۆمەڵایەتییەکانی خۆیان بن. لەولاش ماهییەتی کۆماری ئیسلامی ئەوە نییە مافی میللەتان لە ئێراندا بەڕەسمی بناسێ و بۆیانی دابین بکا؛ بۆیە کۆماری ئیسلامی بۆ دژایەتیی ئەم حیزبە دێتە مەیدان و دژایەتیی دەکا.
کۆماری ئیسلامیی ئێران لە مێژووی چوار دەیەی تەمەنیدا بە شێوازی جۆراوجۆر دوژمنایەتیی پرسی نەتەوەیی کورد و حیزبی دێموکراتی کوردستانی کردووە. ئەگەر لەلایەک ڕێبەرانی ئەم حیزبەی تێرۆر کردووە، کادر و پێشمەرگەکانی تێرۆر کردووە، مووشەکی تێ گرتووە؛ لەلایەکی دیکەش هەوڵی داوە ئەوەندەی دەتوانێ لە کۆمەڵگەدا ناشیرینی بکا و بە چەواشەکاری لە پێگەی کۆمەڵایەتیی حیزبەکەمان بدا. ئەم فیلم و دێکیۆمێنتانەش کە ئەم ماوەیە بڵاوی کردوونەوە هەر بۆ ئەو مەبەست و ئامانجەیە.
کۆماری ئیسلامی لەو فیلم و بڵاوکراوانەدا دەیەوێ بڵێ ویستوویەتی چارەسەری پرسی کورد بکا، هەوڵی داوە وتووێژ بکا و ئیمتیازی زۆریشی داوە، بەڵام حیزبە کوردییەکان قەبووڵیان نەکردووە. ئێمە لە وەڵامدا دەڵێین دوای زیاتر لە چل ساڵ ئەوە ئێمە و ئەوە کۆمەڵگەی ئێران، ئەوە کۆمەڵگەی کوردستان، تەنانەت دنیای دەرەوەش؛ با بێن بزانین ئیمتیازی کۆماری ئیسلامی بۆ کوردستان چی بووە؟ ئەوەی کۆماری ئیسلامی بە ئیمتیاز بۆ کوردی حسێب دەکا بینیمان چی بوو. شتێک نەبوو جیا لە هێرش، لەشکەرکێشی بۆ سەر کوردستان، کۆمەڵکوژیی خەڵکی کورد و میلیتاریزە کردنی کوردستان.
لە یەکێک لەو بەناو دێکیۆمێنتەدا باس لە شەڕی نەغەدە دەکرێ. حیزبی دێموکراتی کوردستان لە نەغەدە میتینگێکی تەواو مەدەنی، سیاسی، تەشکیلاتیی وەڕێ خست بۆوەی سیاسەتی خۆی بۆ خەڵکی ناوچە بەتایبەت بۆ خەڵکی نەغەدە کە دانیشتووەکانی تێکەڵاوێک لە کورد و ئازەرین، شی بکاتەوە. بەڵام ئەوان بەشێوەی چەکدارانە هێرشیان کردە سەر میتینگەکە و ئەو کۆبوونەوەیەیان لە خاک و خوێن وەردا. دوایە هێرشیان کردە سەر قاڕنێ، قەڵاتان و زۆر ناوچەی دیکەی کوردستان و شەڕی خوێناویی سنە و پاوە و شەڕی سەرتاسەرییان لە کوردستان هەڵگیرساند.
بەڵام لە بەرامبەردا ئایا ئادرسێک هەیە، شوێنێک هەیە، بنکەیەکی حکوومەتی شک دەبەن کە یەکێک لە هێزە سیاسییەکانی کوردستان هێرشیان کردبێتە سەر؟ ئەوە حکوومەتی ناوەندی بوو شەڕی بەسەر کوردستاندا سەپاند و خەڵکی کورد و حیزبە سیاسییەکانیش بەربەرەکانی و خۆڕاگرییان کرد. بۆیە ئەم دێکۆمێنت و فیلمانەی کۆماری ئیسلامی دروستیان دەکا هەموو چەواشەکاریی ڕووداوە مێژووییەکانن و فڕیان بەسەر ڕاستییەوە نییە. ئەوان بۆ مەخدووشکردنی سیاسەتی حیزبێکی بەرپرس و بزووتنەوەیەکی ڕەوایە دەست بۆ ئەو کارە دەبەن، بەڵام ئەرێ دەتوانن ئەمە بکەن و لەوەدا سەردەکەون؟ وەڵامەکەی دیسان “نا”یە. چونکی ئەوە یەکەم جار نییە کۆماری ئیسلامیی بۆ خەوشدارکردنی بزووتنەوەی، کورد بەتایبەت لەسەر بزووتنەوەی حیزبی دێموکراتی کوردستان پەنا بۆ کاری لەو چەشنە دەبا و بە گومانی خۆی، گومان و پرسیار لەسەر پێشمەرگە و کەسایەتیی پێشمەرگە و، لەسەر بزووتنەوەی کورد و ئامانجەکانی بزووتنەوەی کورد دروست دەکا. چل ساڵە ئەو کارە دەکا، بەڵام هەموو جارێک نەتیجەی پێچەوانەی وەرگرتووە، لەبەر چی؟ لەبەر ئەوەی ئەم بزووتنەوەیە بزووتنەوەیەکی ڕەسەن و ڕیشەدارە. ئەم بزووتنەوەیە لە قووڵایی کۆمەڵگەی کوردەواریدا ڕەگاژۆی کردووە. ئەم بزووتنەوە ڕەوایە پێگەیەکی زۆر بەرزی هەیە کە بەو هەوڵانەی کۆماری ئیسلامی خەوشدار نابێ. فەلسەفەی حیزبی دێموکرات لە قووڵایی کۆمەڵگەی کوردیدا ڕەگاژۆی کردووە و بووەتە دارێکی پڕبار و، ئەو دارە بەو تەور و ڕەشەبایانە لەبن نایە.
سیاسەتی حیزبی دێموکراتی کوردستان و هەڵوێستەکانی حیزبی دێموکرات بە درێژایی ئەم مێژووە بەرپرسانە و سەردەمیانە بووە، زمانەکەی خاوێن بووە و لە هیچ شوێنێکی گوتار و پەیامی حیزبی دێموکراتدا، شەڕ و زەبروزەنگ جێگای نییە. هەر لەو فیلمەدا کە دروست کراوە، بەشێک لە فەرموودەکانی دوکتور قاسملوو کە “گوزینش”ی هەڵبژێردراوە بڵاو دەکرێتەوە. لەوێشدا دوکتور قاسملوو دەفەرموێ: “لە نەزەر ئێمەوە شەڕ کێشەکە چارەسەر ناکا، بەڵکوو دەبێ بەدیل و جێگرەوەمان بۆ شەڕ هەبێ و ئەو بەدیلە بۆ ئێران تەنیا دەتوانێ دێموکراسی بێ”.
حیزبی دێموکراتی کوردستان بەدرێژایی چوار دەیەی ڕابردوو لە تەعامول لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا هەمیشە پێی وابووە کە دواجار دەبێ بە دانیشتن و رێککەوتن لەسەر بەها و بایەخە ئەمڕۆیی و جیهانگیرییەکان پرسی نێوانیان چارەسەر بن. شەهید د. قاسملوو تەنانەت گیانیشی لەسەر ئەو باوەڕە دانا. شەهید قاسملوو لەسەر مێزی بەناو وتووێژ لەگەڵ نوێنەرانی کۆماری ئیسلامییدا کە باسی کێشەکانی نێوان ڕێژیم و کورد دەکرێ، لەوێدا باسی مافەکانی هەموو خەڵکی ئێران دەکا و چارەسەری ئەو کێشانەش دێنێتەوە سەر باوەڕهێنان بە دێموکراسی و جێبەجێکردنی. ئەو باوەڕەی د. قاسملوو باوەڕی حیزبی دێموکرات و پەروەردەی سیاسیی ئەم حیزبەیە و حیزبی دێموکراتی پێ دەناسرێتەوە و خۆشەویستی و ئێعتبار و نفووزی بۆ ئەم حیزبە دەستەبەر کردووە. بۆیەشە کۆماری ئیسلامی بە نەیاری خۆی دەزانێ، بە چقڵی چاوی خۆی دەیبینێ و هەوڵی خەوشدارکردنی دەدا. کۆماری ئیسلامیی ئێران دەیبینێ کە پاش زیاتر لە سێ دەیە لە شەهیدبوونی د. قاسملوو، پەیامی حیزبمان، پەیامی د. قاسملووی شەهیدمان، پەیامی ڕێبەرانی تێرۆرکراومان ئیلهامدەر و پەیامی نەوەی نوێی کۆمەڵگەی کوردستانیشە. هەر ئێوە دەیان کچ و کوڕی لاو کە ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانتان هەڵبژاردوە و ئێستا جێژنی کۆتایی دەورەی پێشمەرگایەتیان بۆ گیراوە، عەوداڵی ئەو پەیامەن و هاتوون بە کردەوەش بۆی تێبکۆشن. بۆیە بە فیلم و دێکیۆمێنت دروستکردن نە دەتوانن مێژوومان بشێوێنن، نە دەتوانن زیان بە پڕستیژی حیزبەکەمان و بزووتنەوەی کورد بگەیەنن و نە بەو درۆ و چەواشەکارییانە کەسایەتییە کاریزماکانی نێو بزووتنەوەی سیاسیی کورد، بەتایبەت دوکتور قاسملوو خەوش هەڵدەگرن.
وەک دەبینین نووکەڕمبی پەلامارەکانی کۆماری ئیسلامی ڕوو لە د. قاسملوویە. دوژمنیش زۆر باش دەزانێ کە دوکتور قاسملوو، پیاوێکی گەورە و ڕێبەرێکی کاریزما بووە. دەزانن کە پاش شەهیدبوونیشی بیروبۆچوونەکانی هەر دێن و پتر لە کۆمەڵگەدا ڕەگاژۆ دەبن، دەزانن وانەکانی دوکتور قاسملوو لە پرسی پێکەوەژیان و دێموکراسی و ئازادژیان ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر لەنێو لاوانی کورددا بڵاو دەبنەوە و وێژمانەکەی بووەتە فەرهەنگی سیاسیی حیزبەکەی، حیزبی دێموکراتی کوردستان.
ئەم فەرهەنگە وای کردووە قوتابییانی دوکتور قاسملوو هەر بەو دیدەوە بڕوانن و لەو ڕێبازەدا بڕۆنە پێش. ئەمە وایکردووە حیزبی دوکتور قاسملوو، ئێستاش حیزبی پەیامهەڵگری پێشەوا قازی محەممەد، کۆماری کوردستان، دوکتور قاسملوو و ڕێبوارانی دوکتور قاسملوو بێ و ترسی کۆماری ئیسلامیش لەوەڕا سەرچاوە دەگرێ.
بەشێکی دیکە لە هێرشە تەبلیغییەکانی کۆماری ئیسلامی لەسەر بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵات و حیزبی دێموکراتی کوردستان لێدان لە ئێعتباری حیزب لە باشووری کوردستانە و دەیانەوێ مێژووی حیزبی دێموکرات و کار و کردەوە و سیاسەت و بڕیارەکانی حیزبی دێموکرات لەپێوەندی لەگەڵ پرسی کورد لە باشووردا بێننە ژێر پرسیار. بەڵام لەو بارەشەوە سەرکەوتوو نین و سەرکەوتووش نابن. چونکی حیزبی دێموکرات پێوەندیی خۆی لەگەڵ پرسی کورد لە بەشەکانی دیکەی کوردستان لەسەر بنەڕەتی پرەنسیپێکی نەتەوەیی و نیشتمانیی دامەزراندووە. ئێمە نا، لە زمان خەڵکی دیکە و هەر لەو باشوورە، ئەوانەی کە ئاگایان لە مێژووی حیزبی دێموکراتە، ئاگایان لە سیاسەتی حیزبی دێموکراتە، ئاگایان لە باوەڕەکانی دوکتور قاسملوویە، لە زمان ئەوانەوە دەبیستین و دەخوێنینەوە کە پێوەندیی حیزبی دێموکرات بە ڕێبەریی نەمر قاسملوو لەگەڵ بزووتنەوەی کورد لە باشوور، چەندە تەندروست بووە. تەنانەت ئەو متمانە و ئێعتبار و قورساییە ئەوەندە بووە کە ئەگەر، پێویست بووبێ پەیامێک لەنێوان بزووتنەوەی باشوور و حکوومەتی مەرکەزیدا بێت و بچێ، حیزبی دێموکراتی کوردستان وەکوو جەریانێکی مەسئوولی ئەمین، ئەو ئەرکەی وەئەستۆ گرتووە و یارمەتیدەریان بووە.
ئێستا لەم وڵاتە نیزامی سیاسی گۆڕاوە و ئەو نیزام و دەسەڵاتەی کە حیزبی دێموکراتی کوردستان وەکوو هەموو هێزە سیاسییەکان لە هەموو بەشەکانی کوردستان کە بە جۆرێک لە جۆرەکان پێوەندییەکی سنورداریان لەگەڵ دەوڵەتانی ناوچە هەیە و حیزبی دێموکراتیش ئەو پێوەندییەی لەگەڵ ئەم نیزامە سیاسییە هەبووە، ئەو نیزامە لەسەر کار نەماوە. بەڵام بە شاهیدی دۆست و دوژمن، هەموو ئەو سەنەد و بەڵگانەی لە عێراق کەوتوونەتە دەستی حکوومەتی نوێ، کەوتوونەتە دەستی هێزە سیاسییەکان و دەستی ئەم لایەنە نێوخۆیی و دەرەکییانەی بەدوای ئەو بەڵگانەدا عەوداڵ بوون، هیچ کەس نەیتوانیوە و ناتوانێ بەڵگەیەکی وا لە حیزبی دێموکرات ببینێتەوە، کە حیزبی دێموکرات خودای نەخواستە، بە نیسبەت تاکێک لەم وڵاتە، بە نیسبەت جەریانێک لەم وڵاتە و بە نیسبەت بزووتنەوەی کورد لەم وڵاتە ڕەفتارێکی ناپەسندی کردبێ. بۆیە وەک چۆن ڕیشەی حیزبی دێموکرات لەنێو خەڵکی ڕۆژهەڵاتدا جێگیرە، ئەم خۆشەویستی و ئێعتبارە لە باشووری کوردستان و ئەم بەشەی نیشتمانیشدا بە هەمان شێوە بەهێزە.
ئەگەر حیزبی دێموکراتی کوردستان ئەساسنامەکەی ڕێگەی دابا خەڵکی باشوور و بەشەکانی دیکە کوردستان، ببنە ئەندامی حیزبی دێموکرات، ئەمن دڵنیام هەزاران و دەیان هەزار کەس وەکوو ئەندام لەنێو حیزب دێموکراتدا کۆ دەبوونەوە. بەڵام کە لە باری تەشکیلاتی و لە باری حقووقییەوە ئەم مەجالە نییە، حیزبی دێموکرات بە میلیۆن دۆست و لایەنگری لەنێو هەموو خەڵکی هەموو بەشەکانی کوردستان بەتایبەت لە باشووری کوردستاندا هەیە. ئەوەش بۆ دروستبوون و خۆشەویستی، ئێعتبار و نیشتمانی و نەتەوەییبوونی سیاسەتەکانی ئەم حیزبە دەگەڕێتەوە. هەر ئەوەش کە لە هەموو هەلومەرجەکاندا، حیزبی دێموکراتی کوردستان لەگەڵ خەڵکی باشووری کوردستان، بە تەیفی جۆراوجۆری سیاسی، فەرهەنگی، کۆمەڵایەتیی و نوخبەکانی، پێوەندییەکی زیندووی هەیە، ئەو پێوەندییە بۆ ئەو بنەما نیشتمانی و نەتەوەیی و سیاسەتە ئوسوولییەی حیزبی دێموکرات دەگەڕێتەوە. بۆیە لێرەش دڵنیام کە پیلانگیڕی و چەواشەکارییەکانی ڕێژیم لە باشووری کوردستان هیچ کاریگەرییەکی خراپی لەسەر بزووتنەوەی کورد و حیزبی دێموکراتی کوردستان نابێ. مێژووی پێوەندییەکانی ئەم نەتەوەیە لە بەشە جۆراوجۆرەکانی کوردستان لەگەڵ یەکتری زێڕێنە و، کۆماری ئیسلامییش باش دەزانێ کە هاوپێوەندیی نەتەوەیی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان لەگەڵ یەکتری چۆنە و هەر ئەوەش کۆماری ئیسلامیی ئاوا پەشۆکاو و هەراسان کردووە کە دەست بۆ هەموو چەواشەکارییەک ببا.
خاڵێکی دیکە لەو شەپۆلی هێرش و چەواشەکارییانە بانگەشە کردنە بۆ ناکۆکیی نێوان ڕێبەرانی کورد بۆ ئەوەی سیما و ڕوخساریان خەوشدار بکەن، بۆ نموونە باسی شەهید د. قاسملوو و خوالێخۆشبوو مامۆستا مەلا شێخ عیزەددین دەکەن. ئەوان لەبیر خۆیانی دەبەنەوە کە ئەو دوو ڕێبەر و کەسایەتییەی کورد لە هەیئەتی نوێنەرایەتیی خەڵکی کوردستان کە بۆ وتووێژ لەگەڵ ڕێژیم پێکهاتبوو، پێکەوە بوون و لە یەک بەرەدا بوون. مامۆستا شێخ عیزەددین سەرۆکی هەیئەت و د. قاسملووش وەک سکرتێری حیزبی دێموکرات وتەبێژی هەیئەتەکە بوو. ڕێبەرانی سیاسیی حیزبی دێموکرات و ڕێبەرانی بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەگەر بە نیسبەت پرسێکی سیاسی تێبینی و خوێندنەوەی جیاوازیان لەگەڵ یەکتر هەبووبێ، بەڵام بە نیسبەت چارەسەری مەسەلەی کورد بەرپرسانە، دۆستانە و خەمخۆرانە لەسەر خەت بوون و بە یەکەوە هاوکارییان کردووە. ئەوەش مێژووییەکی ڕووناکە و بە کۆماری ئیسلامی خەوشدار نابێ.
لە کۆتاییدا خاڵێک هەیە باسی بکەم. بۆ دروستکردنی ئەم فیلم و دێکیۆمێنتانە لە دوو تیپ لە کۆمەڵگەی خۆمان کەڵک وەردەگیرێ. بەشێک لەوان کۆمەڵە کەسانێک بوون کە کاتی خۆی بە هەر دەلیلێک پێوەست بوون بە ڕیزی حیزبە سیاسییەکانەوە، بەڵام لەدوایەدا لەبەر ئەوەی پڕەنسیپی حیزبی دێموکراتی کوردستان و پرەنسیپی بزووتنەوەی کورد بەگشتی ئیجازەی مانەوەی ئەو کەسانەی لەنێو ڕیزەکانی خۆیاندا نەداوە، دوور خراونەتەوە و وەلا نراون، یان بۆخۆیان ناچار بوون حیزبیان بەجێ هێشتووە. ئەوانە لەبەر ئەوەی شانازیی بەشداریی تەواویان لە ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات و لە ڕیزی بزووتنەوەی کورددا نەبووە، بەداخەوە ڕقەکەی خۆیان ناحەز دەڕێژن. ئەمن پێموایە ئەم گێرانەوانە نەک خزمەت بەوان و کەسایەتیی ئەوان ناکا، بەڵکوو لەنێو کۆمەڵگەی کوردەوارییشدا ناحەزتریان دەکا. هیوادارم ئەوان بزانن کە بەو گێڕانەوانە، زیانێک بە بزووتنەوەی کورد و بە ڕێبەران و کەسایەتییەکانی حیزب ناگەیەنن، بەڵام بەدڵنیاییەوە زەبری قورس لە کەسایەتی و پێگەی خۆیان دەدەن.
کۆمەڵە کەسێکی دیکەش هەن بە هەر دەلیلێک جا بە ئەنگیزەی ماددی و غەیرە ماددی و، ئاگاهانە یان نائاگاهانە لەو پڕۆژە ئەمنیەتییانەی کۆماری ئیسلامیدا بەشدارن و کۆمەگیان پێ دەکەن. ئەوانیش با بزانن کە کۆمەڵگەی ئێمە زیندوویە، لەسەر هەستە، هەر ئیستا و لە ماوەیەدا زیاتر لە سەد کەس لە کچان و کوڕانی ئەم وڵاتە کەوتوونەتە بەندیخانەوە، ئەوە دەرەنجامی وشیاریی سیاسیی خەڵکە کە بەشی زۆری ئەوە دەرەنجامی کاریگەریی ڕێکخراوە سیاسییەکان بەتایبەت حیزبی دێموکراتی کوردستانە. ئەو کەسانە دەبێ بزانن کە ئەو کۆمەڵگەیە دەیانبینێ و بەو کارەیان زیان بە خۆیان دەگەیەنن. دڵنیام ڕۆژێک بۆخۆیان، لە بەرامبەر وێژدانی خۆیاندا شەرەمەندە دەبن و کۆمەڵگە و شەقامی کوردییش نایانبەخشی، بۆیە هیوادارم بە خۆیاندا بچنەوە. ڕاستە لەوانەیە لەو ڕێگەیەوە نان و ئاوێکیان دەست کەوێ، بەڵام ئەو نان و ئاوە بێئیعتیباری کردوون. ئەو نان ئاوەی بەو جۆرە پەیدای دەکەن لەنێو کۆمەڵگەدا بێزراویان کردوون و لە داهاتووشدا پتر زەرەری لێ دەکەن. ئەوان دەتوانن ڕۆڵەیەکی باشی نەتەوەکەی خۆیان بن، نەک ئەوەی وەک عونسورێکی ناشیرین و زیانبار بۆ بزووتنەوەی میللەتی کورد بناسێندرێن و دوایەش ناچار بن باجەکەی بدەن.
ئاسۆی خەباتی حیزبەکەمان و جووڵانەوەکەمان ڕوونە. سەرکەوتن هەر بۆ ئێمەیە و جارێکی دیکەش بەبۆنەی هاتنی پۆل پۆل لاوانی کورد بۆ نێو ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات کە ئەمڕۆکە جێژنی کۆتایی دەورەمان بۆ بەشێک لەوان گرتووە، پیرۆزبایی بە هەمووان دەڵێم.