بەفرانباری ١٣٢٤ی هەتاوی، ١٢ ڕۆژ بەر لە ڕاگەیەندرانی کۆماری کوردستان، ڕۆژنامەی “کوردستان”ی زمانحاڵی حیزبی دیموکراتی کوردستان، لە دایک بوو. ڕۆژنامەیەک کە دواترو لە گەڵ پێکهاتنی دەوڵەتی جمهوریی کوردستان، بوو بە سەرەکیترین ڕاگەیەنی ئەو دەوڵەتە. ڕۆژنامەی “کوردستان”ی ئەو دەورەیە کە تەمەنەکەشی وەک تەمەنی کۆمار کورت بوو، ئەو کات خزمەتێکی گەورەی بە بڵاوکردنەوەی پەیامو لێدوانەکانی پێشەوای سەرکۆمارو بڕیارەکانی ئەو دەولەتە نەتەوەییە کرد. لە گەڵ جێبەجیکردنی ئەم ئەرکە گرنگەشی دا، لە لایەکەوە بووە مینبەرێک بۆ ئیسلاحی کۆمەڵایەتیی کۆمەڵی کوردەواریو دەنگ هەڵبڕین دژی زۆر دیاردەو نەریتی دزێوو دواکەوتوانەی نێو کۆمەڵ، لە لایەکی تریشەوە لاپەڕەکانی خۆی تەرخان کرد بۆ شێعرو ئەدەبی نەتەوەییو نیشتمانپەروەرانە. دواتریش بوو بە گرنگترین سەرچاوە و دۆکیۆمێنت بۆ ئەوانەی لێکۆڵینەوە لە بارەی کۆماری کوردستان دەکەن.
کۆماری کوردستان بە داخەوە هەر ١١ مانگی خایاندو بوو بە بەشێک لە مێژوو. بەڵام حیزبی دیموکراتی کوردستان وەک دامەزرێنەری ئەو کۆمارەو هەلگری ریسالەتی خەبات دژی بندەستیی نەتەوەی کورد لە ئێران، سەرەڕای لە دەستدانی ڕێبەرانو پەرتەوازەبوونی تێکۆشەرانی، بە دوای ڕووخانی کۆماری کوردستان، قامەتی خۆی ڕاست کردەوەو ڕێگای تێکۆشانو خەباتی گرتەوە بەر. ڕۆژنامەی “کوردستان”یش کە نووسەرانو کادرە فەنییەکەی وەک ژمارەکانی پێشووی، کەوتبوونە بەر هیرشو ڕاوەدوونان، جارێکی دیکە هاتەوە مەیدان بۆ ئەوەی مزگێنیی سەرهەلدانەوەی تێکۆشان بڵاو بکاتەوە و پەیامی حیزبی دیموکراتی کوردستان بگەیەنێتە خەڵکی کوردستان. دیارە تەمەنی ئەم دەورەیەی بڵاوبوونەوەی “کوردستان”یش کە بە نهێنیو هەر لە نیوخۆی وڵات چاپ و بڵاو دەبۆوە، درێژ نەبوو و تەنیا چەند ژمارەیەکی لێ دەرچوو.
“کوردستان”کە ژیانو بەردەوامییەکەی بە بارودۆخی تێکۆشانی حیزبی دیموکراتی کوردستانەوە بەند بووە، وەک رێبەرانو تیکۆشەرانی ئاشکرای ئەم حیزبە، ناچار بووە بەشی هەرە زۆری تەمەنی خۆی لە دوورە ولاتی دا تێپەڕ بکا. ئەو بەشە لە تێکۆشەرانی حیزب کە دوای ڕووخانی کۆمار ناچار بوون لە ئازەربایجانی یەکیەتیی سۆڤیەت بگیرسێنەوە، بۆ ماوەی چەندین ساڵ لاپەڕەیەکیان لە ژێر ناوی “کوردستان، ئۆرگانی حیزبی دیموکراتی کوردستان” لە چوارچێوەی ڕۆژنامەی “آذربایجان”، ئۆرگانی فیرقەی دیموکراتی ئازەربایجان دا بڵاو کردەوە. سالانێکیش لە ئورووپا(لە دەیەی ٦٠ی زایینی) هەر بەو ناوە، بەڵام بێ ئەوەی ناوی ئۆرگانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی لە سەر بێ لە لایەن کەسانێکەوە کە زۆرتریان لە سیماکانی حیزبی دیموکرات بوون، بڵاو بۆتەوە.
سەرئەنجام لە ڕێبەندانی ١٣٤٩ی هەتاوییەوەو لە گەڵ دەسپێکی پڕۆسەی ژیانەوەو نوێبوونەوەی حیزبی دیموکراتی کوردستان، جارێکی دیکە “کوردستان” هاتەوە مەیدان. دورەیەک لە بڵاوبوونەوەی ئەم ڕۆژنامەیە دەستی پێ کرد کە هەتا ئیستاش بەردەوامە. ڕیبەندانی داهاتوو، تەمەنی ئەم دەورەیەی “کوردستان” دەبێتە ٤٥ ساڵ. لەم ماوەیەداو بە تایبەتی لە ساڵی ١٣٥٩ەوە حیزبی دیموکرات بووە خاوەنی راگەیەنێکی گرنگی دیکە بە ناوی رادیۆی “دەنگی کوردستان”ی ئێران. زیاتر لە ٨ساڵیشە ئەم حیزبە خاوەنی کاناڵێکی تەلەڤیزیۆنی بە ناوی “کورد کاناڵ”ە. هەر کام لەو دوو ڕاگەیەنە، بە پێی پێویستیی سەردەمو کارایی تایبەت بە خۆیان، هاتوونە نێو گۆڕەپانی تێکۆشان. لە گەڵ ئەوەی ژمارەی بەردەنگی هەر کام لەو دوو راگەیەنە، لە خوێنەرو بەردەنگی “کوردستان” زیاتر بوون، بەڵام هیچیان نەیانتوانیوە حیزبی دیموکراتی کوردستان لە پێویستیی هەبوونی ڕۆژنامەی ئۆرگان، بێ نیاز بکەن. “کوردستان” لە گەڵ ئەوەی لەم سالانەی دواییدا، مەجالی بە هێندێک نووسین داوە کە ناچنە خانەی سیاسەتو هەڵویستی حیزبەوە، بەلام لە سەریەک هەڵگری ئەدەبیاتی نووسراوی حیزب، بە تایبەت بەیاننامەکانوهەڵویستو روانینی ئەم حیزبە بووە.
“کوردستان” لە ڕووی بەردەوامیو ماندوویی نەناسییەوە سەرەرای هەموو ئەو کۆسپ و تەنگ و چەلەمانەی لە زۆر قۆناغی ئەم ٧٠ سالەدا، لە سەر ڕێی بووە، هەر وەها لە ڕووی وەفاداریو پابەند بوون بە ئامانجەکانی کۆماری کوردستانو ڕێبازی حیزبیک کە دامەزرێنەری ئەم کۆمارەیە، بۆی هەیە بە خۆی بنازێو هەست بە سەربەرزی بکا. ئەم شانازییە، بۆ ئەم ڕۆژنامەیەو بەڕێوەبەران و نووسەرانی، هەر وەها بۆ راگەیاندنی حیزبی دیموکراتی کوردستان، سەرمایەیەکی گەورەیە. بەڵام “کوردستان” لە سەردەمی ملبەملەی میدیاو پێوەندیی خێراو بەردەنگی پڕچاوەڕوانیدا، ناتوانێو نابێ تەنیا بەوسەرمایە بە نرخە، پشت ئەستوور بێ. دەزانین کە لە ڕووی جۆری پێوەندیمان بە بەردەنگو هاسانکاری بۆ دەستراگەیشتنی خوێنەران بەم ڕۆژنامەیە، لە لایەنی بایخدان بەو پرسانەی پێوەندییان بە حیزبی دیموکراتو بزووتنەوەینەتەوەیی کورد لە ڕۆژهەلاتی کوردستانەوە هەیە، لە باری فۆرمو شێوازی نووسینو نویبوونەوە لە ڕووی گوتارو ڕوانینەوە، پێویستە بەخۆمان دا بچینەوە.
یادی ٧٠ ساڵەی “کوردستان” دەکەین بە دەرفەتێک بۆ ئەوەی داوا لە خوێنەرانو هۆگرانی ئەم ڕۆژنامەیە بکەین بە پێشنیارو هاوفکریی خۆیان، یارمەتیمان بدەن لە گەشاوە ڕاگرتنی چرای تەمەنی “کوردستان” لە دەسپێکی دەیەی هەشتەمی تەمەنی خۆی دا. نایشارینەوە کە لە هەلومەرجی ئێستای تیکۆشانو خەباتی حیزبی دیموکراتی کوردستاندا، بە تایبەتی لە بارودۆخی نالەباری ماڵیی هەنووکەی حیزبدا، بە داخەوە دەستمان بۆ پێکهێنانی گٶڕان لە ڕووی چاپو جۆری کاغەزو تیراژو هتد، زۆر بەستراوە. هیوای ئێمە ئەوەیە لانیکەم لە ڕووی ناوەرۆکو گرنگیدان بە پرسو بابەتەکانی ڕۆژو خستنە رووی گوتارو خوێندنەوەی سەردەمیانەو عەقلانی، لە ئاستی چاوەروانیی خوێنەرانماندا بین. بۆ ئەمەشیان چاومان بڕیوەتە ڕێنوینیو پێشنیارو هاوکاریی هۆگرانی “کوردستان” بە تایبەتی ئەوانەی لە نێو حیزبی دیموکراتی کوردستان دا، توانای نووسین و شرۆڤەکردنی ڕووداوەکانیان هەیە.
لە ژماره ٦٧١ ی رۆژنامهی “کوردستان”دا بڵاو بۆتهوه