رۆژی یەک شەممە ٦ی بەفرانباری١٣٩٤ لە “کنفرانس وحدت اسلامی ” رووحانی لە وتارێکدا کە پێشکەشی ئامادەبووانی کرد هەوڵی دا چەند پەیامێک بۆ دەوڵەتانی ناوچە و بهگشتی دنیای ئیسلام بنێرێ.
رووحانی لە قسەکانیدا هەوڵی دا روخسارێکی دزێو و شەڕفرۆشانه لە هێندێک لە دەوڵەتانی ناوچە و بە پێچەوانەوە روخسارێکی فریشتە ئاسا و نەرمونیان لە کۆماری ئیسلامی نیشانی بەشدارانی بە ناو “کنفرانس وحدت اسلامی” و دنیا بدا بەشێوەیەک کە لە وتارەکەی خۆیدا گوتی: “ئایا ئەوە جێگای پەسندە کە پووڵی نەوتی موسوڵمانان بدرێ بە ئهمریکا بۆ ئەوەی مووشهکی پێ بکڕن و بەسەر موسوڵمانانیدا بڕژێنینە خوارێ؟ لە سالی رابردوودا چەندتان بۆمب وموشەک لە ئهمریکا کڕیوە؟…”
سەرکۆماری ئیران لە کاتێکدا ئەو وتارە پێشکەش دەکا و باس لە کوشتار و کاولکاری له وڵاتانی ئیسلامی دەکا کە خودی ئێران یەکێک لە ئەکتەرە چالاکهکانی ئەو مەیدانەیە و لە سازکردن و درێژەدانی قەیرانەکانی ناوچە و کوشتاری خەلک و کاولکاری لە وڵاتانی وەک “عیراق ویەمەن و سووریەدا دەستی باڵای هەیە “.
بەپێی راپۆرتی سایتی ئهڵمانیی شپیگل، لە ئیستا دا بە بەراورد لە گەل هاوپەیمانی نێودەولەتی لە مەیدانی دووشەر کە وڵاتانی عیراق وسوریە گرتۆتەوە،ئیران راستەوخۆ و لە هەموان زیاتر تێیدا بەشدارە.
ئەوسایتە لە دەرێژەی راپۆرتەکەی دا دەڵێ: ئیران لە سالی ٢٠١١وە هەتا ئیستا بە ڕادەی ٩میلیارد دۆلار هاوکاریی دەوڵەتی بەشار ئەسەدی کردوە بۆئەوەی لەسەر کورسیی دەسەڵات بمێنێتهوه. هەرلهو کاتهدا دژبەرانی دەوڵەتی سووریە دەڵێن دەبێ هەموو ئەویارمەتییە نەوتی ،دەرمانی وخواردەمەنییانەش کە کۆماری ئیسلامی بۆ مانەوەی بەشار ئەسەد و دەوڵەتەکەی تەرخانی کردوە،و بە پێی لێکدانەوەی دژبەرانی سووری دەگاتە نزیک بە ١٥میلیارد دۆلار بخرێتە سهر ئهو٩میلیارد دۆلارە.
بێجگە لە یارمەتیی مادی و چهکوچۆڵه، رۆژانە لە هەواڵەکان دا گوێمان له خهبهری کوژرانی ئەندامانی بەرزی سپای پاسدارانی ئیران لەشەری سووریەدا دهبێ. بە پێچەوانەی دەوڵەتی ئێران هیچ کام لە لایەنە دەرەکییەکانی بەشدار لە شەڕی نێوخۆی سووریە وعیراقدا هەتا ئیستا هێزی پیادەیان لە مەیدانەکانی شەڕدا بە لایهنگری لە هیچ لایەک بەکوشتن نەداوە و هەر ئەوە نیشاندەری ئەو ڕاستییەیە کە سیاسەتی دەستتێوەردانی کۆماری ئیسلامی لە کاروباری نێوخۆی ئەو وڵاتانەدا یەکێک لە هۆکارە گرینگەکانی درێژەکێشانی شەڕ و ماڵوێرانی لەو وڵاتانەدایە. ئەگەر هەر ئەو ڕستەیهی سەرەوە لە قسەکانی ئاغای رووحانی شی بکەینهوه دەتوانین ئەو پرسیارە رووبەڕووی رووحانی بکەینەوە کە ئایا گەلانی بهشخوراوی ئیران بەتایبەتی گەلی کورد لەروانگەی سیستم و دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامییەوە دەکهونە نێو پێناسەی “امت اسلامی”؟ ئەگەر وەڵام ئهوه بێ کە بەڵێ گەلی کوردیش بەشێکە لە “امت اسلامی”،لەو حاڵەتەدا ئەو پرسیارە دێتە ئاراوە، که: ئەدی چۆنە کۆماری ئیسلامی لەو کاتەوە که بەدەسەلات گەیشتوە شەڕێکی نەخوازراوی بەسەر کوردستاندا سەپاندوە و بە هەزاران جۆر بۆمب ومووشەک و تۆپ و خومپارەی بەسەر شار و گوند و مڵک و مهزرای خهڵکی کوردستاندا باراندوە و بە دهیان هەزار کەسی کورد له پیر و لاو و ژن و پیاوی کورد لەماوەی ئەو ٣٧ساڵەدا کەوتوونەتە بەر تیغی جیهادگەرانی کۆماری ئیسلامی و گیانیان لی ئەستێندراوە و لەو ماوە دورودرێژەدا بۆ جارێکیش دەسەلاتدارانی کۆماری ئیسلامی نارەزایەتییان لەو کوشت و کوشتارەی خەلکی کوردستان دەرنەبڕیوە و جاریک لە جاران باسیان لەوە نەکردوە کە بۆچی نهوت و سامانه سروشتییهکانی ئەو گەلە و گەلانی دیکەی ئیران دەفرۆشن و دەیدەن بە بۆمب و مووشەک بەسەریاندا دەبارێنن.
ئەوەی رووحانی و کاربەدەستانی دیکەی کۆماری ئیسلامی لەوجۆرە کۆڕوکۆمەڵانەدا لە دووتوێی وتارێکدا پێشکەشی ئامادەبووانی دەکەن لە قسەکردنێکی رواڵەتی زیاتر نیە. چونکە بە کردهوه جۆرێکی دیکە لەگەل ئەو مەسەلانە هەڵسوکەوت دەکەن و ئەوەش هەڵقوڵاو لە زاتی کۆماری ئیسلامییە و تەنانەت ئەگەر ئاغای رووحانی باوەریشی وا نەبێ ناتوانێ لەو ئیدێئۆلۆژییە کە کۆماری ئیسلامیی لە سەر دامەزراوە لا بدا. بۆ روونبونەوەی زیاتری ئەو بابەتە پێویستە چاوێک لە قانوونی بنەڕەتیی ئیران بکەین و بزانین بۆ پێکهێنانی جیهانێکی ئیسلامی لەژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی و فەرمانڕەوایی وەلیی فەقیهـدا چ رێکارێک لە بەر دەم بەڕێوەبەرانی دادەنێ هەتا ئەوانیش بتوانن بەستێنێکی لەبار بۆ هەناردەکردنی شۆرش بۆ دەرەوەی سنوورەکانی ئێران خۆش بکەن. “…قانوونی ئەساسی بە سهرنجدان بەوە کە شۆرشی ئێران نێوەرۆکی ئیسلامیی هەیە و جووڵانەوەیەکە بۆ سەرکەوتنی یەکجاریی زورلێکراوان بەسەر زۆرداراندا،بەستێنی درێژەکێشانی ئەوشۆرشە لە نێوخۆ و دەرەوە پێک دێنێ، بەتایبەتی تێدەکۆشی پێوەندییە نێونەتەوەیییەکان لەگەڵ جووڵانەوە ئیسلامییهکان پەرە پێبدا هەتا رێگای پێکهێنانی ئۆمەتی یەکپارچەی ئیسلامی خۆش بکا.”
هەموو لایهک باش ئەوە دەزانن کە قانوونی بنەڕەتی لە هەر نیزام و سیستمێکی سیاسیدا گرینگترین و بە ئێعتبارترین رێککەوتننامەیە لە نێوان خەڵک و حکوومەتدا. ئەوسەنەدە لە روخسارو نێوەرۆکدا بناخهیهکی گرینگی قانوونییە بۆ رێکخستن و سازماندانی کۆمەڵگا لە بواری فەرهەنگی،سیاسی وئابووری و پاراستنی مافی تاکە کەسی هەتا مافی گشتی و دامەزراندنی پێوەندیی ئاشتییانە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ هەتا شەڕ و ناخۆشی … .
بەپێی ئەو پێناسەیە دەبینین بەڕێوەبەرانی کۆماری ئیسلامی لە هەڵسوکەوتی رۆژانەیان لە گەڵ گەلانی ئیران و لە پێوەندییە سیاسی و ئابووری و فەرهنگییەکانیان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێی ئیراندا بە پێی قانوونی بنهڕهتی هەڵسوکەوت دەکەن.
ئەگەر سهرنجێکی دیکە بدەینە ئەسڵ و بڕگەکانی قانوونی بنهڕهتیی ئیران زیاتر نییەت و نیازی کۆماری ئیسلامیمان دهربارەی دەست تێوەردان لە بەرێوەبەریی وڵاتانی دراوسێدا بۆ دەردەکەوێ. خاڵی ١٦ی ئەسڵی٣ی قانوونی بنهڕهتی باس لە سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی دەکا و دەڵی: “داڕشتنی سیاسەتی دەرەوهی وڵات لەسەر پێوانەکانی ئیسلام، پەیمانی برایانە لە بەرامبەر هەموو موسوڵمانان و پشتیوانی و پارێزگاری بێ ئەملاوئەولا لە زۆرلێکراوانی جیهانه.” بۆ وەدیهێنانی ئەوئامانجە، قانوونی بنهڕهتیی ئێران دەڵێ: “دنیای ئیسلام پێویستیی بە رێبەرێکی بەهێز هەیە کە ئەویش لە رێگای حاکمییەتی ویلایەتی موتڵەقەی فەقیهەوە بە ئەنجام دەگا.” بە پێی پێناسەکان و رفتار و کرداری وەلیی فەقیهـ لەماوەی دەسەڵاتدارەتیی کۆماری ئیسلامیدا بە روونی و ئاشکرا بە گەلانی ئێران و دنیای ئیسلام دەڵێ کە وەلیی فەقیهـ نوێنەری خوا لەسەر زەوییە هەتا دهرکهوتنی ئیمامی زەمان. لەو شێوە تێڕوانینە بۆمان دەردەکەوێ کە “ولایت فقیه” دنیای بە سەر دووبەرەدا دابەش کردوە: بەرەی ”حق” و بەرەی ”باطل” کە لە ڕوانگەی بیری کۆماری ئیسلامییەوە ئەو دوو بەرەیە بەدائیم لە حاڵی شەڕدان و بە خوێندنەوەی نێوەرۆکی قانوونی بنهڕهتی بۆمان دەردەکەوێ کە کۆماری ئیسلامی خۆی بە نوێنەری بەرەی “حق”دەزانی و بۆشەر لەگەڵ بەرەی “باطل” پێویستیی بە کۆکردنەوەی هێزلە سەرانسەری دنیای ئیسلام هەیە و بۆ ڕهواییبهخشین بەو بیروبۆچوونه قانووندانەر لە سووڕەی ئەنفال کەڵکی وەرگرتوە و لەئەسلی ١٥١ی قانوونی بنهڕهتیدا بەم شێوەیە هێناویەتی کە: “هەتا دەتوانن هێزو ئەسپی سواری ئامادە بکەن هەتا دوژمنانی خواو خۆتان…و ئەوانە کە ئیوە نایانناسن و خوا دەیانناسێ …بترسێنن.”
هەروەک پێشتر باسمان کرد ئەودەوڵەت و دەسەڵاتەی لە هەمووان زیاتر لە ناوچەکەدا بۆتە هۆی ئالۆزی و شەر و پێکدادان و خولقاندنی دووبەرەکی لە نێوان چین و توێژە جۆراوجۆره ئایینی و مەزهەبی، نەتەوەیی و عەشیرەیییهکان،حکوومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە و لە هەموو دەوڵەتان زیاتر لە دروستکردن و پێگەیاندنی تاقم و گرووپی توندئاژۆدا بە ناوی جۆراوجۆری ئیسلامی دەستی هەبووە، هەر بۆیە لە هەموو دەوڵەتانی ناوچە زیاترخوێنی بەناحەقڕژاوی خەڵکی بێ تاوانی ئەو وڵاتانە دەکەوێتە ئەستۆی و ئەگەر سیاسەتی نێوخۆیی و دەرەوهی ئەو نیزامە هەر لەسەر ئەو رهوته بهردهوام بێ درەنگ یان زوو ئەو سیاسەت و کردارە ئاژاوەگێرانەیه پێچەوانە دەبێتەوە و بە رووی دەسەڵاتدارانی تاراندا دەتەقێتەوە و ئەو کات دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی دەزانن باجی دەستتێوەردانی نابەجێ و دوژمنانە لەو وڵاتانەدا چەندە بۆگەلانی ئێران قورس و زیانبار بووە.
لە ژماره ٦٧١ ی رۆژنامهی “کوردستان”دا بڵاو بۆتهوه