بۆ هەڵبژاردنی خوڵی دەیەمی پارڵمانی ئێران ١٢١٢٣ کەس ناونووسییان کردوە کە لەو ژمارەیە ١٤٣٤ کەسیان ژنن؛ واتە نزیک ١٢%ی کاندیدەکان ژنن. بە گشتی ناونووسی بۆ هەڵبژاردنی پارڵمانیی خوڵی دەیەم زیاتر لە دوو قات بووە و لە ٥٣٩٥ کەس لە خولی نۆیەمدا بۆته ١٢١٢٣ کەس. رێفورمخوازان رایانگەیاندوە کە بە هەبوونی کاندیدێکی زۆر دەیانەوێ تێچووی رەتکردنەوەی کاندیدەکان بۆ شوورای نیگابان بەرنە سەرێ. هەروەها چالاکانێکی سیاسی وەک “حشمت اللـە طبرزدی” هاتوونەتە مەیدان بۆ ئەوەی تا ئەو جێگایەی دەکرێ لە دەرفەتی هەڵبژاردن بۆ شوێندانان لەسەر فەزای سیاسیی ئێران کەڵک وەربگرن. ژنانیش چ وەک بەشێک لە رێفورمخوازان و چ وەک کاندیدای سەربەخۆ بە شێوەیەکی بەرچاوتر هاتوونەتە مەیدان بۆ ئەوەی پیاوانەبوونی پارڵمانی ئێران و بە گشتی پیاوانەبوونی سیاسەت لە ئێران بخەنە ژێر پرسیار. ئەم وتارە بەشێکی باس لە رۆلی ژنان لە هەڵبژاردنەکانی ئێران دەکا و بەشێکی دیکەشی جەخت لەسەر چالاکبوونی ژنانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەڵبژاردنەکاندا دەکا.
بەشداریی ژنان لە پارڵمانی ئێران
لە ٩ خوڵی پارڵمانی ئێران به ههمووی تەنیا ٧٨ ئەندام پارڵمانی ژن هەبوون؛ لەو ژمارەیە ٢٨ کەسیان زیاتر لە جارێک بوونەتە ئەندامی پارڵمان. واتە تەنیا ٥٠ ژن لە ٩ خوڵی ڕابردوودا بوونەتە ئەندامی پارڵمان. زیاترین رێژەی بەشداریی ژنان لە پارڵمانی ئێراندا دەگەرێتەوە بۆ خوڵی پێنجهم کە ئەویش تەنیا ١٤ کەس ههبوون. تەنانەت پارڵمانی خوڵی شەشهم کە ڕیفورمخوازان لە پارڵماندا زۆرینە بوون و رێژەی بەشداریی ژنان لە دەنگداندا ٦٠% بوو، تەنیا ١٣ ژن بوون بە ئەندامی پارڵمان. رێژەی بەشداریی ژنان لە پارڵمان هەمیشە لە ٥% کەمتر بووە و ئەوە لە ئاستی جیهانی و تەنانەت ناوچەییدا رێژەیەکی زۆر کەمە. هەڵبەت بهرچاونهبوونی رۆڵی ژنان لە پارڵماندا بەشێکی لهبهر کەمیی ژمارەیان بووە و بەشێکی دیکەشی دەگەرێتەوە بۆ چۆنیەتیی بەشداریی ئەوان لە پارڵماندا. پارڵمانتارانی ژن لە خوڵی پێنجهمدا بۆ یەکەم جار وەک دەستەی سەرۆکایەتیی پارڵمان هەڵدەبژێرێن و”سهیلا جلودارزادە” وەک سکرتیڕی دەستەی سەرۆکایەتی پارڵمان هەڵبژێردرا [٤].جێگەی سەرنج ئەوەیە کە زۆر لە پارڵمانتارانی ژنی ئەو ٩ خولەی پارڵمانی ئێران لە پارێزگای تاران و بە تایبەتی خەڵکی شاری تارانن؛ لە ٥٠ ژن کە تاکوو ئێستا بوونەتە پارڵمانتار، ٢٧ نوێنەر لە تاران هەڵبژێردراون. لە ناونووسیی ئەمجارەش لە کۆی ١٤٣٤ ژن کە ناویان بۆ خوڵی دەیەمی پارڵمان نووسیوە، ٥٠٨ کەسیان لە پارێزگای تارانن. دوای پارێزگای تاران، پارێزگاکانی ئیسفەهان، خوراسانی رەزەوی و فارس بە تەرتیب بە ١١٩، ١٠٨ و ٧٧ کەس، زیاترین بەشداریی ژنانیان لە ناونووسیی خولی دەیەمی پارڵماندا هەیە. ئەمە دەرخەری ئەوەیە لە شارە گەورەکان رێژەی بەشداریی ژنان لە سیاسەتدا زیاترە و ئەوەش رەنگە بۆ ئەوە بگەڕێتەوە کە دەرەتانی خۆپێگەیاندن و دەرکەوتنی ژنان لە شارە گەورە و پێشکەوتووەکان زیاترە. هەروەها رێفوڕمخوازان بۆ هەڵبژاردنی ئەمجارە هەوڵیان داوە ژنان هان بدەن بۆ ناونووسی بۆ ئەوەی دەنگی ژنان بۆ لای خۆیان ڕابکێشن. ئەمجارە هەڵبژاردنی پارڵمان و خوبرهگان پێکەوە بەڕێوە دەچێ و ژمارەیەک ژنیش خۆیان بۆ ئەو پارڵمانە کاندیدا کردوە. بە گشتی ئەمجارە ژنان زیاتر هەنگاویان بۆ بەشداری لە هەڵبژاردندا هەڵێناوهتهوە و رەنگە لە سەر بردنەسەری رێژەی دەنگدانیش کاریگەر بێ.
بەشداریی ژنانی خۆرهەڵاتی کوردستان لە پارڵمانی ئێراندا
بەشداریی ژنانی خۆرهەڵاتی کوردستان لە ٩ خولی پارڵمانی ئێراندا زۆر کەم بووە. لە خولی چوارەمدا ئەختەر درەخشەندە لە پارێزگای کرماشان بۆتە نوێنەری پارڵمان. لە پارێزگای سنە و ئیلام هیچ ژنێک تاکوو ئێستا نەبۆتە پارڵمانتار. لە پارێزگای ورمێ، تەنیا شەهربانوو ئەمانی لە خولی پێنجهم و شەشهم دا بۆتە نوێنەری پارڵمان کە ئەویش لە نەتەوەی تورک بووە. واتە لە ٩ خولی ڕابردوودا تەنیا یەک ژنی کورد ئهندامی پارڵمانی ئێران بووە.لە چوار پارێزگای ئازەربایجانی خۆرئاوا، سنە، کرماشان و ئیلام بۆ ئەم خولەی پارڵمان بە تەرتیب ٣٨، ٢١، ٢٠ و ٧ ژن ناونووسییان کردوە. هەرچەند رێژەی بەشداریی ژنانی کورد لەو چوار پارێزگایە زۆر کەم بوو، بەڵام سەرنجێکی زۆری بۆ لای خۆی راکێشا. کۆمەڵێک لە ژنانی کاندیدای کورد بە جلی کوردییهوه چوون بۆ ناونووسین کە هەم رەهەندی ژنبوونی ئەوان و هەم رەهەندی کوردبوونی ئەوانی بەرجەستە کردەوە. لە مەهاباد، عایشە عەبداڵی و لە ورمێ، راحیلە ئەمینی بە جلی کوردییهوه چوون بۆ ناونووسی. هەر ئەو دەرفەتە سادانە یارمەتیی ئەوە دەکەن کە ژنان بەردەنگ بن و بتوانن پەیامی خۆیان بە کۆمەڵگە بگەیهنن.
ژنان بە خۆکاندیداکردن و بەشداری لە ململانێکانی هەڵبژاردندا و بوون بە ئەندامی پارڵمان دەرفەتێکی ماددی ــ ئیداری واقیعیتریان دەبێ بۆ ئەوەی لە فەزای سیاسیدا چالاکتر بن. کەسانێک وەک حاسڵ داسە، عەبدوڵڵا سوهرابی و جەلال جەلالیزادە بە بوون بە نوێنەری پارڵمان، بوون بە چالاکێکی دیاری نێو فەزای سیاسیی کوردستان، لە کاتی پارڵمانتارنەبوونیشدا چالاک بوون و ئێستاش بۆ جارێکی دیکە هاتوونەتەوه نێو گۆڕەپانی هەڵبژاردن. هەر بە شێوەی ئەو کەسانە، ژنانێکیش دەتوانن لە رێگەی هەڵبژاردنەوە فێری سیاسەت بن و لە مەیدانی سیاسەتدا چالاک بن. دیارە ژنانی وریا دەتوانن پرسی فێمێنیزمیش باشتر ببەنە پێش ئەگەر پێگەیەکی قانوونی ــ ئیداریی باشتریان هەبێ. شاراوە نیە کە لە کەلتووری کوردەوارییشدا پیاوسالاری هەیە، هەر بۆیە دیتنی ژنان لە پێگەی بەهێزدا کارئاسانی دەکا بۆ ئەوەی کوردستان زیاتر ببێتە خاوەنی کەلتوورێکی مرۆڤتەوەر کە لەودا ژنان بە سووک سەیر ناکرێن و بە پێی لێهاتوویی هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکرێ.
سەرچاوەکان:
ــ نامزدهای زن انتخابات مجلس: ١٠ درصد، سایت رادیو زمانە
ــ کرسی زنان ایران در ٩ دورە مجلس شورای اسلامی، سایت باشگاە خبرنگاران جوان
ــ دلایل ضرورت مشارکت سیاسی زنان در انتخابات مجلس، سایت افتاب
ــ زنانە ترین انتخابات خبرگان/ مشارکت زنان فقیە برای اولین بار در مجلس خبرگان، سایت گولان سقز
لە ژماره ٦٧١ ی رۆژنامهی “کوردستان”دا بڵاو بۆتهوه