ناڕەزایەتییەکانی ناسراو بە بەهاری عەرەبی لە ماوەیەکی کورتدا بەشێک لە وڵاتانی عەرەبی و باکووری ئەفریقایان گرتەوە کە لە نێویاندا پرسی سووریە گرینگترین و کارەساتبارترین بابەتی پێنج ساڵی رابردووی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بووە.
سەرەتا داخوازیی ناڕازییانی سووریه ئاراستەیەکی هێمنانەی هەبوو، بەڵام پاشان بە دەستتێوەردانی رێژیم ئاراستەی داخوازییەکان گۆڕا، بەوەش سەرکوتی ناڕازی و نەیاران رۆژبەرۆژ زیاتر بوو. دواتریش بە ئاڵۆزتربوونی دۆخەکە ودەستتێوەردانی دەرەکی، زۆربەی لایەنەکان کەوتنە نێو بازنەی شەڕێکی بێ ئاکام. بە درێژەکێشان و قووڵتربوونەوەی پێکدادانەکان و هەروەها دەستتێوەردانی هێزە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکانیش، سووریە بووەتە گۆڕەپانی ململانێ و پاکانەحیسابکردنی ئەکتەرە سەرەکییەکان. بە جۆرێک کە شەڕی نێوخۆیی سووریە لە چوارچێوەی سنوورەکانی ئەو وڵاتە و لەدەستی هێز و لایەنە سیاسییەکانی نێوخۆیی دەرکەوتوە و ئەکتەرە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان رۆڵی یەکلاکەرەوە و سەرەکییان وەرگرتوە.
کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەتایبەت ئەمریکا کە دوای بڵاوبوونەوەی دەنگۆی بەکارهێنانی چەکی شیمیایی لەلایەن رێژیمی ئەسەدەوە هەڕەشەی لە نێوبردنی ئەو رێژیمەیان دەکرد، دوای وەڕاستگەڕانی ئەو دەنگۆیانە پاشەکشەیان لە هەڕەشەکانیان کرد. دوای ئەو پاشگەزبوونەوەیه و هەروەها رێککەوتنی واشنگتۆن و مۆسکۆ بۆ لەنێوبردنی چەکە شیمیایییەکانی سووریە، پرۆژەی لەنێوبردنی رێژیمی ئەسەد لە رێگەی هێرشی نیزامیی دەرەکییهوه شکستی هێنا.
دوای پاشەکشەی ئەمریکا لە هەڕەشەکانی، شەڕی نیابەتی لە سووریە چووە قۆناغێکی تازەوە و دۆخەکە ئاڵۆزتر بوو. شەڕێک کە لەلایەک هێزەکانی ئێران و حیزبوڵڵای لوبنان بۆ پاراستنی رێژیمی بەشار ئەسەد رۆڵی تێدا دەگێڕن و لەلایەکی دیکەش و لە دژکردەوە بەو دەستتێوەردانانەی رێژیمی ئێران و هەڵوێستی لاوازی رۆژئاوایییەکان، کۆمەڵێک گرووپ و تاقمی چەکدار لەلایەن وڵاتانی عەرەبی سوننی مەزهەبی ناوچە وەک عەڕەبستانی سعوودی و قەتەر و هەروەها تورکیە پێکهاتوون و پاڵپشتی دەکرێن بۆ پاراستی قازانجی خۆیان و هەستی ناسیۆنالیسمی عەرەبی و پێشگرتن لە دابڕانی وڵاتێکی عەرەبی و کەوتنی بەتەواوی بەلای ئێراندا. ئەو وڵاتانە لە بەرامبەر ئێراندا، ناڕاستەوخۆ بەڵام راشکاوانەتر لە پێشوو، لە سەرکەوتنی نیزامی لە بەرەکانی شەڕی سووریەدا دهگهڕێن. کاتێکیش سەرمایەدانان لەسەر هێزەکانی ئەرتەشی ئازادی سووریە ئاکامێکی ئەوتۆی لێنەکەوتەوە، رێکخراوەکانی ئیسلامی سەلەفیی توندڕەوی هاوشێوەی داعش و بەرەی نوسرە سەریان هەڵدا و بەهێز بوون.
دوای پێنج ساڵ، دوورە دیمەنی شەڕ و رۆڵگێڕانی ئەکتەره جۆراوجۆرهکان لە شەڕی سووریەدا، بە دەستتێوەردانی راستەوخۆی رووسیە و پێکهێنانی بەرەی چوارقۆڵیی رووسیە، ئێران، عێراق و سووریە لە سێپتامبری ٢٠١٥دا بۆ بەناو شەڕ دژی تیرۆر، لاپەڕەیەکی نوێ لە قەیرانی سیاسی- نیزامیی سووریە سەری هەڵدایەوە.
رووسیە بە مەبەستی یارمەتیدانی هاوپەیمانی لەمێژینەی واتە سووریەو پێکهێنانی بەرەیەکی ناوچەیی بۆ خۆدەرخستنەوەی وەک زلهێزێکی جیهانی و رەخساندنی کەشێکی سیاسی کە تێیدا وڵاتانی رۆژئاوایی و ئەمریکا و یەکیهتیی ئورووپا ناچار بکات تێڕوانینی رووسیە لەبارەی ئۆکراینهوه زیاتر لەبەرچاو بگرن، راستەوخۆ بەشداری شەڕی سووریەی کرد. بە لێکدانەوەی رووسیە ئەگەر رێژیمی ئەسەد لە دەسەڵات بکەوێ، ئاڵۆزییەکی درێژماوە باڵ بەسەر ئەو وڵاتەدا دەکێشێ، یان رێکخراوەکانی وەک بەرەی نوسرە و داعش پێشڕەوی دەکەن.
رەنگە رۆژئاوا بەتایبەتی ئەمریکاش لەگەڵ ئەو بۆچوونە ناتەبا نەبن، لە دۆخێکی وههادا لەنێوبردنی رێژیم و ئەرتەشی سووریە ئەو مەترسییە دروست دەکا تا ئەو وڵاتە بەشێوەیەکی کارەساتبار بکەوێتە دەست گرووپە ئیسلامییە سەلەفییە توندڕەوەکان. بە بەشداریی راستەوخۆی رووسیە بیرۆکەی نیزامی بۆ رووخانی رێژیمی ئەسەد کەمڕەنگتریش بۆتەوە و رەهەندە سیاسی و نێودەوڵەتییەکان بۆ قەیرانی سووریە ئەولەویەتیان پێدەدرێ.
گرژبوونی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیە و رووسیەش دۆخەکەی ئاڵۆزتر کردوە. ئهنکهره و مۆسکۆ کە لەسەر بۆردومانکردنی گرووپە سوورییەکانی سەر بە تورکیە و بەردانەوەی فرۆکەی شەڕکەری رووسیە لە کۆتایییەکانی ٢٠١٥دا پەیوەندیییەکانی نێوانیان تێکچووە و پێش ناچێ بەو نزیکانە گرژیی نێوانیان خاو بێتەوە و بگەڕێتەوە دۆخی جاران. قووڵبوونەوەی ناکۆکیی تورکیە و ڕووسیهش کاریگەریی لەسەر بەردەوامیی ئاڵۆزییەکانی سووریە دەبێ.
گرینگترین هەوڵی سیاسی و دیپلۆماسی بۆ کۆتاییهاتنی قەیرانی سووریە دانوستانەکانی ڤییەن بوون کە بۆ گەیشتن بە رێگە چارەیەکی سیاسی بە بەشداری ١٧ وڵات لەپاڵ نەتەوە یەکگرتووەکان و بە رێبەریی رووسیە و ئەمریکا لە ساڵی رابردوو بەڕێوه چوون. گرووپی نێودەوڵەتیی پشتگیری لە سووریە پێکهاتوو لە وڵاتانی وەک ئەمریکا، رووسیە، عەرەبستان، تورکیە و ئێران لە کۆتایی ئەو دانوستانانەدا بە واژۆکردنی لێکتێگەیشتنی ڤییەن لەسەر هەوڵدان بۆ بەرەوپێشبردنی وتووێژی سیاسی لەسەر پرسی سووریە، بە راگەیاندنی ئاگربڕ و گرژیسڕینەوە رێک کەوتن.
دانیشتنی ڤییەن ٢ش کە قەرارە لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٦دا بەڕێوە بچێ بۆ ئهوهیه که بە سەقامگیرکردنی بارودۆخی سووریە، هەوڵەکان بۆ لەنێوبردنی داعش و گرووپە ترۆریستییەکانی دیکە چڕتر بکاتەوە. ئەو دانیشتنە هەوڵێکە بۆ لێکتێگەیشتنی لایەنەکان و ڕێککهوتن لەسەر ناکۆکییەکانی نێوانیان کە گرینگترینیان چارەنووسی بەشار ئەسەد و قۆناخی گواستنەوەی دەسەڵات لە سووریەیه. هەرچەند لە دانیشتنی ساڵی رابردووشدا کۆمەڵێک بابەتی وەک قانوونی بنەڕەتیی نوێ و هەڵبژاردن باسیان لێکراوە، بەڵام کێشە و ناکۆکیی جیدی لەنێوان لایەنەکان لەسەر داهاتووی سووریە و شێوازی گۆڕین و گواستنەوەی دەسەڵات لەو وڵاتەدا هەروا بەردەوامە. ناکۆکیی قازانجی لایەنەکان و سووربوونیان لەسەر تێڕوانین و پاراستنی قازانجەکانیشیان وا دەکا ئاسۆی چارەسەری قەیرانی سووریە و سەقامگیریی سیاسی و ئەمنییەتی لەو وڵاتە، لە داهاتوویەکی نزیکدا روون نەبێ و ئەو وڵاتە بەو زووانە رووی ئاشتی و ئارامی بەخۆیەوە نەبینێ.
لە ژماره ٦٧١ ی رۆژنامهی “کوردستان”دا بڵاو بۆتهوه