ڕۆژی شەممە ١٢ی بەفرانبار (٢یژانویە) عەڕەبستانی سعوودی شێخ “نمر باقر النمر” ڕووحانیی نارازیی شیعەی وێرای ٤٦ کەسی دیکە بەتاوانی ئەنجامدانی کردەوەی تێرۆڕیستی لە سێدارە دا. لەسێدارەدرانی ناوبراو نارەزایەتی و ڕق و تووڕەیی زۆری لە نێو شیعەکان بەتایبەت لە ئێراندا لێکەوتەوە، بەجۆرێک کە دەستو پێوەندەکانی ڕێژیمی ئێران هێرشیان کردە سەر باڵوێزخانەی ئەو وڵاتە لە تاران و ئاگریان تێبەردا. هەرلەو پێوەندییەدا لە شاری مەشهەدیش هێرش کرایە سەر باڵهخانهی کۆنسوولگهریی عەڕەبستان. عەلی خامەنەیی و سپای پاسداران و بەکورتی زۆربەی دەمڕاستەکانی رێژیم بەتوندی بە دژی عەڕهبستان دوان و وێڕای هەڕەشە و گوڕەشەیەکی زۆر، ئەو کردەوەیهیان مەحکووم کرد. دیارە لە وڵاتانی دیکە وەک بەحرەین و سووریە و عێڕاق و لوبنانیش، شیعەکان هاتنە دەنگ و لەسێدارەدانی ناوبراویان مهحکووم کرد. بە وتەی میدیاکان، ناوبراو ساڵی ١٩٨٠ لەپاش تەواوکردنی خوێندن، چۆتە ئێران و سەردانی شاری قۆمی کردوەو پاشان بۆ بەردەوامبوون لە خوێندنە ئایینییەکان ڕووی لە سووریە کردوە و دواتر گەڕاوەتەوە وڵاتەکەی و بۆتە پێشنوێژ و وتارخوێن.
هەرچەند هێرش و ئاگرتێبەردانی باڵوێزخانەی عەڕەبستان لە تاران لەلایەن حەسەن ڕووحانی و بەشێک لە بەرپرسانی نیزیک لە دەوڵەتهوه مەحکووم کرا و تەنانەت وەک بۆخۆیان دەڵێن ٥٠ کەسێکیشیان قۆڵبەست کردوە، بەوحاڵەش ئەو دەستدرێژییە بێ وەڵام نەمایەوە و عەڕەبستان لە یەکەم هەنگاودا هەموو پێوەندییەکانی خۆی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی پچراندو ٤٨کاتژمێری دەرفەت دا بە باڵوێز و بەرپرسانی ئێرانی کە خاکی ئەو وڵاتە بهجێ بێڵن. یەکیەتیی وڵاتانی عەڕەبی و زۆربەی دۆست و هاوپەیمانەکانی عەرەبستانیش هێرش بۆ سەر باڵوێزخانەی ئەو وڵاتەیان مەحکووم کرد و وڵاتانی بەحرەین و سوودانیش پێوەندییە سیاسییەکانی خۆیان لەگەڵ تاران پچراند و ئەمیرنشینە یەکگرتووەکانیش ئاستی پێوەندییەکانی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی دابەزاند. لەو بەینەدا ئهمریکا و یەکیەتیی ئورووپاش ڕایانگەیاندوە لەگەڵ قووڵبوونەوەی گرژییەکانی ئەو دوو وڵاتەدا نین و خوازیارن پێوەندییەکانیان ئاسایی بکرێنەوە.
شک لەوەدا نیە که ڕەوتی ڕووداوەکان و دەرئەنجامەکانی لەسێدارەدرانی شێخ نهمیر کە نیزیکەی سێ ساڵ لەمەوبەر لەکاتی ڕاکردن لەچنگ هێزەکانی پۆلیسی سعوودیدا بە برینداری گیرا، هەروەها هێرش بۆ سەر باڵوێزخانەی عەڕەبستان، کاریگەریی زۆری لەسەر بەرزبوونەوەی ئاستی گرژییە لەمێژینەکانی کۆماری ئیسلامی و ئەو وڵاتە و پچرانی پێوەندییە سیاسییەکانیان دەبێ و دەتوانێ سەرەتای قۆناغێکی نوێ لە پێکهێنانی کیبەرکێ و دژایەتی ئەو دوو زلهێزە ناوچەیییە بێ. بەتایبەت کە لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا هەردوو حکوومەت لە کێشە و شەڕە نێوخۆیییەکانی یەمەن و عێراق و سووریە لە دوو بەرەی بەتەواوی جیاوازدا چالاک بوون و زۆر بە ڕژدی دژایەتی یەکتریان کردوه.
هەر لەسەرەتای هاتنەسەرکاری رێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە تا ئێستا، پێوەندییەکانی ئەو دوو حکوومەتە ئاڵۆز و تێکەڵ بە کێبەرکێ و بەربەرەکانی بووە. کۆماری ئیسلامی بە بەرزکردنەوەی دروشمی ناردنەدەرەوەی شۆرش (صدورانقلاب) لە ڕاستی دا هەر لەسەرەتاوە نیشانی دا لەسەر سیاسەتی ئاژاوەنانەوە و دەستتێوەردان لە کێشە نێوخۆیییەکانی وڵاتانی ناوچە مکوڕە و تەنانەت بۆ گەیشتن بە مەبەستەکانی لەهیچ کردەوەیەک ناسڵەمێتەوە.
لەبەرانبەریشدا عەڕەبستانی سعوودی بەپێی ئەو جێگە و پێگە دینی و ئابووری و سیاسییە کە لە نێو وڵاتانی عەڕەب و موسڵماندا هەیەتی، لە بەربەرەکانیکردنی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەردەوام بووە و وەک نەیار و ڕەقیبێک ڕوانیویهتیە ئەو حکوومەتە. لەشەری نێوان ئێران و عێراقدا کە لەسەرپێداگریی ڕێبەری ئەوکاتی کۆماری ئیسلامیی ٨ساڵ درێژەی کێشا ، هەرچەند عەڕەبستان لەسەرەتادا بێلایەنیی خۆی ڕاگەیاند، بەڵام دواتر پشتیوانیی لە عێراق کردو یارمەتییەکی زۆری ئەو وڵاتەی دا. ئەو هەڵوێستەی عەڕەبستان و چەند ڕووداوی دیکە وەک کوژرانی سەدان حاجیی ئێرانی لە رێوڕەسمی” بەرائەت لە موشریکین” لە ساڵی ١٣٦٦دا، بەتەواوی پێوەندییەکانی ئەو دوو وڵاتەی بەرەو گرژی برد.
هەرچەند لە دوای کۆتاییهاتنی شەڕی ٨ساڵە و لە سەردەمی سەرۆککۆماریی رەفسەنجانی و خاتەمیدا پێوەندییەکانی دوو حکوومەت تاڕادەیەک بەرەو هێوربوونەوە ڕۆیشتن، بەڵام لە ماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا و بەتایبەت لە دوای شەر و پێکدادانەکانی عێڕاق و یەمەن و سووریە، ئەو گرژییانە زەقتر و بەرینتر لە پێشوو سەریان هەڵدایەوە. دیارە کوژرانی سەدان حاجی لە کاتی زیارەتی کەعبە لە چەند مانگی ڕابردوودا کە دیسان بوو بەهۆی نارەزایەتیی بەرینی رێبەرانی کۆماری ئیسلامی لەلایەک و بەشداریی سازماندراوی زیاتر لە ٢ میلیۆن کەس زیارەتکاری ئێرانی لە ئەربەعینی حوسێنی لە شارەکانی کەربەڵاو نەجەف ــ لە جیرانەتی عەرەبستاندا ــ لەلایەکی دیکە، دەکرێ بڵێین کێشەی ئەو دوو وڵاتەی وەک نوێنەرانی دوو جەمسەری شێعەو سوننە لە جیهانی ئیسلامدا گەیاندە ئاستێکی هەستیارتر لە پێشوو.
لەسێدارەدرانی ئەو شێخەی شیعەکانیش لە عەڕەبستانی سعوودی، کە بەڕوونی دیارە تەواو کاریگەریی دژایەتی و ڕق و دوژمنایهتیی ئەو دوو حکوومەتەی پێوە دیارە و ڕەنگە ئەگەر پێوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی و ئەو وڵاتە تاڕادەیەک کەمتر گرژ بووبان، لەجێدا ناوبراو هەر لە سێدارەش نەدرابا، درێژەی ئەو پێوەندییە ناسالمەیە کە ئەو دوو حکوومەتە ئیسلامییە بەیەکەوە هەیانە. هەردوو حکوومەتی کۆماری ئیسلامی و عەڕەبستانی سعوودی لە نێوخۆی وڵاتەکەیاندا، دوو رێژیمی سەرکوتکەر و داپلۆسێنەرن و بە داسەپاندنی حوکمه شەرعییەکان و بە دوور لە عورف و قانوونه پەسندکراوەکانی سەردەم، مافی مرۆڤ بە توندترین شێوە پێشێل دەکەن. هەردوو حکوومەت بەدەیان جار لەلایەن رێکخراوەکانی پارێزەری مافی مرۆڤ بەتایبەت کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکانهوه بەهۆی لەسێدارەدانی لەڕادەبەدەری زیندانییان مهحکووم کراون و ناویان لە سەرووی لیستی ئەو رێژیمانەیە کە سزای لەسێدارەدان بەڕێوە دەبەن. ئەگەر عەڕەبستانی سعوودی لە ڕۆژێکدا ٤٧ زیندانی سیاسی بەتاوانی کردەوەی تێرۆڕیستی لەسێدارە دەدا، کۆماری ئیسلامی بە دهیان نموونەی زۆر لەوە گەورەتری لە کوشتار و لەسێدارەدانی خەڵکی ئێران بەگشتی و بەتایبەتی لاوان و شۆرشگێرانی کورد لە کارنامەدایە. هەربۆیەشە ئەو قوڕپێوانەی خامەنەیی و دەمڕاستەکانی رێژیم بۆ شێخ ”نمر باقرالنمر”، دەکرێ وهک بەداخ بوونی رێژیم بۆ لە کیسچوونی یەکێک لە هەڵسووراوەکان و لایەنگرانی کۆماری ئیسلامی سەیر بکرێ، نەک دژایەتی لەگەڵ دیاردەی کوشتن و لەسێدارەدان.
شک لەوەدا نیە که هەتا کێشە و شەر و نائارامییەکانی وڵاتانی وەک یەمەن و عێڕاق و سووریە و… لەگۆرێدا بن، لەلایەک مەترسیی سەرهەڵدانی شەڕی گەورەتر لە نێوان زلهێزە ناوچەیییەکانی وەک کۆماری ئیسلامی و عەڕەبستانی سعوودیدا لەئارادایە و لەلایەکی دیکەش بە لەبەرچاوگرتنی کێشە مەزهەبییەکانی نێوان شوێنکەوتووانی دوو مهزههبی شیعە و سوننە، بەتایبەت پاش لەسێدارەدانی شێخ نهمیر ئەگەری شەڕ و تێکهەڵچوون لەو ناوچە و وڵاتانەدا کە شیعە و سوننەکان بەیەکەوە دەژین لهگۆڕێدا هەیە. جگە لەوەش زۆر دوور نیە کۆماری ئیسلامی لەداخی عەڕەبستان و بۆ تۆڵەسەندنەوە لە هەڵسووراوە سوننەکان و ئازادیخوازانی غەیری شیعەش بێ، گەڕێکی دیکە لە کوشتار و لەسێدارەدانی بە کۆمەڵ لە بەندیخانەکانیدا وەڕێبخاتەوە، هەرچەند لەسێدارەدان بە بیانوو و تاوانی جۆراوجۆر، کارو پیشەی هەمیشەیی رێژیمی پەت و سێدارەی کۆماری ئیسلامی بووە.
لە ژماره ٦٧١ ی رۆژنامهی “کوردستان”دا بڵاو بۆتهوه