دوای لەتبوون، حدک هەوڵی دا جگە لەبواری سیاسی لە پێوەندی دەگەڵ مێتۆد و شێوازەکانی خەباتیشدا هێندێک ئاڵوگۆڕ پێکبێنێ . سەرەتای ئەو هەوڵانە بە حوزووری هێندێک دەستەی ڕچەشکێنی کادر و پێشمەرگە لە نێوخۆی وڵات دەستی پێکرد و لە ساڵانی دواییدا ئەو هەوڵانە بەستێنی خەباتی مەدەنییشیان گرتەوە. ئامانجی بنەڕەتیی حیزب ئەوە بوو لەلایەک دوای دوو دەیە ڕاوهستانی خەباتی چەکدارانەی پێشمەرگە، ئەو بەستێنە بە حوزووری پێشمەرگە ئاوەدان بکاتەوە و لە لایەکی دیکەوە هەوڵەکانی رێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران و دەستوپێوەندە ناوچەیییهکانی دهرباره پەراوێزکهوتنی جووڵانەوەی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان پووچەڵ کاتەوە و جارێکی دیکە مەسەلەی کورد لەو بەشهدا بێنێتەوە نێو رۆژەوی سیاسییەوە. هەر لە درێژەی ئەو سیاسەتەدا، بۆ ئەوەی خەبات و تێکۆشان لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە چوارچێوەی یەک رەهەندی بێتە دەر، گرینگییهکی زیاتری بە خەباتی چالاکانی سیاسیی نێوخۆ لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا دا، کە لەو چەند ساڵەدا پانتایییەکی بەرچاویان لە گۆڕەپانی سیاسیی کوردستان بۆ خۆیان تەرخانکردوە .
تێکۆشان لە بەستێنی خەباتی پێشمەرگانەدا دوای دوو دەیە ناوبڕ، جگە لەوە کە لە بواری تەداروکات، رێکخستنی پێرزۆناڵ و بارودۆخی نوێی ئەمنیەتییەوە سەخت و دژوار بوو، لە بواری ڕاگواستن و هاتوچۆشدا بەسەرنجدان بە سنوورداربوونی ئیمکاناتی حیزب لە باشوور، ئەرکێکی قورس بوو. ئەگەر لێبڕاویی سیاسی و ئیمانی قووڵی حدک و قارەمانەتیی کادرو پێشمەرگەکانی نەبایە، ئیمکانی حوزووری پێشمەرگە لە نێوخۆی وڵات بەسەرنجدان بە تەنگوچەڵەمەکانی سەر رێگا لە تراویلکەیەک زیاتر نەبوو.
دەگەڵ ئەوەی تێکۆشانی ئەوچەند ساڵەی پێشمەرگەی حدک، هیوا و هومێدێکی بەرچاوی بە بزووتنەوەکە بەخشیوە، بەڵام لە کەس شاراوە نیە کە درێژەدانی ئەم شێوازە لە ناردنەوەی تیمەکان، بەسەرنجدان بە بوونی ناوەندی حیزب لە باشوور و تەنگ و چەڵەمە قانوونییەکانی هەرێمی کوردستان و باندۆرێک کە لەسەر پێوەندییەکانی هەرێم و کۆماری ئیسلامی هەیەتی و دەیبێ، دوورەدیمەنی ئەو شێوە تێکۆشانە زۆر نادیارە. بۆیە ئەو قۆناغە لە رووی شکاندنی تەلیسمەکە دوای ناوبڕێکی زۆر، وەسەریەکنانی تاقیکاری و ناسیاوی ( شناخت)، شتێکی پێویست و زەرووری بوو و دەکرێ وەک قۆناغێکی سەرەتایی بۆ هەنگاوگەلی دیکە لە داهاتوودا چاوی لێبکرێ. بەڵام ئەگەر بمانەوێ ئاستی تێکۆشان لە نێوخۆی وڵات بەجۆرێک بەرینە سەر کە وهڵامدەری قۆناغەکە و ههستی خەباتخوازانهی خەڵک بێ، لەلایەک بەسەرنجدان بە سنوورداربوونی توانایی حیزب لە دەرەوەی وڵات و لە لایەکی دیکە بەهۆی سنوورداربوونی نەوعی تێکۆشانەکە کە تێکۆشانێکی چریکییە، ناتوانین لە هەموو توانایی و پۆتانسیەلەکانی نێو کۆمەڵانی خەلک بەجۆرێک کەڵک وەرگرین کە شیاوی ئەو قۆناغە لە خەباتبێ .
لە راستیدا دوو هۆکاری بنەرەتی تێکۆشانی دەستەکانی پێشمەرگە لەنێوخۆی وڵاتیان هەرچی زیاتر سنووردار کردوه: یەکەم هۆکاری نێوخۆیییە کە دەگەڕێتەوە بۆ زاڵبوونی دیکتاتۆری و سەرەڕۆیی و سیستەمی میلیتاریستیی کۆماری ئیسلامی. دووهەم هۆکار کە دەرەکییە، بوونی هەرێمی کوردستان لەسەر نەخشەی سیاسیی ناوچە وەک پشتی بەرەی ئەو خەباتەیە. کۆماری ئیسلامی لە نەبوونی جووڵانەوەیەکی بەهێز و کاریگەر، لە بەشەکانی دیکەی ئێران یان نەبوونی کێشەیەکی جیدی دەرهکیدا، گوشارە ئەمنییەتی، پۆلیسی و میلیتاریستییەکانی خۆی کۆکردۆتەوە سەر کوردستانی ئێران. کێشەیەک کە گەلی کورد دەکرێ بڵێین بەدرێژایی مێژوو لە کوردستانی ئێران بە تەنیایی دەست وپەنجەی دەگەڵ نەرمکردوە. ئەو بارودۆخەش پارسەنگی هێزی بەجورێک لە ئێران بە سوودی دەوڵەت گۆڕیوە و جووڵانەوەی نەتەوهیی کوردی لە رۆژهەڵات خستۆتە پەراوێزهوە. بێگومان کۆی ئەو هۆکارانە شوێنەواری قووڵی لەسەر پێوەندیی خەڵک و پێشمەرگە وەک دوو فاکتۆری بنەرەتیی ئاڵوگۆڕهکه داناوە.
حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش دەگەڵ ئەوەی توانیویەتی مافە نەتەوایەتییەکان و ئاسایشێکی باش بۆ کوردی باشوور دابین بکا، بەڵام بەهۆی ستاتۆی حکوومەتەکە کە فیدڕاڵییە و نەوعییەتی حکوومەتەکە کە کوردییە، هەروەها بە سەرنجدان بە فاکتۆری حەشیمەت، زەوی و موقعییەت، دیوارهکەی لە هەموو حکوومەتێكی دیکه بۆ ئەو وڵاتانهی کە خاوەن پرسی کوردن و یەک لەوان ئێران، نزمترە . ئەوه کە ئەو حکوومەتە لەو جۆغرافیایەدا، هەم باری ئابووریی خۆی بە بێ یارمەتیی دراوسێکانی ئیدارە بکات و هەم یارمەتیی جووڵانەوەی کوردی بهشهکانی دیکهی کوردستان بدا، زۆر چهتوونە .
لەبەر رووناکیی ئەو راستییەدایە کە تێکۆشانی دهستەکانی پێشمەرگە لەو چەند ساڵەدا، ئەگەرچی نەوعێک ڕچەشکێنی بووە و هەیە، بەڵام بەرهەمی ئەو شێوازه تیکۆشانە زۆر کەمتر لە بارستایی ئەو زەحمەت و دژوارییانە بووە کە هەتا ئێستا هاتۆتە سەر ڕێگای ئەو تیمانە. ئەگەر بمانەوێ شێوازی هەتا ئێستای تێکۆشانی هێزی پێشمەرگە لەوە کە هەیە بهرههمدارتربێ، پێویستمان بە پشتی بەرەیەک لە چەند شوێنی سنووری هەیە، کە هێزی پێشمەرگە وەک سەکۆیەک بۆ چوونەوە بۆ نێوخۆی وڵات کەڵکیان لێوەرگرێ و لە حاڵەتی زەرووریدا بۆ حهسانهوهو بووژانەوە پەنای بۆبەرێ. لە نەبوونی پشتی بەرەیەکی ئەوتۆدا تێکۆشانی پێشمەرگە لە نێوخۆی وڵات، زیاتر کورتخایەن و تیژتێپەڕ دەبێ و ئەو کارتێکەرییەی لێ بەدی نایە کە ئێمە و قۆناغەکە چاوەڕوانی لێدەکەین. ئەگەرچی پێکهێنانی پشتی بەرەیەک بۆ هێزی پێشمەرگە لە چەند شوێنی سنووری شتێکی ئیدئاڵە، بەڵام بە سەرنجدان بە بارودۆخی سیاسیی هەرێمی کوردستان و دۆخی حیزب لە باشوور، ئەگەر لە حاڵی ئێستادا مەحاڵنەبێ، لانیکەم هاسان نیە. بۆیە لە نەبوونی ئیمکانێکی ئەوتۆدا ئاسایییە کە حدک و هێزەکانی دیکەی رۆژهەڵات بۆ درێژەدان بە خەبات بە دوای ڕێکاری دیکەی گونجاودا بگهڕێن .
بە سهرنجدان بەو هۆکارانەی سەرێ، بزووتنەوەی کورد لە رۆژهەڵات بە گشتی و حیزبی دێموکراتی کوردستان بەتایبەتی، لهبارهی شێوازی تێکۆشان و مێتۆدی خەبات لە رۆژهەڵاتی کوردستان، لە هەمبەر وەرچەرخانێکی قووڵی فکریدان. ئەویش ئەوەیە کە دەگەڵ ئەوەی هێزی پێشمەرگە لە نێو کۆمەڵانی خەڵکدا خاوەنی خۆشەویستی و پرستیژێکی تایبەتە ، بەڵام ئەوەی هێزی بزوێنەری خەبات و دینامیزمی ئاڵوگۆڕە هەر کۆمەڵانی خەڵک خۆیانن. لەم قۆناغەدا بەرجەستەکردنەوەی ئەو ئەسڵە لە دوو بارەوە گرینگە. یەکەم: دوای ٣٥ ساڵ دیکتاتۆری و سەرەڕۆیی لە ئێران بە گشتی و کوردستان بە تایبەتی، لە لایەک گەلی کورد لە رۆژهەڵات باشتری ئەو رێژیمە ناسیوە و لە لایەکی دیکەوە زۆر باشتر لە رابردوو بە مافەکانی خۆی ئاشنا بووە. بۆیە ئەوەی پێی دەڵێن هەلومەرجی زەینی، بەتەواوی ئامادەیە و ئیمکانی ئەوە کە خەبات لە چوارچێوەی تەشکیلاتی رێکخراوەکان بێتە دەر و بە جەماوەری بکرێ، لە هەموو سەردەمێکی پێشوو زۆرترە. دووهەم: ئەو شێوەکارەی تا ئێستا بەرێوەمانبردوە ــ واتا شێوازی خەباتی چریکیی شاخ ــ جگە لەوە کە وا دهکا نەتوانین لە هەموو تواناکان و پۆتانسییەلە خەوتووهکانی گەلی کورد کە لەو ٣٥ ساڵەدا پەنگی خواردۆتەوە، کەڵکی پێویست وەرگرین، تێچووی سیاسی، ئابووری و ئینسانییشی لە بەرهەمەکەی زۆر زیاترە .
گواستنەوە لە خەباتی چریکیی شاخ بۆ خەباتی جەماوەری، بە هیچ شێوەیەک بە مانای دەستهەڵگرتن لە خەباتی چەکدارانە نیە. بەڵکوو خەباتی چەکدارانە پێویستە بە سەرنجدان بە باری میلیتاریستی زاڵ بە سەر رۆژهەڵاتدا، لەلایەک پیویستە مۆدێڕنتر بکرێ و لەلایەکی دیکەوە دەگەڵ دۆخی ئەمنییەتی لە کوردستان خۆی بگونجێنێ. بۆ ئەوەی بتوانین لە هەموو پۆتانسییەلەکانی گەل کەڵک وەرگرین، پێویستمان هەم بە باسکێکی نیزامی و هەم باسکێکی سیاسی هەیە. هەر دووک باڵەکە بە پاراستنی خودموختاری خۆیان، پێویستە لە ژێر ڕێنوێنی و سیاسەتی گشتیی حیزبدا کار و ئەرکەکانیان بەڕێوە بەرن. ئەرکی باڵی نیزامی لەو قۆناغەدا ئەوە نیە کە بچێتە شەڕی نەفەرات و سەربازانی رێژیم، بەڵکوو ئەو باڵە بە سەرنجدان بە بارودۆخی سیاسی و ئەمنیەتیی وڵات، پێویستە شەرێکی وشیارانە و ئامانجدار کە دهزگا سهرکوتکهرهکانی رێژیم دەکاتە ئامانج، درێژە پێبدا . ئەرکێکی دیکەی ئەو باڵە ئەوەیە کە دەگەڵ مۆرەکانی سەرکوت و بێزراو بەربەرەکانی بکا. ئەوەش لەدرێژەی خۆیدا دەبێتە هۆی شکاندنی ئەو کەش و تەلیسمە ئەمنیەتییە کە رێژیم لە کوردستان زاڵی کردوە و لە ئاکامدا زەمینەکە بۆ هاتنە مەیدانی خەڵک و خەباتی جەماوەری خۆشتر دەکا.
لە ژماره ٦٧١ ی رۆژنامهی “کوردستان”دا بڵاو بۆتهوه