رۆژانی ٢٦ و ٢٨ی سه‌رماوه‌زی ١٣٩٤ ناونووسی بۆ هه‌ڵبژاردنه‌کانی ره‌شه‌مه‌ی مه‌جلیسی شووڕای ئیسلامی له‌ئێران ده‌ستی پێ‌کرد و له ماوه‌ی یه‌ک حه‌وتوو‌دا هه‌ژمارێکی بێ‌وێنه ناونووسی‌یان کرد که ناو نرا بزووتنه‌وه‌ی ناونووسی یان سۆنامیی ناونووسی.
زۆرترین ئاماری ناونووسی له رابردوودا هی مه‌جلیسی هەشتەم بوو که ده‌وروبه‌ری ٨هه‌زار که‌س ناونووسی‌یان کردبوو. ئه‌مجاره بۆ مه‌جلیسی ده‌یه‌م زیاتر له ١٢ هه‌زار که‌س ناویان نووسیوه. بۆ مه‌جلیسی خوبره‌گانی پێنجه‌میش زیاتر له ٨٠٠ که‌س ناونووسی‌یان کردوه. ئه‌م ژماره زۆره‌ی ناونووسی‌کردن بوو به مژارێکی گرینگی باس و لێکدانه‌وه و، له روانگه‌ی جۆراوجۆره‌وه لێی‌ڕوانرا و لایه‌نه باش و خراپه‌کانی هه‌ڵ‌سه‌نگێندران. ئه‌و به‌شداری‌یه زۆره سه‌ره‌تای پرۆسه‌یه‌کی نارێکخراو و شێواوه که ده‌کرێ به چه‌شنێک ئانارشیزمی هه‌ڵبژاردنی دابنێین.
وه‌ک باس ده‌کرێ له ئێران‌دا ده‌وروبه‌ری ٣٠٠ “حیزب” و گرووپی سیاسی هه‌ن. ئه‌م ژماره زۆره دیارده‌یه‌کی نائاسایی‌یه که ته‌نیا له ئێرانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئاخونده‌کان‌دا به‌دی ده‌کرێ. له جێ‌دا سیستمی سیاسیی ئێران سیستمێکی نائاسایی‌یه و وێنه‌ی له هیچ شوێنێکی دیکه‌ی جیهان نابینرێ. ئه‌م سیستمه به پشت‌به‌ستن به زۆر و سه‌رکوت و موبیلیزه‌کردنی “توده‌یی” به‌شێکی خه‌ڵک، درێژه به ده‌سه‌ڵاتداریی خۆی ده‌دا و هه‌موو هه‌وڵیشی ئه‌وه‌یه که به نائه‌من‌کردنی فه‌زای سیاسی، رێ له سه‌قامگیر‌بوونی رێکخراو و حیزبی سیاسی و، به گشتی به‌رێکخراو‌بوونی خه‌ڵک و کۆمه‌ڵگه بگرێ. له خۆڕا نیه که له ئێران‌دا حیزبی به‌هێز و گشتگیر نابینین.
له وڵاتانی دیکه‌دا دوو حیزبی سه‌ره‌کی یان ئه‌وپه‌ڕه‌که‌ی چه‌ند حیزبی سه‌ره‌کی هه‌ن که ده‌که‌ونه ململانه‌ی هه‌ڵبژاردن بۆ به‌ڕێوه‌به‌ریی وڵات. به‌ڵام له ئێران‌دا دوو باڵ یان ره‌وتی سیاسی هه‌ن که هه‌ر کامیان له ده‌یان “حیزب” و گرووپی سیاسی پێک دێن. واته ئه‌م دوو باڵه خاوه‌ن رێکخستنێکی گشتگیر و سه‌رانسه‌ری و مانیفێستێکی روون و دیاریکراو نین. ئه‌و ٣٠٠ “حیزبه سیاسی”یه که ئاماژه‌یان پێ‌کرا زیاتر کلوب و “محفل” و گرووپی سیاسین تا حیزبی سیاسی به مانای باو و ئاسایی وشه. له وڵاتانی دیکه‌دا هه‌ر حیزبه‌ی ژماره‌یه‌ک کاندیدی گونجاو له‌گه‌ڵ ژماره‌ی کورسی‌یه‌کانی پارلمان دیاری ده‌کا و به پێی به‌رنامه‌یه‌ک که بیری لێ‌کراوه‌ته‌وه و داڕێژراوه، له هه‌ڵبژاردنه‌کان‌دا به‌شدار ده‌بێ و کار بۆ سه‌رخستنی پاڵێوراوه‌کانی ده‌کا و، که ده‌سه‌ڵاتیشی گرته ده‌ست له هه‌مبه‌ر به‌رنامه‌ی راگه‌یه‌نراوی‌دا به‌رپرسیاره. به‌ڵام له ئێران له نه‌بوونی حیزبی سیاسیی به‌هێز و گشتگیر‌دا، هه‌رکه‌س له ئاست خۆیه‌وه خۆی ده‌پاڵێوێ و هه‌ڵبژاردنه‌کان به شێوه‌ی “توده‌یی” به‌رێوه‌ده‌چن و پاڵێوراوان له فه‌زایه‌کی پۆپۆلیستی‌دا په‌نا ده‌به‌نه‌به‌ر کۆمه‌ڵێک به‌ڵێنی وردی ناوچه‌یی و به‌ڕێوه‌به‌ریی، که دواییش هه‌موو هه‌وڵه‌کانیان له پێناوی به‌دی‌هێنانی لانی‌که‌می ئه‌و به‌ڵێنانه‌دا ده‌خه‌نه‌گه‌ڕ وله پرسه گرینگ و سه‌رانسه‌ری‌یه‌کان تا ڕاده‌یه‌ک خافڵ ده‌بن. له ئێران له‌لایه‌ک له‌به‌ر نه‌بوونی سیستمی شاره‌وانیی خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات که به‌م پرس و گیروگرفته ناوچه‌یی و به‌ڕێوه‌به‌ری‌یانه‌وه خه‌ریک بێ و له لایه‌کی دیکه‌ش له‌به‌ر نه‌بوونی مه‌جلیسی دووه‌م که له زۆر وڵات پێی‌ده‌گوترێ مه‌جلیسی پیرانی و پرسه‌کان له روانگه‌یه‌کی نه‌ته‌وه‌یی و گشتگیره‌وه تاووتوێ ده‌کا، هه‌موو کاروباره‌کانی ئه‌و ٣ بنیاته له مه‌جلیسی شووڕای ئیسلامی‌دا کۆبوونه‌وه. خۆ ئه‌گه‌ر مجلیسی ئێران پێگه‌یه‌کی واقعییشی هه‌بایه، زه‌حمه‌ت بوو بتوانێ له ئاست ئه‌و هه‌موو کاروبارانه‌دا وه‌ڵامده‌ر بێ.
له نه‌بوونی حیزبی به‌هێز و گشتگیر‌دا، ڕه‌وته سیاسی‌یه‌کان وه‌خت و وزه‌یه‌کی زۆر بۆ ئه‌وه ته‌رخان ده‌که‌ن که چۆن خۆیان تا ڕاده‌یه‌ک رێک بخه‌ن و له‌گه‌ڵ چ لایه‌نگه‌لێک به‌ره پێک بێن و چ بکه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی که زۆر به پرش‌و‌بڵاوی نه‌چنه نێو هه‌ڵبژاردنه‌کانه‌وه. ئه‌مه‌ش چه‌شنێک ناڕوونی و “سیالیت” دروست ده‌کا که مرۆڤ به زه‌حمه‌ت ده‌زانێ کام به‌ناو حیزب و گرووپی سیاسی له‌گه‌ڵ یه‌کتر لیستی یه‌کگرتوو ده‌ده‌ن و له بنه‌ڕه‌ت‌دا ئه‌و به‌ناو حیزب و گرووپه سیاسی‌یانه چ جیاوازی‌یه‌کی ڕوانین و به‌رنامه‌یی‌یان له‌گه‌ڵ یه‌کتر هه‌یه. ئه‌و ٣٠٠ به‌ناو حیزب و گرووپه سیاسی‌یه نوێنه‌رایه‌تیی کام مه‌یلی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تیی جیاواز ده‌که‌ن و له جێ‌دا له‌گه‌ڵ کام هێلی کۆمه‌ڵایه‌تی و چینایه‌تیی کۆمه‌ڵگه یه‌ک ده‌گرنه‌وه! له‌هه‌ر کۆمه‌ڵگه‌یه‌ک‌دا چه‌ند مه‌یلی سیاسی ــ کۆمه‌ڵایه‌تیی جیاواز و سه‌ره‌کی هه‌ن و به‌و پێیه‌ش چه‌ند حیزبی سیاسی له سه‌ر بنه‌مای ئه‌وانه داده‌مه‌زرێن و ویسته‌کانیان ده‌که‌نه دروشم و گوتاری سیاسیی خۆیان. ئه‌و ٣٠٠ به‌ناو حیزب و گرووپه چ جیاوازی‌یه‌کی گوتاری و به‌رنامه‌یی‌یان له‌گه‌ڵ یه‌کتر هه‌یه. ماقووڵ نیه و نامومکینه له کۆمه‌ڵگه‌ی ئێران‌دا ٣٠٠مه‌یلی سیاسی ــ کۆمه‌ڵایه‌تی ــ چینایه‌تیی سه‌ره‌کی هه‌بێ. ئیدی ئه‌و هه‌موو به‌ناو حیزبانه له سه‌ر چ بنه‌مایه‌ک پێک هاتوون؟ روون نیه و که‌س نازانێ!
له وڵاتانی دێموکراتیک و خاوه‌ن‌هه‌ڵبژاردنی راسته‌قینه‌دا، یه‌که‌م: هه‌رکه‌س له ئاست خۆیه‌وه خۆی ناپاڵێوێ و ئه‌وه حیزبه که له سه‌ر بنه‌مای کۆمه‌ڵێک پێوانه و هه‌ڵسه‌نگاندن، پاڵێوراوان دیاری ده‌کا. دووه‌م: پاڵێوراوه‌کان ترسیان له‌وه نیه که ده‌زگایه‌کی هه‌ڵنه‌بژێردراو، له هێڵه‌گیان بدا و ره‌دیان بکاته‌وه و له به‌شداری له هه‌ڵبژاردن‌دا بێ‌به‌شیان بکا. به‌ڵام له ئێران چونکه ترسێکی زۆر له ڕه‌دی سه‌لاحییه‌تی پاڵێوراوان له لایه‌ن شووڕای نیگابانه‌وه هه‌یه، خه‌ڵکێکی زۆر به هاندانی ره‌وته سیاسی‌یه‌کان ناونووسی ده‌که‌ن بۆ ئه‌وه‌ی‌که لانی‌که‌م به‌شێکیان له فیلتێری شووڕای نیگابان بگوزه‌رێن و بتوانن له رکه‌به‌ریی هه‌ڵبژاردن‌دا به‌شدار بن.
هه‌رچی بێ ئه‌و سۆنامی ناونووسی‌یه ئه‌وه‌نده که نیشانه‌ی نارێکخراویی سیاسی و په‌ره‌نه‌سه‌ندوویی سیاسی‌یه نیشانه‌ی زیندوویه‌تیی سیاسی نیه.
لە ژماره ٦٧١ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه