١- پێتان وایه کورد له ئێران توانیویه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌کان له ئێران‌دا بکاته ده‌رفه‌تێک بۆ هێنانه‌گۆڕی ویست و داخوازه‌کانی خۆی؟
-ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ به ڕه‌چاوکردنی ته‌نیا یه‌ک مێتۆد به هه‌موو شتێک بگه‌ین، ئه‌وه ته‌نیا خه‌یاڵه. که‌وابوو ده‌بێ هه‌وڵ بده‌ین بیر له هه‌موو رێگاکان بکه‌ینه‌وه. کورده‌کان تا راده‌یه‌کی به‌رچاو ده‌زانن چی‌یان ده‌وێ و زۆر باش مافه‌کانی خۆیان ده‌ناسن و هه‌ر به‌و راده‌یه‌یش دژکرده‌وه‌و هه‌ڵوێستیان له‌خۆ نیشان داوه. هه‌رچی کورده‌کان زیاتر به مافه‌کانیان ئاشنا بن، له که‌مته‌رخه‌می‌یه‌کانیان که‌م ده‌بێته‌وه‌و رۆحی پێکه‌وه کارکردنیان ده‌چێته سه‌رێ.
بێگومان رۆڵی کورده‌کان له هه‌ڵبژاردنه‌کان‌دا کاریگه‌ریی خۆی هه‌بووه و کردوویانه‌ته ده‌رفه‌ت. به‌ڵام پرسیاره بنه‌ره‌تی‌یه‌که لێره‌دایه که تا چه‌نده هه‌وڵمان داوه له‌م رێگایه‌وه ده‌سه‌ڵات ناچار بکه‌ین که گوێمان بداتێ. ئه‌مه له راستی‌دا به‌ستراوه‌ته‌وه به‌و مه‌یدانه موبارزاتی‌یه‌وه که کورد گه‌مه‌که‌ی تێدا ده‌کا. له فه‌زایه‌ک‌دا که باوه‌ڕپێک‌کردن و شه‌فافییه‌ت له‌وپه‌ڕی لاوازی‌دایه، به‌داخه‌وه کورده‌کان گوێیان له ده‌نگ‌گه‌لی جیاواز‌و دوور له‌یه‌ک ده‌بێ، که ناتوانێ هاوده‌نگی‌یه‌کی ماناداری گشتیی لێ بکه‌وێته‌وه. تائێستاش کورده‌کان گوتارێکی هاوبه‌شی روونیان نیه. ئه‌م که‌مایه‌سی‌یه له لایه‌ن تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگاوه هه‌ستی پێ کراوه، به‌ڵام بۆ پێک‌گه‌یشتنێکی گشتی و کۆبوونه‌وه له ده‌وری گوتارێکی هاوبه‌ش، زۆر لێک دوورن و، لێره‌دایه که سه‌رکردایه‌تیی کورد له دوایین ساته‌کان‌دا تووشی شکست ده‌بێ و بێ هیوایی‌یه‌کی چه‌ندپاته تاقی ده‌کاته‌وه.
له پێوه‌ندی له گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنه‌کانی سه‌رکۆمار له ئێران‌دا، کورده‌کان مانادارانه‌تر ده‌جووڵێنه‌وه‌و هه‌ڵوێست ده‌گرن. به‌ڵام له پێوه‌ندیی له گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنه‌کانی پارلمانی و شووراکان‌دا، زۆر لێک بڵاوو ناڕێکن. ئه‌گه‌ر واز له هۆکاره‌کانی وه‌ک نه‌بوونی دێموکراسی و نه‌بوونی پارت و هێزی سیاسی(له نێوخۆی وڵات به شێوه‌ی ئازادانه) بێنین و به پێی هه‌لومه‌رجێک که به شێوه‌ی یه‌کسان بۆ فارس، تورک و عه‌ره‌ب له ئارادایه، شرۆڤه‌ی بابه‌ته‌که بکه‌ین، ده‌توانین بڵێین که به‌داخه‌وه ئێمه(کورد) نه‌گه‌یشتووینه‌ته ئه‌و ئاسته که باوه‌ڕ به توانا‌کانی خۆمان بکه‌ین. واته ئێستاش له دووڕێیانی قازانجی شه‌خسی و قازانجی گشتی (نه‌ته‌وه‌یی)دا، خۆمان یه‌کلا نه‌کردۆته‌وه. به واتایه‌کی دیکه بۆمان زۆر سه‌خته که واز له قازانجه شه‌خسی‌یه‌کانی خۆمان بێنین و کارێک بکه‌ین که به‌خته‌وه‌ریی خۆمان وه‌ک تاک، له به‌رژه‌وه‌ندی و سه‌رکه‌وتنی گشتیی نه‌ته‌وه‌که‌مان‌دا ببینین.
ئێمه وه‌ک فارسه‌کان نیین، ئه‌وه‌ی کورد ڕ‌که‌به‌رایه‌تی بۆ ده‌کا، شتێکی زۆر به‌رته‌سکه، ئه‌وسه‌ره‌که‌ی نوێنه‌رایه‌تی له پارلمان یان دانیشتن له سه‌ر کورسیی شووڕاکان. به‌ڵام غه‌یره کورده‌کان له زۆر شوێنی نیزام‌دا به‌دوای مه‌وقعییه‌تی باش‌دا ده‌گه‌ڕێن و بۆیان هه‌یه پێی بگه‌ن. به واتایه‌کی دیکه ئه‌م به‌غیلایه‌تی و ڕکه‌بەرایه‌تی‌یه بە هۆی به‌رته‌سک‌بوونی ده‌رفه‌ته‌کانه‌وه، پێش به دروستبوونی ئیڕاده‌یه‌کی گشتی ده‌گرێ و گوتاریکی هاوبه‌شی لێ ساز نابێ.
ئێمه فێرنه‌کراوین که ئینسانه‌کان پێناسه بکه‌ین و بیان‌ناسین، به‌ڵکوو ته‌نیا ده‌یان‌ژمێرین و ئه‌مه‌ش بۆته هۆی ئه‌وه‌که هه‌موو که‌س خۆی پێ “مه‌ن”ه و هه‌ر به پێوانه‌ی خۆی ده‌وروبه‌ری ده‌پێوێ. له بارودۆخێکی وه‌هادا نه‌ته‌نیا کێبه‌رکی و رەقابه‌تێکی دروست له‌ئارادا نابێ، به‌ڵکوو ناونێتکه لێک‌نان و بێ رێزی و هه‌وڵدان بۆ سڕینه‌وه‌ی یه‌کتر دێته ئاراوه. له‌و حاڵه‌دا به‌س ژاوه‌ژاو و قاڵه‌قاڵ ساز ده‌بێ و هیچ “خواست”ێک نایه‌ته ئاراوه. دیاره له بارودۆخێکی وه‌هادا دۆڕاوی سه‌ره‌کی هه‌ر کورده‌کانن که کوێرکوێرانه ده‌نگ ده‌ده‌ن و هیچیان ده‌ست ناکه‌وێ و، براوه‌ی ئه‌م فه‌زا لێڵ و ناڕوونه ته‌نیا ده‌سه‌ڵاته. هه‌ڵبه‌ت هێندێک جار “استثناء” هه‌یه؛ وه‌ک هه‌ڵبژاردنه‌کانی خولی شه‌شه‌م، یان ده‌نگدان به مووسه‌وی و که‌ڕڕووبی به پێی کۆمه‌ڵه داخوازێک که له لایه‌ن چالاکانی کورده‌وه هاتنه ئاراوه. به‌ڵام به‌داخه‌وه بۆ جێبه‌جێ کردنیان هیچ زه‌مانه‌تێک له ئارادا نه‌بوو.
٢- نوێنه‌رانێک که له کوردستانه‌وه چوونه‌ته پارلمانی ئێران توانیویانه وه‌ک نوێنه‌ری کورد رۆڵ بگێڕن؟!
-ئه‌و نوێنه‌رانه‌ی له کوردستانه‌وه رێ‌یان که‌وتۆته پارلمان که به هه‌رحاڵ به ناوی کورده‌وه له‌وێن. به هۆی ئه‌وه‌ی شوورای نیگابان ئیزنی چوونی زۆر که‌س له‌و کاندیدایانه‌ی که لێهاتوویی‌یان بۆ ئه‌و کاره هه‌یه نادا، بازنه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌کان به‌رته‌سکه‌و به‌و هۆکارانه‌ی له سه‌ره‌وه باسم کردن‌و هێندێک هۆکاری دیکه‌ی عه‌شیره‌یی و… دوو رێگا ده‌مێنێته‌وه؛ یان ده‌بێ بایکۆت بکه‌ین یان ده‌بێ به‌شداری بکه‌ین و قه‌ناعه‌ت به‌وه‌ی کە هه‌یه، بهێنین. بێگومان ئه‌گه‌ر ئێمه هیچ نوێنه‌رێکیشمان له پارلمان نه‌با، رووداوێکی سه‌یروسه‌مه‌ره رووی نه‌ده‌داو ئه‌و بوودجه‌و ئیمکاناته که‌مەش بۆ ناوچه‌کانی کوردستان هه‌ر ده‌نێردرا. پرسیارێک که ده‌بێ له خۆمانی بکه‌ین ئه‌وه‌یه که؛ ئه‌گه‌ر ئه‌م نوێنه‌رانه له پارلمان نه‌بان، ئێمه هه‌ستمان به چ بۆشایی‌یه‌ک ده‌کرد؟!
ئه‌م نوێنه‌رانه یه‌کبار مه‌سره‌فن(بۆ ته‌نیا جارێک که‌ڵکیان لێ وه‌رده‌گیرێ). به‌دوای ئامانجه شه‌خسی‌یه‌کانی خۆیان، یا کاروباری چووکه‌و، ئه‌وپه‌ڕه‌که‌ی به‌دوای گوڕینی فه‌رماندرارێک و وه‌ڵامی چه‌ند پرسیاره‌وه‌ن. تا ئێستا نه‌یان‌توانیوه پرسی کورد‌و هه‌ڵاواردنی به‌رچاو له ته‌رخان‌کردنی ئیمکانات و له‌په‌راوێزداهێشتنه‌وه‌ی ناوچه کوردی‌یه‌کان، ببه‌نه کۆبوونه‌وه‌کانی پارلمان و کێشه‌ی له سه‌ر بکه‌ن و بیکه‌ن به خاڵێکی قانوونی. هه‌رکه‌سه‌و سازێک لێ‌ده‌داو به‌دوای شتێکه‌وه‌یه‌و زۆربه‌یان بێده‌نگی هه‌ڵ‌ده‌بژێرن و بیر له ته‌ئییدی سه‌ڵاحییه‌تی ده‌وره‌یه‌کی دیکه‌یان ده‌که‌نه‌وه. بۆ نموونه که‌مته‌رخه‌می‌یان به‌رانبه‌ر به کوشتنی کاسبکاران و هه‌ڵاواردنه‌کان له پێراگه‌یشتن و بێکاریی رۆژ له گه‌ڵ رۆژ زیاتری خوێنده‌واران و باڵاده‌ستیی غه‌یره‌کورده‌کان له زۆربه‌ی کاروباره‌کان دا‌و …چه‌ند نموونه‌یه‌کی چووکه‌ی کارلێنه‌هاتوویی نوێنه‌رانی کورد له پارلمانن.
٣– نوێنه‌رانی کورد له پارلمانی ئێران بۆ تا ئێستا نه‌یان‌توانیوه، یه‌کگرتووانه خۆیان به نوێنه‌ری نه‌ته‌وه‌ی کورد له ئێران له قالبی فراکسیۆنێک‌دا رێک بخه‌ن؟
-پێم وایه ده‌کرێ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌ش ره‌بت بدرێته‌وه به پرسیاری دووهه‌م. به باوه‌ڕی من، ئازایه‌تی، باوه‌ڕ به مافی خه‌ڵک و خه‌بات دژ به هه‌ڵاواردن و هه‌ستی کوردبوون زۆر گرینگه و نابێ ئه‌م فاکتۆرانه له به‌رچاو نه‌گرین. خه‌ڵکیش ده‌بێ فێر بن که ده‌نگ به به‌رنامه بده‌ن و بۆ نموونه فریوی بڕێ یارانه‌و ده‌رکردن له سه‌ر کار و گوزینش نه‌خۆن. به کورتی ئه‌گه‌ر نوێنه‌ری ئازا و بوێرمان بوێ، ده‌بێ خه‌ڵکه‌که‌شمان ئازا‌و بوێر بن. خه‌ڵکێکی موحافه‌زه‌کارو رازی به وه‌زعی مه‌وجوود، قه‌ت ناتوانێ نوێنه‌رێکی ره‌خنه‌گر و ئاڵوگۆڕخواز به‌رهه‌م بێنێ.
ده‌بێ گوتارێکی نوێ به‌رهه‌م بێنین. ئێستا خه‌ڵک ته‌نیا “مصرف کننده”ن. ده‌بێ به خه‌ڵک بگوترێ هه‌ر وه‌ک چۆن شه‌رت و مه‌رج بۆ سه‌رکۆمار داده‌نێن، ده‌بێ ئاوایش شه‌رت و مه‌رج بۆ نوێنه‌رانی پارلمان دابنێین. ده‌بێ خه‌ڵک پێش له ده‌نگدان، به‌ڵێن له کاندیداکانی پارلمانی وه‌ربگرن. ده‌نگ به که‌سانێکی بێ‌ناونیشان نه‌ده‌ن، له رووی رق و تۆڵه‌ئه‌ستاندن و خزم‌خزمێنه‌و تایفه‌گه‌ری‌یه‌وه ده‌نگ نه‌ده‌ن.
٤- پێتان وایه کاتی ئه‌وه هاتوه که کورد له رێگای نوێنه‌رانیه‌وه له پارلمانی ئێران داخوازه‌کانی له گه‌ڵ ده‌سه‌ڵات مه‌تره‌ح بکا؟
-هێشتا کورد گیروگرفتی “متمانه” (باوه‌ڕ به یه‌کتر)ی چاره‌سه‌ر نه‌کردوه. واته هیچ باوه‌ڕێک له نێوان لایه‌نه‌کان (کورد‌و ده‌سه‌ڵات) به یه‌کتر له‌ئارادا نیه. بۆ نموونه تا ئێستا نه‌یان‌هێشتوه کوردێک رێی بکه‌وێته کۆمیسیۆنی ئه‌منیه‌تی میللی. له حاڵێک‌دا به پێی قانوون هیچ به‌ربه‌ستێکی له‌پێش نیه و نوێنه‌ر بۆ هه‌ڵبژاردنی کۆمیسیۆن ئازاده. به‌ڵام ئه‌وه به‌و مانایه نیه که‌مته‌رخه‌م بن و خۆیان به قه‌زاو و قه‌ده‌ر بسپێرن. به سه‌رنجدان به‌م بابه‌ته ده‌بێ بپرسین که بڕیاری کۆتایی لای کێ‌یه؟! به باوه‌ڕی من ده‌سه‌ڵات تا هه‌ست به له‌خۆڕابینینی مودیرییه‌تی بابه‌تێک نه‌کا، ئیزنی مه‌تره‌ح‌کردنی نادا. ئه‌گه‌ر کورده‌کان بتوانن له پارلمان هاوده‌نگ و هاوهه‌ڵوێست بن، ده‌توانن ئاراسته‌ی داخوازه‌کانیش له کۆمه‌ڵگادا بگۆڕن. به باوه‌ڕی من تا ئێستایش سپای پاسداران بڕیارده‌رترین هێزه له‌ئیزن‌دان، یان ئیزن‌نه‌دان به هاتنه‌به‌رباسی پرسی کورد له ئێران‌دا. ده‌وڵه‌ت (کابینه‌ی وه‌زیران) به‌نیسبه‌ت کاروبارو پرس‌گه‌لی به‌رته‌سک و کورتخایه‌نه‌وه، کاریگه‌ریی هه‌یه‌و رۆڵ ده‌بینێ، وه‌ک دانانی پارێزگارێک و فه‌رماندارێک و ته‌رخان‌کردنی چه‌ند میلیارد تمه‌ن بوودجه بۆ پرۆژه‌یه‌ک. که‌وابوو ده‌بێ جیا له پارلمان و ده‌وڵه‌ت به‌دوای رێگاکانی به‌دواداچوون‌دا بگه‌ڕێین.
٥- باس له‌وه ده‌کرێ که کورد به لیستێکی هاوبه‌ش له هێزه‌کانی نێوخۆی وڵات به‌شداری هه‌ڵبژاردنه‌کانی ئه‌مجاری پارلمان بێ. ئێوه ڕاتان له‌م پێوه‌ندی‌یه‌دا چیه؟
-ئه‌گه‌ر کورد به‌م ده‌رایه‌ت و ئه‌قڵییه‌ت و وه‌حده‌ته گه‌یشتبێ، زۆر باشه، به‌ڵام ئه‌وه ته‌نیا ئاره‌زوویه. کێ ئه‌م وه‌حده‌ت و له ده‌وری یه‌ک‌کۆبوونه‌وه‌یه رێک ده‌خا؟ به کام هێزی کۆمه‌ڵایه‌تی؟ له نێو خۆمان‌دا باوه‌ڕ به کێ ده‌که‌ین؟
کێشه‌که ئه‌وه‌یه که ده‌بێ لانی‌که‌م هێندێک باوه‌ڕمان به یه‌کتر هه‌بێ. کورده‌کان ده‌توانن ئه‌و کاره بکه‌ن، به مه‌رجێک واز له هه‌ڵوێستی ئێحساسی بێنن و به‌سه‌ری‌دا تێپه‌ڕ بن. ئه‌من نامه‌وێ بڵێم که با ئێحساس سه‌رکوت بکه‌ین، به‌ڵام هیدایه‌ت و رێبه‌ری‌کردنی ئێحساس له سه‌ر بنه‌مای ئه‌قڵ و قازانجی به شتێکی ئه‌ساسی ده‌زانم.
٦- پێتان وایه ئه‌و زه‌رفییه‌ته له ده‌سه‌ڵاتی کۆماری ئیسلامی‌دا پێک‌هاتوه که کورد به شێوه‌ی سیستماتیک بیر له چۆنیه‌تیی به‌شداری له هه‌ڵبژاردنه‌کان له ئێران‌دا بکاته‌وه؟
-هیچ به‌ربه‌ستێک له رووی قانوونی‌یه‌وه بۆ یه‌کده‌ستبوونی کورده‌کان و ده‌نگدانیان به شێوه‌یه‌کی یه‌کده‌ست، نیه. کێشەکە ته‌نیا خۆمانین. نابێ پشتی یه‌کتر به‌ر بده‌ین.
٧- پێتان وایه کورد له هه‌ڵبژاردنی ئه‌مجاره‌ی پارلمان‌دا دەبێ چ هه‌ڵوێستێکی هه‌بێ.
-کورده‌کان ده‌بێ پێداگریی له‌سه‌ر به‌رنامه‌کان بکه‌ن. کورد ده‌بێ بوودجه بناسێ و بزانێ بوودجه چیه! به‌داخه‌وه نوێنه‌ری کورد، بوودجه ناناسێ و له پارلمان‌دا هێزو سه‌وادی هێنانه‌به‌رباسی ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ی نیه. له حاڵێک‌دا نوێنه‌رانی غه‌یره‌کورد پێش هاتنه‌به‌رباسی بوودجه‌ی ساڵانه‌و به‌رنامه‌ی پێنج ساڵه، له گه‌ڵ ده‌وڵه‌ت و وه‌زیره‌کان و سازمانی مودیرییه‌ت و… بۆ ناوچه‌کانی خۆیان، لابیگه‌ری ده‌که‌ن و ریزبه‌ندیی دیاری ده‌که‌ن. چونکی ئه‌وه ده‌وڵه‌ته که لایحه‌ی بوودجه دێنێته پارلمان و له کاتی په‌سه‌ندکردنی‌دا، پارلمان ئه‌وسه‌ره‌که‌ی ٥%ی ده‌گوڕێ. کاتێک که بوودجه هێنرایه پارلمان، نوێنه‌ری کورد ناتوانێ هیچ کارێک بکا و جاری وایه پێنج مانگ له په‌سه‌ندکردنی بوودجه تێ‌په‌ڕیوه که‌چی تازه نوێنه‌ری کورد ده‌زانێ هیچ وه‌به‌ر ناوچه‌که‌ی ئه‌و نه‌که‌وتوه‌و سه‌ری بێ‌کڵاو ماوه‌ته‌وه. جا ئه‌و کات ده‌ڵێ ده‌وڵه‌ت زاڵمه‌و، ناڵێ من نه‌زان و بێ سه‌وادم!!
لە ژماره ٦٧١ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه