هه‌ڵبژاردن بۆ كورده‌كان له ئێران یه‌ك له ده‌رفه‌ته‌كانه بۆ بهرۆژكردنی پرس و خواسته‌كانیان و گواستنهوەیان له په‌راوێزه‌وه بۆ. پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه داخوا كورد ئه‌م ده‌رفه‌ته چۆن بۆ به‌ره‌وپێشبردنی پرسه‌كه‌ی به كار دێنێ ، ئایا به‌هۆی نائومێدی له وه‌ڵامده‌ربوونی سیستمی سیاسی پشت له‌م ده‌رفه‌ته ده‌كا؟ یان به ئومێدی پێکهێنانی ئاڵوگۆڕ ئه‌م ده‌رفه‌ته ده‌قۆزێته‌وه.
كاردانه‌وه‌كان به‌رامبه‌ر به پرسێكی وه‌ك هه‌ڵبژاردن جیاوازن، كه ده‌كرێ ته‌حریم و به‌شداری دوو كاردانه‌وه به‌رامبه‌ر به هه‌ڵبژاردنه‌كان بن. ئه‌گه‌رچی هه‌ردوو كاردانه‌وه‌كه پێش ئه‌وه‌ی به‌رهه‌می ئاماده‌سازی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی بۆ كاردانه‌وه‌یه‌كی كوردستانی بن، كاردانه‌وه‌یه‌كی حكومه‌ت ته‌وه‌رن، كه یه‌كیان هەڵگری نائۆمێدیی گه‌وره له ده‌سەڵات و ئه‌وی دیکه‌ش هه‌ڵگری ئومێدێكه به گۆڕان له رێگای هه‌ڵبژاردنه‌وه‌یه.
هه‌ر دوو خوێندنه‌وه‌كه، خوێندنه‌وه‌یه‌كی ناوه‌ندگه‌رایانه‌ی حكوومه‌ت پێوه‌ر بۆ كوردستانن و یه‌كیان پێی وایه ده‌بێ خه‌ڵك به قه‌ده‌ری ئیلاهی رازی بن و بچنه‌وه ماڵێ خۆیان پاڵی لێبده‌نه‌وه تا ڕۆژێک که حكوومه‌ت ده‌ڕووخێ، كه ئه‌م روانگەیە زیاتر له سه‌ر سڕكردنی كۆمەڵگه‌ی كوردی كار ده‌كا. روانگه‌ی دیكه‌ش به ئومێدی به‌شداری له سیستمی سیاسی و ده‌ستخستنی چه‌ند پۆست و به‌رپرسیاره‌تییه‌ك خۆی به چه‌ند لاباڵێكی حكومه‌تییه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه و سه‌ره‌نجام خۆی له ماهییه‌تی كوردستانیبوون خاڵی ده‌كاته‌وه، بێ ئه‌وه‌ی له سه‌ر فۆڕمێكی هاوبه‌شی كوردستانیبوون ته‌عبیر له خۆی بكا.
له راستی دا هه‌ر دوو روانگه‌كه، ره‌خنه‌ی گه‌وره هه‌ڵده‌گرن چونکه هیچیان ناتوانن هاونیشتمانان له ڕێگای وه‌دیهێنانی ئامانجه‌كانی كۆمه‌ڵگه رێكبخه‌ن و پرسی كورد له ئێران بكه‌ن به كارتێكی فشار.
ئه‌وه‌ی له‌م نێوەدا له‌بیر ده‌برێته‌وه سوود وه‌رگرتن له هه‌موو زه‌رفییه‌تی كۆمه‌ڵگه بۆ ته‌حریم و پێچه‌وانه‌كه‌شیه‌تی. ئه‌وه‌ی له‌م نێوەدا زۆرترین قسه‌ی له سه‌ر ده‌كرێ و ده‌بێ به پێوه‌ر بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كان سیستمی سیاسییه تا ئه‌و جێگایه که لایه‌ك پێیوایه به‌شداربوون مهشڕووعییهتدان به حكوومه‌ته و به‌رامبه‌ریش پێیوایه به‌شدارنه‌بوون مهشڕووعییهتدان به مانه‌وه‌ی حكوومه‌ته. له‌م پێوه‌ندییه‌شدا هه‌موو جارێ له به‌ره‌به‌ری هه‌ڵبژاردنه‌كاندا مه‌یدانێك دروست ده‌بی بۆ هه‌ڵشاخان به رووی یه‌كتردا و دابه‌شكردنی كۆمهڵگيی كوردی و تێكدانی هه‌موو فوڕمێكی پێكه‌وه‌بوون.
له واقیعدا سیستمی سیاسی له ئێران وه‌ك سیستمێكی نادێموكراتیك، له‌و سیستمه سیاسییانه‌یه كه مه‌شڕووعییه‌تی خۆی له ده‌نگی هاونیشتمانان وه‌رناگرێ تا به به‌شداریی ئه‌وان له هه‌ڵبژاردنه‌كاندا ئه‌م مه‌شڕووعییه‌ته وهربگیریتهوه یان ته‌ئیید بكرێ. ئه‌مه ته‌نیا تایبه‌ت به كۆماری ئیسلامی نیه و هیچکام له حكوومه‌ته‌كانی ناوچه مانه‌وه‌یان له سه‌ر ده‌ستی هاونیشتمانان نیه، كه‌واته ناكرێ عه‌وداڵبوونی هاونیشتمانی كورد به دوای مافه‌كانیدا، به مهشڕووعییهتدان به سیستمی سیاسی ته‌فسیر بكرێ یان پێمانوابێ ته‌حریم سه‌ندنه‌وه‌ی مهشڕووعیهته، له سیستمێکدا كه به نوێنه‌ری خودا له سه‌ر عه‌رز پێناسه ده‌كا. هاونیشتمانی كورد كه دێته سه‌ر سندووقی هه‌ڵبژاردن به پله‌ی یه‌كه‌م وه‌دووی ویسته‌كانی ده‌كه‌وێ نه‌ك مهشڕووعییهتدان به حكوومه‌ت. له ڕاستی دا ئه‌م سیستمه سیاسییه له كوردستان شتێكی به‌رهه‌م نه‌هێناوه كه جێگه‌ی دڵخۆشی و په‌سندی هاونیشتمان بێ تا به‌شداریی هاونیشتمانی كورد به نمادی سوپاسگوزاری و مهشڕووعییهتدان به‌م سیستمە ته‌فسیر بكرێ.
به‌ڵام له گه‌ل هه‌موو هه‌وڵی حكوومه‌ت بۆ بهگوڕستانكردنی كوردستان، دوور خستنه‌وه‌ی خه‌ڵک له دیاریكردنی چاره‌نووسی خۆیان و خاڵیكردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه له جووڵه و تواندنه‌وه‌ی له خۆیدا و به بوونی هه‌موو جیاوازییه‌كان له كۆمه‌ڵگه‌ی كوردهواری بۆ پرسێكی وه‌ك هه‌ڵبژاردن، ده‌بێ هه‌وڵ بدرێ ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌یه ته‌سلیم نه‌بێ و خه‌لكی هان بدرێن به شێوازی جیاواز له سه‌ر داخوازییه‌كانیان وه‌ده‌نگ بێن.
قۆناغی ئێستای كۆمه‌ڵی كوردهواری به سه‌رنجدان به‌وه‌ی مه‌كینه‌یه‌كی گرنگی سڕینه‌وه‌ی حكوومه‌تی له سه‌ر ئه‌م كۆمهڵگهیەیە، قۆناغی یه‌كخستنه‌وه‌ی كۆی زه‌رفییه‌ت و تواناكانی كۆمەڵگهیه به‌ره‌و روونکردنه‌وه و ئاشناکردنی پتری هاونیشتمانان به مافه‌كانیان و چۆنیه‌تیی ده‌سته‌به‌ركردنیان و پهیگیربوون و پشتگیریی كۆی ئه‌و پرۆژانه كه هەڵگری جیهانبینی جیاواز‌و كوردستانین بۆ تێپه‌ربوون له‌م قۆناغه.
ئه‌وه‌ی لێره‌دا پێویسته، كاركردنه بۆ به‌رفراوانكردنه‌وه‌ی مه‌وداكانی چالاكی و فره ڕهههندكردن و به‌رپرسیاره‌تی دروستكردن لای هاونیشتمانان و مهودانهدانه به سڕكردنی كۆمه‌ڵگه. گرتنه به‌ری زیاد له ره‌هه‌ند و رێگایه‌ك بۆ ته‌عبیركردنی كۆمه‌ڵگه له خۆی و ژیاندنه‌وه‌ی رۆژهه‌ڵات و هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌توانن ده‌رفه‌تی باش بن بۆ هێنانه‌گۆڕی پرسی كورد له ئێران و دروستكردنی فشاری گه‌وره و ڕاكێشانی سه‌رنجی ڕای گشتیبۆلای سه‌ر ئه‌م پرسه.
لە ژماره ٦٧١ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه