ئێران لە دوایین ریزبەندیی جیهانیدا لە نێو ١٤٤ وڵاتی جیهان پلەی ١٠٦ی گرتوە!
چاوخشاندنێک بەسەر دوایین راپۆرتی ناوەندی لۆگاتۆم بۆ لێکۆلینەوە و توێژینەوە!
“ئهوه یهكهمین دهوڵهتی خودایه كه دادپهروهری دادهمهزرێنێ، پاشایهتی تێك دهشكێنێو دهیخاته نێو زبڵدانی مێژوو”. (وتاری ئایەتوڵڵا خومەینی لە ١٢ی خاکەلێوەی ١٣٥٨دا ). ئایا قسهکەی خومەینی راست دەرچوو؟ حکوومەتی خودا لە سەر زەوی، حکوومەتێک بوو کە لێقەوماوانی سەر زەوی لە ژێر سێبەریدا بحەسێنەوە، یان بە پێچەوانەوە حکوومەتێک بوو کە خۆی بوو بە هۆی دروستبوونی قەیران و ماڵی خەڵکی وێران کرد، حکوومەتێک کە لە ڕیزی خراپترین و دیکتاتۆرترین وڵاتانی جیهاندایە.
ئەگەر چاوێک بە مێژووی ٣٦ ساڵەی کۆماری ئیسلامیی ئیراندا بخشێنین، دەبینین کە حکوومەت لە بەشی هەرە زۆری بەرنامە و پلانە ئابووری و گەشەیییەکانی خۆیدا شکستی هێناوە.
ژمارەیەک ناوەند و رێکخراوی نێودەوڵەتی لە بواری لێکۆڵینەوەدا بە پێی نەریتی ساڵانەی خۆیان کۆمەلێک راپۆرت و داتا و زانیاری لەسەر ولاتانی جیهان بڵاو دەکەنەوە. ئەو راپۆرتانە بەگشتی هەموو بوارەکانی ژیان و بەرێوەبردنی وڵاتان بە وردی دەخەنە ژێر لێکۆڵینەوە و لە کۆتاییدا بۆ ڕای گشتی بڵاو دەکەنەوە. لەو نێوەدا کۆمپانیا و ناوەندە ئابوورییەکان بۆ زیادکردن و پهرهپێدانی کاری خۆیان پەنا دەبەنە بەر ئەو راپۆرتانە، چونکە بەشی زۆریان راستی و دروستی ژیان و بەرێوەبردنی وڵاتان نیشان دەدەن.
ناوەندی لۆگاتۆم کە ناوەندێکی لێکۆلینەوە و تۆژینەوەیە و بنکەکەی لە شاری لەندەنی وڵاتی بریتانیایە، لە تازەترین راپۆرتی خۆیدا کە لە مانگی ١٢ی ساڵی ٢٠١٥دا بڵاو بۆتەوە، ١٤٢ وڵاتی جیهانی خستۆتە ژێر وردبینیی خۆی بۆ دەستنیشانکردنی باشترین وڵات بۆ ژیان. بۆ ئەو مەبەستە چەند شتی وەک بنەمای گرینگ لەبەرچاو گرتوون، لەوانە (ئابووری، دابین کردنی هەلی کار و سەرمایەگوزاری، دەسەڵاتداری، پەروردە، تەندروستی، ئاسایش، ئازادییە تاکە کەسییەکان و سەرمایەی کۆمەلایەتی) . بە چاوخشاندنێک بە داتاو زانیارییەکانی ئەو راپۆرتەدا دەبینین کە ئێران لە سالی ٢٠١٥دا لە نێو ١٤٢ وڵاتی جیهاندا لە پلەی ١٠٦دایە، پلەیەک کە ئەو ناوەندە بە رەنگی سوور نیشانی داوە، واتە ئەو وڵاتە یەکێکە لە خراپترین وڵاتەکان لە جیهاندا. بۆ زیاتر روونکردنەوەی پلەی ١٠٦ی ئێران هەوڵ دەدەین کە زانیارییەکان شی بکەینەوە.
ئابووری: ئێران لە بواری ئابووریدا ساڵی ٢٠١٥، پلەی ١٠٥ی لەنێو ١٤٢ وڵاتی جیهاندا بووە. ، ئەوە لە حالێکدایە کە لە ساڵەکانی ٢٠١٣ و ٢٠١٢دا بە تەرتیب پلەی ٩١ و ٧٠ی هەبووە، بە وردبوونەوەیەک لەو داتایانە دەردەکەوێ کە حکوومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران ساڵ بە ساڵ لە بواری ئابووریدا بێتواناتر بووە و لە کاتێکدا ئیران لە ساڵی ٢٠١٢دا پلەی ٧٠ی هەبووە، لە ساڵی ٢٠١٥دا، ٣٥ پلە دابەزیوە و بۆتە ١٠٥، کە ئەمە بۆ وڵاتێک کە تێیدا رێژەی بێکاری ٣٠% یـە و حەشیمەتەکەی لە ٨٠ میلیۆن کەس نزیک دەبێتەوە گیروگرفتێکی گەورەیە و، کارەساتێکی ئابووری چاوەرێی دەکا.
لە لایەکی دیکەوە رێکخراوی شەفافییەتی نێودەوڵەتی لە ئاخرین راپۆرتی خۆیدا ئێرانی لە ڕیزی گەندەڵترین وڵاتانی جیهاندا داناوە. ئیران لە راپۆرتی ئەو رێکخراوەدا لەنێو ١٧٦ وڵاتی جیهان پلەی ١٣٦ی گرتوە، واتە حکوومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە گەندەڵترین و بۆرۆکڕاتیکترین ولاتانی جیهانە کە گەندەڵی سەرتاپای ئەو حکوومەتەی داگرتوە. بە وتەی بەرپرسانی ئیران هیچ شۆرش و پلانێک ناتوانێ حکوومەتی ئایەتوڵڵاکان لەنێو ببا، بەڵام گەندەڵی بناغەی ئەو حکوومەتەی لەرزاندوە و لەو نێوەشدا وەک نموونە ناوەندێکی چاودێری دارایی حکوومەتی ئێران بە ناوی “بنیاد میزان” خۆی تووشی گەندەڵی دارایی بووە و ئیستا پەروەندەکەی لە دەزگای قەزایییە.
دابین کردنی هەلی کار و سەرمایەگوزاری: ئێران لە ساڵی ٢٠١٥دا لەنێو ١٤٢ وڵاتی جیهان لە بواری دابینکردنی هەلی کار و سەرمایەگوزاریدا پلەی ٩٢ی گرتوە، ئەوە لە حالێکدایە کە ساڵی ٢٠١٤ ئێران پلەی ٩٣ی هەبووە و لە ساڵەکانی ٢٠١٣ و ٢٠١٢دا بە تەرتیب پلەی ٩٣ و ٩٥ی هەبووە، وەک پێشتریش گوترا ئێران لەو وڵاتانەیە کە رێژەی بێکارییان تێدا زۆرە و وەگەڕخستنی سەرمایەشیان تێدا زەحمەتە. رێژەی بێکاری لە ئێران بە پێی ناوەندە رەسمییەکانی ئێران ٣٠% یـە ، ئەوەش بۆ ئەوە دەگەرێتەوە کە ناوەندی ئابووری و پیشەسازی لە ئیران زۆر کەمە یان هەر نیە. لە لایەکی دیکەوە حەشیمەتی ئێران رۆژ بەرۆژ روو لە زیادبوونە و دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی بێئەوەی بەرنامەیەکیان بۆ ئەو کارە هەبێ بەردەوام خەڵکی بۆ زیادکردنی حەشیمەت هان دەدەن ، ئەوە لە حالێکدایە کە ئیران جگە لە کێشەی ئابووری بە دەست کێشەی وشکەساڵی، بێئاوی و بێ بەروبوومیشەوە دەنالێنێ.
لە بواری سەرمایەگوزاریدا لەبەر ئەوەی رێژەی گەندەڵی زۆرە و هێزە نیزامییەکان دەستیان بەسەر ناوەندەکانی ئابووریداگرتوە، کۆمپانییە گەورەکانی جیهان کەمتر خۆیان لە وەها بازارێک دەدەن، بەپێی زانیارییەکان سپای پاسداران ٨١٢ شیرکەتی لە نێوخۆی ئێران و دەرەوەی ئێراندا تۆمار کردوون کە هەموویان لە ژێر دەسەلاتی ئەو ئیمپراتورییە سەربازییەدانو، هەر کەس لە دەرەوەی ئێرانەوە بیهەوێ سەرمایەگوزاری بکا، دەبێ لەگەڵ یەکێک لەو ٨١٢ شیرکەتە ببێتە شەریکەبەش. ئەو رێگرییانە وایان کردوە کە ئێران لە بواری سەرمایەگوزاریی خاریجیدا لە رەدەی ٩٢ی جیهاندا بێ.
دەسەڵاتداری: ئێران لە ساڵی ٢٠١٥دا لەنێو ١٤٢ وڵاتی جیهان لە بواری دەسەڵاتداری و حوکمڕانیدا پلەی ١٢٢ی گرتوە. ئەوە لە حالێکدایە کە ساڵی ٢٠١٤ ئێران پلەی ١٢٠ی هەبووە و لە ساڵەکانی ٢٠١٣ و ٢٠١٢دا بە تەرتیب پلەی ١٢٠ و ١٢٦ی هەبووە. حوکمڕانیی ئایەتوڵڵاکان بە سەر خەڵکی ئێراندا لە ماوەی ٣٦ ساڵدا زۆرتر وەک دەسەڵاتی ئاغا و رەعییەتی بووە و ئەو دروشم و بەرنامە خەیاڵییانە کە لە سەرەتای شۆرشی ١٣٥٧دا لە لایەن دەسەڵاتدارانی ئەوکاتی کۆماری ئیسلامییهوه بەیان دەکران، زۆرتر لە تراویلکە دلە بیابانێکی بێئاودا ەچوون. حکوومەتی کۆماری ئیسلامی بە درێژایی ٤ ساڵی رابردوو باشترین پلەیەک کە لە دەسەڵاتداریدا بەدەستی هێناوە، پلەی ١٢٠ بووە لە نێوان ١٤٢ وڵاتدا. ئەو پلەیە حکوومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ریزبەندیی وڵاتانی دیکتاتۆردا دادەنێ، لە وڵاتێکدا کە پلەی دووهەمی جیهانی لە ئیعدامدا هەیە و، خەڵک لەسەر بیرو باوەر ئیعدام دەکرێن، رێژەیەکی باشتر لەمە چاوهڕوان ناکرێ.
پەروەردە: ئێران لە ساڵی ٢٠١٥دا لەنێو ١٤٢ وڵاتی جیهان لە بواری پەروەردەدا پلەی ٦٥ی گرتوە، ئەوە لە حالێکدایە کە لە ساڵەکانی ٢٠١٤، ٢٠١٣ و ٢٠١٢دا ئێران پلەی ٥٧ی هەبووە، پەروردە و فێرکردن لە هەموو وڵاتانی جیهاندا بەرەو باشی هەنگاو دەنێ و ساڵ بە ساڵ شێوازی جۆراوجۆر دەهێنرێتە نێو سیستەمی خوێندنەوە. وڵاتان زیاتر پەرە بە ناوەندەکانی خوێندن و بەرنامەکانی فێرکاریی دەدەن، بەڵام لە ئێراندا ئەو بەشە لەبیر کراوە، هەربۆیە ساڵ بەساڵ لە دابەزیندا بووە.
لهشساغی: ئێران ساڵی ٢٠١٥ لەنێو ١٤٢ وڵاتی جیهان لە بواری تەندروستیدا پلەی ٦٧ی گرتوە، ئەوە لە حالێکدایە کە لە ساڵەکانی ٢٠١٤ و ٢٠١٣دا ئێران پلەی ٦٧ی هەبووە و بۆ ساڵی ٢٠١٢ پلەی ٦٦ی بۆخۆی تۆمار کردوە. ناعەداڵەتی لە بوارە جیاوازەکاندا لە ئێران بێداد دەکا. بواری لهشساغی لە ئێراندا بە پێی رێژەی حەشیمەت زۆر لە خوارێیە، بەتایبەتی ناوەندە لهشساغییەکانی حکوومەتی لە ئێران لە چەند ساڵی رابردوودا لەو پەری دواکەوتووییدا بوون، حکوومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران گرینگییەکی ئەوتۆ بە بواری لهشساغی بەشێوەی پێشکەوتوو نادا ، هەر ئەو گوێنەدانەشە کە رێژەی مردن و ڕادەی ژیان لە ئێراندا هێڵی سووری بەزاندوە.
ئاسایش: ئێران لە ساڵی ٢٠١٥ لەنێو ١٤٢ وڵاتی جیهان لە بواری ئاسایشدا پلەی ١٢٠ی گرتوە، ساڵی ٢٠١٤ش ئێران پلەی ١٢٦ی هەبووە و لە ساڵەکانی ٢٠١٣ و ٢٠١٢دا پلەی ١٢٣ و ١٢٥ی بۆخۆی تۆمار کردوە. لە بواری ئاسایش و پاراستنەوە ئێران لەوپەڕی خراپیدایە. لە ئێراندا رێژەی کاری خراپ و توندوتیژی رۆژ لەگەڵ رۆژ روو لە زیادبوونە، گەندەڵی و فەسادی ئیداری بنچینە و بناغەی هێزە ئەمنییەکانی ئێرانی کۆڵیوە، بە پێی ئامارەکان لە ساڵی رابردوودا نزیک بە ١ میلیۆن شەڕی سەر جادە لەلایەن خەڵکی ئیرانەوە لە دادگاکانی ئێراندا تۆمار کراون، بەشی هەرە زۆری شەڕەکانیش دەگەرێتەوە بۆ ئەوە کە نوێنەرانی قانوون و ئاسایش ئەرکی خۆیان بە باشی بە جێ نەگەیاندوە.
ئازادییە تاکەکەسییەکان: ئێران ساڵی ٢٠١٥ لەنێو ١٤٢ وڵاتی جیهان لە بواری ئازادییە تاکەکەسییەکاندا پلەی ١٣١ی گرتوە، ئەوە لە حالێکدایە کە لە ساڵی ٢٠١٤ ئێران پلەی ١٢٨ی هەبووە و لە ساڵەکانی ٢٠١٣ و ٢٠١٢ پلەی ١٢٦ و ١٢٥ی بۆخۆی تۆمار کردوە.
ئێران لە بواری ئازادییە تاکەکەسییەکاندا لە خراپترین وڵاتانی جیهان دێتە ئەژمار. ئێران لە سەرکوتی ئازادییە تاکەکەسییەکاندا دووهەم وڵاتە لە جیهاندا. ئێران لە ئاخرین بەراوەرددا تەنیا چەند پلە لە سەرەوەی سووریە و یەمەن و ئەفغانستانە. لە ئاخرین ریزبەندیی رێکخراوی رۆژنامەنووسانی بێسنووردا، ئێران لە کۆی ١٨٠ وڵاتی جیهان پلەی ١٧٣ی گرتوە کە ئەو رێژەیە لە خوار عێراق و سومالییە. ئیران گەورەترین زیندانی رۆژنامەنووسانە. لە چەند ساڵی رابردوودا بە دەیان ناوەندی چاپەمەنی و رۆژنامە داخراون. ئێستا لە ئیراندا ٥٠ رۆژنامەنووس لە زیندان دان.
ئاکام:
بە سهرنجدان بە کۆی ئەو خاڵانەی لەسەرەوە باسمان کردن، دەبینین کە کارنامەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەموو بوارەکاندا هێلی سووری تێپەڕاندوە، ئەمە بەمانای ئەوەیە کە حکوومەتی ئایەتوڵڵاکان لە لێواری شکستدایە، حکوومەتێک کە سەرەتا بە شوعاری عەداڵەت و خۆشگوزەرانی هات، بەڵام دەبینین دوای ٣٦ ساڵ نەک عەداڵەت و خۆشگوزەرانیی بەرهەم نەهاتووە، بەڵکوو بە پێچەوانە بەدبەختی و فەلاکەت تەواوی وڵاتی داگرتوە.
ماوە بڵێین کە دەسەڵاتدارانی ئێران هیچ گوێ نادەنە ئەو ڕاپۆرتانە کە لە ناوەندە جیهانییەکاندا لەسەر بارودۆخی ئهم وڵاته بڵاو دەبنەوە ، بەڵام بە پێچەوانەوە وڵاتان و ناوەندە ئابوورییەکانی جیهان گرینگییەکی تایبەت بەو راپۆرت و داتایانە دەدەن ،دیاره خەڵکی سڤیلی ئێران زەرەرمەندی سەرەکیی ئەو نێوەندەن.
لە ژماره ٦٧١ ی رۆژنامهی “کوردستان”دا بڵاو بۆتهوه