“کوردستان” بە بڵاوبوونەوەی ژمارەی نوێی خۆی مۆمی ٧٥ ساڵەی تەمەنی کوژاندەوە. ٢٠ی بەفرانباری ساڵی ١٣٢٤ـی هەتاوی، حیزبی دێموکراتی کوردستان، ئۆڕگانی زمانحاڵی خۆی بە ناوی “کوردستان” بڵاو کردەوە، ڕۆژنامەیەک کە پاش ماوەیەکی کەم شانازیی ئەوەی پێ بڕا ببێتە زمانحاڵی کۆمارە بەشکۆکەی کوردانیش. ٧٥ ساڵ لە دەرچوونی یەکەم ژمارەی کوردستان و یەکەم کۆماری کوردان تێدەپەڕی و، پاش ئەو سێ چارەگە سەدەیە، “کوردستان” هەر بەپێوە و بەڕێوەیە و، کوردانی ڕۆژهەڵاتیش بۆ چێکردنی کۆمارێکی دی، هەروا لە سەنگەری خەبات و تێکۆشاندان.
“کوردستان” لە ماوەی تەمەنی ٧٥ ساڵەیدا گەلێک قۆناغی مێژوویی بڕیوە و هەر بەپێی ئەو قۆناغانەش، مێژووەکەی بەسەر چەند دەورەی دەرچوون دابەش دەبێ، کە “کوردستان”ی ئەم دەورەیە کە بە دەورەی سێهەم دەناسرێ و لەگەڵ بنیاتنانەوە و ڕێکخستنەوەی حیزبی دێموکراتی کوردستان پاش قۆناغێکی چەندساڵەی ڕکوود دەست پێ دەکا، لە مانگی داهاتوو (ڕێبەندان)ـدا نیوسەدە تێکۆشان و وەشانی بەردەوامی خۆی تەواو دەکا.
پێشەوا قازی محەممەد لە نوتقە مێژووییەکەی ٢ی ڕێبەنداندا بە بایەخەوە باس لە گرینگیی بڕیاری دەرکردنی ڕۆژنامەی “کوردستان” و بڵاوکراوەکانی دیکە لەلایەن حیزبی دێموکراتەوە دەکا و دەفەرموێ: “بۆ ناساندنی لیاقەتی میللی و، وەدەرخستنی حەیاتی ئەدەبی و فەرهەنگیی کورد و بۆ ڕاگەیاندنی هاواری خۆمان بە گوێی دنیای بەشەرییەت و عەداڵەت موحتاجی وەسیلەی چاپ و بڵاو کردنەوە بووین، چاپخانەی زۆر چاک تەئسیس کرا و دامەزرا، لە شاری خۆمان گۆڤار و ڕۆژنامە دەردەچێ و بیر و فکر و داخوازیی ئێمە لە دنیادا بڵاو دەکاتەوە.” پێشەوای نەمر دواتریش ئەرکی گرینگی زمانحاڵی کۆمار و ڕاگەیاندنی بڕیار و پەسندکراوەکانی حیزبی دێموکرات و کۆماری کوردستان هەر بە “کوردستان” دەسپێرێ.
“کوردستان” هەر لە بەردی بناغەوە چەند ئەرک و ئامانجێکی بۆ خۆی دەستنیشان کرد، وەک بردنەسەرێی ئاستی وشیاریی کۆمەڵ، خزمەت بە زمان و ئەدەبی کوردی، بەگژداچوونەوەی سیاسەتی دوژمنانی نەتەوەی کورد و بەرگری لە هەوێتیی ئەم نەتەوەیە و… . بەڕێوەبەرانی “کوردستان” چ ئەو کاتەی ڕۆژنامە –بۆ ماوەیەکی کەمی چەند ساڵە- لە نێوخۆی وڵات دەرچووە، یان هەموو ئەو دەیانساڵەی لە تەبعیددا بەردوام بووە، ئەو سەنگەرەیان بەر نەداوە و “کوردستان” بە بەردەوامی تریبوونی زمانی مافویستی و چەکی شوناسخوازیی کورد بووە. بەرجەستەکردنی بایەخمەندیی شۆڕشگێڕی و خەباتکاری، مافی دیاریکردنی چارەنووس، پرسە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگە، ژینگە، مافی مرۆڤ و مافە مەدەنی و سیاسییەکان، بایەخدان بە پرسی ژن، بیروڕای ئازاد، نالێکییەکانی کۆمەڵ، لەقاودانی کاروکردەوە و سیاسەتەکانی حکوومەتی ناوەندی و زۆر مژار و تەوەری دی، بە ڕەچاو كردنی زمانی خاوێنی مێدیایی و بنەما ئەخلاقییەكانی ڕۆژنامەنووسی؛ بەشی جەوهەریی ڕەسالەت و ئامانجی “کوردستان” پێک دێنن.
چارەنووسی “کوردستان” لە هەموو ماوەی تەمەنیدا بەشێک بووە لە چارەنووسی حیزبی دێموکراتی کوردستان کە زمانحاڵی ئەم حیزبە بووە. کاتێک ئەم حیزبە لە نێوخۆی وڵات حوکمی بەدەستە و کۆمار بەڕێوە دەبا، “کوردستان” بە ئیمکاناتی حکوومەت و بە ڕێکوپێکی و بە تایبەتمەندیی ڕۆژنامەیەک کە وەڵامدەری حەوجێیەکانی کۆمەڵە بڵاو دەبێتەوە. کاتێکیش حیزبەکەی لە مەتەرێزی شەڕی چەکداری و بەرگری لە مانی گەلەکەیدایە، دەبێتە چەک و دەنگی پێشمەرگە. کە حیزبەکەی تێکۆشانی ئاشکرای بووە، بە ئاشکرا دەرچووە و بڵاو بۆتەوە، ئەگەریش حیزب لە خەباتی سەختی پارتیزانیدا بووبێ، لە چیا و ئەشکەوت و بن گاشەبەردەکانەوە گەیوەتەوە شار و دەستی خوێنەرانی. بێتوو چالاکی و تێکۆشانی حیزبی دێموکرات لەکزیی دابێ، ئەم لاوازییە لە ڕۆژنامەشدا ڕەنگی داوەتەوە و هەرکاتێکیش هەلومەرج لە بەرژەوەندیی حیزبدا چووبێتە پێش، ئەوا “کوردستان” سوودی لە بارودۆخەکە وەرگرتووە و گەشەونەشەی پێوە دیارە.
“کوردستان” لە کاتی داسەپانی سیاسەتی سانسۆڕی دوو حکوومەتی پاشایەتی و کۆماری ئیسلامی و پیلانە نەرمەکانی ئەم دوو ڕێژیمە بۆ دروستکردنی قەیرانی شوناس و تواندنەوەی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە نەتەوەی باڵادەستدا، قەڵای خۆڕاگری پارێزگاری لە هەوێتی و شوناس و زمانی کوردی بووە. خزمەتەکانی “کوردستان” بە پرسی زمانی کوردی و ڕەسەنایەتیی ئەم کۆڵەکە گرینگە لە هەیکەلی کوردایەتی ئەوەندە گرینگ و بەرچاو بووە کە نوخبە و کەسایەتییەکانی کورد لە بەشەکانی دیکەی کوردستانیش وێڕای داننان بە فێربوون لە “کوردستان”، بایەخێکی زۆری بۆ دادەنێن.
نووسەران و کارگێڕانی “کوردستان” دەرچووی زانکۆی ڕاگەیاندن نین و وانەی ڕۆژنامەنووسییان لە هیچ پەیمانگەیەک نەخوێندووە. ئەوان پێشمەرگەی میدیاکار و کادری دەزگای تەبلیغیی حیزبەکەیانن و بە بڕینی قۆناغی جۆراوجۆر، ئەزموون و توێشووی بڕینی ئەم ڕێبازەیان لە هەگبەی خۆیاندا جێ کردۆتەوە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا چونکی هەڵگری ڕەسالەتی خەباتی نەتەوەیی و ئامانجی ڕزگاریخوازانە و شوناسویستیی خەڵک و حیزبەکەیانن، بە ڕووسووری و سەربەرزییەوە لەو سەنگەرەدا بەردەوامن. ڕەنگبێ نهێنیی خۆشەویستیی “کوردستان” لەنێو دڵی خەڵکی کوردستان و خوێنەرانیدا هەر بۆ ئەو تایبەتمەندییە بگەڕێتەوە کە ڕۆژنامە خۆشەویستەکەیان سەرەڕای کەندولەند و کۆسپ و تەگەرەی یەکجار زۆری سەر ڕێی خەبات و تێکۆشانی نەتەوەیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەڵام کۆڵی نەداوە و بەچۆکدا نەهاتووە.
“کوردستان” سەرەڕای مێژووی شکۆمەند و پڕ هەوراز و نشێوی و، سەرەڕای ئەوەش کە کۆنترین و بەئەزموونترین بڵاوکراوەی سیاسیی بەردەوام لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، بەڵام بێبەری لە ڕەخنە و کەموکوڕییش نەبووە و نییە. بەتایبەت لە ئێستادا کە سێ چارەگە سەدە تەمەن وەک ڕابردوویەک بەجێ دیڵێ و، دەبێ چاوی لە داهاتوو بێ. تایبەتتر ئەوە کە هەم لە دنیای ڕاگەیاندنی نوێ و ئامرازەکانی نوێ و مۆدیڕنی مێدیاییدا دەبێ ستاتوی خۆی بپارێزێ و بەڕۆژ بێت و جێ نەمێنێ؛ هەم لە مەیدانی ئەسڵیی خەبات و تێکۆشانی خۆی لەگەڵ دەزگای تەبلیغیی دژمنەکەی – کۆماری ئیسلامی بەو هەموو ئیمکانات و دەستڕۆیشتووییەی هەیەتی- پێویستە سوارچاک بێ و ڕۆڵی خۆی بگێڕێ.
لەگەڵ کوژانەوەی مۆمی ٧٥ ساڵەی “کوردستان”دا، سڵاو دەنێرین بۆ دامەزرێنەرانی “کوردستان”ەکەمان و هەموو شەهیدانی قەڵەم لە سەنگەری ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکرات و هەموو ئەو پێشمەرگە خاوەنخامانەی تەمەنیان بەدیار “کوردستان”ەوە بەڕێ کرد، بەڵام لە پشتی و لەگەڵی مانەوە.