“وەنداڵ”(Vandal) ناوی قەومێک لە ڕەگەزی “جێرمەن-سڵاو” بوون کە لە سەدەی ٥ی زایین لە ئورووپا دەژیان، ئەوان هێرشیان کردبا هەر شوێنیک هەرچی دەستیان کەوتبا وێرانیان دەکرد و دەیانشێواند، بەتایبەت دژی هەموو شوێنەوار و زانست و هونەر و کەسایەتییە جێ ڕێزەکان بوون. ئەگەرچی ئەو قەومە سەدان ساڵە تۆوی نەماوە بەڵام زاراوەی “وەندالیزم” وەک دیاردەیەکی دزێو هاتۆتە نێو وێژمانی کۆمەڵایەتیی هەموو جیهان. دەروونناسەکان پێیانوایە وەنداڵیزم دژکردەوەیەکی مەبەستدار، دوژمنکارانە و هەڵوێستێکی قین لەدڵانەیە لە بەرامبەر دۆڕان و شکان و ئەو گوشارانەی کە کەس یان کەسەکان (حکومەت) لە بەرامبەر ئەوەی بۆخۆیان بە دژبەر پێناسەی دەکەن.
کەسێک کە لەسەر شوێنەوارێکی مێژوویی ناوی خۆی و ڕێکەوتێک دەنووسێ، یان لە سۆشیال میدیا هێرش دەکاتە سەر کەسایەتییەکان و بە نەشیاوی ناویان دەبا و هێمای سامانە نەتەوەییەکان بریندار دەکا، یان وێنە و کۆتەڵ و گۆڕیان دەشیوێنێ و بێڕێزییان پێ دەکا بە دڵنیاییەوە نەخۆشە، ئەگەرچی ڕەنگبێ لەو نەخۆشییەدا سووچباریش نەبێ. چوونکە دەرەتانی کۆمەڵگە و دۆخی گشتی هیچ کات ئەو ئیزنەی پێ نەداوە کە ئەوکەسە کوڵی دڵی خۆی هەڵڕێژێ، خۆی بنوێنێ و پێشان بدا، هەربۆیە هێرش دەکاتە سەر ئەو شوێنەوارانە و بە بەهای شێواندنی ئاسەوارێکی کولتووری یان مێژوویی بێڕێزی بە کەسایەتییەکی خۆی دەکا و بەم جۆرە خۆی دەردەخا.
لە هەموو لایەنەکانی ئەو دیاردەیەدا، “وەندالیزمی کولتووری” لەلایەن حکومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە زیاتر کاری پێ دەکرێ، هەڵبەت لەم مۆدێلەدا تەنیا شێواندنی ئاسەواری مێژوویی و کاری لەم چەشنە نییە بەڵکوو لەخۆنامۆیی بوون و خۆشخزمەتیکردن بە دوژمن بە دژی نەتەوە و شوناسی گەل دەکەوێتە خانەی وەنداڵیزمی کولتووری. هێرشبردنە سەر ئێلێمان و هێما نەتەوەییەکان، بێڕێزی بە کەسایەتییە سیاسی، ئەدەبی، مێژوویی، زمانی و…. بە ڕوانگەی کۆمەڵناسییەوە جۆرێک نەخۆشیی کۆمەڵایەتییە کە حکوومەتەکان بەستێنیان بۆ خۆش دەکەن و پەرەیان پێ دەدەن.
دۆخ و ژینگەی سیاسی-کۆمەڵایەتیی تاک لە شەقڵ گرتنی کەسایەتیی وەنداڵیزمەکان ڕۆڵێکی کاریگەری هەیە کە ڕەگی لەنێو سیستەمی حکومەت و بنەماڵەدا هەیە. وەنداڵیزم بە زۆری لەو حکوومەت و بنەماڵانە وەک دیاردەیەکیان لێ دێ و هەڵدەتۆقن کە بەرپرسە یەکەمەکان (لە بنەماڵەدا دایکوباوک و لە حکوومەتدا سەرۆکی وڵات) سەرلێشێواو، نادڵنیا بۆ بایەخە کۆمەڵایەتییەکان و بە ڕوانگەیەکی دوور لە فەلسەفەی کۆمەڵایەتی پەروەردە دەبن و بەردەوام هەست بە کڵۆڵی، داماوی، ترس و پیلان دەکەن، بە شێوەیەکی پڕ لە توندوتیژی لە بەرامبەر دیتران دەوەستن و بە هەوڵدان بۆ ئاژاوە و فیتنە و خۆڕانان گێرەشێوێنی دەکەن. لەم بەینەدا حکومەتەکان زۆرتر لە جۆری وەنداڵیزمی کولتووریی ڕێکخراو کەڵک وەردەگرن. لە سیستەمی سیاسیی ئێران نموونەی هەرە بەرچاوی ئەم دیاردەیە لەهەمبەر پرسی کورد لە هێرش بۆ سەر زمان، کولتوور، مێژوو، جوغرافیا و کەسایەتییەکان کەڵک وەرگیراوە.
وەک چۆن دەبینین لە سەردەمی دەسەڵاتداریی پەهلەویدا بە قەڵەمی کەسانی وەک ڕەشید یاسەمی و لەسەردەی ڕێژیمی ئیسلامییشدا شەفیعی کەدکەنی زمانی کوردی وەک دەستەخوشک و زاراوەی “گەڕەک” (محلی) ناو دێنن و هەوێتیی کورد بە مێژووی پڕ لە قۆپی و تەزویری و چەواشەکراوی خۆیان دەبەستنەوە. یان کاتێک هونەرمەندی ڕەسەنی کورد، نەمر حەسەن زیرەک دەگەڵ گۆرانیبێژۆکەیەکی سەبکی پاپی تارانی پێک دەگرن و کێبڕکێی لەسەر دادەنێن! یان کەسانێک فێر دەکەن کە بەردەنووسی کانی ئەژدیها (عەینەڕۆم) و ستێلی ماوانێ (تەڕگەوەڕ) و… بشێوێنن یان بێڕێزی بە زمان، کولتوور و جلوبەرگی کوردی بکەن، ئێستاش لە نوێترین کردەوەی نەشیاویان گۆڕی نەمر محەممەدی ماملێ بە سپرای ڕەش دەکەن و وێنەی تابڵۆی مەولەوی کورد لە سەقز دەشکێنن و لەسەر دەنگوڕەنگی میللی! سووکایەتی بە فەرەنجی و جلوبەرگی کوردی دەکەن.
ئێمیل دوورکیم یەکەم بیرمەند بوو کە چەمکی”ئانۆمی”(Anomie) و ئاکارچەوتیی لە کۆمەڵگەدا هێنایە سەر زاران کە دواتر کەسانی وەک “مێرتێن” پەرەیان پێ دا. ناوبراو بەشێوەیەکی گشتی باس لە پرسە بێ یاساییەکانی نێو کۆمەڵگە و یەکێک لەوان وەنداڵیزم دەکا. دورکیم ئانۆمی و کردەوەی بێسەرەوبەرەی بەشێک لە کۆمەڵگە کە فێر دەکرێن لە دوو ئاستی “تاک” و “کۆمەڵایەتی”دا پێناسە دەکا. لە ئاستی تاک، جۆرێک ئاڵۆزی و ناتەکووزیی تاکی کە بۆ پووچی، دۆڕان و شکانی مرۆڤ دەگەڕێتەوە وەک هۆکار لەقەڵەم دەدا و لە ئانۆمیی ئاستی کۆمەڵگەشدا نێشاندەری جۆرێک شپڕێوی، شێواوی لە نیزامی بەکۆمەڵ دەناسێ کە لەوێدا هەستی تاک بە سەرنجدان بە سیستەمی کۆمەڵایەتی هەڵدەسەنگێندرێ. بۆیە ئەو جۆرە هەڵسوکەوتانە ئاکامی ڕاستەخۆی پەروەردەی دامەزراوە حکومەتییەکانن کە بە هۆکاری ئابووری کۆمەڵایەتی و لەلایەکی دیکەشەوە لەخۆنامۆیی و نائاگایی بەشێک لە بنەماڵەکان بەسەر کۆمەڵگەدا سەپاوە.
کاتێک باس لە “ئێمە” و “کۆمەڵگە” دەکرێ پرسی “هەوێتی” (شوناس، پێناسە) دێتە گۆڕ. سنووری نێوان “ئێمە” و “دیتران” بە هێڵی هەوێتی خۆیا دەبێ. توێژینەوەی شوناسی نەتەوەیی یەکێک لەو مژارانەیە کە گرنگیی دیرۆکی و کۆمەڵناسانەی هەیە. گرنگی دیرۆکی بەو ئاقارەدایە کە، ئەم دیاردەیە لەئاکام تێپەڕینی زەمەن لەنێو کۆمەڵگەدا شەقڵی گرتووە و لە یاریی نێوان ڕووداوەکان و ئاڵۆگۆڕە مێژووییەکاندا گووراوە. هەر شوناسێک کە ئەمڕۆ لە کۆمەڵگە و لەنێوان گروپە کۆمەڵایەتییەکاندا وێنا دەبێ لە ڕەوتە مێژووییەکانی سەردەمە جۆراوجۆرەکان وەرگیراوە. لە ڕوانگەی کۆمەڵناسییەوە شوناسی نەتەوەیی بۆیە بایەخ و گرنگایەتیی هەیە کە یەکێک لە هۆکارە هەرە بەرچاوەکانی بایەخدان بە سامانە نەتەوایەتییەکان، یەکیەتیی کۆمەڵگە و یەکگرتوویی نەتەوەیی لە هەر کۆمەڵگەیەک پێناسە دەکرێ. هەر نەتەوەیەک بەو ڕادەیە لە شوناسێکی پتەو و ڕاوەستاوتر گەیشتبن بەو ڕادەیە یەکیەتی و کۆڵەکەکانی یەکگرتوویی و هاوپەیمانی کۆمەڵایەتییان سەرکەوتووتر دەبێ.
درێژبوونەوەی داگیرکاریی کوردستان و سیاسەتە جۆراوجۆرەکانی ڕێژیمە دیکتاتۆرەکان بەتایبەت لە ئێرانی ئیسلامی بەرەو ڕووی چاند و وێژە و زمانی کوردان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە یەکێک لە باسە سەرەکییەکانی بەستێنی ئابووری، سیاسی و فەرهەنگی دێتە ئەژمار و پشکی سەرەکی لە گرفت و کێشەی ئەم بابەتانە بۆ لایەنی هەوێتی دەگەڕێتەوە. “هویت” وشەیەکی عارەبییە، ئەم وشەیە لە “هو” بەمانای “ئەو” کە جێناوی نادیاری تاکی نێرینەیە وەرگیراوە. هەوێتی پرۆسەیەکی وڵامدەری ئاگاهانەی هەموو تاکێکە بە کۆمەڵێک پرسیار لەهەمەبەر ڕابردووی خود (کیم ئەز؟ لەکوێڕا هاتووم؟ سەربە چ تایفە، قەوم و نەتەوەیەکم؟ سەرچاوە و ڕەسەنایەتیم بۆ کەی دەگەڕێتەوە؟ لە ژیار وشارستانییەتی جیهانیدا چ دەورێکم هەیە؟…)
کەسانێک کە خۆیان ناناسن نازانن کێن، باوەڕیان بە خۆیان نییە و بایەخ بۆ بەهاکانی نەتەوەیی دانانێن، تووشی “قەیرانی هەوێتی” دەبن. ئەو کەسانە چوونکە لە خۆیان نامۆن ناتوانن بڕیارێک بدەن، ئەوان لە ترس و دڵەکوتەدا دەژین. زۆرێک لەو کەسانە ئەگە دەرمان نەکرێن بەرەو خەمۆکی و وەنداڵیزمێکی تۆخ هەڵدەدێرێن. ئەو جۆرە مرۆڤانە ورەی داڕووخاو و کەسایەتییەکەی لەرزۆکیان هەیە، هەستی پشت بەخۆبەستنیان نییە و هێزی لێکدانەوە و هەڵسەنگاندنیان نامێنێ و لەو کەشەدایە کە دامەزراوە هەلپەرەستەکانی حکومەتی بەرەو ئاراستەی تێکدان و وێران کردن لەسەر بناخەی فرۆشتنی ئاوەز و جەستەی خۆیان، کەڵکی نابەجێیان لێ وەردەگرن.
فەرهەنگ (کولتوور) هۆکاری سەرەکی بۆ چێکردنی شوناسی تاکی و کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگە و بە سەرینچاوەی ڕێوشوێنی گونجاو و سامانە مادی و مەعنوییەکانی یەک نەتەوە لە ڕەوتی گەشەی مێژوویی دێتە ئەژمار. دوژمن بە ناسین و کارکردی فەرهەنگ و بە کەڵکوەرگرتن لە کەرەسەی جۆراوجۆر و نوێی پێوەندییەکان هەروەها بە توێژینەوە و ناسینی کۆمەڵناسیی کۆمەڵگە بە ڕوانینی ئایدۆلۆژی، بۆ بریندار کردنی هەستی پاقژ و ڕاوەستاویان لە ڕەگ و ڕەچەڵەکی ئەو گەلە دەدا.
هەوێتی نەتەوەیی یەکێک لە جۆرەکانی ناسینی شوناسە. شوناسی نەتەوەیی چۆنیەتیی وڵامدانەوەی نەتەوەیەک بەو پرسیارانەی دەوروپشتی، ڕابردوو، چەندایەتی، زەمەن، ئاخێزی سەرەکی، بواری ژیار و شارستانییەت، پێگەی سیاسی، ئابووری، کولتووری و مێژووی خۆیەتی. بەجۆرێکی دیکە گشتگیرترین هەوێتیی کۆمەڵ لای خەڵک، بە شوناسی نەتەوەیی پێناسە دەکرێ و جۆرێک هەستی دەرۆستی و پێبەندی، هاودڵی بە کۆمەڵەی گشتی (نەتەوەیی)ییە و بەشێک لە شوناسی تاکە.
ئەگە شوناسی نەتەوەیی بە جۆرێک ناسیونالیزم دابنێین، پێناسەکەی دەبێتە ئەوە کە، هەبوونی هەستێکی هاوبەش یان ویژدان و وشیاریی بەکۆمەڵ لەنێو بەشێک لە مرۆڤەکان کە یەکەیەکی سیاسی یان نەتەوە پێک دەهێنن. ئەمە ویژدانی بەکۆمەڵە کە لەناخی تاکەکانی نێو کۆمەڵگە و لەنێوان ئەوان و ڕابردووەکان پێوەندی و هاوبەشی درووست دەکا و پێوەندی و ئامانجەکانیان لە یەکتر نزیک دەکاتەوە. خاوەنڕایانی وەک “مۆنتێسکیۆ” و “کۆنت” چەمکگەلی وەک “هێزی سەروو”، “یەکیەتی و یەکگرتوویی”، “هەستی سۆزداری” و “خاڵی هاوبەش” بۆ مانای هەوێتی نەتەوەیی بەکار هێناوە بەجۆرێک کە مۆنتێسکیۆ بە ئاماژەدان بە “ڕوحی گشتی” پێیوایە کە سیستەمێکی کۆمەڵایەتی قەت ناتوانێ پایەداربێ هەتا ئەوکاتەی هەستی سۆزدارانەی لەنێو کۆمەڵانی خەڵکدا پەنگ نەداتەوە.
هەوێتیی نەتەوەیی لایەنی جۆربەجۆری وەک کۆمەڵایەتی، مێژوویی، جوغرافیایی، سیاسی، ئۆلی، کولتووری یان میراتی کولتووری و زمانی و وێژەیی هەیە و لە ڕاستیدا ئەمانە لایەنی پێوەندیدەر و بیچمگرتنی شوناسی نەتەوەیی و بە شەقڵگرتنی هاوبەشییەکانی یەک نەتەوە دادەنرێ.
لێرەدا دوو خاڵی، نەخۆشیی وەنداڵیزم و هەوێتی (شوناس-نەتەوەیی) زیاتر باسیان کراوە و مەبەست لێیان ئەوەیە کە، ئەگە تاکێکی کۆمەڵگەی کوردی لە ڕۆژهەڵات خۆی بناسێ (خاوەن شوناسی نەتەوەیی بێ) بەهیچ شێوەیەک تووشی نەخۆشیی وەنداڵیزم نابێ و هیچکات هێرش ناکاتە سەر بەها نەتەوەییەکان و سامانە پڕبایەخەکانی کەسایەتی و شوێنەوارەکان.
خاڵی دووهەم کە دەکرێ سەرنجی زیاتری بدرێتە، سیاسەتە جۆراوجۆر و پڕ لە فرتوفێڵەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییە کە لەماوەی ئەو چەند دەیەدا چەندین جار لەو مۆدێلە و بۆ مەبەستی جۆراوجۆر کەڵکیان وەرگرتووە. ئەمجارەیان کاتێک ناوەندە ئیتلاعاتییەکان بەتەما بوون کۆمەڵێکی دی چالاکانی مەدەنیی کورد ڕەشبگیر بکەن و ترسی ئەوەیان هەبوو کە لەوانەیە خەڵک یان کۆمەڵگەی مەدەنی هەڵوێستی هەبێ هەربۆیە بەو دوو کارە (ڕەش کردنی گۆڕی نەمران ماملێ و شکاندنی شووشەی وێنەی مەولەوی شاعیر) ویستی فکری کۆمەڵگەی چالاکی مەدەنی و ڕاگەیاندنەکان بەلاڕێدا بەری و وزەی نووستوویان بە خاوێنکردنەوەی ئەو دوو شێواندنکارییە بسووتێنێ، لەو کارەشیدا سەرکەوت.*
* (هەتا ئێستا ٢٥ی بەفرانبار ٣٢ کەس لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعات لە چەند شاری ڕۆژهەڵات دەسبەسەر کران، بێ ئەوەیکە هیچ کەس بتوانێ هەڵوێستێکی هەبێ.)