ئێران یەکێک لە وڵاتانی سەرەکی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستە و لە بواری ستراتیژیکی، سەرچاوە سروشتییەکان، پانتایی، ژئۆپۆلۆتیک و… جێگە و پێگەی تایبەتیی هەیە، هەر بەم هۆیانە بوو کە ساڵی ١٣٤٨ هەتاوی لە لایەن نیکسۆن سەرکۆماری ئەوکاتی ئەمریکاوە وێڕای عەڕەبستان وەک ژاندارمی ناوچە دیاری کرا. پاش شۆڕشی ئێران لە ساڵ ١٣٥٧ و هاتنە سەر کاری کۆماری ئیسلامی و دروستبوونی گرژی لە نێوان ڕێژیمی ئێران و ئەمریکا و هەروەها ئاڵۆزیی پێوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی ناوچە لە سۆنگەی سیاسەتی “هەناردە کردنی شۆڕش” بۆ دەرەوە و دروستبوونی شەڕی هەشت ساڵەی ئێران و عێراق؛ ململانێ و بشێوییەکان لە ناوچە پەرەی سەند.
پاش چوار دەیە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە ئێستادا بە بوونی میلیشیا جۆراوجۆرەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران و دەستێوەردانی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی کۆماری ئیسلامی لە کاروباری نێوخۆیی وڵاتانی ناوچەدا کە پاڵنەری برەودانی شیعەگەریی لە پشتە؛ ئەوەندەی دیکەش ئاڵۆزی و بشێوی ناوچەی تەنیوە.
دروستکردنی ئەو واقعە لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەیان میلیارد دۆلاری تێچووە تا ئەو ڕادەیەی کە کاربەدەستانی ڕێژیم حاشای لێ ناکەن. ماوەیەک لەوە پێش بوو “محەممەد ڕەزا نەقدی”، یەکێک لە فەرماندە باڵاکانی سوپای پاسداران دانی بەوە دانا کە لە سێ ساڵی ڕابردوودا ١٧ میلیارد دۆلاریان خەرجی میلیشیاکانی سەر بە خۆیان لە ناوچە کردووە. ئیدیعای ئەوەش دەکەن کە ئێران توانیویەتی دەستی بە “قووڵایی ستراتیژی”ی ناوچە ڕابگا. ڕێژیم ئیدیعا دەکا هۆکاری ئەمنییەت و سەقامگیرییە لە ناوچەدا، بەڵام نە وڵاتانی ناوچە، نە وڵاتانی زلهێزی و خاوەنبڕیار لە هاوکێشە جیهانییەکان ڕای پێچەوانەیان هەیە.
سیاسەت و ڕەفتاری کۆماری ئیسلامی و ئامانجی بنەڕەتیی لە دەستێوەردانەکانی لە ناوچەدا دروستکردن و بەهێزکردنی هیلالی شیعی و سەپاندنی هێژمۆنیی خۆی بەسەر ناوچەدایە، واتە ژاندارمێکی دی و بۆ مەبەستێکی دی. سیاسەتێک کە ناڕەزایەتی و کاردانەوەی زۆری لە وڵاتانی ناوچەدا لێ کەوتۆتەوە و ئەو دژکردەوانە بە سیاسەتی شەڕەنگێزیی کۆماری ئیسلامی لە لوبنانەوە هەتا عێڕاق و یەمەنەوە دیار و بەرچاوە. وەک بینیمان لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی ساڵ ڕابردوو لە عێراقدا خەڵک بە سووتاندنی وێنەی خامنەیی و هێنانەخوارێی ئاڵای کۆماری ئیسلامی ئەوپەڕی بێزاریی خۆیان لە ڕێژیم و سیاسەتەکانی دەربڕی.
وڵاتانی ناوچە بۆ بەرپەرچدانەوەی کۆماری ئیسلامی وێڕای کێبرکێی کڕینی چەکوچۆڵ کەوتوونەتە دروست کردنی “پشتێندی ئەمنییەتی” بە دژی ڕێژیم و بینیمان لە ساڵی ڕابردوودا دوو وڵاتی عەڕەبیی ناوچە -ئیماڕات و بەحرین- پێوەندیی خۆیان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی کردەوە. هەر ئەو هەوڵە بوو بەهۆی ئەوە کە کۆماری ئیسلامی ترسی لە دڵ بنیشێ و تەنانەت کاردانەوەی توندیشی هەبێ. ڕێککەوتن و ئاساییکردنەوەی پێوەندییەک کە لە ڕوانگەی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامییەوە بە خەیانەتێکی گەورە بە ئیسلام لە قەڵەم درا! بەڵام خیانەتی گەورە ئەوەیە کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بە خەڵکی هەژاری خۆی ڕەوا دەبینێ و بەشی هەرە زۆری سامان و داهاتی وڵات بۆ پڕۆژە ئیدۆلۆژیک و سەربازییەکانی خەرج دەکات، ئەوە بوو کە لە ناڕەزایەتییەکانی چەند ساڵی ڕابردوودا خەڵک بەئاشکرا بە بەرزکردنەوەی دروشمی توند، ناڕەزایەتی و تووڕەیی خۆیان لە دەستتێوەردانەکانی ڕێژیم لە ناوچە و بەفیڕودانی سامان و دارایی خەڵکی وڵات بۆ مەرامە سیاسییەکانی ڕێژیم دەربڕی. بەڵام سەرباقی ئەوە وێناچێ ڕێژیم بیەوێ واز لەو سیاسەتەی بێنێ. وەک چۆن بینیمان مەجلیسی ڕێژیم لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا گەڵاڵەیەکیان پەسند کرد و وێڕای بڕیاردان لەسەر بەرزکردنەوەی بودجەی سپای قودس –وەک باڵی نیزامیی ڕێژیم بۆ سیاسەتی ناوچەیی- دەوڵەتیان ئەرکدار کردووە تا ساڵی ١٤٢٠ هەتاوی پلانەکانی بۆ لەنێوبردنی ئیسرائیل جێبەجێ بکا. ئەمە جیا لە وەهم و خەیاڵ دەربڕی بەردەوامی و پێداگریی ڕێژیمە لەسەر سیاسەتەکانی “هەناردەی شۆڕش” و چێ کردنی “هیلالی شیعی”.
ئەم سیاسەتەی کۆماری ئیسلامی کێشە و ئارێشەی زۆری هەم بۆ خەڵكی وڵات و هەم بۆ وڵاتانی ناوچە و هەم بۆ بەرژەوەندیی وڵاتانی زلهێز دروست کردووە، سیاسەتێک کە نە سەرکەوتنی تێدا وەدەست هێناوە و نە ئامادەشە وازی لێ بێنێ. سیاسەتێک کە گرێدراوی باوەڕی ڕێژیمێکە و تەنیا بە تێچوون و نەمانی ئەم ڕێژیمەیە دەکرێ خەڵکی ئێران و ناوچە لە زیان و مەترسییەکانی پارێزراو بن.