به‌شێك له بیرمه‌ندان له‌سه‌ر ئه‌و بڕوایه‌ن بۆ درێژه‌دان به دۆخی ئێستا، پێویسته به گشتی دابڕانێك له ڕابردوو له پێشدا مسۆگه‌ر بكرێ، ئینجا به‌ردی بناخه‌ی كۆمه‌ڵگەیه‌كی نوێ دابمه‌زرێ كه مرۆڤێكی نوێی تێدا به‌رهه‌م بێ. مرۆڤێك كه پێی له‌سه‌ر عه‌رزی ئێستا گیر بێ و فڕی به ڕابردووه نه‌مێنێ. تاقمێكیش بڕوایان به لێكگرێدراوی هه‌یه و ئێستا له ڕابردوو ناتهكێنن. به‌ڵكوو هێندێ جومگه‌ی ڕابردوو به ئێستاوه ده‌لكێنن و له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و میراته‌ی له‌وه پێش پێیان بڕاوه كۆمه‌ڵگەیه‌كی نوێ به شوناسێكی مێژووییه‌وه داده‌مه‌زرێنن. واتە ئەزموونێک لە دابڕان دەدوێ و پێی لەسەر دادەگرێ و ئەزموونێک بەردەوامیی دەکاتە ڕێگای و بەسەریدا هەنگاو دەنێ.
ئه‌وه‌ی كه كام یه‌ك له‌و ئاراستانه دروستە و كامیان به ڕێی هه‌ڵه‌دا ڕۆیشتوون، به‌پێی پاشخانی بیری خوێنه‌ر و بابه‌تی به‌رباسی ئەو بەردەنگەی خەریکی شیکارییە، قسه و بۆچوونی جودا هه‌ڵده‌گرێ و ئاكامێكی دیار و تاقانه ناتوانین بۆ باسه‌كه ده‌سته‌بژێر كه‌ین.
هه‌ندێ كۆمه‌ڵگە پێویسته له ڕابردووی خۆیان دابماڵدرێن و كۆی نیشانه‌كانی پێشوو له كاتی ئێستایان بسڕنه‌وه. چون ئه‌و كۆمه‌ڵگەیانه پێویستیان به پاكبوونه‌وه لە ڕابردوویه‌ك هه‌یه كه بۆ مرۆڤی ئێستا نه ته‌نیا له‌بار و بەبههره و به‌رهه‌م نییه، به‌ڵكوو زیانبار و مه‌ترسیداره. بۆ وێنه ئه‌وه‌ی پاش حوزووری بیری نازیسم له ئاڵمان ڕووی دا، په‌ره‌سەندنی بیرێك بوو كه ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵاتی به ده‌سته‌وه گرت و به‌شێكی مێژووی ئه‌و وڵاته‌ی پێك هێنا. به‌ڵام ئاڵمانی دوای شه‌ڕی عاله‌مگیری دووه‌م، پێوێست بوو له‌و ڕابردووه پڕ له خوێن و قین و كوشتاره خۆی لادا و حاشاش له بیرێك بكا كه سڕینه‌وه‌ی خه‌ڵك و ئایینی دیكه‌ی له به‌رنامه‌دا بوو. ته‌نانه‌ت وای لێ هات ئەو سیستەمە نوێیەی لەوێ هاتە سەر تەختی بەڕێوەبەرایەتیی سیاسی و کۆمەڵایەتی، خولیای گه‌ڕانه‌وه بۆ دۆخێكی واش به تاوان بزانێ بۆوه‌ی مرۆڤی نوێ و شوناسێكی نوێ له ئاڵمان به دونیا بناسێنێ. ئه‌وه دابڕانێكه كه پێویسته و زهروورهتهكهشی حاشا هه‌ڵنه‌گره.
بۆ به‌شی دووه‌می باسه‌كه پێویستە بیر لە سیمایەکی دیکەی سیاسەت بکەینەوە. واتە پێویستە لە پێشدا بڵێین ئه‌ی كام ڕابردوویه که ده‌كرێ درێژه و دهوامەی هه‌ندێك له بیر و پێكهاته‌كانیشی له ئێستادا ببینینه‌وه و ئامێزیان بۆ بكه‌ینه‌وه.
بۆوەی باسی سەرەکی سەردێڕی نووسینەکە بورووژێ ئەو بابەتە بە ئەزموونی کۆماری کوردستانەوە دەبەستینەوە. چون هەم لەگەڵ ئەزموونی پێشتر باس‌کراو هاوکات بوون و هەم دوو ئاکام و داهاتووی جودایان هەیە کە لەگەڵ باسی دوو ئاراستە باسکراوەکەی پێشوو یەک دەگرنەوە. هه‌ر له سه‌رده‌می پاش شه‌ڕی عالەمگیری دووەم و له پارچه‌یه‌ك له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان، زه‌مینه بۆ سازبوونی و پێكهاتنی پێكهاته‌یه‌كی سیاسی و كولتووری ڕه‌خسا كه تا ئێستا زۆری باس كراوه و كه‌متر له‌سه‌ر جیاوازبوونهكهی له‌نگه‌ر گیراوه.
هه‌ر ئه‌و سه‌رده‌م كه‌شی گشتیی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین له باری ده‌سه‌ڵاتدارێتییه‌وه كه‌شێكه كه خه‌ڵكی ئاسایی و جه‌ماوه‌ری شه‌قام كه‌مترین ڕۆڵیان تێیدا هه‌یه. پێكهاته‌كان زیاتر میراتی شایانه‌ی پێشوون. داموده‌زگاكانی به‌ڕێوه‌به‌ریی كۆمهڵایەتیش یا نین، یا له‌به‌رانبه‌ر ده‌زگای پان و به‌رینی چه‌كداریدا له‌رزۆك و كه‌م هێزن.
له دۆخێكی وادا، له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان كۆماری كوردستان داده‌مه‌زرێ كه له كۆماره‌كانی غه‌یره ڕۆژئاواییدا، تا ئێستاش پڕشهنگدارترین كارنامه‌ی له بواری پێکهێنانی ڕێکخراوەی نوێ، كاری مه‌ده‌نی و مافه بنچینه‌ییه‌كانی مرۆڤه‌وه هه‌یه.
كۆماری كوردستان ئه‌گه‌رچی له‌ژێر ترس و گوشاری ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه‌ی فارس‌دا بوو، ده‌وڵه‌ت نه‌ته‌وه‌یه‌ك كه به‌شێك له بیری گه‌ڕانه‌وه بۆ شكۆی ئیمپڕاتوورییهكانی كهواناری ئێرانی بوو، به‌ڵام به شێوه‌یه‌كی خێرا و دروست بناخه دروسته‌كانی ده‌وڵه‌تێكی نوێیان دامه‌زراند كه تێیدا مرۆڤ و كۆمه‌ڵگە به‌شێكی گرینگ و بنه‌مایین و ته‌نانه‌ت سه‌رۆك كۆماره‌كه‌ی له‌و ڕێیه و له‌به‌ر پاراستنی ئه‌و كۆمهلگەیهی پشتیان گرتبوو، گیانی خۆی به‌خت كرد.
ئه‌و یاداشته كورته ته‌نیا ده‌توانێ هێندێك خاڵ وه‌بیر بێنێته‌وه و شرۆڤه و شیكردنه‌وه‌یان مه‌جالی هه‌راوی ده‌وێ. ئەوەی لێرەدا باسی دەکرێ دوو بەشن. بەشێک ئەو دیاردانەن کە ئەو کات نەبوون و بەشێکیش دەستنیشانکردنی هێندێک لەو دیاردانەن کە بوون. باسی هەر دوو دەستە و ڕاڤە و شیکاریی تەسەلی پێویستە و دەبوو تا ئێستا بە وردی لەسەری نووسرابا. لە پێشدا ئاماژە بە هەندێک لەو دیاردانە دەکەین کە نەبوون. ئەوەش سەرچاوەکانی پێوەندیدار بە کۆماری کوردستان پێمان دەڵێن. لە تەمەنی کورتی کۆماری کوردستاندا ئه‌و دیاردانه -كه ئێستاش دوای حه‌فتا و پێنج ساڵ، په‌ڵه‌ی سه‌ر ڕوخساری زۆر یه‌ك له وڵاته به‌ناو كۆمارییه‌كانی ناوچه‌ن- نه‌بوون: دیارده‌ی به‌ندكراوی سیاسی، ئێعدام، به‌ربه‌ستی بیروڕا، سانسۆڕ، سڕینه‌وه‌ی جودابیران، تاك ده‌نگی ڕه‌سانه‌یی، خستنە ژێر گوشاری پەیڕەوانی ئایننەکانی دیکە و…
ئه‌و دیاردانه‌ش به پانه‌وه كاریان بۆ كراوه: کەڵکوەرگرتن لە هەموو زەرفییەتەکانی ئینسانیی ئەوکاتی ئەو بەشە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە دەنگی کۆماری پێ ڕاگەیشتووە -کە لە کۆتایی ئەو یادداشتەدا زیاتری قسە لەسەر دەکەین- ڕاگه‌یاندنی ئازاد، په‌روه‌رده له‌سه‌ر بنه‌مای وڵاتپارێزی و مرۆڤدۆستی، پێشكه‌وتنی دۆخی ژنان، گرینگی‌دان به گه‌شه‌ی بیری منداڵ و مێرمنداڵ و ده‌ركردنی گۆڤاری تایبه‌ت بۆ منداڵان، گرینگی‌دان به دۆخی لاوان و حه‌ول بۆ به‌ڕێكخراوه‌یی كردنی چالاكییه‌كانیان، هه‌ڵگرتنی دروشمی دوور له توندوتیژی و ته‌نانه‌ت دوور له ڕه‌نگی ئایینیی و ڕه‌گه‌زی و حه‌ول بۆ سازكردنی كه‌شێكی دێموكڕات بۆ خه‌ڵكی دی تا تۆ بتوانی به مافه‌كانت بگه‌ی.
لەسەر دوو بابەتیان وردە لەنگەرێک دەگرم. بابەتی یەکەمیان دروشمی ئەو بزووتنەوەیەیە. ئەگەر هەر لەو کاتەوە تا ئێستا بەردەوام لەسەر کۆماری کوردستان و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد لە لایەن نەیارانییەوە دەگوترێ بزووتنەوەیەکی ڕەگەزپەرستانەی نەتەوەپەرستانە بووە. کەی ئەو دروشمە خرا بەر باس و شی کراوە کە یەکێک لە بنچینەکانی کۆماری کوردستان بووە. دروشمێک کە ئەوی دی و ئازادیی ئەوی دی، بە زەمانەتی دەستەبەر بوونی، مافەکانی خۆی دەزانێ. ئەویش لە سەردەمێکدا کە بیری ڕاسیستی و فاشیستی لە زۆر وڵات لە برەودا بوو. هەر لە ناوەندی دەسەڵاتی ئێران‌دا، دەسەڵات لە سەر بنەمای بیری کەوناراخوازی و بیر و گەڕانەوە بۆ ئیمپڕاتورییەتیە مێژینەکان دامەزرابوو و لە لایەن پان-ە جوداکانی ئێرانییەوە کاری بۆ دەکرا. ئەو دروشمە ئیستاش نە تەنیا لە بەرانبەر ئەویترێک کە سیمایەکی ڕووشاو و دزێوت بۆ ساز دەکا کارامەیە و بنەمای ئیستدلالیان لەرزۆک دەکا، بەڵکوو وەک لایەنێک لە شوناسی مودێڕن و ئازادیخوازنەی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کورد، لە ئاستی هەراوتردا بۆ زەقکردنەوە و باس لێکردن دەبێ.
خاڵی دووەمیش پێوەندی بە باسی کەڵکوەرگرتن لە هەموو زەرفیەتە ئینسانییەکانی ئەو سەردەمی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە هەیە. ئەو خاڵە هێندە گرینگە کە دەتوانێ وەک زەرفییەتێک تاکوو ئێستاش لە ژیانی هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا ڕەچاو کرێ و بە دڵنیاییەوە ڕەچاو کردنی پێش بە لەتبوون و لێک تەوەللابوونی هەموو ئەو هێزانە دەگرێ کە بیروڕا و بۆچوونی جودایان تێدا هەیە و هەروەها هێندەش لە باری ئینسانییەوە دەوڵەمەندن کە هێزیان لە بواری جودا و بە زانست و توانای جوداوە لە خۆدا کۆ کردووەتەوە. ئەگەر ئانۆمی لە سیستەمدا، لە شێوەی دژایەتی لەگەڵ تەکووزیی پێکهاتەی سیاسی ڕوو دەدا، یەکەم هۆکار دەگەڕێتەوە سەر ئەو بابەتەی هێزەکان لە شوێنی خۆیان و بەپێی توانایان دەرفەتیان بۆ نەڕەخساوە و لە ئاکامی ئەو بێنەزمییەدا، سیستەم تووشی ناکارامەیی و دابڕان و لێکهەڵوەشانەوە دێ. ئەوەی لە کۆماری کوردستانی حەفتا و پێنج ساڵ لەمەوبەردا کراوە، بیرێکی بەڕێوەبەریی کەم وێنە بووە، کە هەموو هێزەکانی تێدا دیتراون. ئەرکیان خراوەتە سەرشان و بە هەند وەرگیراون. لە لایەکی دیکەوە ئەندامانی ئەو پێکهاتەیەش بۆ کارکردنی سیستەم بە شێوەیەکی کارا و تەکووز بەو ئەرک و بەرپرسیارێتییە نەتەنیا ڕازی بوون، بەڵکوو لە خوێندنەوەی بەرهەمی هەر کام لەو بەشانەدا، ئەو ڕاستییە دەردەکەوێ کە بێ هیچ گرفتێک چالاکانە ئەرکێکی کە بۆی ڕاسپێردراون بە باشی و لەوپەڕی لێوەشاوەییدا ڕایان پەڕاندووە.
نموونەی بەرچاوی ئەو بابەتە لە بەشی کو‌لتووریی کۆماری مەهاباددا بەرچاو دەکەوێ. سەرکۆمار بە باشی خوێندنەوەی بۆ کاریگەرێتی کاری کولتووری هەبووە. وەگەڕ خستنی ڕۆژنامەی کوردستان و گۆڤاری کوردستان و هەڵاڵە و گڕوگاڵی منداڵان و… هەموو نیشانەی ئەو تێگەیشتنە دروستەن و هەڵبەت بەشی هەرە زۆری میراتی کۆماریش لەو دەلاقەیەوە بە ئێمە گەیشتووە.
پێشەوا، هێمن و هەژار وەک دوو توانا و وزەی ئەو ڕەوتە دەناسێ و دەناسێنێ. قزڵجی و زەبیحیش دەبینێ و بە هەندیان وەردەگرێ. دەیان کەسی دیش هەر چالاکانە ئەو ڕەوتە بەڕێوە دەبەن و بە هەمووان میراتێک بە جێ دێڵن کە تا ئێستاش نموونەی سەرکەوتووی ڕۆژنامەوانی کوردی و لە هەمان کاتدا سەرمەشقێکی لەباری کاری هاوبەشی ڕۆشنبیریشە.
به‌و پێیه ده‌توانین بڵێین ده‌وامه‌ی حه‌فتا و پێنج ساڵه‌ی بیرێكی بنچینه‌یی وا، ده‌توانێ زۆر ده‌رسی بۆ میراتگرانی کۆمار لە ئێستادا پێ بێ و سەرنجی توێژەرانیش بۆ ئه‌و بابه‌ته ڕابكێشی کە چۆنه نزیك هه‌شت ده‌یه له‌مه‌وبه‌ر، له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان پێكهاته‌یه‌ك دامه‌زرا و دروشمەکەی لە پێشدا له‌سه‌ر دێموكڕاسی بۆ هه‌مووان دامه‌زراند جا دواتر بە باسی مافی خۆی بیری لە چارەنووسێکی هاوبەش بۆ هەموو مرۆڤەکانی ئەو چوارچێوە جوغڕافیاییە کردەوە. هەر ئەوەشە کە تا ئێستاش ئەو دەرفەتەی بە نەیارانی نەداوە بتوانن بە شێوەیەکی نەرێنی لەسەر بیر و هەڵوێستەکانی کۆمار مانۆڕ بدەن و زیاتر بە قسە و باسی ساختە و ناڕاستەوە خۆیان سەرقاڵ کردووە بۆوەی بەردەنگیان بە هەڵە بەرن. به‌ڵام ئێستا درێژه‌ده‌رانی ئه‌و ڕێبازه، كه‌متر له‌و میراته كه‌ڵك وه‌رده‌گرن و نهیانكردووهته سه‌رمایه‌یه‌ك كه خۆیانی پێوه بناسێنن و وه‌ك به‌شێك له شوناسی خۆیان باسی بكه‌ن. له‌وه‌ش گرینگتر سه‌ركۆماری ئه‌و ڕێبازه چۆنی توانی هاوسه‌نگییه‌ك له نێوان هێزه هه‌ڵكه‌وته ڕووناكبیر و دیندار و دهرهبهگهكاندا ساز بكا كه قورسایی به لای ڕۆشنبیری و بیری تازه‌دا بشكێته‌وه و یهكیهتییهك ساز بكا كه هه‌مووان له یازده مانگدا وا وزه‌كانیان وه‌گه‌ڕ خه‌ن، كه زۆر نموونه‌ی هاوشێوه‌ی به چه‌ند ده‌یه بۆیان نه‌لواوه و نه‌كراوه. چۆن له‌و یازده مانگه‌دا هێزی چه‌كدار كاری خۆی ڕاپه‌ڕاند و ده‌ستی له سیاسه‌ت وه‌رنه‌دا و پیاوان و ژنانی سیاسەت نه‌چوون ده‌ستكاری پلانه كولتوورییه‌كان بكەن. ئه‌و بیره یهكیهتیساز و یه‌كگرتوویه بوو له “هیچ” سامانێكی ساز كرد، كه پاش حه‌فتا و پێنج ساڵیش هه‌ر ده‌كرێ به ده‌نگی دلێر به‌رگری له ده‌سكه‌وته‌كانی بكه‌ی و بێ بیرکردنەوە لە دابڕان و لە دەوامەی ئەو ڕێگایەدا، ڕێبوارێک بی بیر لە دەوڵەمەندتر کردنی سامانێک بکەیەوە کە هی هەمووانە.