دوای ئەوەی لە ئاکامی شەڕی جیهانیی یەکەمدا (١٩١٨- ١٩١٤) کوردستان بە سەر چوار وڵاتدا دابەش کرا و دەوڵەت – نەتەوەکانی تورک، فارس و عەرەب لە سەر ئەساس و ئەقڵیەتی سڕینەوەی “ئەوانی تر” دامەزران و بزووتنەوەکانی کورد بۆ مافی دیاریکردنی چارەنووس یەک لە دوای یەک تێکشکێندران، مرۆڤی کورد بۆ ماوەیەک تووشی جۆرێک لە قەیرانی شوناس دەبێ. بە واتایەکی دیکە، کورد چیدیکە ئیرادەی خۆ بەباڵاگرتنی دەورووبەری نامێنێ و لە “مەلیکایەتی” و “ئاغابوون”ەوە دادەبەزێ بۆ گۆشەگیری، دەستبەردانەوە و سەهۆڵبەندانێک لە ئیرادە کە تا گەیشتن بە بووژانەوە و ژیانەوەی، زەمەنێکی مێژوویی پڕ لە بێهیوایی و کارەسات دەبڕێ.
ئەگەر شەڕی جیهانیی یەکەم و ئاکامەکانی بۆ کورد و نیشتمانەکەی تێکشکان و دابەشبوون و قەیرانی شوناسی بەدواوە بوو، لە هەڵومەرجی شەڕی جیهانیی دووهەمدا چەخماخەیەک لە بووژانەوە ڕوو لە “بەختی نووستوو”ی دەکا و کۆمەڵێک لاوی خاوەن بیر و هەڵوێست بە دامەزرانی “کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد”، قۆڵ لە سڕینەوەی زەمەنێک لە قەیرانی شوناسی میللەتەکەیان هەڵدەماڵن.
پێشەوای مەزن، قازی محەممەد کە بە چاوی خۆی تەواوی ڕووداوەکانی ئەم سێ دەیە پڕ لە نەهامەتی و ئەنگۆستەچاوە و، کارتێکەرییەکانی لەسەر کۆمەڵگەی کوردستان و ئینسانی کوردی دیتبوو، هیچ گومان لەوەدا نییە کە هەست بە پێویستیی هەلێنانەوەی هەنگاوێکی مێژوویی دەکا. پەیوەستبوونی قازی محەممەد بە کۆمەڵەی ژێکاف دەستپێکی ئەم هەنگاوەیە کە لە باوەڕمەندبوونی بە وەسەریەکخستنی تواناکان و کار و بڕیاری بەکۆمەڵ سەرچاوە دەگرێ. قازی محەممەد کە هەر زۆر زوو دەتوانێ متمانەی هاوڕێیانی و خەڵکەکەی وەدەست بهێنێ، بە کردەوە و لە ڕێگای بەڕێوەبردنی کاروباری جۆراوجۆری ڕۆژانەی شاری مهابادەوە، بیر لە بنیاتنانی کارێکی گەورەتر دەکاتەوە. لە هەنگاوەکانی دواتریدا و بە خوێندنەوە و تێگەیشتن لە هەلومەرجی سیاسی و زەرفییەتەکانی دەورووبەری، دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان (٢٥ی گەلاوێژی ١٣٢٤ی هەتاوی) وەک وڵامدانەوە بە هەموو ئەو گۆڕانکاری و چاوەڕوانی و خەونە نەتەوەیانە، دەکاتە بڕیارێکی مێژوویی و لەم سۆنگەیەوە هەنگاو بە هەنگاو لە بەئەنجامگەیاندنی کارە گەورەکە نزیک دەبێتەوە.
بە دامەزران و ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان (٢ی ڕێبەندانی ١٣٢٤ی هەتاوی) کورد دوای دەیان ساڵ لە گۆشەگیری و بێهیوابوون و تلانەوە لە نێو قەیرانی بێشوناسیدا، خۆی دەدۆزێتەوە و هەستانەوەیەکی مەزن ئەزموون دەکا. ئەم هەستانەوەیە لە بەشێک لە نوتقی پێشەوادا بەمجۆرە بەرجەستە دەبێ: ” پیاوانی بەبیر و هۆش و بەشەڕەف کە زۆر لەمێژ بوو خوێنی دڵیان دەخواردەوە بۆ زەلیلیی ئەو میللەتە دووکەڵ لە دەروونیان دەهاتە دەرێ، زۆر زوو تەشخیسیان دا کە وەختی کارە و لەو فورستە دەبێ بەهرە وەرگیرێ و ئەوە تەواو ئەو ڕۆژەیە کە پشتاوپشتمان چاوەڕوانی بوون. یەک جار خێرا و بێوچان و ڕاوەستان دەستیان بە کار کرد و حیزبی دێموکراتی کوردستانیان تەشکیل دا و بە دەستوبرد خەریکی کاروباری میللی بوون و بە چاوێکی ورد و بەدیقەت ئیحتیاج و پێداویستیی کوردیان تەشخیس دا و بەدیی کرد…” ئەم بەدیکردنەش کۆماری کوردستان بوو.
کۆماری کوردستان و دەسکەوتە بنیاتنەرەکانی، ئینسانی کورد لە بناغەوە درووست دەکاتەوە؛ داوی قەیرانی شوناسی لێ دادەماڵی و کەسایەتییەک تەژی لە سەروەریی لێ بنیات دەنێ. هەر خودی ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان وەک دیاردەیەکی سیاسی-کۆمەڵایەتی کە تەعبیرێک لە دەسەڵات، ئیرادە و سەروەری بە دەستەوە دەدا، کاریگەریی ڕاستەوخۆ و قووڵی لە سەر ئینسانی کورد دانا کە، ئەو باوەڕەی تێدا درووست بێ کە “ئەویش” دەتوانێ و بۆی هەیە بتوانێ وەک توانیویەتی، لە وەها ڕووداوێکدا خۆی وێنا بکا. کەوابوو “باوەڕبەخۆبوون” لە بنیاتنانی کەسایەتیی ئینسانی کورددا – کە بەداخەوە تا ئێستایشی لە ەڵ بێت کەمایەسیی پێوە دیارە – شەرتی ئەساسی و ئامیانی سەرەکییە.
بڕیار و کردەوەکانی کۆماری کوردستان کە زۆریان وەک دەسکەوتی نەتەوەیی پێناسە دەکرێن، لە بنیاتنانی کەسایەتیی ئینسانی هاوچەرخی کورددا، ڕۆڵ و کاریگەریی ریشەییان هەبووە و هەیە. لێرەدا بە نموونە باس لە سێ دەسکەوتی هەرە مەزن و ئەساسیی کۆماری کوردستان و کاریگەرییان لەسەر درووستکردنی ئینسانی هاوچەرخی کورد دەکەین. “هەڵکردنی ئاڵای کوردستان”، “دامەزرانی سپای مللیی کوردستان” و “دانانی سروودی نەتەویی” وەک سێ دەسکەوتی بنەڕەتیی کۆماری کوردستان هەرکام بە جۆرێک توانیویانە تا ئێستاش کە ٧٥ ساڵیان بەسەردا تێدەپەڕێ، کاریگەریی هەرە ئەساسییان لە سەر کەسایەتیی ئینسانی کورد هەبێت.
کۆماری کوردستان وەک ڕووداوێکی مێژوویی بزووتنەوەی نەتەوایەتیی خەڵکی کوردستان، ئەگەر خاوەنی ئەم دەسکەوتانە نەبوایە، بێگومان هەر وەک نموونەی هاوشێوەی خۆی لە ئازەربایجان دەریخست، نەیدەتوانێ ببێتە ئەو یادەوەرە مێژوویی و دانەبڕاوە لە هەست و نەستی ئینسانی کورددا. کەوابوو هۆکاری ئەوەی دوای ٧٥ ساڵ و دڵنیاین بۆ هەتاهەتایە لای ئینسانی کورد، کۆماری کوردستان جێگە و پێگەی خۆی هەیە و دەمێنێ، پرۆژەکانی کۆمارە.
هەڵکردنی ئاڵا لە کۆماری کوردستاندا یەکێک لە ڕووداوە جەوهەری و کاریگەرەکانە. ئاڵا تەعبیر لە بوونی نیشتمان و نەتەوەیەکی زیندووی جیاواز لە دەورووبەری خۆی دەکا. بۆیە هەڵکردنی ئاڵا لە زەمەنێکی تایبەتدا بۆ میللەتی کورد – کە لەژێر ئاڵا و هێمای دژ و دوژمنەکانیدا لە لێوارەکانی “نەمان” نزیک ببوویەوە – مەزنترین ڕووداوی ژیانی ئینسانیی هاوچەرخی کورد بوو، و تا ئێستاش ئەم مانایە لەجێی خۆیدایە. کۆماری کوردستان بە هەڵکردنی ئاڵا، مان و بوونی نەتەوەیەکی ڕاگەیاند کە نەتەوەکانی دەورووبەری لەسەر دابەشکردنی نیشتمانەکەی ئەو و تێکشکاندنی و هەوڵدان بۆ سڕینەوەی، وڵات و دەسەڵات و سەروەریی نەتەوەیی خۆیانیان بنیات نابوو. ئێستا ئەم میللەتە دوای دەیان ساڵ کڕ و کپبوون، هەستاوەتەوە و بە هەڵکردنی ئاڵا، هاواری مانەوە و بوونی خۆی دەکا. لێرەدا “بوون” بۆ ئینسانی کورد کە بە درێژایی مێژوو لە “نەبوون” دا ماوەتەوە، لە هەڵکردنی ئاڵای نیشتمانەکەیدا ڕەنگ دەداتەوە و شەخسییەتی لێ وەردەگرێ. ئاڵا دەبێتە بەشێک لەو شوناسەی کە لێی ون کرابوو.
ئاڵا و زۆرێک لە دەسکەوتە مەزنەکانی دیکەی کۆماری کوردستان کە ڕۆژانە لە بەڕێوەبەرایەتیی کۆماردا دەبیندران، پێویستییان بە پارێزگاری لێکردن و “پاراستن” بوو. لێرەدا “پاراستن” ئەو مەفهوومە – لە ژیانی ئینسانی کورددا -لێڵ و نامۆیە بوو کە دەبێتە بەشێک لە جەستەی کۆماری کوردستان و کورد فێر دەبێ کە چۆن پارێزگاری لە “بوون”ی خۆی و دەسکەوتەکانی بکا. دامەزرانی سپای میللی کوردستان کە دواتر ناوی هێزی پێشمەرگەی کوردستانی لێ نرا، گرینگی، بایەخ و پێگەی “پاراستن”ی لە ئینسانی کورددا نەهادینە کرد. پێشمەرگە کە بەرپرسی پاراستنی کۆماری کوردستان و دەسکەوتەکانی بوو، بوو بە هێمایەکی نەتەوەیی و لە باوەڕی هەموو ئینسانێکی کورددا – تا ئێستایشی لە گەڵ بێت – بەبێ بوونی ئەم هێزە ناکرێ قسە لە پاراستنی مان و مەوجوودیەتی کورد بکرێ. بۆیە پێشمەرگە کە ئەرکی پاراستنی دەسکەوتەکانی لەسەر شانە، لە وجوودی ئینسانی کورددا هەستکردن بە بوونی بەرژەوەندییەکی گەورەتر لە قازانجە شەخسییەکانی خۆی درووست دەکا کە پێی دەگوترێ “بەرژەوەندیی گشتی (نەتەوەیی)”. لەم سۆنگەیەوە ئینسانی کورد جیا لە خۆی و هەوڵدان بۆ خودی “خۆی”، خۆیەکی گەورەتر و گشتیتر بە ناوی “بەرژەوەندیی نەتەوە” دروست دەبێ کە بەشێک لە گرینگبوونی لە وجوودی پێشمەرگەدا دەبینێ کە هەوڵی پاراستنی دەدا.
ڕاگەیاندن و دەرخستنی هەموو ئەم دەسکەوتانەی کە کەسایەتیی ئینسانی کوردی لە سەر بنیات نرابوو، بۆ کۆماری کوردستان پێویستییەکەی حاشا هەڵنەگر بوو. بۆیە دانانی سروودی نەتەوایەتیی “ئەی ڕەقیب” وەک پێویستییەک، یەکێک لە دەسکەوتە مێژووییەکانی کۆماری کوردستانە. ئێستاش دوای ٧٥ ساڵ ئەم سروودە بۆ ئینسانی کورد هاوارێکی هاوبەشە کە تەعبیر لە خواست و ناخی هەموو ئینسانێکی کورد دەکا. “ئەی ڕەقیب”، ئەو هاوار و بانگەوازە باوەڕبەخۆبوونەیە کە لە مینبەری کۆماری کوردستانەوە وەک میراتێک لە؛ لەسەرپێبوون، بە ئاوڕدانەوە لە ڕابردووی “خوێناوی”ـی خۆی، ڕوو بە “ڕەقیب” هاواری مانەوە و بەردەوامبوون لە مانەوە دەکات. ئەم هاوارە لە ئیرادەیەکی نەتەوەیی و مێژووییەوە سەرچاوە دەگرێ کە پاشخانەکەی کۆماری کوردستانە و سنگ بە سینگ و نەوە بە نەوە، ڕژاوەتە هەناوی هەموو ئینسانێکی کوردەوە و بە هەمان نەفەس هاوار دەکا:
“ئەی ڕەقیب هەر ماوە قەومی کورد زمان”.
لەم ڕووەوەکۆماری کوردستان لە مێژووی سیاسیی کورد و ڕەوتی ژیانی کۆمەڵایەتیی ئینسانی کورددا، وێستگەیەکە پڕ لە مەعریفە، تەژی لە دەسکەوت و پڕاوپڕ لە شوناسخوازیی نەتەوەیی کە کەسایەتیی مرۆڤی هاوچەرخی کوردیان لەسەر بنیات نراوە.