ساڵی ٢٠٢١ بۆ ئێران پێچەوانەی ساڵی ڕابردوو ئەمجارەیان بە دەرفەت و هەڕەشە دەست پێ دەکا. دەرفەتێک کە بە تەمای گۆڕینی سیاسەتی کۆشکی سپی دەخوازن دروست ببێ و هەڕەشەش بەپێی هەموو ئەو مەترسییە نێوخۆیی و دەرەکییانەی لەسەر ڕێژیم لەجێی خۆیانن. ساڵێ بەرێ بۆ ئێران بە کوشتنی قاسم سولەیمانی دەستی پێکرد. بەردانەوەی فڕۆکە ئۆکڕاینییەکە و چەواشەکارییەکانی لەپێشدای کۆماری ئیسلامی بۆ هەڵخەڵەتاندنی بیروڕای جیهانی، هیندەی تر نابەرپرسایەتی و ئێعتباری نەبووی ئەم ڕێژیمەی بردە ژێر پرسیار. هەڵبژاردنەکانی یازدەهەمین خولی مەجلیس و بەشداریی ئێجگار کەمی خەڵک هیچ گومانێکی لە ناڕەواییەتی ئەم ڕێژیمەی لەلای خەڵکی ئێران بۆ کۆمەڵگەی جیهانی نەهێشتەوە. ساڵ بە بەردەوامی و قورستربوونی جار لەگەڵ جاری سزا ئابوورییەکانی ئەمریکا دژی ئێران و خەمساردیی حکوومەت و دەزگا دەوڵەتییەکان لە پاراستنی گیانی خەڵک لە بارودۆخی کۆڕۆنادا چووە پێشێ و، بە کوژرانی فەخریزادە، زانای پیشەسازیی ئەتومی و مووشەکیی کۆماری ئیسلامییش لە پێتەختی ئەو وڵاتەدا، دەرکەوت ئەم ڕێژیمە ئەوەندەی بۆ سەرکوتی خەڵکی ناڕازی و مافخوازی ئێران لەسەر پێیە؛ زۆر ئەوەندە لە بەرامبەر دژبەرە بیانییەکانیدا زەبوون و دەستەوەستانە. ئێستاش لە ڕۆژانی دەسپێکی ساڵی نوێدا نایشارنەوە کە سێبەری شەڕێکی گەورە لە ناوچە قورسایی خستۆتە سەر ئاسمانی ئێران و هەموو پەلەقاژەی ڕێژیم ئەوەیە لەو ماوە کەمەی تڕامپ جڵەوی بڕیارەکانی ئەمریکای بەدەستەوە ماوە؛ بیانووی نەدەنە دەستی و خۆی لێ ببوێرن.
بەرگژەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ مانەوەی لە دەسەڵات لە سێ بازنەی نێودەوڵەتی، ناوچەیی و نێوخۆییدا جێ دەگرن. گرینگترین بەرگژەکانی کۆماری ئیسلامی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بەردەوامیی مەزنیخوازییەکانی ڕێژیم لە بواری دەستڕاگەیشتن بە چەکی ئەتومی، پەرەپێدانی پێشەسازیی مووشەکی و پێداگریی ڕێژیم لە پشتیوانیی تێرۆریزمی دەوڵەتییە.
کێشەی نیزامی بانکی و سیستمی دراویی وڵات و بوونی ئێران لە لیستی ڕەشی FATF کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سۆنگەی بەرژەوەندیی ئیدۆلۆژیکیی خۆی لە سپۆنسەریی میلیشیا و گرووپە تێرۆریستییەکان و سپیکردنەوەی دراودا ئامادە نییە پەسندکراوەکانی ئەم کارگرووپە ماڵییە نێودەوڵەتییە بەڕەسمی بناسێ؛ هەر وا لەجێی خۆیەتی. کارناسان و چاودێرانی سیاسیش لەسەر ئەو باوەڕەن تەنانەت ئەگەر سەرۆککۆماری نوێی ئەمریکا بگەڕێتەوە بۆ بەرجام و گەمارۆکانیش لەسەر ئێران هەڵگیرێن، مادام ئێران لە لیستی ڕەشی “ئێف ئای تی ئێف” نەخرێتە دەرێ، هیچ کرانەوەیەک لە بەرژەوەندیی ئابووریی تێكتەپیوی ئێراندا ڕوو نادا. لە تەنیشت ئەوانەش کۆماری ئیسلامی لەسەر سیاسەتی دژایەتیی ئەمریکا و ئیسرائیل هەر وا پێداگرە و، جێی شک و گومانی نەهێشتۆتەوە کە توانای هەڵکردن و خۆگونجاندنی لەگەڵ بەها و بایەخە جیهانداگرەکان نییە و لێرەدا مەسەلەی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و سەرکوتی ماف و ئازادییەکانی خەڵکی وڵاتەکەشی، وەک بەرگژەیەکی دیکەی ئێران و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی خۆی دەردەخا.
لە ئاستی ناوچەییشدا بەرگژەکانی ئێران بەهێزتر لە جاران خۆ دەنوێنن. ڕاستە ئێران لە یەک ساڵی ڕابردوودا قاسم سولێمانیی لە دەست دا و بەوەش ستادی فەرماندەیی و ڕێکخستنی هەموو ئەو میلیشیا و گرووپانەی شەڕی نیابەتی بۆ ئێران دەکەن بێ سەر مایەوە و، قائانی نەیتوانیوە ئەو بۆشاییە پڕ کاتەوە و ڕایەڵەی دەستوپێوەندییەکانی ئێران -لە ئەفغانستان، پاکستان، عێڕاق، یەمەن، سووریە و لوبنان- بە مۆدێلی قاسم سولێمانی لە چوارچێوەی ستراتیژیی گەورەی ڕێژیمدا پێک ببەستێتەوە؛ بەڵام ئەمە ئەو ڕاستییەکەی نەگۆڕیوە کە کۆماری ئیسلامی دەستی لە بەرزەفڕی و مەزنیخوازییەکانی هەڵ نەگرتووە. کۆماری ئیسلامی دەیەوێ دەسەڵاتی ژمارە ١ی ناوچە بێ و بۆ سەرکەوتن بەسەر ڕکەبەرەکانی وگەیشتن بەو ئامانجە لە دەستێوەردان لە کاروباری نێوخۆیی دراوسێیەکانیدا بەردەوامە. سروشتییە کە وڵاتانی ناوچەش بۆ بەربەرەکانی لەگەڵ ئەم دوژمنایەتی و هێژمونیخوازییەی کۆماری ئیسلامی دەست لەسەر دەست دانانێن و بە پاڵپشتیی هاوپەیمانەکانیان بەرنامەی بەگژداچوونەوەی ئێرانیان لە شکڵ و شێوە و فۆڕمی جۆراوجۆردا دەبێ.
کۆماری ئیسلامی لە ئاستی نێوخۆییشدا کۆمەڵێک بەرگژەی زۆر جیددیی هەیە کە قەیرانی شەرعییەت و ناکارامەیی نیزامی بەڕێوەبەریی وڵات گرینگترینیانن. ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بەرهەمی شۆڕشێکی ئیسلامی بوو، بەڵام ئەزموونی چوار دەیە دەسەڵاتدارەتیی ڕێژیم کەلێنی گەورەی لە نێوان گوتاری ئایینییی کۆماری ئیسلامی و ئینتیما و ویستی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران دروست کردووە. هاوکات، ئێران وڵاتێکی فرە نەتەوەیە و سیاسەتی ناوەندگەرای کۆماری ئیسلامی و پلان و پیلانی زبر و نەرمی ڕێژیم بۆ دروستکردنی دەسەڵاتێکی بەهێزی ناوەندگەرا بە نرخی سڕینەوە و حاشاکردن لە مافە نەتەوەیی، ئایینی، مەدەنی و سیاسییەکانی جۆراوجۆرییەکانی وڵات ئاکامی پێچەوانەی بووە. هەر بۆیەشە پرسە نەتەوەیی و ماف و ئازادییە سیاسی و مەدەنییەکان لە ئێستادا خواستی گشتیی خەڵکی وڵاتن. تەنگژەکانی سیستمی بانکی، قەیرانی وەبەرهێنەران و لەو سۆنگەیەوە داخرانی کارگە و کارخانەکان و بەو هۆیەشەوە پەرەسەندنی بێکاری، ئەویش، لە تەنیشت گرانی، هەڵاوسانی ئابووری و خەسارە کۆمەڵایەتییەکان تەنیا بەشی سەرەوەی کێوە سەهۆڵەکەی قەیران و بەرگژە نێوخۆییەکانی کۆماری ئیسلامیین؛ ئەو بەرگژانەی زنجیری ناڕەزایەتییە گشتییەکانی خەڵکی وردتر، گشتگیرتر و بەردەوامتر کردووە.
لەو بارودۆخەدا ئێران بەرەو سێزدەهەمین هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی خۆی دەچێ، هەڵبژاردنێک کە بە سەرنجدان بە هەڵبژاردنەکانی مەجلیس لەمساڵدا چاوەڕوان دەکرێ ئەمیش کەمترین پێشوازیی لەلایەن خەڵکەوە لێ بکرێ. قەیرانی شەرعییەتی سیاسی، ڕەگداکوتانی ناڕەزایەتییەکان، بوون و بەردەوامیی گەندەڵیی ماڵیی کاربەدەستان، ناکارامەیی دەزگای ئیداری و بەڕێوەبەریی وڵات و ڕەتکردنەوەی حاکمییەت بە هەموو قۆڵ و باڵەکانی و؛ بەتایبەت کارنامەی ٨ ساڵ دەوڵەتی حەسەن ڕووحانی جێی هیچ هیوایەکی بۆ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی نەهێشتۆتەوە. هەرچەند ڕیفۆرم و گۆڕانکاری لە سیستمی دەسەڵاتداری ئێران بە تایبەت لە دوو دەیەی ڕابردوودا یەکێک لە چاوەڕوانییەکانی خەڵک و دنیای دەرەوە بوو، بەڵام تاقیکردنەوەکان بە تایبەت لە دوو دەیەی ڕابردوودا دەریانخستووە کە ئەم ڕێژیمە نەک ویست، بەڵکوو توانای ڕێفۆڕمیشی لە خۆیدا نییە. بۆیە خەڵک لەمێژە لە ڕێفۆرمخوازی و ڕێفۆرمخوازەکان تێپەڕیون و ڕەوتی خۆپیشاندانەکان لە بەفرانباری ٩٦ بەولاوە جێی هیچ شک و دوودڵییەکی لەوەدا نەهێشتۆتەوە.
بەرگژەکانی کۆماری ئیسلامی لەو سێ ئاستەدا کە باس کرا، پێمان دەڵێن ڕێژیم توانای زاڵبوون بەسەر ئەو بارودوخەیدا نییە و وەرزێکی نوێی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک بەدژی تەواوەتیی ڕێژیم بەڕێوەیە، کە ئەگەر هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی دێموکراتی دژبەری کۆماری ئیسلامی بتوانن ڕێبەری و مودیرییەتی بکەن؛ دەتوانن ئەو ڕێژیمە لە کۆڵ خەڵکی ئێران و کۆمەڵگەی جیهانی بکەنەوە و تۆماری تەمەنی بە مێژوو بسپێرن.