شۆڕشی ئێران لە ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی دەرەنجامی کۆمەڵێک گۆڕانکاری لە موناسباتی نوێی ئابووری و کۆمەڵایەتی بوو کە لانیکەم لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەمەوە لە ئێراندا دەستی پێ کردبوو. هەرچەند پڕۆژەی دروستکردنی دەوڵەت نەتەوە لە ئێراندا پێچەوانەی ڕۆژئاوا بەرهەمی پڕۆژەیەکی پەرەپێدانی هاوکاتی سیاسی و ئابووری نەبوو، بەڵام ئاکامەکەی بنیاتنانی دەوڵەت بوو بە واتا مۆدێڕنەکەی. دامەزراندنی دامودەزگا و دامەزراوەی دەوڵەتی و بۆڕۆکراسیی ئیداری و فراوانکردنی کۆنتڕۆڵی دەوڵەت بە سەر هەموو سنوورەکانی جوغڕافیای ئێران لە سەردەمی پەهلەویی یەکەمدا دەستی پێکرد و بووە هۆی دامەزرانی دەوڵەتێک لە سەر هەموو جوغڕافیای ئێران و بە سەر هەموو پێکهاتە جیاوازەکانی نێو ئەو سنوورە، کە بە ڕێچکەیەکی جیاواز لە فەلسەفەی دەوڵەتی هاووڵاتیدا پێک هات. دەسەڵاتدارانی ناوەند تەنیا ڕێگای بەهێزکردنی دەوڵەتیان لە یەکدەستکردنی گەلانی ئێران لەژێر ناسنامەیەکی یەکگرتوودا دەبینی، ئەوان پێیان وابوو فرەزمانی و فرەکولتووری و فرەشوناسی گەورەترین کۆسپە بۆ بنیاتنانی دەوڵەتی یەکگرتوو. ئەو خوێندنەوەیە لە دەوڵەتسازی، بنەمای ناوەندێتی لە سیستمە سیاسییەکانی ئێراندا دروست کرد کە تا ئێستاش بەردەوامە. بەپێی ئەو خوێندنەوەیە دەبوو زمانێک، کولتوورێک و ناسنامەیەکی تایبەت بە سەر زمان و کولتوور و ناسنامەکانی تردا بسەپێنرێ، ئەو سەپاندنەش پێویستیی بە هێز بوو، چ لە ڕووە سەربازی و پۆلیسییەکەی و چ لە ڕووی ئامرازە نەرمەکانی سەپاندنی زمان و کولتووری ناوەند.
گەلی کورد هەر لە سەرەتای دامەزرانی دەوڵەتی مۆدێڕن لە ئێراندا، نەچووەتە ژێر باری سیاسەتی یەکسانسازیی کولتووری و زمانییەوەو وێڕای خۆبەدوورگرتن لە دژایەتیی ئەویتر، ناسنامەی کوردیی خۆی پاراستووە. نوخبەی ناوەندگەرای فارس دوای نزیک بە سەدەیەک لە هەوڵەکانیان بۆ دروستکردنی ناسنامەیەکی یەکگرتووی ئێرانی، تا ئێستاش پێداگریی لەسەر گرەوی دۆڕاوی نەتەوەی ئێرانی دەکەن. بەڵام لە هەمان کاتدا ئینکارکردنی ناسنامەخوازیی گەلانی نافارس و بەتایبەت گەلی کورد تەنانەت لە لایەن ناوەندگەرایەکی بەستراوە بە دەسەڵاتیشەوە دژوارە. داننان بە جیاوازییە کولتووری و قەومییەکان (لە زمان ناوەندگەراکانەوە) چ دەرەنجامی خەباتی ناسنامەخوازیی نەتەوەکان بێ و چ بەرهەمی تێگەیشتنی نوخبەی ناوەندەوە بێ، پێشکەوتنێکی باشە بۆ کردنەوەی دەرگاکانی دیالۆگ و پەرەپێدانی سیاسی.
بڵاوبوونەوەی وتووێژێکی سادقی زیباکەلام، مامۆستای زانکۆ و لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لە کوردستان لە ساڵەکانی سەرەتای شۆڕشدا، لە چەند لایەنێکەوە سەرنجڕاکێش و نوێگەرانەیە. بەر لەوەی ئاماژە بە نێوەڕۆکی وتووێژەکە بکەم، پێویستە بڵێم لێرەدا مەبەستم هەڵسەنگاندنی کەسایەتیی زیباکەلام و ڕوانگەکانی لەسەر کۆماری ئیسلامی نییە و تەنیا قسەکانی لە چوارچێوەی ئەو ویدیۆیەدا و بە سەرنجدان بەو واقعەی کە ناوبراوی تێدایە، هەڵدەسەنگێنم. لە لایەکی ترەوە لە ڕوانگەی ناسیۆنالیستێکی کوردەوە هەڵوێست ناگرم، بەڵکوو زیاتر لە چوارچێوەی مەفهوومی پەرەپێدانی سیاسیدا کە زیباکەلام لەو وتووێژەدا، بۆچوونەکانی لە سەر بنیات ناوە، دەنووسم.
– زیباکەلام وەک ناوەندگەرایەکی ئێرانی خەمی گەورەی پاراستنی وڵاتی ئێرانە لە پارچەپارچەبوون و تەنانەت لەو پێناوەدا بەرگری لە دیکتاتۆڕی دەکا و پێی وایە تەنیا ڕێگەی پاراستنی ئێران، پاراستنی کۆماری ئیسلامییە. ناوبراو ناپڕژێتە سەر ئەوەی لە چوارچێوەی کۆماری ئیسلامییدا، وەدیهاتنی دیمۆکراسی تا چەند مومکینە و ئایا لە بنەڕەتدا دەکرێ هاوکات کۆماری ئیسلامی و دیمۆکراسی بەیەکەوە بە بەری ئێراندا بکا. ئەو پێی وایە ڕێژەیەک لە دیمۆکراسی لە ئێراندا وەدی هاتوە کە بە نەمانی کۆماری ئیسلامی ئەویش لەدەست دەچێ. ئەوە لە کاتێکدایە کە بە پێوەرە ستانداردەکانی دەسەڵاتی دیمۆکراتیک، کۆماری ئیسلامی لە دیکتاتۆڕترین وڵاتانی جیهانە.
– زیباکەلام لە کۆنتێکستی گوتەزای پەرەپێدانی سیاسییەوە دەڕوانێتە بابەتەکە و لێرەدایە دان بە کۆمەڵێک ڕاستی دادەنێ کە لە جۆری خۆیدا کەم وێنەیە. ئەو بە دروستی ئاماژە بەو واقعییەتە دەکا کە “مەرکەزگوریزی” بەرهەمی سیاسەتی غەڵەتی ناوەند (کۆماری ئیسلامی)ـیە. زیباکەلام فۆبیای خۆی لە پارچەپارچە بوونی ئێران لەوەدا دەبینێتەوە کە پاشەکشە بە دیمۆکراسی دەکا و دەبێتە سەرچاوەی ناسەقامگیری لە وڵاتدا، بەجۆرێک ئەگەر لە دۆخی ئیستای ئێراندا، کە بە وتەی ناوبراو دەسەڵات و کۆمەڵگە هەم لێکترازاوە و هەم دیمۆکڕاتیزە نەکراوە (دیارە نمرەیەکی زیاد لە واقع دەدا بە دیمۆکراسی ئارایی ئێران)، دەسەڵاتی ناوەندی لاواز بێ، ئاڵۆزی و پشێوی لێ دەکەوێتەوە و دیمۆکراسی پاشەکشە دەکا. زیباکەلام دەڵێ ئەو نیزامە دەبێ سەرلەبەری ئیسلاح بکرێ، تەنانەت ئاماژە بە ڕێبەری ڕێژیم و دامەزراوە باڵاکانی وک ئەنجومەنی چاوەدێری و دەسەڵاتی دادوەری دەکا کە ناڕاستەوخۆ لە لایەن ڕێبەرەوە بەڕێوە دەبرێن. پاراستنی یەکپارچەیی ئێران لە ڕوانگەی پەرەپێدانی سیاسییەوە جیاوازییەکی جەوهەری هەیە لەگەڵ ڕوانگەی زۆربەی نوخبەی ناوەندگەرا چ لە سەردەمی پەهلەوی و چ لە سەردەمی کۆماری ئیسلامییدا، کە تەنیا بیر لە زاڵکردنی ناسنامەیەک و تواندنەوەی ناسنامەکانی تر دەکەنەوە. لە ڕوانگەی ئەوانەوە مانەوەی ئێران بەندە بە سڕینەوەی جیاوازییەکان و زاڵکردنی ناسنامەی ناوەند.
– زیباکەلام دەڵی لە سەرەتای شۆڕشدا زۆربەی خەڵکی ئێران و لە نێویشیاندا “قەومییەت”ـەکان، ڕابەرایەتیی خومەینی و دەسەڵاتدارێتیی کۆماری ئیسلامی و مانەوە لە چوارچێوەی ئێرانیان قەبووڵ کردبوو، بەڵام سیاسەتی هەڵاواردنی ناوەند وای کردوە کە لە ئێستادا گومان هەبێ لەوەی کوردەکان و پێکهاتە پەڕاوێزییەکانی تری ئێران بیانەوێ لەو چوارچێوەیەدا بمێننەوە و دەڵێ ئەگەر کوردەکان لە سەرەتای سەرکەوتنی شۆڕشدا ئامادە بوون بە چنگ خەندەقی نێوان ئێران و کوردستان پڕ بکەنەوە، ئێستا ئامادە نین حاکمیەتی ناوەند قەبووڵ بکەن. زیباکەلام هۆکاری ئەو گۆڕانکارییە بۆ نەبوونی دیمۆکراسی و گوێنەدان بە داواکاریی کوردان دەگەڕێنێتەوە. ناوبراو دان بە مافی زمانی و کولتووری و تەنانەت سیاسیی نەتەوەکان دادەنێ و ڕیفراندۆم بە مافی نەتەوەکان دەزانێ بەو مەرجەی لە بەستێنێکی دیمۆکراتیکدا ئەنجام بدرێ. ئەو بە سەرسوڕمانەوە باسی گشتگیری و فراوانیی مانگرتنی گشتیی ٢١ی خەرمانانی ٩٧ دەکا کە لە دەرەنجامی ئێعدامی سێ لاوی کورد و مووشەکبارانی قەڵای دیمۆکرات بەڕێوە چوو. تەنانەت ناوبراو بەرپرسیارەتیی ئەو تاوابە دەخاتە سەر شانی خۆیشی و، دەڵێ کاتێک سێ لاوی کوردمان ئێعدام کرد، کاتێک مووشەکبارانی دیمۆکراتمان کرد، لێرەدا وەک ئاکادیمیسیەنێک و شڕۆڤەکارێکی سیاسی قسە ناکا، دەبێتە وتەبێژی دەسەڵات و وەک بەشێک لە سیستم قسە دەکا.
– زیباکەلام بە دروستی ئاماژە بە دوو جەمسەری توندڕەوی لە کۆمەڵگەی سیاسیی ئێراندا دەکا و بە بەرهەمی پەرەپێنەدراوی سیاسیی دەزانێ و لە سەر ئەو بڕوایەیە پەرەپێدانی سیاسی ئەولەویەتی هەیە و تا دیمۆکراسی گەشە نەکا، ئابووری گەشە ناکا. زیباکەلام پێی وایە هەڵاواردنی ئابووری و ئیداری لە کوردستان و خووزستان و پێکهاتە پەڕاوێزخراوەکانی تری ئێران تەنیا کاتێک چارەسەر دەکرێ کە دیمۆکراسی لە ئێراندا وەدی بێ و ئەوەش ڕاستەوخۆ خواستی خۆدوورخستنەوە لە ناوەند (ناوەند گوریزی) لەنێو دەبا. لەو بۆچوونە دەتوانین ئەو نەتیجەیە وەرگرین کە تا ئەو کاتەی دەسەڵات لە ناوەند ورد نەکرێتەوە و بە سەر جوغڕافیا و پێکهاتە جیاوازەکاندا دابەش نەکرێ، ناتوانین چاوەڕوانی گەشەی ئابووری بین.
داننان بەوەی بنیاتنانی دەوڵەت-نەتەوە لە ئێراندا تەنیا بە پەرەپێدانی سیاسی بەدی دێ، لە نێوئاخنی قسەکانی زیباکەلامدا بەدی دەکرێ. لە کاتێکدا نوخبەی فکری و سیاسیی ناوەندگەرای ئێرانی چ دوای شۆڕشی مەشرووتە و چ لە سەردەمی پەهلەوییەکان و دواتریش کۆماری ئیسلامییدا لە سەر بنەمای پشتگوێخستن و پەڕاوێزخستنی نەتەوە نافارسەکان، پەرەپێدانی سیاسی و دیمۆکڕاسییان تەنیا لە کۆنتێکستی دیسکۆرسی مەزنیخوازانەی ناوەنددا پێناسە کردووە. دیمۆکراسییان کردۆتە قوربانیی پڕۆژەی یەکسانسازیی فەرهەنگی و زمانی لە ئێراندا. پڕۆژەیەک کە سەدەیەکە هەموو دامەزراوە پەروەردەیی و کولتووری و پۆلیسییەکانی خراوەتە خزمەت و مافەکانی مرۆڤی بە شێوەیەکی بەرین پێشێل کردووە، کەچی نە تەنیا سەرکەوتوو نەبووە، دوورکەوتنەوەی هەرچی زیاتری گەلانی بێبەشکراوی لێ کەوتۆتەوە و یەکپارچەیی خاکی ئێرانیشی بە تەواوی لاواز کردووە. زیباکەلام لەو جێگایەی هیوای بە کۆماری ئیسلامی هەیە بە دیمۆکراتیزە کردنی ئێران مەیلی “ناوەندگوریزی” بنەبڕ بکا، یان کەوتۆتە هەڵەیەکی زەقەوە، یان پێگە و جێگەی ئیزنی پێ نادا شڕۆڤەی ڕووداوەکان وەک خۆی بکا و گۆڕانکارییەکان بە پشتبەستن بە بەکگراوندی ئاکادمیکی خۆی پێشبینی بکا.