لە دیکتاتۆرییەوە بۆ دێموکراسی
(بەئامانج گرتنی دەسەڵاتی دیکتاتۆر)
هەروا کە خەباتی درێژخایەن لە ستراتیژییە سەرەتاییەکانەوە بەرەو قۆناغە بەرزەفڕانە و پێشکەوتووانەکان گەشە دەکا، ستراتیژیستەکانیش پێویستە بیر لەوە بکەنەوە کە بە چ شێوەیەک دەتوانن سەرچاوەکانی دەسەڵاتی دیکتاتۆر بەرتەسک بکەنەوە. ئامانجی ئەم لێکۆڵینەوە و بیرلێکردنەوەیە دەبێ کەڵکوەرگرتن لە “خۆ بواردنی خەڵک لە هاوکاریی ڕێژیم” بۆ گەیشتن بە دۆخێکی باشتر لە بەرژەوەندیی هێزە ئازادیخوازەکاندا بێ.
لەگەڵ بەهێزبوونی هێزە دێموکراتە خەباتکارەکان، دەبێ ستراتیژیستەکان پلانی گەورەتر بۆ خەباتی سیاسی و بیرۆکەی هاوکارینەکردنی ڕێژیم دابڕێژن تا بە ئامانجی ئیفلیج کردنی سیاسیی گەشەسەندوو و لە کۆتاییدا ڕووخانی دیکتاتۆر، سەرچاوەکانی هێز و دەسەڵاتی لێ جیا بکەنەوە.
پێویستە بە وردی پلان بۆ ئەوە دابڕێژرێ کە هێزە ئازادیخوازەکان بە چ شێوەیەک دەتوانن پشتیوانیی خەڵک و ئەو گرووپانەی کە پێشتر لە خزمەتی دیکتاتۆردا بوون، لاواز بکەن. ئایا پشتیوانیی خەڵک بە لەقاودانی دڕندەییەکانی ڕێژیم لاواز دەبێ؟ ئەی بە ئاشکرا کردنی ئەو نەهامەتییە ئابوورییانەی کە لە ئەنجامی سیاسەتەکانی دیکتاتۆرەوە دروست بوون، چی؟ یان دەنا بە تێگەیشتن لەوەی کە دەکرێ کۆتایی بە دیکتاتۆری بهێنرێ؟ دەبێ ئەو پشتیوانیەی کە لە دیکتاتۆر دەکرێ هێندە لاواز بکرێ کە بگاتە ئاستی بێلایەنی یا تەنانەت بگۆڕدرێ بۆ پشتیوانییەکی چالاک لە هەوڵەکانی لایەنگرانی دێموکراسی.
لە ڕەوتی پلاندانان بۆ بەڕێوەبردنی خەباتی سیاسی و هاوکاری نەکردن، دەبێ لایەنگران و پشتیوانانی دیکتاتۆر بۆ وێنە گرووپە نێوخۆییەکان، حیزبە سیاسییەکان، پۆلیس و بەتایبەتی ئەرتەش بە وردی سەرنجیان بدرێتێ و چاوەدێری بکرێن.
ئاستی وەفاداریی هێزە چەکدارەکان، بە ئەفسەر و سەربازەوە، بەرانبەر بە دیکتاتۆر دەبێ بخەمڵێنرێ و دیاری بکرێ کە داخوا هێزە دێموکراتەکان توانایی کاریگەرییان لەسەریان هەیە یا نە؟ ڕەنگە زۆرێک لە سەربازەکان بە زۆرەملێ هێنرابێتنە سەربازی و ناڕازی بن. لەوانەشە زۆرێک لە سەربازان و ئەفسەران بە هۆکاری شەخسی، بنەماڵەیی یان سیاسی لە حکوومەت بێگانە بن. چ هۆکارگەلێ لەوانەیە بتوانن کاریگەرییان لەسەر ئەفسەر و سەربازەکان هەبێ؟
لە قۆناغە سەرەتاییەکانی خەباتی ئازادیخوازانەدا دەبێ ستراتیژییەکی تایبەت بۆ دروستکردنی پێوەندی لەگەڵ هێزە چەکدارەکان و مەئموورەکانی دیکتاتۆردا دیاری بکرێ. هێزە ئازادیخوازەکان دەبێ بە هەندێ قسە و ئاماژە و چالاکییەکانیان هێزە چەکدارەکان ئاگادار بکەنەوە کە خەباتی ئازادیخوازانە لە کۆتاییدا سەر دەکەوێ. هێزە چەکدارەکان دەبێ لەوە حاڵی بکرێن کە ئەم خەباتە تەنیا بۆ لاوازکردنی دەسەڵات و لە بەین بردنی دیکتاتۆرە و نابێتە هەڕەشە بۆ ژیانی ئەوان. لە کۆتاییدا ئەم هەوڵانە دەبێ ورەی هێزە چەکدارەکانی دیکتاتۆر لاواز بکەن و دوایە وەفاداری و گوێڕایەڵیی ئەوان بەرانبەر بە دیکتاتۆر بگۆڕن بۆ هاوکارییان لەگەڵ هێزە دێموکرات و ئازادیخوازەکان. ستراتیژییەکی وەهاش دەبێ کار لەسەر پۆلیس و کارمەندەکانی دەوڵەت بکا.
بەهەرحاڵ ڕاکێشانی ئەم هێزانە و لە کۆتاییدا دروستکردنی نافەرمانی لە نێویاندا بەرانبەر بە دیکتاتۆر نابێ بە هەڵە ببێتە هۆی هاندانی ئەوان بۆ شکستدانی دیکتاتۆر لە ڕێگای سەربازییەوە. ئەم شێوازە لە کردەوەدا نابێتە هۆی دێموکراسی، چونکە (هەروا کە پێشتر باس کرا) کوودەتا باڵانسی هێز لە نێوان خەڵک و دەسەڵاتداران چاک ناکا. هەر بۆیە گرینگ دەبێ کە گەڵاڵەیەک لەم بارەوە ئامادە بکرێ کە چلۆن ئەفسەرانی وەرگەڕاو لە دیکتاتۆر لەوە حاڵی بکرێن کە کوودەتا یان شەڕی نێوخۆیی بە دژی دیکتاتۆر نە پێویست و نە جێگای پەسند.
ئەم ئەفسەرانە دەتوانن ڕۆڵێكی گرینگ لە خەباتی ئازادیخوازنەدا بگێڕن. بۆ وێنە ئەوان دەتوانن پشتگیری لە تەشەنەکردنی ناڕەزایەتی و هاوکارینەکردنی ڕێژیم لەنێو هێزە چەکدارەکان بکەن و هانیان بدەن بۆ کارنەکردنی بەئانقەست و گوێنەدان بە فەرمانەکان و پێشگرتن لەسەر سەرکوتی خەڵک. هەروەها ئەم ئەفسەرانە دەتوانن لە ڕێگای ئەمنیەتی و پاراستنی ئازادیخوازەکان و پێدانی یارمەتی و ناردنی خوردوخۆراک و پێداویستییە پزیشکییەکان و شتی لەو بابەتە، یارمەتییەکی باشی بزووتنەوە ئازدیخوازەکە بدەن.
ئەرتەش یەکێک لە گرینگترین سەرچاوەکانی هێزی دیکتاتۆرەکانە، چونکە دەتوانێ ڕاستەوخۆ کەڵک لە هێزی ڕێکوپێک و چەکوچۆڵی خۆی وەربگرێ بۆ هێرشکردنە سەر خەڵکی ناڕازی. ستراتژیستەکان دەبێ ئەوە بزانن ئەگەر پۆلیس و هێزە چەکدارەکان بە تەواوی لە پشتی دیکتاتۆر بن و گوێڕایەڵی فەرمانەکانی بن، شکستدانی دیکتاتۆر زۆر زەحمەتە و تەنانەت هەر ناشکرێ. بۆیە ستراتژیستەکان دەبێ زۆر گرینگی بەو ستراتیژییانە بدەن کە مەبەستیان نەهێشتن و لەبەینبردنی وەفاداریی هێزەکانی سەر بە دیکتاتۆرە.
ئازادیخوازەکان دەبێ ئەوە بزانن کە ناڕەزایەتی و نافەرمانی لەنێو هێزە چەکدارەکان و پۆلیسدا دەتوانێ زۆر بۆ ئەو هێزانە مەترسیدار بێ. ئەندامانی پۆلیس و هێزە چەکدارەکان لە بەرانبەر هەرچەشنە نافەرمانییەکدا دەبێ چاوەڕێی سزای قورس بن و ئەگەریش شۆڕش بکەن مەترسیی لەسێدارەدانیان لەسەرە. هەر بۆیە هێزە دێموکراتەکان نابێ داوای شۆڕشی بەپەلە لە ئەفسەر و سەربازەکان بکەن، بەڵکوو کاتێک کە دەرفەتی پێوەندییان هەیە دەبێ ڕوونی بکەنەوە کە چەندین جۆری نافەرمانیم وەک نافەرمانیی داپۆشراو هەیە کە دەکرێ لە قۆناغەکانی سەرەتاییدا کەڵکی لێ وەربگرن. بۆ وێنە پۆلیس و هێزە چەکدارەکان دەتوانن کاتێک فەرمانیان پێ دەکرێ بۆ سەرکوت، بەئانقەست فەرمانەکان بە ناڕێکوپێکی بەڕێوە ببەن. حەشارگەی کەسانی داواکراو بە هەڵە بۆی بچن، ئەندامانی هێزە ئازادیخوازەکان لە سەرکوت و گرتن و دەرکردن ئاگادار بکەنەوە و لە دانەوەی ڕاپۆرت بە سەرووی خۆیان هەڵە بکەن. ئەفسەرە ناڕازییەکانیش بە نۆرەی خۆیان دەتوانن لە ناردنی فەرمانی سەرکوتەکاندا ئاستەنگ و کێشە دروست بکەن. سەربازەکان دەکرێ بۆ ئاسمان و دوور لە خۆپیشاندەران تەقە بکەن. هەر بەم شێوەیە کارمەندانی دەزگا سەربازییەکان دەتوانن پەروەندە و بەڵگەی فەرمانەکان ون بکەن و نەهێڵن کارەکە باش بەڕێوە بچێ و خۆیان لە نەخۆشی بدەن تا ئیزنیان پێ بدەن بڕۆنەوە ماڵی خۆیان.
گۆڕانکاری لە ستراتیژیدا
ستراتیژیستەکانی خەباتی سیاسی دەبێ بەردەوام ستراتیژییە گەورە و سنووردارەکانیان هەڵبسەنگێنن بۆ ئەوەی بزانن چۆن بەڕێوە دەچن. بۆ وێنە لەوانەیە خەباتەکە بەو شێوەیە کە چاوەڕوان دەکرێ نەچووە پێشێ. ئەگەر وابوو پێویستە ئاڵوگۆڕی پێویست لە ستراتیژییەکەدا بکرێ. بۆ زیادکردنی هێزی بزووتنەوە و کۆنترۆڵکردنی مەیدانەکە چ شتێک دەکرێ بکرێ؟ لەم دۆخەدا دەبێ کێشەکە دیاری بکرێ، ستراتیژییەکان دیسان هەلڵسەنگێندرێن و لەوانەشە ئەرک و بەرپرسایەتییەکان بە گرووپێکی دیکە لە خەڵک بسپێردرێ، کەڵک لە هێزی دیکە وەربگیردرێ و دەورێکی نوێ لە کارەکان دەست پێ بکرێ. کاتێک کە ئەمە کرا، گەڵاڵەی نوێ دەبێ دەسبەجێ کاری پێ بکرێ.
بە پێچەوانە ئەگەر خەباتەکە زۆر باشتر لەوەی چاوەڕوان دەکرا چووە پێشێ و دیکتاتۆر زووتر لەوەی پێشبینی دەکرا بەرەو لاوازی ڕۆیی، هێزە ئازادیخوازەکان بە چ شێوەیەک دەبێ ئەوەی وەدەستیان هێناوە بیپارێزن و بۆ ڕووخاندنی دیکتاتۆر کەڵکی لێ وەربگرن؟
جوابی ئەم پرسیارە لە بەشی دواییدا دەدەینەوە.