لە سەدەی بیستەمدا، پاش هەر دوو شەڕی جیهانیی یەکەم و دووهەم کە سیستمی نێودەوڵەتی ژانی لەدایک بوونی فۆرمێکیتر لە حوکمڕانی و دەسەڵاتدارەتیی بەخۆی گرتبوو و، سیستمی حوکمرانیی ئیمپراتۆرییەت دوای شۆڕشی ڕۆشەنگەری و پیشەسازی لەبەریەک هەڵوەشابوو؛ لە ساختاری نێودەوڵەتیدا فەڕمانڕەوایەتیی دەوڵەت- نەتەوە جێگای ئێمپراتۆرییەتی گرتەوە. نەتەوەی کوردیش بە حوکمی یاسای گەردوونی، سروشتی و مڕۆڤایەتی دەبوا وەک نەتەوەیەک کە خاونی خاک، زمان، چاند و شارستانییەتی خۆی بوو؛ ئەم مافە بیگرێتەوە. بەڵام لە قۆناغی داگیرکاریی نوێدا ئیمپراتورییەتی سەفەوی (فارس/شیعە) و عوسمانی (تورک/سوننە) دەبنە لەمپەر بەرامبەر مافویستیی گەلی کورد و، دواتر بە هاوکاری و پشتیوانیی داگیرکەرانی جیهانی لە ساتوسەودایەکی هاوبەشی ناوچەیی و جیهانیدا (ڕێککەوتنی سایکس پیکۆ) خاک کوردستان و نەتەوەی کورد بە سەر چوار دەوڵەتی نوێی ناوچەییدا دابەش دەکەن.
بەڵام لەلایەک بەهۆی پاشخانی هزریی تاکی کورد بە نیسبەت مێژوو لە سەردەمی ڕابردوودا و دڕندەیی و دێوەزمەیی عەقلییەتی شۆوینیستیی عەرەب، فارس و تورک و لە لایەکیتر، بە هۆی سەرکردایەتیی مێرخاسانی وەک شێخ سەعید، شێخ عوبەیدوڵلا، شێخ مەحموود، مەلا مستەفا و سمایل ئاغای سمکۆ کە بە هەست و نەستەوە خەبات و تێکۆشانیان دژی داگیرکەرانی کوردستان دەکرد؛ ئایین و پێگەی دەسەڵاتدارێتییان بە ڕوح و هزری بەرخۆدانی کوردانە و لە ڕاستای تەسلیم نەبوون بە داگیرکەران و دانپێدانەنان بە ئۆتۆریتەی داگیرکەران، هەردەم بە گەشاوەیی و ئاگامەندییەوە بۆ نەسلی داهاتوو گواستەوە .
لەو کاتەشدا کە سیستمی دەوڵەت-نەتەوە جێگای سیستمی ئێمپراتۆرییەتی دینی-سیاسیی گرتەوە و ژیان لە قۆناغی فیۆدالی بۆ پیشەسازی هەنگاوی نا و، مۆدێلی حیزبایەتی بە شێوەی ڕێکخراوەییش هاتە ئاراوە، گەلی کوردیش وەک نەتەوەیەکی زیندوو لەسەر بنەڕەتی ئەم پاشخان و ڕابردووە پر لە شۆڕش و قوربانیدانە کە تێکۆشانی لەسەرپێ هێشتنەوەی گەلەکەی بە شێوەی فڕەڕەهەند کردبوو و، پاش هەر جار شەهیدبوونی سەرکردەکەی و نسکۆی شۆڕشەکەی -چونکی ڕۆڵەکانی خاونی هەمان ئەقلییەت و ڕۆحی ڕزگاریخوازی و ئازادیویستی بوون- سەری هەڵداوەتەوە و ئاڵای تێکۆشان هیچ کات لە ئاسمانی کوردان دانەکەوتووە. ئەمجارەش پاش دامەزرانی کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد، پاش سێ ساڵ خەبات و تێکۆشانی کولتووری، سیاسی و فەرهەنگی لە ٢٥ی گەڵاوێژی ١٣٢٤دا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان یەکەم حیزبی کوردی بە شێوەی مۆدێرن و ڕێکخراو کە خاوەنی بەرنامە و پێڕەوە، لەژێر ناوی “حیزبی دێموکراتی کوردستان” و بە ئەزموون وەرگرتن لە شۆڕشەکانی ڕابردووی و کەڵکوەڕگرتن لە سەردەمی نوێی جیهانی وەک حیزبێکی خاوەن فەلسەفەی نەتەوەیی و نیشتمانی بۆ بەدیهێنانی مافەکانی نەتەوەکەمان لەسەر ئەساسی بەڕێکخراو کردنی جەماوەر و لە ڕووی ئاگاییەوە دادەمەزرێ.
لەم کاتەدا کە حیزبی دێموکراتی کوردستان دادەمەزرێ، بارودۆخی ئێران بە ئاراستەیەکی هەرە هەستیار و مێژووییدا تێپەر دەبێ و بە لەبەرچاو گرتنی هەڵکەوتەی ژیۆسیاسی و ژیۆپۆلیتیکیی ئێران و بەرژەوەندیی زلهێزانی شەڕی جیهانی و بێتوانایی حاکمانی ئێران لە ڕووی سیاسی و ئیداریدا وڵات دەبێتە مەیدانی تەڕاتێنی بریتانیا و سۆڤیەت. بەمجۆرە جوغرافیای ئێران بە کردەوە لە نێوان ئەم دوو زلهێزەدا دابەش دەبێ و هێژمۆنی و دەسەڵاتی حکوومەتی ناوەندی بەتایبەت لە ناوچە پەراوێزەکان نامێنی و ڕێبەرایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە خوێندنەوەی دۆخی ئارایی لە ئێران و وەزعی ناوچە و جیهان، لەژێر ڕووناکایی بڕیارێکی حەکیمانەی پێشەوا قازی و جیهانبینی حیزبی دێموکراتی کوردستان، دەرفەت بە گونجاو دەبینن و لە ڕۆژی ٢ی ڕێبەندانی ١٣٢٥ی هەتاویدا کۆماری کوردستان دادەمەزرێنن.
هاوکات لەگەڵ ڕاگەیاندنی کوماری کوردستان کۆمەڵێک هێما و سێمبول هەم وەک پێویستییەکی فەرمانڕەوایەتیی کوردان و هەمیش وەک یاسا و پرستیژی نێودەوڵەتی لە چواڕچێوەی کۆماردا، بە ئاوردانەوە لە مێژووی پڕ لە شۆڕش، خوێن و قوربانیدان و لە پێناو فۆرم بەخشین بە داهاتوویەکی زێڕین دێنە ئاراوە؛ کە ئاڵا، سروودی نەتەوەیی و پێشمەرگە بەشێکن لەم شانازییە پڕ مانا و نێوەڕۆکەی کۆماری کوردستان.
ئاڵای پیڕۆزی کوردستان سیمبۆل و شکۆی نەتەوەی کورد کە وەک بەشێک لە چاند و فەرهەنگی نەتەوەی کورد لە سەردەمی کۆماری کوردستان وەک هەموو گەڵانی تری خاوەن ئاڵا و دەسەڵات بۆ نیشاندانی پێناسە، ناسنامە و دەسەڵاتداڕێتیی کوردانە، بە شێوەی فەرمی شەرعییەتەکەی لە حکومەتی کوردستان وەک یەکەم حوکمداری چاخی نوێی کوردان بوو، وەردەگرێ. ڕێک بەپێی پێناسەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان کە ئاڵا وەک هێما و ناسنامەی نەتەوە، دەوڵەت و هەڕێم پێناسە دەکا، ئاڵای کوردستانیش بۆ نەتەوەی کورد و نیشتمانی کوردستان هێما و ناسنامەی نەتەوەیی و نیشتمانییانە .
ئێستا ئاڵا ئەو هێما و پێناسە گرینگ و دیارەمانە کە ڕۆڵی گرینگ و شوێندانەری لە بەرهەمهێنانی وێژمان و پاڕاستنی گوتاری نەتەوەییمان دەبینێ و وەک ڕەمزی نەتەوەیی وێڕای ڕەمزەکانی دیکەی وەک پێشمەرگە، سروود و… ڕۆڵی بەرچاو لەنێو نەتەوەکەمان هەم بۆ خەبات و تێکوشان و هەمیش بۆ یەکگرتوویی ڕوح و ئەندێشەی کورد و کوردستانمێحوەرانە لەنێو هەموو پارچەکانی کوردستان بە هەموو حیزب، زاراوە و ئیتنیکەکان دەگێڕێ و وەک چەتری کۆکەڕەوەی هەموو نەتەوەی کورد دەور و ڕۆڵی هەیە.
شانازی و دەسکەوتێکیتر کە لە سەردەمی کۆماری کوردستان چێ دەبێ، هێزی “پێشمەڕگە”ی کوردستانە .لەو کاتەدا حکومەتی کوماری کوردستان دەسەڵاتدارەتی و حوکمداریی خۆی ڕادەگەیەنێ، هەم وەک حەوجێیەکی گرینگ و ئەساسی لەپێناو سەقامگیریی نێوخۆیی و هەم بۆ ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ هەڕەشە و مەترسییەکانی دەرەکی، دامەزراندنی هێزێکی مرۆیی بەرگریکار دەبێتە پێویستییەکی بنەڕەتی .
کوماری کودستانیش بەپێی ئەم زەڕوورەتە نێوخۆیی و دەرەکی و هەمیش بە درێژایی مێژوو کە ڕۆڵە قاڕەمانەکانی نەتەوەکەمان بە گیانیان وەک بەهادارترین سامانیان نەتەوە و نیشتمانەکەمانیان لە دەستی داگیرکەران پاراستووە و بۆ ڕزگاری و ئازادی نەتەوەکەیان گیانیان بەخت کردووە، ناوی پیرۆزی “پێشمەڕگە” بەپێی ئەم فەلسەفە و زەروورەتە دەبێتە ناوی پاڕێزەری نەتەوە و نیشتمانمان .
دوای ڕووخانی کوماری کوردستان ئەرک و ڕەسالەتی پێشمەڕگە کە بەرگری لە مان و مەوجوودیەتی نەتەوەکەمان بەرامبەر داگیرکەران بوو ، لە قۆناغی نوێشدا کە تێکنۆلۆژی سنووڕەکان دەبڕێ و دوژمن ئێستا بە شێوەی نەرم و لە ڕێگای میکانیزمە جۆربەجۆرەکان هەوڵی ئاسیمیلەکردن و سەپاندنی شوناسی خۆی بە سەر نەتەوەکەمان دەدا، ئەرک و بەڕپرسیارێتیی پێشمەرگە هەر دوو بەستێنی نەرمئامێرانە و ڕەقئامێرانەی بە خۆیەوە گرتوە و بە هزر و مەعریفەوە، هاوشانی چەکەکەی بەرامبەر داگیرکەران لە پێناو پاراستنی بەها و بایەخەکانی گەلەکەی تێ دەکۆشێ.
هێزی پێشمەرگەی کوردستان ئەم هێزە کاریگەر و شوێندانەرەی کورد و کوردستانە کە بە قاڕەمانێتی و ئیرادەی گیانفیدایانە بە سادەترین چەک و کەڕەستەی شەڕکردن توانیویەتی بەڕامبەر داگیرکەرانی کوردستان بوەستێتەوە و پێش بە ڕەوتی داگیرکاری و لەنێو بردنی نەتەوەکەمان لە سەر ئەقلییەتی شۆوینیستیی فارس، تورک و عەرەب بگرێ .
بە درێژایی مێژوو گەلی کورد خاوەنی ڕۆڵەی قاڕەمانی لەم چەشنە بووە کە توانیویەتی بەرامبەر پیلانگێڕییە نگریسەکانی داگیرکەران، پارێزەری شوناس، ماهییەت و مەوجوودیەتی نەتەوەکەمان بێت و بەڕەورووی تاریکپەڕەستانی وەک داعش کە هەموو دنیا سەرەڕای خاوەنی بەهێزترین و کاریگەرترین چەک و تێکنۆلۆژیی شەڕ؛ ئەمنیەتی نێوخۆیی و بەرژەوەندییەکانیان نەمابوو، ئەوە هێزی پێشمەرگەی کوردستان بوو بە ئیمان بە پاراستنی نەتەوەکەی و نیشتمانەکەی بە ئیرادەیەکی کوردانە بەرامبەریان بوەستێ و بە مرۆڤایەتی بسەلمێنێ کە داگیرکەرانی کوردستان و تاریکپەرەستانی وەک داعش لە ئاست ورەی بەڕزی پێشمەرگە کە پاڕێزەری نەتەوەکەمانن، زەبوون و داماون .بۆیە پێشمەرگەی کوردستان پاڕێزەری شوناس، خاک و گەلەکەمان دوای شەڕی داعش ئێستا لە دنیادا باڵوێزی ڕزگاری و پاراستنی مرۆڤایەتی پێناسەی بۆ دەکرێ .
مەخابن کۆماری کوردستان پاش ١١مانگ لە تەمەنی پر لە دەسکەوتی لە بوارەکانی سیاسی، کولتووری، فەرهەنگی و… بۆ نەتەوەکەمان لە پیلانگێڕییەکی جیهانیدا تێک چوو ، بەڵام خودی کۆمار و هێماکانی (سرودی نەتەوەیی، ئاڵا، پێشمەرگە و …) کە خوڵقاندنی، ئێستا داینەمۆی تێکۆشانی هەر تاکێکی کوردە و وەک ڕۆح و فەلسەفەی ژیان و ڕزگاری بۆ کۆمار، ئاڵا و پێشمەڕگە لە لایان هەموو نەتەوەی کورد سەیر دەکرێ.
ئازادیخوازانی کورد، پاڕێزەڕانی ئاڵا و پێشمەڕگە بە وەفا و بەڵێنییەک کە بە خوێنی پاکی شەهیدانیان داوە، ناهێڵن گەلەکەمان بێ پێشمەڕگە بێ و ئاڵای پیرۆزی کوردستان هەردەم بە ئاسمانی کوردستانە شەکاوە دەبێ.