ئه‌و چوار په‌رده‌یه‌ی دنیایان جوانتر كرد
(چاوخشاندنێك به‌سه‌ر سیاسه‌تی دره‌وه‌ی ترامپدا)
ئه‌گه‌ر سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی هه‌ر وڵاتێك به گشتی بریتی بێ له جۆر و شێوازی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ وڵاتانی‌تر، ده‌بێ ده‌وری هۆكاره جۆربه‌جۆره نێوخۆیی و ده‌ره‌كییه‌كان وه‌ك بارودۆخی جوغرافیایی و ئیقلیمی، ئه‌زموونه مێژووییه‌كان، پێكهاته‌ی قه‌ومی نه‌ته‌وه‌یی، ماهییه‌تی نیزامی سیاسی، تواناییه‌كان و سنووردارییه‌كانی ئابووری و چه‌كداری و كۆتاجار ماهییه‌تی سیستمی سیاسی نێونه‌ته‌وه‌یی و ناوچه‌یی ڕه‌چاو بكرێن.
به‌ڵام له‌م نێوه‌دا به‌ده‌گمه‌ن ڕۆڵی نائاسایی كارگێڕێك وه‌ك سه‌ركۆماری وڵاتێكی وه‌ك ئه‌مریكا ته‌واوی ئه‌م هۆكارانه ده‌خاته ژێر كاریگه‌ریی خۆیه‌وه، واته بۆ سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی چوار ساڵی ڕابردووی ئه‌مریكا ده‌بێ جگه له‌م هۆكارانه، ڕۆڵی كه‌سایه‌تی و كاره‌كتێری خودی تڕامپیشی لێ زیاد بكه‌ین.
له ماوه‌ی ئه‌م چوار ساڵه‌دا تڕا‌مپ نیشانی داوه كه بێزاره له هه‌موو ئیشێكی هاوبه‌شی و موشاره‌كه‌تی و، پێی وایه ئه‌مریكا له‌وه‌تی هه‌یه كڵاوی چۆته‌سه‌ر و ئه‌وه وڵاتانی ترن كه به‌شی خۆیان ناده‌ن و ئه‌مریكا خراوه‌ته ژێر زهختێكهوه كه په‌یوه‌ندی به‌وه‌وه نییه، بۆیه به دروشمی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی شكۆ و گه‌وره‌یی بۆ ئه‌مریكا، له‌باری ئابووری و ماڵییه‌وه، حه‌ولی ئیزۆله كردنی ئه‌مریكای داوه. ڕه‌نگه ئه‌گه‌ر ئه‌وه بزانین بۆ وێنه سەتا ٢٥ی خه‌رجه‌كانی ڕێكخراوه‌ی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له ئه‌ستۆی ئه‌مریكایه، وه‌باڵ بۆ ئه‌م پێداگرییه‌ی تڕا‌مپ زیاتر بكێشین! بۆیه سیاسه‌ته‌كانی ده‌ره‌وه‌ی تڕا‌مپ به وته‌ی زالمای خه‌لیل زاد ده‌بێ وه‌ك “دوكتورینی ترامپ” ناوزه‌د بكرێ، یان به وته‌ی هه‌ندێ چاوه‌دێری سیاسی وه‌ك “دیارده‌ی تڕا‌مپ”، دوكتورین و دیارهدهیهك كه له‌گه‌ڵ سهركۆمارهكانی به‌ر له خۆی به ته‌واوی جیاوازه!
ڕه‌نگه به شێوه‌یه‌كی سه‌رپێی ئه‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه وه‌ك سه‌ره‌كیترین پنته‌كانی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه له ماوه‌ی چوار ساڵ سه‌رۆكایه‌تی تڕامپدا ده‌ستنیشان بكه‌ین:
هاتنه‌ده‌ر له په‌یمانی تیجاری هاوبه‌شی ترانس پاسیفیك، سه‌رله‌نوێ سازدانه‌وه‌ی په‌یمانی نه‌فتا، دانانی تڕاوڵ به‌ن بۆ شه‌ش وڵاتی موسڵمان یه‌ك له‌وان كۆماری ئیسلامی، هاتنه‌ده‌ر له ڕێكه‌وتننامه‌ی پاریس، به‌فه‌رمی ناسینی ئورشه‌لیم وه‌ك پێته‌ختی ئیسرائیل، هێرشه‌كان بۆ سه‌ر سووریا، پرسی دیواری مێكزیك، شه‌ڕی ئابووری له‌گه‌ڵ چین، ئاڵوگۆڕی یاساكانی په‌نابه‌رێتی، كشاندنه‌وه‌ی هێزه‌كان له ڕۆژاوا، لایه‌نگرییه‌كی بێ شه‌رت و مه‌رج له عه‌ره‌بستان، ڕێكه‌وتننامه له‌گه‌ڵ تاڵیبان، هاتنه‌ده‌ر له ڕێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی و…
به‌ڵام به باوه‌ڕی من ئه‌م خاڵانه‌ی كاریگه‌ریی تایبه‌تی خۆیان هه‌بووه له‌سه‌ر سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا به نیسبه‌ت ئاسایشی نێونه‌ته‌وه‌ییه‌وه بریتین له‌م پنتانه‌ی خواره‌وه كه بوون به هۆكاری ئه‌وه كه به‌ره‌و دنیایه‌كی ئارامتر و ئه‌هوه‌نتر بچین. ڕه‌نگه ئه‌مه ڕسته‌یه‌كی به‌جێ بێ كه بڵێین تڕا‌مپ و تیمی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی سه‌رده‌می پۆمپێئۆ باشترین ناسینیان له‌سه‌ر ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست هه‌بووه.
(١) ڕێككه‌وتننامه‌ی ئیبراهیم (ڕێكکه‌وتنی ئیسرائیل و وڵاتانی عه‌ره‌بی)
چامسكی له هه‌شتاكان گوتی پرسی فه‌له‌ستین گه‌وره‌ترین كێشه‌ی دنیایه، به‌ڵام بێگومان پاش ڕێككه‌وتننامه‌ی ئیبراهیم ده‌بێ به ته‌واوی ڕای گۆڕابێ! چون به ڕێككه‌وتننامه‌ی ئیبراهیم، پرسی فه‌له‌ستین له پرسێكی گشتی مابه‌ینی ئیسرائیل و وڵاتانی عه‌ره‌بی، واته به‌ره‌یه‌كی عه‌ره‌بی – ئیسلامی (ئیمارات، به‌حره‌ین، سوودان، مۆرۆكۆ) بۆ پرسێكی سنوورداری نێوان ئیسرائیل و فه‌له‌ستین دابه‌زی! دیاره له‌وه‌پێش میسر و ئۆردۆنیش په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ ئیسرائیل ئاسایی كردبۆوه.
بێگومان له پاش تێكچوونی هاوسه‌نگیی دووجه‌مسه‌ریی هێز له دنیا و نه‌مانی به‌ره‌ی چه‌پ به مانا كلاسیكییه‌كه‌ی، ڕێك ئه‌م دۆخه‌ی ئێستا هاته ئاراوه، واته وڵاتانی سه‌ر به به‌ره‌ی چه‌پ، له كێشه‌ی فه‌له‌ستین وه‌لانران و ئه‌مجاره‌یان ته‌نیا وڵاتانی عه‌ره‌بی مانه‌وه، كه‌چی به‌م ڕێككه‌وتننامه‌یه وه‌ك باس كرا كێشه جیهانییه‌كه ده‌بێ به كێشه‌ی دوو وڵات. ئه‌مه ڕێك ئه‌م مه‌به‌سته بوو كه تڕا‌مپ به باشی پێكای!
له لایه‌كی تریشه‌وه ده‌كرێ بڵێین ئه‌وه ڕێك ئه‌وه شته‌ش بوو كه كۆماری ئیسلامی و دهستوپێوهندهكانی زراویان لێی چووه، ڕۆژی قودس كه له لایه‌ن كۆماری ئیسلامییه‌وه ده‌ستنیشان كراوه بۆ داكۆكی له مافی فه‌له‌ستین مانایه‌كی ئه‌وتۆی نامێنێ و گه‌لی فه‌له‌ستین ده‌بێ دواجار كێشه‌ی خۆی له‌گه‌ڵ ئیسرائیل چاره‌سه‌ر بكا. ئه‌مه‌ش واته ئه‌م شته‌ی كه وه‌ك میحوه‌ری به‌ناو خۆڕاگری دیاری كراوه و گرووپه تیرۆریسییهكان له‌خۆ ده‌گرێ ئاخرجار ئیزۆله ده‌بن و بێگومان ناوچه‌كه سه‌قامگیرییه‌كی زیاتر به‌خۆوه ده‌بینێ. ئیتر دروشمه پووشباییهكانی كۆماری ئیسلامی وه‌ك “ڕێگای قودس به كه‌ربه‌لادا تێ ده‌په‌ڕێ” بۆ لایه‌نگره‌كانیشی بایەخێكی نامێنێ!
(٢) مارالاگۆ، كۆتایی تراویلكەی هیلالی شیعی (كوژرانی قاسم سوله‌یمانی)
تا به‌ر له كوشتنی سوله‌یمانی، سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا تا ڕاده‌یه‌كی زۆر سیمای گه‌وره‌ترین زلهێزی جیهانی پێوه دیار نه‌مابوو، به‌تایبه‌تی له ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست و به‌تایبه‌تیتر سه‌باره‌ت به كێشه‌كانی جوغرافیایهك به ناوی هیلالی شیعی، ناوچه‌یه‌ك كه ده‌كرێ بڵێین ئه‌مریكا به ته‌واوی مه‌یدانی بۆ كۆماری ئیسلامی چۆل كردبوو، نموونه‌ی هه‌ره‌دوایی كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له ڕۆژاوا. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌و مه‌یدان چۆڵكردنهی ئه‌مریكا، كۆماری ئیسلامی هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌ی كرد كه ڕه‌نگه خوێندنه‌وه و هه‌ڵه‌ی زۆربه‌ی شرۆڤه‌كارانی سیاسیش بووبێ، كه ئه‌ویش بریتی له‌مه‌بوو كه بەربێژیی كه‌سایه‌تیی تێكچندراوی تڕامپی بۆ هاوكێشه سیاسییه‌كانی ناوچه ڕه‌چاو نه‌كردبوو. كاره‌كتێرێكی تێكچندراو كه هه‌ندێ جار لێدوانه‌كانی ئه‌وه‌نده پارادۆكسیكاله كه جاری وایه له ماوه‌ی كه‌متر له كاتژمێرێكدا دۆستان و دوژمنانی تووشی سه‌رسوڕمان یان باشتر بڵێم سه‌رلێشێواوی ده‌كا!
ڕۆژنامه‌ی لۆس ئانجلێس تایمز باس له‌وه ده‌كا كاتێ ئه‌ندامانی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی واته وه‌زیری به‌رگری، وه‌زیری ده‌ره‌وه و سه‌رۆك ئه‌ركانی سپای ئه‌مریكا چوون بۆ هاوینه‌هه‌واری مارالاگۆ له ئه‌یاله‌تی فلۆریدا، پێشبینیی ئه‌وه‌یان نه‌ده‌كرد كه تڕا‌مپ فه‌رمانی كوشتنی سوله‌یمانی بدا. ئه‌م فه‌رمانه كه ڕێك ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر دوابه‌دوای هێرش بۆ سه‌ر پایگای كێی وان و كۆنسوولی ئه‌مریكا له به‌غدا ده‌رچوو، تڕا‌مپ له تویتێكدا گوتبووی: ئێران به به‌رپرسی هێرشه‌كان و گیانه له‌ده‌ستچووه‌كان دەزانن و ئه‌وان ده‌بێ باجێكی زۆر قورس بده‌ن!
ئه‌مه هۆشدار نه‌بوو به‌ڵكوو هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی جیددی بوو، ئه‌و باجه گه‌وره‌ی كه تڕا‌مپ باسی كرد كه ده‌بێ كۆماری ئیسلامی بیدا دیسان له لایه‌ن ئێرانییه‌كانه‌وه به‌هه‌ند وه‌رنه‌گیرا، چون له ڕاستیدا ئه‌و كارانه‌ی كۆماری ئیسلامی كردبووی له ماوه‌ی گرژبوونه‌وه‌ی زیاتری په‌یوه‌ندی ئه‌مریكا و ئێران‌دا وه‌ك: خستنه‌خواره‌وه‌ی دڕۆنی ئه‌مریكایی، هه‌ڕه‌شه له گه‌رووی هورموز، هێرش بۆ سه‌ر چاڵه نه‌وته‌كانی ئارامكۆی عه‌ره‌بستان، ڕاگرتنی گه‌مییه‌كانی نه‌وت، شه‌ڕی پراكسی و “نامتقارن” له ناوچه و… دژكرده‌وه‌یه‌كی جیددی و وڵامێكی ئه‌وتۆی له لایه‌ن ئه‌مریكاوه نه‌درابۆوه. (ته‌نانه‌ت واباشه له ئه‌ده‌بیاتی سیاسی‌دا سه‌باره‌ت به شه‌ڕی پڕاكسی پێداچوونه‌وه‌مان هه‌بێ و باس له “به‌شداریی ئه‌كتیو” بكه‌ین چۆن له ڕاستیدا قاسم سوله‌یمانی به عاله‌م ئاشكرا خه‌ریكی تراتێن له ناوچه‌دا بوو، وه‌بیر خۆمانی بێنینه‌وه كه له پاش ڕێفراندۆمی باشوور چۆن وه‌پێش حه‌شدی شه‌عبی كه‌وتبوو بۆ داگیر كردنی كه‌ركووك!) بۆیه كاربه‌ده‌ستانی كۆماری ئیسلامی هه‌ر به‌م ڕبه‌ی پێشوویان پێوا و به‌م شێوه‌یه خافڵگیر بوون.
چون ڕێك له شه‌وی سه‌ری ساڵی 2020دا، تڕا‌مپ كۆماری ئیسلامیی دڵنیا كرده‌وه كه ئه‌مریكا ئاشتی و ئارامیی ده‌وێ و ئێرانیش ده‌بێ زیاتر له هه‌موو كه‌س خوازیاری سوڵح بێ! سه‌یر كه، له ماوه‌ی كه‌متر له سێ چوار ڕۆژ تویته پڕ له هه‌ڕه‌شه‌كه‌ی تڕا‌مپ و قسه‌كانی شه‌وی سه‌ری ساڵ، ڕێك به‌ته‌واوی دژبه‌یه‌كن و كۆماری ئیسلامی و خودی سوله‌یمانییان تووشی هه‌ڵه‌یه‌كی ستراتیژیك كرد و دواجار بوو به هۆی كوێربوونی چاوی كۆماری ئیسلامی!
بۆیه ئه‌وه‌ی كرا ڕێك له‌نێوبردنی هێژمۆنیی كۆماری ئیسلامی و گه‌ڕانه‌وه‌ی سەرنجهكان بوو بۆ سه‌ر ئه‌مریكا، كه دنیا ئه‌و ڕاستییه بزانێ كه نه‌زم و ته‌كووزیی ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست به‌بێ ئه‌مریكا جێبه‌جێ نابێ! كوشتنی سوله‌یمانی ته‌نیا كوشتنی پاسدارێك نه‌بوو كه جێگاكه‌ی به یهكیتر پڕ كرێته‌وه، كوشتنی سوله‌یمانی به سوخرهگرتنی هێما و سیمبولی ده‌سه‌ڵات و هێزی كۆماری ئیسلامی له ناوچه‌دا بوو و بۆ هه‌موو كه‌س سه‌لمێندرا كه سوله‌یمانی سوپهرمن نییه. ئه‌مه شكاندنی پۆڕتێك و گهڕاندنههوی شكۆیه‌ك بوو كه تڕا‌مپ هۆكاری سه‌ره‌كیی بوو. ده‌ركردنی فه‌رمانی كوشتنی قاسم سوله‌یمانی له هاوینه‌هه‌واری ماڕالاگۆ، كۆتایی قووڵایی ستراتیژیكی كۆماری ئیسلامی بوو.
(٣) سه‌گه بهڕهڵڵاكهی داعش (كوژرانی ئهبوووبهكر به‌غدادی)
مایك پێنس جێگری تڕا‌مپ له دیبهتهكانی سه‌ركۆماری گوتی: كاتێ سهركۆمار تڕا‌مپ هاته كۆشكی سپی، داعش له ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست ناوچه‌یه‌كی به‌قه‌را ئه‌یاله‌تی پێنسیلوانیای ئه‌مریكا (120000 km2) داگیر كردبوو به‌ڵام پرێزیدێنت تڕا‌مپ سپای نارده سه‌ر داعش و به‌بێ كوژرانی تاقه سه‌ربازێك خه‌لافه‌تی ئیسلامیی تێكه‌وه پێچا.
هه‌رچه‌ند دێیڤید پێترایۆس، بەرپرسی پێشووی CIA و فەرماندەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراقی پاش ڕووخانی ڕژیمی به‌عس، گوتی كه كوشتنی سوله‌یمانی لە کوشتنی بنلادن و کوشتنی ئەبووبەکر بەغدادی گرینگتر بوو، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا كه ئه‌مه ڕاستییه‌كی حاشاهه‌ڵنه‌گره وێده‌چێ كوژرانی به‌غدادی ناوچه‌یه‌كی ئه‌من و ئارامتری سازكردبێ بۆ به‌رگرتن به سه‌رهه‌ڵدانی ڕادیكاڵیزمی ئیسلامی. به‌غدادی تیرۆریستێكی “به‌ڕه‌ڵڵا” بوو، واته هیچ وڵاتێك لانی كه‌م به فه‌رمی پشتگیریی نه‌ده‌كرد و ماوه‌ی خه‌لافه‌ته سنوورداره‌كه‌ی زۆر درێژ نه‌بوو، به‌ڵام پێكهاته‌ی سپا خوێنخۆرهكهی هه‌موو نه‌ته‌وه‌كانی دنیای له‌خۆ گرتبوو و به كرده‌وه ئوممه‌تی ئیسلامی له شام و عێراق خویا ببوو و هێمای ترسناكترین بوونه‌وه‌ری سه‌ر گۆی زه‌وی نیشانی جیهان دا. ڕه‌نگه به له‌نێوچوونی به‌غدادی ئایدۆلۆژییه ڕادیكاڵه ئیسلامییه‌كه له‌نێو نه‌چووبێ به‌ڵام بێگومان دنیای سه‌رده‌می به‌غدادی و دنیای پاش كوژرانی به‌غدادی ئه‌وه‌نده جیاواز بن كه بگوترێ جیهان ئێستا جوانتر و ئارامتره!
(٤) پیاوه قوڵه خرپنهكه
تڕا‌مپ سه‌بری ستراتیژیك (strategic patience) و خه‌سیوی ئۆبامای له‌هه‌مبه‌ر كۆریای كرد به دیدارێكی ئه‌كتیو و بێوێنه، كه له هه‌مان كاتیش‌دا ئاوێته‌ی هه‌ڕه‌شه بوو، واته ڕێك دووان به زمانی دیكتاتۆره‌كه، ئه‌وه تایبه‌تمه‌ندیی سه‌ره‌كیی تڕا‌مپ بوو كه به‌ده‌ر له نۆڕمه‌كانی ئاخاڤتنی نێوان سه‌رۆكی وڵاتانان سه‌یر ده‌كرێ، بۆ وێنه كاتێ كۆماری ئیسلامی یان كۆرەی باكوور هه‌ڕه‌شه له بهرژهوهندهییهكانی ئه‌مریكا ده‌كه‌ن، تڕا‌مپ له وڵامیاندا ده‌ڵێ یه‌ك به هه‌زار تۆڵه‌یان لێ ده‌كه‌ینه‌وه!
به‌ڵام به‌هه‌رحاڵ چاوپێكه‌وتنی تڕا‌مپ و كیم جۆنگ ئون له یه‌كه‌م ڕوانیندا خاوه‌نی هێما و كۆدی تایبه‌ت به خۆیه‌تی. هه‌رگیز هیچ سه‌ركۆمارێكی ئه‌مریكایی پێی نه‌ناوه‌ته “گوندی ئاگربه‌س” له سنووری نێوان دوو كۆرە، جۆری په‌یوه‌ندی تڕا‌مپ و كیم زیاتر له ئه‌فسانه ده‌چێ، نامه گۆڕینه‌وه‌ی به وته‌ی تڕا‌مپ ئه‌ویندارانه‌ی نێوانیان ڕێخۆشكه‌ر بوو بۆ توانه‌وه‌ی به‌سته‌ڵه‌كی نێوان كۆرەی باكوور و ئه‌مریكا و ئومێدێك بۆ داهاتوویه‌كی هه‌رچه‌ند ته‌م و مژاوی! ئه‌وه زۆر گرینگه كه پیاوه قوڵهخرپنهكه به‌پێچه‌وانه‌ی باب و باپیری ملی ڕ‌اكێشا بۆ وتووێژ و دانوستان، ئه‌مه گرینگ‌ترین توخمه بۆ نیازپاكی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه. له كه‌وانه‌دا خاڵی سه‌رنجڕاكێش و سه‌رسوڕهێنه‌ر بۆچوونی كۆماری ئیسلامی سه‌باره‌ت به‌م دانوستانانه بوو كه نه ته‌نیا وه‌ك وڵاتێكی ئاسایی و دێموكراتیك پێشوازییان لێ نه‌كرد به‌ڵكوو ڕێك به‌پێچه‌وانه‌وه ئیدانه‌ی ئه‌م وتووێژانه‌یان كرد!
تیمی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی تڕا‌مپ سه‌باره‌ت به كۆرەی باكوور هه‌ستی به مه‌ترسیی نیزیكی له‌ڕاده‌به‌ده‌ری چینیش كردۆته‌وه، هه‌رچه‌ند چین بە تاكه وڵاتی سه‌ره‌كیی دابینكه‌ری پێداویستییه‌كانی كۆرە دادەنرێ و، چین ئه‌م وڵاته‌ی كردووه به دارده‌ستێك به دژی ئه‌مریكا بۆ ئه‌وه‌ی له دهربیجهیهكی ئابوورییه‌وه له‌م كێبه‌ركێی ستراتیژییه‌كه‌دا خۆی بكا به باڵاده‌ست!
ئه‌مریكا ڕێگایه‌كی دوورودرێژی له‌به‌ره بۆ ئه‌وه‌ی خۆی له كۆرە نیزیك كاته‌وه. ئه‌گه‌رچی هیوادار بوون به داماڵینی كۆرەی باكوور له چهكوچۆڵه كۆمه‌ڵكوژییه‌كانی ڕه‌نگه ئاره‌زوویه‌كی دووره‌ده‌ست بێ، به‌ڵام ئه‌وه‌ی تڕا‌مپ كردی له‌وه‌پێش هیچ سه‌ركۆمارێكی ئه‌مریكی نه‌یكردووه و له ئه‌گه‌ری درێژه‌ی ئه‌م دانوستانانه‌دا بۆی هه‌یه ئاماڵ دوڕگهیهكی ئه‌منتر ساز بێ.
ئه‌گه‌رچی سیاسهتمدارێكی وه‌ك ڕابێرت بلاك ویل – كارناسی باڵای سیاسه‌تی ده‌ره‌وه – بۆ سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی تڕا‌مپ به‌نیسبه‌ت ته‌واوی ئه‌و وڵاتانه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌مریكای سه‌رده‌می تڕا‌مپ گرفتی سه‌ره‌كیان هه‌یه بۆ هیچیان نمره‌ی A ڕه‌چاو ناكا و به B و C و D و زۆر جاران F كۆتایی به تاقیكاریی تڕا‌مپ دێنێ، به‌ڵام به دڵنیاییه‌وه ئه‌گه‌ر تڕا‌مپ له كۆشكی سپی مابایه‌وه، نمره‌ی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی تڕا‌مپ لانی كه‌م له‌هه‌مبه‌ر وڵاتانی پشتیوانی تیرۆر و تیرۆریزم یه‌ك له‌وان كۆماری ئیسلامی بێگومان ده‌بوو بەA .