مانگی رەشەمەی ئەمساڵ ” هەڵبژاردنی” دەورەی دەیەمی مەجلیسی شوڕای ئیسلامی لە ئێران دەستپێدەکا. تا ئێستا پتر لە ١٢هەزار کەس، بە ژن و پیاوەوە بۆ ئەم کێبەرکێیە خۆیان ناونووس کردووە و لە هەر چوار پارێزگاکەی رۆژهەڵاتی کوردستان، زیاتر لە هەزار کەس بۆ ئەم مەبەستە هاتوونە مەیدان و جارێ روون نیە چەند کەسیان لە پاڵوێنە سیاسی، ئابووری، ئەمنییەتی و مەزەبییەکانی رژێم رەت دەبن و دەتوانن ببنە بەربژێر.
ئەوەی روونە کاتێک باس باسی هەڵبژاردنە و هەر لە هەڵبژاردنیشدا بڕیار لە چارەنووسی کەس و لایەن و حیزب و دەوڵەتان دەدرێ، ناکرێ هەروا لەخۆوە دژایەتی کارێکی وەها بکرێ. دیارە ئەوەش ئاشکرایە لە رژێمێکدا کە لەسەر بنەمای ” ویلایەتی فەقێ” بەڕێوە دەچێ، هەڵبژاردن و دەنگی خەڵک هیچ مانایەکی نیە و تا ئێستا زۆر نموونەی بێ مانا بوونی هەڵبژاردن لە رژێمی ویلایەتی فەقێی ئێران دا تاقی کراوەتەوە.
رژێمی ئیسلامیی ئێران بە ناو سیستمێکی کۆماری- ئیسلامییە. کە بەشە کۆمارییەکەی زۆر تراوە و ئیسلامییەکەشی هێندە خەستە کە دەکرێ خشتی قەڵای ئەلەمووتی پێ سازکرێتەوە!
پێکهاتەی ئەم سیستمە بەمشێوەیە:
– رێبەر یان وەلی فەقێ، کەسێکە کە بە باوەڕی موسوڵمانی شێعەی دوازدە ئیمامی تا وەدیهاتنی ئیمام زەمان جێگری ئەو ئیمامەیە و ئەرکەکانی وی بەڕیوەدەبا. وەلی فەقێ لە رژێمی ئیسلامیی ئێراندا خاوەنی ” حوکمی حکوومەتییە” کە ئەم حوکمە دەتوانێ بڕیاری هەر سێ قووەکانی بەڕیوەبەریی وڵات هەڵوەشێنێتەوە!
– دەوڵەت ( قووەی بەڕیوەبەری) سەرۆکەکەی سەرکۆمارە
– قووەی یاسا دانان یان پاڕلمان کە یاسا و رێسای وڵات دادەڕێژێ
– قووەی قەزاییە بۆ بەڕێوەبردنی ” عەداڵەت” و پشتیوانی لە مافی کەسی و کۆمەڵایەتی…
جگە لەم سێ کوچکەی دەسەڵاتە، رژێمی ئیسلامیی ئێران چەند دامەزراوەی دیکەی هەیە کە بەم چەشنەن:
– شوڕای نیگابان
– مەجلیسی خیبرەگانی رێبەری
– کۆڕی هەڵسەنگاندنی بەرژەوەندییەکانی نیزام
شوڕای نیگابان لە ١٢ کەس پێکدێ کە شەشیان ئاخوندن و شەشیان یاسا زانن. یاسازانەکان قووەی قەزاییە بە مەجلیسی شوڕای ئیسلامییان دەناسێنێ و مەجلیس دەنگیان پێدەدا و شەش ئاخوندەکەش راستەوخۆ رێبەری نیزام و وەلی فەقێ دەستنیشانیان دەکا و لە ئەگەری کێشەی نێوان ئەو دوازدە کەسە، وەلی فەقێ ” حەکەمە”!
مەجلیسی خیبرەگانی رێبەری لە ٨٨ ئاخوندی فەقێ و خاوەن زانستی ئیسلامی پێکدێ و ئەو کەسانە لە لایەن خەڵکەوە بۆ ماوەی ٨ ساڵ هەڵدەبژێردرێن و بە ناو ئەرکیان دیاری کردنی رێبەری نیزام و چاوەدێری بەسەر کارەکانی دایە.
کۆڕی هەڵسەنگاندنی بەرژەوەندییەکانی نیزام، لە ساڵی ١٣٦٨ی هەتاوی دامەزراوە و ئەندامەکانی لە لایەن رێبەرەوە دیاری دەکرێن. ئەرکی ئەم کۆڕە چارەسەری کێشەکانی نێوان مەجلیسی شوڕای ئیسلامی و مەجلیسی خیبرەگانی رێبەرییە. لە ساڵی ١٣٨٥ی هەتاوییەوە ئەرکی چاوەدێری بەسەر کار و چالاکییەکانی هەر سێ قەوەی ” بەڕێوەبەری، قەزایی و یاسایی” کە لە دەست رێبەری نیزام دا بوو، بەو کۆڕە سپێردراوە.
جیاوازیی هەڵبژاردنی ئەمساڵ دەگەڵ ئەوانی رابردوودا ئەوەیە کە دەوڵەتی ” حەسەن روحانی” کە بە رەنگی مۆر و دروشمی ” اعتدال ” هاتە مەیدان، ئەگەرچی نەیتوانیوە بەڵێنەکانی سەردەمی هەڵبژاردن لە ناوخۆی وڵات جێبەجێ بکا، بە تایبەت ئازادییە کەسی و کۆمەڵایەتییەکان و ئەو بەڵێنانەی سەبارەت بە زمان بە نەتەوە غەیرە فارسەکانی ئێرانی دابوو، هەروەها رێژەی ئێعدامەکان نەک هەر کەمی نەکردووە، بگرە زیاتریش بووە و لە راستیدا رەنگە مۆرەکەی زیاتر بە لاملی لەداردراوەکانەوە دیارە تا شوێنەکانی دیکەی کۆمەڵگە. بەڵام توانیویەتی بە ” اعتدال” گرژی و ئاڵۆزییەکانی رژێم دەگەڵ دنیای دەرەوە هێوڕ بکاتەوە و دۆسییەی ئەتۆمیی ئەم وڵاتە لە شوڕای ئەمنییەتی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان دابخا و بەڵێنی هەڵگرتنی گەمارۆ ئابوورییەکانی سەر ئێرانیش بستێنێ.
بە بڕوای من ئەم سەرکەوتنەی رووحانی لە سیاسەتی دەرەوەدا خەڵکی هانداوە کە هیوادار بن کە ئەگەر لە مەجلیسی شوڕای ئیسلامی لایەنگرانی رووحانی زیاتر بن، رەنگە لەناوخۆی وڵاتیش بتوانێ ئاڵوگۆڕ بە قازانجی خەڵک پێکبێنێ.
هەر بۆیە بە بڕوای من واباشە ئەو مافە بۆ خەڵک بمێنێتەوە کە بۆخۆی بڕیار لەسەر بەشداری کردن یان نەکردن لە هەڵبژاردنی مەجلیسی شوڕای ئیسلامی بدا. کورد ئەگەر بتوانێ وەک سەردەمی ” رەوانشاد بەهائەدین ئەدەب” نوێنەرەکانی لە مەجلیسی شورای ئیسلامی وێکڕا لەسەر مافەکانی کورد هەڵوێست بگرن و بۆ وێنە باسی ماددەکانی ١٥ و ١٩ بوروژێنن، کارێکی باشە و لە بنەڕەتدا ئەوە ئەرکی ئەوانە ئەو ماددانە بخەنە بواری کارپێکردنەوە. هەروەها لە پارێزگاکانی ورمێ و ئیلام تا رێژەی نوێنەری کورد زۆرتر بێ باشترە.