بە پێی بڕگەی ٣٨ی یاسای بنەڕەتیی کۆماریی ئیسلامی هەرجۆرە ئەشکەنجەیەک قەدەغەیە، بەڵام لە لایەکەوە بەپێی هێندێک فتوا و وتەی گێڕدراوە لە ئایەتوڵلا خومەینی کە گوتویەتی: “پاراستنی نیزام لە هەرە پێویستییەکانە” و لەلایەکی دی کە درۆکردن، بەدرۆ خستنەوە و حاشا کردن بەپێی تەقیە بۆ پاراستنی ڕێژیمی حەڵاڵ کردوە؛ ئەمانە وای کردوە کە ناوەندە ئەمنیەتییەکان دەستیان لە ئەشکەنجەداندا ئاوەڵا بێ و لەلایەکی دیکەوە سەبارەت بە حاشاکردن و شاردنەوەیان لەبەر هێنانەگۆڕیی پرسی مافەکانی مرۆڤ و هەستیاریی دونیای دەرەوە، هەنگاو هەڵگرنەوە.
خاڵێکی گرینگ ئەوەیە کە بەندیخانە بەپێی ڕێسا و عورف، شوێنی هێشتنەوەی تاوانبار و خەتاکارانە، بەڵام بەشێکی زۆر لە بەندکراوانی کۆماریی ئیسلامی، ئەوانەی لەسەر پرسی نەتەوەیی، عەقیدەتی، سیاسی، مافەکانی مرۆڤ و پیشەیی دەگیرێن، بەرەوڕووی جۆرەها ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی باو و داهێنراوی ئەم ڕێژیمە دەبنەوە. ئەوەی جێی ئاماژەیە کە زۆرێک لە ئەشکەنجەکان جەستەیی و دەروونیین کە بە گشتی مەبەست لێیان وەرگرتنی دانپێدانان و درکاندنی هەڵبەستراو یان وردکردنی کەسایەتی و دەروونیی بەندکراوەکەیە.
گرینگترینی ئەشکەنجەکان لە سیستمی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا بریتین لە:
١) تێکەڵاوکردنی بەندکراوە سیاسییەـــــ عەقیدەتییەکان دەگەڵ تاوانبارە پێشینەدارەکان (وەک پیاوکوژ، قاچاخچیی ماددە هۆشبەرەکان، کەسانی موعتاد، دز و جەردە و … هتد) بۆ شکان و وردکردنی کەسایەتی و تێک ڕووخانی ڕوحی و دەروونیی بەندکراوانی سیاسی.
٢) ناوبردنی بەندییە قەومی، سیاسی و عەقیدەتییەکان بە تاوانباری ئەمنیەتی.
٣) قەدەغەی چاوپێکەوتن یان سنووردارکردنی بەردەوامی ئەوان لە دەستڕاگەیشتن بە دنیای دەرەوە.
٤) جێگۆڕکێی گیراوەکان لە زیندانەکاندا بە مەبەستی:
ئەلف) نیشتەجێ کردنیان لە شوێنێکی نادیار و خستنە ژێر گوشاری دەروونی.
ب) ڕاگواستنیان بەبێ ئاگاداریی بنەماڵەکانیان و دروستکردنی نیگەرانی بۆیان بە مەبەستی گوشاری دەروونی.
٥) سنووردارکردنی تەنانەت هەواخۆری بۆ ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی
٦) پێدانی هەواڵی ناڕاست و هەڵبەستراو بە زیندانییەکان وەک یەکێک لە شێوازەکانی گوشاری دەروونی کە تەنانەت بۆ ئەم مەبەستە هیچ گوێیان لە ئامادەکردنی نوسخەی ساختەکراوی ڕۆژنامە ڕەسمییەکان نەبووە وەکوو ئەم بەشانەی خوارەوە:
ئەلف) لەقاودان و پڕوپاگەندەی هەڵبەستراو وەک دەستبەسەر کردنی یەکێک لە ئەندامانی بنەماڵەی زیندانییەکان.
ب) پڕوپاگەندەی خۆکوژیی یەکێک لە ئەندامانی بنەماڵە بە تایبەت منداڵەکانیان.
ج) پڕوپاگەندەی هەواڵی ڕەدوو کەوتنی ژن یان کچی زیندانی دەگەڵ پیاوێک و ڕاگەیاندنی لە ڕۆژنامەیەکی ساختەی ئامادەکراو کە چەند کەس لە زیندانییە سیاسییەکان وەئاگایان هێناون کە وەها تاکتیکێکیان بەکارهێناوە و داوایان لێ کردوون کە دانپێدانانەکە واژۆ بکەن کە لە بەرامبەردا ئازادیان بکەن.
٧) بەپێی یاسا، ماوەی قۆڵبەست کردن کاتییە، لە کاتێکدا زۆریان بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ و بەبێ ئاگادارکردنەوەی بنەماڵەکانیان دەستبەسەر دەکرێن، لەوەها کاتێکدا ئەو کەسە هیچ پێوەندییەکی بە دونیای دەرەوە نییە و لە ژوورێک ڕادەگیرێ. ئەم دەستبەسەرکرانە کاتییە گەلێ جار چەندین مانگ یان چەندین ساڵ دەخایەنێ بەبێ ئەوەی لە دادگا هۆکاری گرتنەکەی ڕوون کرابێتەوە.
٨) خستنە مێشکی لە سێدارەدان بۆ کەسی زیندانی و تەنانەت ئەنجامدانی لە سێدارەدانی ڕواڵەتی و بردنی کەسەکە تا بن پەتی سێدارە.
٩) دەست پێڕانەگەیشتنی کەسی دەستبەسەرکراو بە پارێزەر، هەروەها دەست پێڕانەگەیشتنی پارێزەریش بە نێوەڕۆکی پەروەندەکەی.
١٠) ناردنی بەردەوامی کەسی زیندانی بۆ ژووری تاکەکەسی بە بیانووگەلی جۆراوجۆر و تەنانەت لە هێندێک بواردا لەبەر ویست و داخوازیی زیندانییەکان بە مافەکانیان.
١١) بێبەشکردنی تاک لە خزمەتگوزاریی و کەلوپەلی پاک پارێزی و خاوێنکەرەوە بە تایبەت لە بەندی ئافرەتان دا.
١٢) ئەوپەڕی ئیمکاناتێکی کەمی زیندانییەکان بۆ وێنە تێخزاندنی ژمارەیەکی زۆر لە ژوورێکدا کە بەشی زۆریان تەختی خەویان تێدا نییە و هێندێک جار بە ناچاری لە حەمام و ڕاڕەوەکاندا دەمێننەوە، لێرەدا دەبینی کە گوشاری ڕوحی و دەروونی بە چ ئاستێک دەگا کە لە زۆر بواردا دەبێتە هۆی خۆکوژی و لەخۆدانی کەسی زیندانی هەرکام لە زیندانییەکان شاهێدی بابەتگەلێکی لەو جۆرەن.
١٣) لە وێنەی ئەشکەنجە رووحییەکان بە گشتی، لەخەو هەستانیان لە کاتژمێر ٥ی بەیانیەوەو ئەنجامدانی کارگەلێکی وەک خوێندنی سروودی کۆماریی ئیسلامی!
١٤) ناچارکردنیان بە ئەنجامدانی ڕێوڕەسمە ئایینییەکان و عیبادەت بەپێی ئەوەی باوی کۆماریی ئیسلامییە لەکاتێکدا زۆرێک لە زیندانییەکان، لە بناغەڕا لایک، سێکۆلار و بە تایبەت ئایینگەلێکی جیا لە شیعەیان هەیە.
١٥) دووبەرەکینانەوە و ڕاهێنانی سیخوڕ لە نێوان زیندانییەکاندا بە پێدانی بەڵێنی ئازادی، دابینکردنی هێندێک مافی تایبەتی یان پێدانی بەرپرسایەتیی بەندی زیندانییەکان کە هەر ئەوە خۆی بۆتە هۆی کێشە و ناکۆکی و توندوتیژیگەلێکی زۆر.
١٦) پەخشی ئاوازگەلێکی ناخۆش و بێزارکەر بە بەردەوامی کە لە بواری ڕوحی و دەروونییەوە لە ئەشکەنجە هەرە مۆدێڕنەکانە. ئەم شێوازە زیاتر بۆ زیندانییە نوێ و گیراوە کاتییەکان ئەنجام دەدرێ.
١٧) پاش تووشبوونی زیندانییەکان بە خەمۆکی یان بە قەولی بەرپرسانی زیندان ڕامکردنی زیندانی، ئاوازی دڵتەنگ و خەمبار لێدەدەن بۆ ئەو زیندانیانەی کە حەپسی درێژماوەیان هەیە و تووشی خەمۆکی بوون بۆ شکانی زیاتریان.
١٨) سنووردار کردنی دەستڕاگەیشتن بە تەلەفوون و پێوەندی کردن.
١٩) بوونی باندگەلێکی خراپکار و چەقاوەسوو و فۆڕمگرتنی گرووپگەلێکی بەکۆمەڵی شەڕهەڵایسێن لە زینداندا کە بەرپرسەکانیشیان ئاگادارن، ئەم باندانە زۆر جار دەبنە هۆی تێکهەڵچوون و کوشتن لەنێو بەندیخانەدا.
٢٠) باج وەرگرتن و بە تایبەتی دەستدرێژیی بەردەوامی هێندێک زیندانی شەڕهەڵایسێن بە زیندانیەکانی دیکە و بە تایبەتی زیندانییە گەنج و گیراوە عەقیدەتی و سیاسییەکان کە زۆر جار بەرپرسانی زیندان سەریان بۆ لەقاندوون.
٢١) دەستدرێژییە مەبەستدارەکان بۆ سەر زیندانییەکان لەحاڵێکدا سیستمی ئەمنیەتیی زیندان فیلمیان لێ هەڵدەگرنەوە و لەو فیلمانە بۆ درکاندن و دەمکوت کردن کەڵک وەردەگرن.
٢٢) دەستدرێژیی بە ژن و پیاو بەر لە سێدارەدان.
٢٣) ڕێگەپێدانی حەبی جۆراوجۆری دەروونگۆڕ و بە تایبەتی حەبی خەوهێنەر کە ئاسەوار و دەرەنجامی درێژخایەن و پایەدار دەخاتە سەر زیندانی و زۆر جار ڕوح و دەروونی تێک دەڕووخێنێ.
٢٤) بوونی ماددەی هۆشبەری بەربڵاو لە زیندانەکاندا بە جۆرێک کە دەست تێدابوونی بەرپرسانی زیندان لەم بازرگانییە چەپەڵەدا زۆر جار لەقاودراوە.
نموونەگەلێک لە ئەشکەنجەکان بە تایبەتی کە لە زیندانی ڕەجاییشار لە نێوان دەیەی ٦٠ هەتا ٨٠ی هەتاوی بینراوە، ئاماژەیەکە بۆ ئەوە کە ئەشکەنجە جەستەییەکان بە جۆرێک ئەنجام بدرێن کە ئاسەوارێکی لێنەمێنێتەوە. وەک:
– سووکایەتی و بێحورمەتی کردنی نامووسی بە زیندانییەکان.
– لێدان و کوتان و جوێن پێدان بە زیندانییەکان بە تایبەتی لەکاتی هەواخۆریدا بۆ ترس و تۆقاندن کە زۆر جار لە کاتی قسەکردن و پیاسەکردنی زیندانییەکان پێکەوە ئەم کارە دەکەن.
– هەڵکوتانە سەر بەندی زیندانییەکان لە شیرینە خەودا لەلایەن گاردی زیندانەوە و لیدان و کوتان و سووکایەتی پێکردنیان.
– ئەشکەنجە بە شێوازی جووچکەی بەراوەژوو واتە دەستی کەسەکەیان لە پشتەوە دەبەستەوە و هەر بەو دەستانەوە بەبن میچەوە هەڵیاندەواسی.
– ئەشکەنجە بە شێوازی جووجەکەباب واتە بەستنەوەی هەردووک قاچەکان پێکەوە و ڕەتکردنی میلەیەک لە نێوان لاقەکاندا و هەڵواسینی بە قاچەکانی و لێدان بە باتۆم لە بنی پێ و سمت و لاقوونان.
– شێوازی فەللاقەکردن واتە لێدان لە بنی پێ لەگەڵ جنێو و سووکایەتی کردن.
– عادەتەن لە نیوەشەو بەولاوە مەسەلەن سەعات ٢ی پاش نیوەشەو هەڵیاندەکوتایە سەر زیندانییەکان و لە خەویان ڕاست دەکردنەوە و دەیانهێننە بەر ئەو سەرمایەی زستان و هەردووک دەست لە پشتەمل قوفڵ و بە هەڵترووشکانەوە بازبازێنیان پێدەکەن یانی بازدانی مریشکی (پامرغی).
– وەخەبەر هێشتنەوەی زیندانییەکان بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ بە تایبەتی لەکاتی لێپرسینەوە و ناچار بە دانپێدانانی بە قەولی خۆیان ڕاستییەکان.
– خوێ کردنە سەر برینی زیندانییەکان.
– زیندانییەکانیان دەخستنە نێو مەنجەڵی گەورەی چێشت لێنان و پاشان کوتانی مەنجەڵەکان بە باتۆم و میلە ئاسن.
– ڕەوانەکردنی زیندانییەکان بۆ ژووری تاکەکەسی بە هەر بیانوویەک.
– بەستنەوەیان بە مێز و کورسی و وێڵ کردنیان بۆ کاتێکی نادیار.
– تێخستنی شیلانگی ئاو لە کۆمی زیندانییەکان مەسەلەن بەهۆی “ئیبراهیمی زەڕگەر” لە بەندیخانەی “کچویی”، کە هەنووکە ئەم کەسە سەرۆکی ئیتلاعاتی بۆکانە.
و) باوکی ژیار