(کەمینە ئایینییەکان لەژێر دەسەڵاتێکی شیعەگەریی دەوڵەتیدا)
ئامارێکی ورد و بڕواپێکراو لەسەر کەمینە ئایینییەکان لە ئێران بڵاو نەکراوەتەوە، بەڵام بەپێی هەندێک لە ئامارە حکوومی و ناحکوومییەکان، دوای شۆڕشی ١٣٥٧، ئاماری حەشیمەتیی کەمینە ئایینییەکان بە بەراورد لەگەڵ ڕێژەی تەواوی دانیشتووانی ئێران، بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە و زۆرینەی دانیشتووانی ئێران لە ئایینی شیعەی دوازدە ئیمامی پێکهاتووە. جگە لە سوننەکان کە بە کەمینەیەکی موسوڵمان دادەنرێن، چەندین کەمینەی ئایینی ناموسوڵمانیش وەکوو مەسیحی، زەردەشتی، جوولەکە، بەهایی و یارسان لە ئێران بوونیان هەیە. بەپێی ئامارە دەوڵەتییەکان، لە ساڵی ١٣٧٦ـەوە هەتا ساڵی ١٣٩٦، ئاماری موسوڵمانانی ئێران، ٥/٢ هێندە زیادی کردووە. ئەوە لە حاڵێکدایە ڕێژەی ناموسوڵمانەکان لەو ماوەیەدا گۆڕانکارییەکی ئەوتۆی بەسەردا نەهاتووە. پرسیارەکە ئەوەیە کە، دۆخی کەمینە ئایینییەکان لە کۆماری ئیسلامیدا کە لەسەر بنەمای شیعەگەری دامەزراوە، چلۆنە؟ لە ئێران، کەمینە ئایینییەکان بەسەر دوو دەستەدا دابەش دەبن: یەکەمیان، ئەو ئایینانەی لە لایەن دەوڵەتەوە بە فەرمی ناسراون، دووهەمیان، ئەو ئایینانەی کە لە لایەن دەوڵەتەوە بە فەرمی نەناسراون.
ئایینە بە فەرمی ناسراوەکان: لە یاسای بنەڕەتیی ئێراندا، جگە لە سوننەکان، سێ کەمینەی ئایینیی ناموسوڵمانی مەسیحی، جوولەکە و زەردەشتی بە فەرمی ناسراون و دوو کورسیی پاڕلمانیان بە شێوەی سەمبۆلیک بۆ تەرخان کراوە. بە فەرمی ناسینیان لە لایەن دەوڵەتەوە بەو واتایە نییە کە ئازادیی تەواویان لە بەجێ گەیاندنی ئەرکە ئایینییەکانیان هەیە، بەڵکوو چالاکییە ئایینییەکانیان چوارچێوەیەکی لە لایەن دەوڵەتەوە بۆ دیاری کراوە. بەپێی ئامارەکانی ناوەندی ئاماری ئێران، لە نێوان ساڵەکانی ١٣٣٦ تا ١٣٩٦دا، ژمارەی دانیشتووانی ئایینە ناموسوڵمانەکان بەو شێوە کەمی کردووە: مەسیحی ٪٧٣، جوولەکە ٪٩٧، زەردەشتی ٪٧٠ و ئەوانیتر بە ڕێژەی ٪٦١ کەمیان کردووە(1).
(ژمارەی دانیشتووانی ناموسوڵمان لە ئێران، لە نێوان ساڵەکانی ١٣٣٦- ١٣٩٦دا)
سەرچاوه: ناوەندی ئاماری ئێران
بەپێی ئەو گڕافیکەی سەرەوە، لە دوای شۆڕشی ١٣٥٧ـەوە، ژمارەی دانیشتووانی ناموسوڵمان کەمی کردووە، لە کاتێکدا، ژمارەی تەواوی دانیشتووانی ئێران، دوو هێندە زیادی کردووە. هۆکاری سەرەکیی دابەزین یان بەرزنەبوونەوەی ڕێژەی دانیشتووانی کەمینە ئایینییەکان دەگەڕێتەوە بۆ کۆچکردن بەهۆی سیاسەتی زۆرەملێ و سەرکوتی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی دەرهەق بە کەمینە ئایینییەکان. هەر لە سەرەتای شۆڕشەوە ژمارەیەک قەشە (پیاوی ئایینیی مەسیحی) تیرۆر کران. بۆ نموونە هووسپیان مێهر (١٣٧٢ لە کەرەج تیرۆر کرا)، مێهدی دیباج و تەتهیس میکائیلیان (ساڵی ١٣٧٣ تیرۆر کران و تەرمەکانیان بە ورد کراوی لەنێو بەفرگردا دۆزرایەوە). هەروەها بە سەدان مەسیحی ڕەوانەی زیندانەکان کران و ژمارەیەکی زۆر کتێبی ئینجیل و نووسراوە و بەڵگەنامەی ئایینی سووتێندران. بڵاوکراوە مەسیحییەکان قەدەغە کران و بەشی خزمەتگوزاریی کەنیسەکان داخران. هەرچەندە ئەمڕۆکە ژمارەیەک کەنیسە لە ئێران دەرگایان کراوەیە، بەڵام کار و چالاکییەکانیان لە لایەن دەوڵەتەوە سنووردار کراوە. زۆربەی ئەو ئێرانییانەی ئایینی خۆیان لە ئیسلامەوە گۆڕیوە بۆ ئایینەکانی دیکە، بەرەوڕووی توندترین سزا بوونەتەوە و زۆربەیان بە سزای لەسێدارەدان حوکم دراون، چونکە لە ڕوانگەی حکوومەتەوە گۆڕینی ئایین لە ئیسلامەوە بۆ ئایینێکی دیکە بە هەڵگەڕانەوە دادەنرێ، بەڵام گۆڕینی ئایین لەوانیترەوە بۆ ئیسلام، بە کارێکی پیرۆز دادەنرێ. دوای گوتاری خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی لە ساڵی ١٣٧٩دا، ژمارەی دەستگیرکراوان و لە سێدارە دراوانی کەمینە ئایینییەکان بەرز بوویەوە. بە گوتەی خامنەیی، “دوژمنی ئیسلام هەوڵ دەدا بە زیادبوونی ژمارەی کەنیسە خۆماڵییەکان و هەندێک ئایینی دەستکرد، ئایینی ئیسلام لاواز بکا”. بە گوێرەی ڕاپۆرتی ساڵانەی ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی بۆ ساڵی ١٣٩٨، زیاتر لە ١٧١ نوێدینی مەسیحی (ئەوانەی لە ئیسلامەوە چوونەتە سەر ئایینی مەسیح)، ساڵی ١٣٩٧ لە لایەن حکوومەتی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون و سزا دراون.
ژمارەی جوولەکەکانی ئێران زیاتر لە ژمارەی هەموو جوولەکەکانی وڵاتانی عەڕەبی جگە لە ئیسڕائیل و فەلەستینە، چونکە مێژووی هەبوونی جوولەکە لە ئێران دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە ٢٧٠٠ ساڵ پێش ئێستا، بەڵام ژمارەیان ڕۆژ بە ڕۆژ لە ئێران بەتایبەت دوای شۆڕش لە کەمبوونەوەدایە. کۆماری ئیسلامی، ناوی جوولەکە یان یەهودی گۆڕیوە بۆ کەلیمی و بە “کەلیمی”یەکان ناویان دەهێنێ. زۆرینەی جوولەکەکانی ئێران، بەرەو ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسڕائیل کۆچیان کردووە. لە ئێران جوولەکەکان بوونەتە قوربانیی کێشەکانی نێوان کۆماری ئیسلامی و دەوڵەتی ئیسڕائیل، چونکە هەر چەشنە پەیوەندییەکی ئەو جوولەکانە لەگەڵ دەوڵەتی ئیسڕائیل، سزای زۆر قورسی بە دواوەیە. بە گوتەی ئەنجومەنی جوولەکەکانی تاران، ئەمڕۆکە، “هەرچەندە جووەکان لە ئێستادا لە ئێران بە توندی سەرکوت ناکرێن، بەڵام لەگەڵ هەندێک بەربەست بەرەوڕوون”.
ئایینی زەردەشتی، نزیک بە ٣٠٠٠ ساڵ دەبێ لە نێو ئێرانییەکاندا دەرکەوتووە و بەر لە هاتنی ئایینی ئیسلام بۆ ئێران لە سەدەی حەوتەمی زایین، ئایینی سەرەکیی ئێرانییەکان بووە. لەگەڵ ئەوەشدا کە کۆمەڵگەی زەردەشتییەکان لە پاڕلمانی ئێران نوێنەری هەیە، بەڵام زەردەشتییەکان لە ژیانی ڕۆژانەیاندا، بەرەوڕووی هێرش و سووکایەتی و ئازار دەبنەوە. جیاوازی و هەڵاواردنی یاسایی، یەکێک لەو کێشانەیە کە زەردەشتییەکان لە ئێران بەرەوڕووی دەبنەوە. بۆ نموونە، ئەگەر لە بنەماڵەیەکی زەردەشتیدا، یەک کەس ئایینی خۆی بگۆڕێ بۆ ئیسلام، مافی ئەوەی هەیە بە تەنیا ببێتە خاوەنی هەموو میراتی بنەماڵەکە. هەروەها، ئەگەر کەسێکی زەردەشتی بە تۆمەتی کوشتنی موسوڵمانێک حوکم بدرێ، بەپێی یاسای ئێران، دەبێ قەساس وەربگرێ، واتە سزای مردن، بەڵام ئەگەر موسوڵمانێک بە تومەتی کوشتنی زەردەشتییەک حوکم بدرێ، بە مردن سزا نادرێ. ڕێساکانی ئایینی شیعە کە پەیوەندییەکانی نێوان ژن و پیاو ڕێک دەخەن و کردەوە توندوتیژییەکانی ئەو ڕێسایانە کە لە لایەن هێزەکانی پۆلیس و ئاسایشی کۆماری ئیسلامییەوە جێبەجێ دەکرێن، لە ڕوانگەی زۆربەی زەردەشتییەکانی ئیران، پێشێلکردنی مافە بنەڕەتییەکانی ئەوانە، بۆ ئەوەی بە زۆر نەریت و ڕێساکانی ئایینی ئیسلامیان بەسەردا بسەپێ.
هەڵاواردنی ئایینی، تەنیا ناموسوڵمانان ناکاتە ئامانج، بەڵکوو هەموو ئەو کەمینە موسوڵمانانەش دەکاتە ئامانج کە شیعەی دوازدە ئیمامی نین. سیاسەتە کولتوورییەکانی دەوڵەت وەکوو بەربەستێکن لە بەرامبەر هەموو ئەوانەی لەگەڵ شیعەی دوازدە ئیمامی سازگار نین.
ئایینە بە فەرمی نەناسراوەکان: ئەو ئایینانەی قانوونی بنەڕەتیی ئێران بە فەرمی نایانناسێ، نەک تەنیا کارو چالاکییەکانیان قەدەغەیە، بەڵکوو بەردەوام سەرکوت دەکرێن. ئایینە بە فەرمی نەناسراوەکانی وەکوو بەهایی و یارسان و ژمارەیەک کەمینەی دیکە، لە ڕوانگەی دەسەڵاتەوە وەکوو هەڵگەڕاوە سەیر دەکرێن و نەک تەنیا لە لایەن دامودەزگا دەوڵەتییەکانەوە بەڵکوو لە لایەن کۆمەڵگەشەوە بەبێ هیچ هۆکارێک بەرەوڕووی هەڵاواردن و توندوتیژی دەبنەوە. شوێنکەوتووانی ئەو ئایینانە لە زۆربەی خزمەتگوزارییە حکوومییەکانی وەکوو خوێندن و دامەزراندن بێبەش دەکرێن. ئایینی بەهایی یەکێک لەو ئایینانەیە کە بە شێوەیەکی چڕ کراوەتە ئامانجی سیاسەتە زۆرەملێیەکانی کۆماری ئیسلامی. هەرچەندە ئامارێکی فەرمی لەسەر ژمارەی شوێنکەوتووانی ئایینی بەهایی لەبەردەستدا نییە، بەڵام بە پێی ئامارە نافەرمییەکان، ژمارەی شوێنکەوتوانی ئەو ئایینە بە ٣٥٠ هەزار کەس بەراورد دەکرێ. دەستبەسەر کران و لە سێدارەدانی ژمارەیەک بەهایی لە دوای شۆڕش، بووە هۆی شەپۆلێکی گەورەی کۆچکردنی بەهاییەکان. دەستبەسەر کردنی خۆسەرانە، سزای قورسی زیندان، ئەشکەنجە و ڕەفتاری ناشایست، داخستنی کارگە و کارخانەکانیان، دەست بەسەردا گرتنی ماڵ و سامانیان، قەدەغەکردنی کارکردن لە کەرتی گشتی و بێبەشکردنیان لە خوێندنی زانکۆ، لەو سیاسەتانەن کە لە لایەن حکوومەتەوە لەسەر بەهاییەکان جێبەجێ دەکرێ. دەسەڵاتدارانی ئێران، بەهاییەکان بە خەڵکێکی “پیس” دادەنێن. دوای شۆڕش، نزیک بە تەواوی خوێندکار و مامۆستایانی بەهایی لە زانکۆکانی ئێران دەر کران و خوێندکار و مامۆستا نوێیەکانیش ئیتر لە زانکۆکان وەرنەگیران. بەپێی حوکمێکی نەهێنیی ئەنجومەنی باڵای شۆڕشی کولتووری، بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی بەهاییەکان، “نیزام دەبێ بە شێوەیەک ڕەفتار لەگەڵ بەهاییەکان بکا، کە ڕێگەی گەشەکردنیان لێ بگیرێ” و “لە کاتی ناونووسین لە زانکۆکان و لە ماوەی خوێندندا، کاتێک دەرکەوت کە ئەو کەسانە بەهایین، دەبێ لە خوێندن بێبەش بکرێن. جگە لە بەهایییەکان، ژمارەیەکی دیکەی کەمینەی ئایینی وەکوو یارسان (ئەهلی هەق)، دەروێشە گۆنابادیییەکان کە لقێکی شیعەن و بێ بڕواکان لە ئێران بوونیان هەیە و بە هەمان شێوەی بەهایییەکان بوونە بە قوربانیی سیاسەتی هەڵاواردنی سیستەماتیکی دەوڵەتی. هەرچەندە لە سەردەمی ڕێژیمی پاشایەتییش، زۆرێک لەو کەمینە ئایینیانە وەکوو بەهاییەکان، لە هەمان دۆخی ئەمڕۆدا بوون، بەڵام کۆماری ئیسلامی بە شێوەیەکی جدیتر و سیستەماتیکتر کەمینە ئایینییەکانی کردووەتە ئامانج، بە تایبەت لە بواری خوێندن و کار کردندا. کەمینە ئایینییەکان بە هۆی بەجێ گەیاندنی مەڕاسمە ئایینییەکانیانەوە، بەردەوام بەرەوڕووی سزا دەبنەوە، لەسەر کارەکانیان دەر دەکرێن و منداڵەکانیان لە خوێندن بێبەش دەکرێن. بێبڕواکان کە بڕوایان بە هیچ ئایینێک نییە، ئەگەر بە ئاشکرا ڕایبگەیەنن کە بێبڕوان، بە توندترین شێوە سزا دەدرێن. بە پێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی، بێبڕوایان بەردەوام مەترسی ئەوەیان لەسەرە کە بە بیانووی هەڵگەڕانەوە بگیرن، ئەشکەنجە بکرێن و بە توندترین شێوە سزا بدرێن.
1) ئەنجامی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان و نیشتەجێبوونی ساڵی ١٣٩٥، ناوەندی ئاماری ئێران، www.amar.org.ir