لە دیکتاتۆرییەوە تا دێموکراسی
(پەرەپێدانی بیرۆکەی هاوکاری نەکردن)
بۆ خەباتی سەرکەوتوو دژی دیکتاتۆری، پێویستە خەڵک بە تەواوی لە بیرۆکەی “هاوکاری نەکردن” تێبگەن و کاری پێ بکەن. هەروا کە لە چیرۆکی ئەربابی مەیموونەکاندا ڕوونمان کردەوە، ئیدەی سەرەکی سادەیە: ئەگەر ڕێژەیەکی باش لە ژێردەستان سەرەڕای سەرکوتەکان بۆ ماوەیەکی باش خۆ لە هاوکاری کردنی دیکتاتۆر ببوێرن، سیستمی ستەمگەر لاواز دەبێ و لە کۆتاییدا دەڕووخێ.
خەڵکێک کە لە ژێردەستیی دیکتاتۆرەکاندا دەژین، لەوانەیە پێشتریش ئەم چیرۆکەیان لە شوێنی دیکەش بیستبێ. بەوحاڵەشەوە دەبێ هێزە دێموکراتەکان بە شێوەیەکی پلان بۆ داڕێژراو بیرۆکەی “هاوکاری نەکردن” پەرە پێ بدەن. چیرۆکی ئەربابی مەیموونەکان” یان چیرۆکی هاوشێوەی دبێ لە هەموو کۆمەڵگاکاندا بڵاو بکرێنەوە. مرۆڤ لەم چیرۆکە بە ئاسانی تێدەگا. خەڵک ئەگەر یەکجار بە باشی لە “هاوکاری نەکردن” تێگەیشتن، ئیتر دەتوانن لەوەبەدوا بە دژی دیکتاتۆر لە درێژەی خەباتی خۆیاندا بە کاری بێنن. ئەوان هەروەها دەتوانن لە هەلومەرجی دیکەدا، بە هەزاران شێوە لە “هاوکاری نەکردن” دابهێنن.
لەگەڵ هەموو مەترسی و کێشەکان لە بڵاوکردنەوەی بیرۆکە و پەروەردە و هەواڵەکانی خەبات لە حکوومەتی ژێر دەسەڵاتی دیکتاتۆریدا، بەڵام ئازادیخوازان سەلماندوویانە کە دەتوانن ئەم کارە جێبەجێ بکەن. تەنانەت لە حکوومەتی ئاڵمانی نازی و سۆڤیەتی کۆمۆنیستەکان خەباتگێڕان دەیانتوانی بە کەڵک وەرگرتن لە بڵاوکردنەوەی ڕۆژنامە نایاسایەکان، نامیلکەکان، کتێبەکان و لەم ساڵانەی دوایی لە ڕێگای دەنگ و وێنەوەوە، پێوەندییەکی باش لە نێو هەموو خەڵکدا ساز بکەن.
بە یارمەتیی پلانی ستراتیژیکی پێشتر ئامادەکراو، دەکرێ ڕێنوێنییە گشتییەکانی خەبات ئامادە و بڵاو بکرێنەوە. ئەم رێنوێنیانە بە خەڵک دەڵێن کە لە سەر چ شتێک و لە چ کاتێک دەبێ خەبات بکەن و خۆ لە هاوکاری کردن ببوێرن و ئەم کارانە چۆن جێبەجێ بکەن.
ئێستا ئەگەر تەنانەت پێوەندیی نێوان خەڵک و سەرکردایەتیی هێزە دێموکراتەکان بپچڕێ و فرمانەکان دەرنەچن یان خەڵک نتوانن وەریانبگرن، خەڵک بۆ خۆیان فێر دەبن کە بە چ شێوەیەک لە سەر بابەتە گرینگەکان هەڵویست بگرن. ئەم ڕێنوێنییانە تەنانەت دەتوانن وەکوو ئەزموونێک لە پێوەندی لەگەڵ ئەو فەرمانە درۆیانەی کە پۆلیسی سیاسی بە مەبەستی هەڵخڕاندنی خەڵک بۆ کاری خراپ بڵاو دەبنەوە، کەڵکی لێوەربگیرێ.
سەرکوت و وڵامدانەوەی هاوشێوە
داڕێژەرانی ستراتیژیک دەبێ دژکردەوە و سەرکوتەکان و بەتایبەتی ڕادەی توندوتیژی نواندنی دیکتاتۆر لە بەرانبەر خەباتگێڕان هەڵبسەنگێنن. پێویستە بڕیار لە سەر ئەوە بدرێ کە چۆن دەبێ خۆڕاگری بکرێ. چۆن دژکردەوە نیشان بدرێ و لە سەرکوت کرانیش خۆ بە دوور بگرن بەبێ ئەوەی تەسلیم ببن. لە باری تاکتیکیەوە لە هەندێ کاتی تایبەتیدا پێویستە وریایی تەواو لەسەر سەرکوتەکان بە خەڵک و شۆڕشگێڕان بدرێ تا ئەوان لە ڕیسکی کارەکەی خۆیان ئاگادار بن. ئەگەر لەوانەبوو کە بە توندی سەرکوت بکرێن دەبێ کەرەستە و کەلوپەلی دەرمانی و پزیشکی بۆ یارمەتیی برینداران ئامادە بکرێ.
بە پێشبینی کردنی سەرکوت، ستراتیژیستەکان دەبێ لە پێشدا هەموو هەوڵێ خۆیان بدن تا کەڵک لەو تاکتیک و شێوازانە وەربگرن کە هاوکات لەگەڵ یارمەتی کردن بۆ گەیشتن بە ئامانج، ئەگەری سەرکوتە دڕندەکان بگاتە لانیکەمی خۆی. بۆ وێنە، خۆپیشاندان و نمایشی خەڵک لە شەقامەکان بە دژی دیکتاتۆری، ڕەنگە خۆش و سەرنجڕاکێش بێ بەڵام گیانی هەزاران خۆپیشاندەر دەخاتە مەترسییەوە.
تێچووی زۆر بۆ ئازادیخوازەکان بە مانای ئەوە نییە کە دەبێ حەتمەن فشارێکی زۆرتر بخەنە سەر دیکتاتۆر، بە نیسبەت کاتێک کە هەر ئەم خەڵکە لە ماڵەکانی خۆیان دەمانەوە و کارمەندەکانی دەوڵەت مانگرتن یان هاوکاری نەکردنیان ڕەچاو دەکرد.
ئەگەر پێشنیار کرا کە کارێکی شۆڕشگێڕانەی بزوێنەر کە مەترسیی زۆری بەدواوەیە، بۆ ئامانجێکی ستراتیژیک پێویستە، ئەوکات دەبێ بە وردی بیر لە تێچوو و قازانجەکانی ئەم پێشنیارە بکرێتەوە. ئایا خەڵک و شۆڕشگێڕان لە ڕەوتی خەباتدا هەڵسوکەوتیان ڕێکوپێک و دوور لە توندوتیژی دەبێ؟ ئایا دەتوانن نەکەونە داوی ئەو توندوتیژییەی کە دیکتاتۆر دەیهەوێ؟ پلاندانەران دەبێ بیر لەوە بکەنەوە کە چی بکەن کە هەم ڕێکوپێکییەکە بپارێزن و هەم خۆیان لە توندوتیژی بپارێزن. ئایا هەندێ کاری وەکوو پابەندی بە ناتوندوتیژی و بڵاوکردنەوەی ڕاگەیاندراو بە مەبەستی ڕێنوێنی کردنی خەڵک و پاراستنی ڕێکوپێکیی خۆپیشاندانەکان و گەمارۆ خستنە سەر گرووپە شەڕخواز و توندوتیژەکان باش و بەکەڵکە؟
ڕێبەران دەبێ هەمیشە ئاگایان لە هەڵسوکەوتی ئەو کەسانە ببێ کە ڕاسپێردراون خۆپیشاندانەکان بەرەو توندوتیژی بەرن.
وەفاداری بە پلانی ستراتیژیک
ئەگەر جارێک پلانی ستراتیژیک باش بەڕێوە چوو، هێزە دێموکرات و ئازادیخوازەکان دەبێ وریا بن نەکەونە داوی هەندێ جموجۆڵی لاوەکیی دیکتاتۆر کە لەوانەیە ستراتیژییە گەورەکە بەلاڕێدا ببا و ببێتە هۆی ئەوەی کە کارە گەورەکان بە کاری چووکە و ناگرینگەوە بەلاڕێدا بچن. هەروەها نابێ ڕێگا بدرێ هەندێ ئیحساساتی کاتی ئازادیخوازەکان لە ستراتیژیی گەورە و ئامانجە گەورەکانیان دوور بخاتەوە و بەلاڕێدا بچن.
بێبەزەیی و توندوتیژی نواندن لە لایەن دەسەڵاتەوە ڕەنگە بە ئەنقەسەت بۆ ئەوە بکرێ تا هێزە ئازادیخوازەکان تووڕە بکا و هانیان بدا واز لە پلان و نەخشەی خۆیان بهێنن و تەنانەت دەست بۆ توندوتیژی ببەن، واتە بیانکێشێتە مەیدانێک کە دیکتاتۆر دەتوانێ بە ئاسانی شکستیان بدا.
تا ئەو کاتەی کە لێکدانەوەی سەرەکی بە دروست بزانرێ، ئەرکی ئازادیخوازان ئەوەیە کە قۆناغ بە قۆناغ بچنە پێشەوە. بێگومان لەو ڕەوتەدا هەندێ ئاڵوگۆڕ لە تاکتیک و ئامانجدا ڕوو دەدا و ڕێبەرانی باش هەمیشە بۆ کەڵک وەرگرتن لە دەرفەتەکان ئامادەییان دەبێت.
ئەم ڕیکخستنانە کە بۆ ئامانجە ستراتیژیکە گەورەکان دانراوە، نابێ تووشی بێ سەروبەرەیی ببن.
جێبەجێ کردنی دروست و دەقیقی ستراتیژییە گەورەکان، ڕۆڵێکی گەورە بۆ گەیشتن بە سەرکەوتن دەگێڕێ.