ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەر لە سەرەتای بە دەستەوە گرتنی جڵەوی دەسەڵاتی وڵاتەوە بۆ سەپاندنی ئۆتۆریتە و هێژمونیی خۆی لە نێوخۆ و دەرەوەی سنوورەکانی بە تایبەت لە وڵاتانی ناوچە، تێرۆر و نانەوەی ئاژاوە و بشێویی لە ئاستی نێوخۆیی و دەرەکیدا خستۆتە دەستووری کاریەوە و بە شێوە و بیانووی جۆربەجۆر جێبەجێی کردوە. لەم ڕووەوە هەر لە سەرەتاوە تێرۆریزم ماهییەت، پێناسە و فەلسەفەی وجوویی ڕێژیمی مەلاکان بووە لە ئێراندا.
“تێرۆر” وەک وشە لە زمانی فەرانسەویدا بە مانای ترس و دڵەڕاوکێ دێ و لە سیاسەتیشدا بە کردەوەی ترسخوڵقێن و نایاسایی حکوومەتەکان بۆ سەرکوتی نەیارانی خۆیان و ترساندنیان پێناسە دەکڕێ و بە کار دێت. لە سەر ئەم ئەساسە تێرۆریزم وەک ترس و دڵەراوکێ دژی نەیاران هەموو کات چەکێکی بەهێز و کاریگەری حکوومەتی کۆماری ئیسلامی دژی ئازادیخوازانی وڵات (قەتڵە زنجیرەییەکان و تێرۆرە سیاسییەکانی دەرەوەی وڵات) و بە تایبەت بزووتنەوی مافخوازیی کوردستان (تێرۆری هەردوو سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان دوکتور قاسملوو لە ئۆتریش و دوکتور شەرەفکەندی لە ئالمان، تێرۆری زیاتر لە ٤٠٠ کادر و پێشمەرگەی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاری کوردستان لە هەرێمی کوردستان، تەقینەوەی شەوی یەلدای بەردەم مەقەڕی دەفتەری سیاسی و هێرشی مووشەکی بۆ سەر قەڵای دێموکرات) بووە. حاشا هەڵنەگرە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕێگەی تێرۆرەوە زۆرترین و قورسترین زیانی ئینسانیی بە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی و دێموکراسیخوازیی کورد و ئۆپۆزیسیۆنەکانی دیکەی خۆی گەیاندوە.
دوای ڕووداوی کوشتنی موحسین فەخریزادە، زانای ئەتومی و مووشەکیی ڕێژیم لە حەوتووی ڕابردوودا، جواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران وەک نوێنەری دەزگای دیپڵۆماسیی ڕێژیمیش لە کاتێکدا داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێکخڕاوی نەتەوە یەکگرتوەکان کرد کە هەڵوێستیان بەرامبەر کوژرانی فەخریزادە هەبێ؛ کە هاوکات لە بێلژیک دادگایەک لە تاوانی کردەوەی تێرۆریستیی کۆماری ئیسلامی بۆ تەقاندنەوەی کۆبوونەوەیەکی ئۆپۆزیسیۆنی ڕێژیم دەکۆڵێتەوە. هەروەها هەموو دنیا و بۆخۆشیان باش دەزانن کە پیتاندن و بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی لەلایەن ڕێژیمەوە نەک لە پێناو ئامانجی مرۆڤدۆستانە و بەرژەوەندیی خەڵکی ئێران نییە؛ بگرە بۆ بەبارمتە گرتنی زیاتری خەڵکی وڵات و بردنەسەرێی پتری توانای سەربازیی خۆیان بۆ پڕکێشییەکانیان لە ناوچە و جیهاندایە.
ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دوای چوار دەیە لە دەسەڵاتدارەتیی داسەپاوی خۆیان بە سەر گەڵانی ئێراندا و لە کاتێکدا کە دنیا بە هۆی پێشکەوتنی فڕەڕەهەند لە ڕووی سیاسی، ئابووری، تێکنۆلۆژی و هتد ئاوەدانی و خۆشبژیویی زۆری بە خۆیەوە بینیوە، بەڵام دەسەڵاتبەدەستانی ڕێژیم بە عەقڵییەتی چاخی بەردین، شەڕەنگێزی و نەحاوانەیان لەگەڵ دنیای سەردەم و پێداگرییان لە سەر پڕوپاگەندەکانی سەرەتای شۆڕش -هەناردەی شۆڕش، ئازادیی قودس، بوون بە ئادرەسی ئیسلام لە دنیا، باڵادەستی لە ناوچەدا- ئێرانیان لە هەموو بوارێکدا تەریک خستۆتەوە و لەپێناو ڕاگرتنی هێز و حکوومەتەکەیان هەم بەرهەمهێنەری تێرۆریزم و هەم پشتیوانی سەرەکیی تێرۆریزم بوون. لەو سۆنگەیەشەوە دەبینین کە خۆیان لەگەڵ هەموو دنیا بەرەوڕوو کردووەتەوە و لە سایەی ئەو جۆرە ڕوانینەیان خەڵکی وڵاتیان تووشی چ بەشمەینەتییەک کردووە.
وەڵامی کوشتنی فەخریزادە چۆن دەبێ؟
کۆماری ئیسلامیی ئێران دوای هاتنە سەرکار و دەست بەسەر داگرتنی دەسکەوتی شۆڕشی ئازادیخوازیی گەلانی ئێران و مۆنۆپۆل کردنی جومگەکانی دەسەڵات، ڕەوایی خۆی بە دوو هێزی هەڵخەلەتێنەری (مەلاکان) و سەرکوتکاری (پاسداران) گڕێ داوە، واتە ئاخوندیزم و پاسداریزم لە ڕێگای چەواشەکاری و دڕۆ، لە پشت مینبەر و بە ناوی خوا و قورئان و بە ڕێگای ئەو تەونە جاڵجاڵۆکەیەی بە ناوی جۆربەجۆری ئایینی و دەزگای دینی دروستیان کردووە، و بە ناوی گوناح و شەرعەوە پێشیان بە ئازادیی ئەندێشە گرتووە و هزری تاکی ئێرانییان بە چەواشەکاری داخستوو. هاوکات پاسداریزم وەک هێزێکی سەرکوتکار وەک دەوڵەت لە سێبەردا لە نێو حکوومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران شوێن و پێگەی ستراتیژیی هەیە و ئێستا لە ڕێگای ئابووری و ئایدۆڵۆژی دەستی بە سەر سیاسەتی دەرەوە و نێوخۆی کۆماری ئیسلامی داگرتووە. سیاسەتەکانی سپای پاسداران ئێرانی بەڕەو توتالیتاریزم بردووە و بچووکترین دەنگی مافخوازی و ئازادیخوازی خەڵکی ئێران وەڵامەکەی لەلایەن سپای پاسدارانەوە سەرکوت ، ئێعدام و کوشتوبڕە.
سپای پاسداران لە دەرەوەی سنوورەکانی وڵاتیش لەسەر هەمان ڕێچکە دەڕۆیشت و بە فەرماندەیی کەسێکی وەک قاسم سولێمانی کە پیاوی ژماڕە یەکی ئەم هێزە داپڵۆسێنەرە بوو، ڕۆڵی بنەڕەتیی لە تێکدان و نائەمنکردنی سەقامگیریی ناوچە و بەشێکی زۆر لە جیهاندا هەبوو، و بە ئاشکرا دەستێوەردانی بڕیارەکان لە ناوەندی دەسەڵاتی بەغدا، سووریە، بەحرین و لوبنانی دەکرد و ئەو وڵاتانەی وەک قەڵغانی شەڕ بۆ دوور خستنەوەی مەترسییەکان بۆ سەر ڕێژیمەکەیان بەکار دێنا.
لەم ڕووەوە کوژرانی قاسم سولێمانی وەک پیاوی ژمارە یەک و سندووقی ڕەشی هێژمۆنیی سپای پاسداران و ڕێژیم لە ناوچەدا و دواتریش، کوژرانی کەسی یەکەم و تەختە کلیلی بەرنامەی ناوکی و مووشەکیی ڕێژم لە نیزیک تاران، دەکرێ بە لێدان لە ئوتوریتەی ئەم ڕێژیمە و هەتیو کەوتنی ڕێژیم لە دەستدرێژییەکانی لە ناوچە و پەرەپێدانی پیشەسازیی ئەتومی و مووشەکیی لێک بدرێتەوە.
بێگومان کوشتنی قاسم سولێمانی و فەخریزادە وەک دوو کاراکتێری گرینگی ڕێژیم هەم کەلێنی قووڵی لە ڕێژیم خستووە و هەمیش لە نێوخۆی هێزەکانی ڕێژیمدا خواستی تۆڵەکردنەوە بۆ وەدەستهێنانەوەی پڕستیژی ئەمنیەتی و سەربازیی لەدەستچووی لە ئارادایە، لە بارودۆخەدا ڕێژیم سێ ڕێگەی وڵامدانەوەی لە بەردەمدایە:
١- وەڵامدانەوە لە ڕێگای درووشمی باق و بریقەدار: ماوەی چل ساڵە حکومەت لە ڕێگەی دروشمی قەبەی وەک نەمان بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل ، ئازادیی فەلەستین و… هەوڵی چەواشەکردنی خەڵک دەدا و ڕێژیم توانیویەتی بە هەڵخەڵەتاندن وەک چەکێکی بەهێز دڵی بەشێکی زۆر لە لایەنگرانی ئاڕام بکا .
٢– تۆڵەی ڕاستەوخۆ: واتە هێرشی مووشەکی بۆ سەر بنکە و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ئیسڕائیل. بەڵام ئێستا ئێران بە هۆی پێشێلکردنی ڕێککەوتننامەی ناوکی گوشاری هەرە زۆری ئەمریکا بەهۆی سزای ئابووری، چەکوچۆڵ و دیپڵۆماسی لە دۆخێکی سەخت دایە و ناتوانێ هێرشی ئەم جۆرە بکا. هاوکات هێشتا نیزیک مانگ و نیوێک لە دەسەڵاتی تڕامپ ماوە و ئێران نایهەوێ بیانوو بداتە تیمی تڕامپ بۆوەی هێرشی پەرچەکرداریان لەدژی ئێران هەبێ. هاوکات کۆشکی هیوایان لەسەر ئەمە هەڵچنیوە کە لە سۆنگەی ڕوانگەی جیاوازی دێموکراتەکانەوە گوشاری گەمارۆکانی لەسەر کەم بێتەوە و ئێران و ئەمریکا لە چوارچێوەی “بەرجام”دا درێژە بە مامەڵەی نێوانیان بدەن. بۆیە لەگەڵ ئەوەشدا کە بەپێی گۆڕانکارییەکانی چوار ساڵی ڕابردوو گەڕانەوە بۆ دۆخی بەرجام زۆر ئەستەمە، لەگەڵ ئەوەشدا ئێران زاتی ئەوە ناکا بیەوێ ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا تێکگیرێ. لەبەر ئەوەش کە لەو کوشتنەدا زۆرتر ناوی “مووساد” لەگۆڕێدایە، لێدان لە بەرژەوەندییەکانی ئیسڕائیلیش هەر هەمان مەترسییەکانی شەڕ لەگەڵ ئەمریکای بۆ سەر ئێران هەیە و بەمجۆرە تەکلیفی تۆڵەی ڕاستەوخۆ ڕوونە کە ڕوو نادا.
٣) تۆڵەی ناڕاستەوخۆ: بەکارهێنانی حەشدی شەعبی، حوسییەکان و حیزبوڵڵا بۆ شەڕی نیابەتی. تۆڵەی ناڕاستەوخۆی ڕێژیمی ئێران لە ڕێگای بریکارەکانی لە ناوچە یەکێک لە ئەگەڕەکانە، بەڵام کۆماری ئیسلامی هەتا ئێستاش نەیتوانیوە کەلێنی قاسم سولێمانی و کاریگەریی ئەو لەسەر ئەم هێزانە پڕ بکاتەوە؛ هاوکات هێرش و گورزە کوشندەکانی ئەمریکا لە دوو ساڵی ڕابردوودا لەو هێزانە ئەوانی تا ڕادەیەکی بەرچاو لاواز کردوە. ئیسڕائیلیش بەهۆی ڕەوتی ئاساییکردنەوەی پێوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبیی ناوچە ئیدی ئەم دێوزمەیە نییە کە ئێران بتوانێ بە هەڵخڕاندنی هەستی هاوسۆزیی خەڵکی موسوڵمانی ناوچە بژیوی سیاسی و ئیدۆلۆژی بۆخۆی دابین بکا، بگرە لە ئێستادا وڵاتانی عەرەبیی کەنداو کۆماری ئیسلامی بە دوژمنی ژمارە ١ی خۆیان دەزانن. حیزبوڵڵای لوبنانیش لەو مەوقعییەتەدا نییە بتوانێ بە فیتی ئێران خۆی تێکەڵ بە شەڕ لەگەڵ ئیسڕائیل بکات.
بە لەبەرچاو گرتنی ئەو فەکت و گریمانە هەڕەشە و گوڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ تۆڵەستێنی هەر لە چوارچێوەی قسەدا دەمێننەوە و ڕێژیم ئەم هەڵە ستراتیژییە ناکا خۆی بخاتە دۆخێکی دژوارتر لە ئێستاوە کە داهاتووی دەسەڵاتەکەی بەرەو نادیار ببات.