شۆرشێک که ساڵی ٢٠١١ له سووریه ده‌ستی پێ‌کرد، به‌شێک له‌و شۆرشانه بوو که له وڵاتانی عه‌ره‌بیدا وه‌ڕێ خران و به “به‌هاری عه‌ره‌بی” ناویان ده‌رکرد. ئه‌م شۆرشانه جگه له وڵاتی توونس، وه‌ک شۆرشی ساڵی ١٩٧٩ی ئێران، له جیاتی جێگیربوونی دیموکراسی ـ لانیکه‌م تا ئێستا ـ دوو ئاکامی سه‌ره‌کییان لێ که‌وتۆته‌وه: شه‌ڕی نێوخۆیی و سه‌رهه‌ڵدان و گه‌شه‌کردنی رادیکالیزمی ئیسلامی. شۆرشی سووریه چ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سه‌رنه‌که‌وتوه، چ له رووی درێژه‌کێشان و راده‌ی زۆری قوربانییان و زه‌ره‌رو زیانه‌کانیه‌وه شۆرشێکی تایبه‌ت به خۆیه‌تی. نائه‌منییه‌کانی سووریه په‌لوپۆیان بۆ سه‌رتاسه‌ری جیهان، به تایبه‌تی ئورووپا هاویشتوه. ئه‌گه‌ر بارودۆخی سووریه نه‌بووایه، له‌وانه بوو “داعش” دروست نه‌بووایه و لانیکه‌م نه‌یتوانیبا لایه‌کی عێڕاق و سووریه داگیر بکا و ئاسایشی وڵاتانی جیهان بشێوێنێ.
له‌به‌ر ئه‌مه ئێستا له ئاکامه‌کانی شۆرش له سووریه دوور له پێشبینین. ئێستا وا دیاره سه‌ره‌کیترین و خێراترین رێگاچاره ئه‌وه‌یه که جارێ ئاگری ئه‌و شه‌ڕه ماڵوێرانکه‌ره دامرکێ. ته‌نانه‌ت ئه‌و وڵاتانه‌ی به لێبڕاوییه‌وه پێیان له‌سه‌ر لاچوونی به‌شار ئه‌سه‌د له ده‌سه‌ڵات داده‌گرت، ورده‌ورده رێگای پاشه‌کشه له‌و سیاسه‌ته ده‌گرنه پێش.
جۆن کێری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکا وه‌ک پێداگرترین نه‌یاری به‌شار ئه‌سه‌د پاش سه‌فه‌ری بۆ رووسیا، له‌کاتی سه‌ردانی بۆ وڵاتی یۆنان له ١٧ی دیسامبردا رای گه‌یاند: “کات و چۆنیه‌تیی لاچوونی به‌شار ئه‌سه‌د روون نیه”!، لۆران فابیووس وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی فه‌رانسه‌ش له وتووێژێک له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌یه‌کی فه‌رانسه‌ییدا ده‌ڵێ: ” له‌سه‌رکارلاچوونی به‌شار ئه‌سه‌د به‌ر له گواستنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات پێویست نیه”.
که‌وابوو هه‌رنه‌بێ له‌م قۆناغه‌دا که به قۆناغی گواستنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات له سوویه ناو ده‌برێ و ئۆپۆزیسیۆنی سووریه و وڵاتانی بڕیارده‌ر (ئه‌مریکا و رۆژئاوا به تورکیه و عه‌ره‌بستانه‌وه له لایه‌ک، رووسیه و ئێران له لایه‌کی دیکه‌وه) خه‌ریکن کاری بۆ ده‌که‌ن، وا دیاره له‌سه‌ر مانه‌وه‌ی به‌شار ئه‌سه‌د بۆ ئه‌م قۆناغه رێککه‌وتوون. هه‌رچه‌ند ئۆپۆزیسیۆنی سووریه هه‌ر وا له‌سه‌ر لاچوونی ئه‌و پێداگره، به‌ڵام ره‌نگه هێزی ئه‌وه‌ی نه‌بێ قسه‌ی خۆی به‌رێته پێش.
له رۆژانی ٨ تا ١٠ی دیسامبر(١٧ تا ١٩ی سه‌رماوه‌ز)ی ئه‌مساڵدا کۆنفرانسی دژبه‌رانی به‌شار ئه‌سه‌د له ریاز پێته‌ختی عه‌ره‌بستانی سه‌عوودی به‌ڕێوه چوو. ئه‌م کۆنفرانسه به روونی ریزبه‌ندییه سیاسییه جیهانی و ناوچه‌یییه‌کانی پێوه دیار بوو. هه‌ر وه‌ک شۆرشه‌که به هۆی ده‌ستتیوه‌ردانی ئێران، تورکیه و عه‌ره‌بستان و پاشان هاتنه‌وه ناوه‌وه‌ی گرووپه توندڕه‌وه ئیسلامییه‌کان به لاڕێدا چوو و گه‌یشته ئه‌م رۆژه، له ئاکامه‌کانی ئه‌م کۆنفرانسه‌وه دیاره رێگاچارهکهشی نه‌ک به ئیراده‌ی پێکهاته جۆراوجۆره‌کانی سووریه، به‌ڵکوو به ئیراده‌ی بهلاڕێدابهران و دهستتێوهردهرانی پلانی بۆ ده‌ده‌نرێ.
ئه‌وه‌نده‌ی ئێران و رووسیه له‌سه‌ر مانه‌وه‌ی به‌شار ئه‌سه‌د و رێژیمه‌که‌ی سوور‌و یه‌کده‌ستن، ئه‌مریکا و رۆژئاوا به تورکیه و عهربستانهوه ئه‌وه‌نده له‌سه‌ر ئاڵته‌رناتیڤ و داهاتووی سووریه یه‌کده‌ست نین. عه‌ره‌بستا و تورکیه له جیاتی پشتیوانی و یارمه‌تیدانی هێزه دیموکرات و نیشتیمانییه‌کان، به ئاشکرا یارمه‌تی به هێزه توندڕه‌وه سوننییه‌کان ده‌که‌ن. عه‌ره‌بستان به مه‌به‌ستی دژایه‌تی له‌گه‌ڵ شیعه به رێبه‌رایه‌تیی ئێران له ناوچه‌دا و تورکیه‌ش وێڕای ئه‌مه بۆ دژایه‌تی له‌گه‌ڵ کورد له سووریه ئه‌م سیاسه‌ته‌یان گرتۆته پێش. ئه‌م سیاسه‌ته له کۆنفرانسی ریازدا به ته‌واوی پێڕه‌و کراوه.
پێکهاته‌ی کۆنفرانسی ریاز بریتی بوو له ئیئتیلافێکی سیاسی له که‌سایه‌تییه سیاسی، مه‌زهه‌بی و نه‌ته‌وه‌یییه‌کانی سووریه به رێبه‌رایه‌تیی خالید خۆجه و 3 هێزی نیزامیی دژبه‌ری رێژیم، بریتی له ” سوپای ئازادی سووریه”، “جیش الاسلام”و “احرار الشام”. ئه‌م دووانه‌ی دوایی پێکهاته‌یه‌ک له گرووپه توندڕه‌وه ئیسلامییه‌کانن. پارتی یه‌کیه‌تیی دێموکراتیک (PYD) وه‌ک هێزێکی سیاسیی کورد و یه‌کینه‌کانی پاراستنی گه‌ل(YPG) وه‌ک باڵی نیزامیی ئه‌و هێزه له سووریه بۆ کۆنفرانسه‌که بانگ نه‌کرابوون. ئه‌وه له کاتێکدایه که کورد و هێزه سیاسی و نیزامییه‌کانی کاریگه‌رترین و لێبڕاوترین هێزی دژی داعشن و قوربانییانی سه‌ره‌کیی داعش و هێزه تێرۆریستییه‌کانی وه‌ک “جبهه النصره”ن.
بڕیاره گرنگه‌کانی کۆنفرانسی ریاز بریتین له: هه‌ڵبژاردنی هه‌یئه‌تی وتووێژ له‌گه‌ڵ حکوومه‌تی به‌شار ئه‌سه‌د، راگه‌یاندنی ئاگربه‌س له نێوان حکوومه‌تی به‌شار ئه‌سه‌د و دژبهرانیدا و رێگا خۆشکردن بۆ پێکهێنانی حکوومه‌تێکی کاتی به‌بێ به‌شداریی به‌شار ئه‌سه‌د. وڵاتانی رۆژئاوا به هێندێک تێبینییه‌وه پێشوازییان له کۆنفرانسی ریاز کردوه، چونکه “به‌ره‌ی دیموکراتیک”یش که له لایه‌ن ئه‌مریکاوه پشتیوانیی لێده‌کرێ بۆ ئه‌م کۆنفرانسه بانگ نه‌کراوه. به‌ڵام کۆنفرانسه‌که له‌لایه‌ن رووسیه‌وه که‌وته به‌ر ره‌خنه و ئێرانیش ئه‌م کۆنفرانسه‌ی به ” کۆبوونه‌وه‌ی تێرۆریستانی سووریه” ناو برد.
رۆژی ١٩ی دیسامبریش ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی رێکخراوی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان بڕیارنامه‌یه‌کی په‌سند کرد که ئه‌م رێکخراوه‌یه ئه‌رکدار ده‌کا له ماوه‌ی 6 مانگی داهاتوودا زه‌مینه‌ی وتووێژی ئیئتیلافی ئۆپۆزیسیۆن له‌گه‌ڵ حکوومه‌تی سووریه پێک بێنێ و ئاگربه‌سێک له نێوان هه‌ردوو لادا به‌رقه‌رار بکا که داعش و جه‌بهه‌ی ئه‌لنوسره نه‌گرێته‌وه. به‌ڵام له بڕیارنامه‌ی کۆنفرانسه‌که‌دا باس له داهاتووی به‌شار ئه‌سه‌د نه‌کراوه، ئه‌وه‌ش به‌و مانایه‌یه که پێداگری له‌سه‌ر لاچوونی به‌شار ئه‌سه‌د نه‌ماوه.
به‌ڵام جێی پرسیاره که بۆچی کورد ده‌گه‌ڵ ئه‌و سه‌نگ و رۆڵه‌ی به‌تایبه‌تی له‌شه‌ڕ دژی داعشدا هه‌یه‌تی له‌و کۆنفرانسه‌دا پشتگوێ خرا؟ بێگومان سیاسه‌تی موحافه‌زه‌کارانه‌ی عه‌ره‌بستان رێگه نادا هێزێکی سکۆلاری سیاسیی ـ نه‌ته‌وه‌یی له کۆنفرانسێکدا به‌شدار بێ که به پێشنیاری ئه‌و و له وڵاتی ئه‌ودا ده‌گیرێ. هه‌روه‌ها تورکیه به هۆی پێره‌ویی په‌یه‌ده و یه‌په‌گه له سیاسه‌ته‌کانی پ.ک.ک نفووزی خۆی بۆ پێشگیری له به‌شداریی ئه‌و دوو هێزه به‌کار هێنا. به‌ڵام سیاسه‌ته‌کانی ئه‌م هێزه کوردییه‌ش به هه‌ردوو باڵی سیاسی و نیزامییهکهیهوه بێ که‌موکووڕی نیه: گیروگرفتی سه‌ره‌کیی کورد له سووریه ئه‌وه‌یه که به داخه‌وه هێزه سه‌ره‌کییه‌کانی کورد له‌م وڵاته‌دا له جیاتی ئه‌وه‌ی به پێناسه‌ی خۆیانه‌وه بێنه نێو هاوکێشه سیاسییه‌کان و به‌رنامه و تێکۆشانیان له‌سه‌ر “مه‌سه‌له‌ی کورد له سووریه” چڕ بکه‌نه‌وه، خۆیان به کێشه‌ی هێزه سیاسییه‌کانی پارچه‌کانی دیکه‌ی کوردستانه‌وه خه‌ریک کردوه. له کاتێکدا هێزه سیاسییه‌کانی پارچه‌کانی دیکه‌ی کوردستان به مه‌به‌ستی که‌ڵکوه‌رگرتن له ناته‌بایی ده‌وڵه‌تانی زاڵ به‌سه‌ر کوردستاندا له دژی رێژیمی وڵاتی خۆیان پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تانی دراوسێ داده‌مه‌زرێنن، کورد له سووریه رێگای دوژمنایه‌تیی له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی تورکیه و پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی به‌شارئه‌سه‌دی هه‌ڵبژارد. له کاتێکدا کورد له سووریه له‌گه‌ڵ رێژیمی سووریه کێشه‌ی هه‌یه نه‌ک له‌گه‌ڵ تورکیه. له هه‌موو وڵاتانی زاڵ به‌سه‌ر کوردستان دا هه‌ر به‌م جۆره‌یه که کورد له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی وڵاتی خۆی کێشه‌ی هه‌یه و هه‌ر ده‌بێ له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی وڵاتی خۆشی‌دا چاره‌سه‌ری بکا. کێشه‌ی کورد له سووریه نه‌ک له ئانکارا، کێشه‌ی کورد له عێڕاق نه‌ک له ئانکارا و تاران، کێشه‌ی کورد له تورکیه نه‌ک له به‌غدا و تاران…به‌ڵکوو هه‌ر کامه‌یان له وڵاتی خۆیان چاره‌سه‌ر ده‌بێ. له لایه‌کی دیکه‌ش سووریه ئه‌گه‌ر بیه‌وێ کێشه‌ی کورد چاره‌سه‌ر بکا له‌گه‌ڵ کوردی وڵاتی خۆی چاره‌سه‌ری ده‌کا بۆ له‌گه‌ڵ پ.ک.ک یان هێزێکی دیکه‌ی کورد له وڵاتێکی دیکه ده‌یکا؟!. کێشه‌ی کورد له تورکیه ئه‌وکاته چاره‌سه‌ر ده‌بێ که ده‌وڵه‌تی ئه‌و وڵاته له‌گه‌ڵ هێزه کوردییه‌کانی تورکیه و نوێنه‌رانی کورد له تورکیه به ئاکامێک بگا. بۆ نموونه له ئێران ئه‌گه‌ر رۆژێک، رێژیمی ئێستاش نه‌بێ، هه‌ر رێژیمێکی دیکه بێته سه‌رکار، مه‌سه‌له‌ی کورد له ئێران له‌گه‌ڵ ئه‌و چاره‌سه‌ر ده‌کرێ، بۆ ده‌کرێ له‌گه‌ڵ هێزێکی دیکه‌ی کورد له تورکیه یان عێڕاق چاره‌سه‌ری بکا؟! هێزه سیاسییه‌کانی کورد له هه‌موو پارچه‌کانی کوردستان ده‌بێ دۆست و هاوپه‌یمانی ستراتیژیی یه‌کتر بن نه‌ک جێگره‌وه و ئاڵتهناتیڤی یه‌کتر. به داخه‌وه ئه‌م سیاسه‌ته‌ی به‌شێک له هێزه سیاسییه‌کانی کورد له سووریه وای کردوه که له جیاتی ئه‌وه‌ی هێزه کوردییه‌کان وه‌ک نوێنه‌ری “مه‌سه‌له‌ی کورد له سووریه” سه‌یر بکرێن وه‌ک ره‌وتێک له ریزبه‌ندییه سیاسییه‌کانی ناوچه سه‌یر ده‌کرێن که له ریزبه‌ندیی ئه‌واندا جێی نابێته‌وه.
به‌ڕێوه چوونی کۆنفرانسی ریاز ره‌نگه ههنگاوێکی موسبه‌ت و کاریگه‌ر بێ بۆ هێوربوونه‌وه‌ی شه‌ڕی نێوخۆیی سووریه و بێگومان سه‌ره‌تای رێگایه‌کی دوور و درێژه تا گه‌یشتن به ئارامی و سیباتی سیاسی له‌م وڵاته‌دا، به‌ڵام پشتگوێخستنی کورد هه‌ر له‌یه‌که‌م هه‌نگاوی چاره‌سه‌ری شه‌ڕی نێوخۆیی سووریه‌دا سه‌ره‌تای ده‌ستپێکردنی قۆناغێکی دیکه له کێشه‌ی کورد له‌م وڵاته‌دا ده‌بێ. پێکهاته‌ی ئه‌م کۆنفرانسه هه‌رچه‌ند ئاڵته‌رناتیڤی حکوومه‌تی به‌شار ئه‌سه‌د نیه، چونکه هه‌یئه‌تی وتووێژه‌کانی له‌گه‌ڵ حکوومه‌تی به‌شار ئه‌سه‌د دیاری کردوه نه‌ک پێکهاته‌ی حکوومه‌تی دوای به‌شار ئه‌سه‌د، به‌ڵام ئه‌م پێکهاته‌یه له داهاتووی سووریه‌دا ده‌ور و رۆڵی بنه‌ڕه‌تیی ده‌بێ و هه‌ر له ئێستاوه ئاشکرایه که ده‌ور و رۆڵێک بۆ کورد له لایه‌ن ئه‌و ئیئتیلافهوه له‌به‌رچاو ناگیرێ. ماوه‌ته‌وه ئه‌وه که داخوا رووسیه‌و ئێران له‌سه‌ر ده‌ور و رؤڵی کورد له داهاتووی سووریه‌دا کێشه ده‌که‌ن و سوورن له‌سه‌ر به‌شداریی کورد له داهاتووی ساسیی سووریه‌دا؟ یان وه‌ک وڵاتانی رۆژئاوا له دانانی ده‌وڵه‌تی سووریه له ریزی “مێحوه‌ری شه‌ڕ”ڕا بگره تا ” پشتیوانی له رووخانی رێژیمی ئه‌سه‌د” و دروشمی وه‌ک ” به‌شار ئه‌سه‌د له داهاتووی سووریه‌دا نابێ جێگای هه‌بێ”، هاتوونه‌ته سه‌ر ئه‌و رایه که “لاچوونی به‌شار ئه‌سه‌د جارێ پێویست نیه”! ئایا رووسیه و ئێرانیش له ریكکهوتن له‌گه‌ڵ وڵاتانی دیکه‌دا پشت له دۆسته‌کانیان ناکه‌ن؟ رێژیمی سووریه که رابردوویه‌کی دوور‌و درێژی له حاشاو ئینکاری کورد له‌م وڵاته‌دا هه‌یه و به هه‌ر نرخێک بێ ده‌یه‌وه‌ێ جێگه‌یه‌ک له داهاتووی سووریه‌دا بۆخۆی بپارێزێ ئاماده ده‌بێ له‌به‌رامبه‌ر ته‌وژمی نه‌یارانی کورددا دیفاع له کورد بکا؟ با ئه‌وه‌ش بمێنێته‌وه که داخوا به‌ره‌ی رووسیه و ئێران به رێژیمی به‌شار ئه‌سه‌دیشه‌وه چه‌نده‌یان باوه‌ڕ به مافی ره‌وای کورد هه‌یه؟
لە ژماره ٦٧٠ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه