توێژه‌ره کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان به پشتبه‌ستن به توێژینه‌وه مه‌یدانییه‌کان ده‌ڵێن ڕه‌فتاری جینسیی مه‌ترسیدارو له‌شفرۆشی له کۆمه‌ڵگه‌ی ئیسلامیی ئێران‌دا به‌رده‌وام له په‌ره‌سه‌ندندان. بابه‌تی ناڕه‌زایه‌تیی سێکسی هۆکاری نیزیک به نیوه‌ی تهڵاقو خه‌یانه‌تی ژن‌و مێردایهتین، به‌ڵام ئه‌و بابه‌تانه تا ئێستاش بڤه بوون‌و که‌متر ڕێگه دراوه به میدیایی بکرێن‌و ئامار‌و زانیارییه‌کان بدرێنه ده‌رێ.
هه‌ر له‌و ماوه‌یه‌دا ئه‌نجومه‌نی کۆمه‌ڵناسانی ئێران ئاکامی توێژینه‌وه‌یه‌کی خۆیانی بڵاو کرده‌وه که له چه‌ند شارێکی گه‌وره‌ی ئێران‌دا کردوویانه‌و، ده‌ڵێ سه‌دی ٢٨ ی لاوانی خوار ١٨ ساڵ له ئێران ئه‌زموونی سێکسیان هه‌یه. هه‌روه‌ها سه‌دی ٧٣ ی ئه‌و تازهلاوانهش که پێوه‌ندیی سێکسیان بووه، گوتوویانه که زیاتر له‌گه‌ڵ یه‌ک که‌س ئه‌زموونی سێکسیان بووه.
ئه‌و توێژینه‌وه‌یه هه‌روه‌ها ده‌ریخستوه که زیاتر له نیوه‌ی جیابوونه‌وه‌کان له تاران هۆکاری سێکسیان هەیەو ناڕه‌زایه‌تیی ژن‌و مێرد له یه‌کتریان له پشته‌و زۆربه‌ی کچانی خوێندکاری زانکۆ که له خه‌وتنگه‌کان ده‌مێننه‌وه، له‌گه‌ڵ کوڕان پێوه‌ندییان هه‌بووه‌و سه‌دی ١٠ی ئه‌وان پێش شووکردن ئه‌زموونی سێکسیان هه‌بووه.
هه‌ر ئه‌و توێژینه‌وه‌یه ده‌ریخستوه که سه‌دی ٢٠ی سه‌ربازه‌کان له تاران پێشینه‌ی پێوه‌ندیی سێکسی له‌گه‌ڵ که‌سانی جیا له ژنه‌کانیان هه‌بووه‌و سه‌دی 23ی کوڕانی قۆناغی خوێندنی ده‌بیرستان نه‌یانویستوه تا کاتی زهماوهندکردنیان خۆ له سێکسکردن ببوێرنو چاوه‌ڕوان بمێننه‌وه.
یەکێک لەو کۆمه‌ڵناسانه ده‌ڵێ لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی له تاران ده‌ریخستوه که سه‌دی 52، واته زیاتر له نیوه‌ی کچانی خوێندکاری زانکۆ که له خه‌وتنگه‌کان ده‌مێننه‌وه دۆستی کوڕیان هه‌یه.
به‌هاری ساڵی ڕابردووش مه‌حموود گوڵزاری، جێگری وه‌زاره‌تی وهرزشو لاوان گوتبووی که پێوه‌ندیی نێوان کچان‌و کوڕان له ئێران له پێش چوونهزانکۆ له چاو سه‌رده‌می پێش ئینقلاب سێ هێنده‌ی ئه‌و کات زیادی کردوه.
گوڵزاری گوتبووی که جیا له‌وه پێوندیی هاوکات له‌گه‌ڵ چه‌ند که‌سی کچان یان کوڕان له چاو پێشوو زیادی کردوه.
ئه‌وانه هه‌مووی ده‌ره‌نجامی قه‌ده‌غه‌کردنی پێوه‌ندییه سروشتییه‌کانی دوو مرۆڤه. به‌رهه‌می ده‌سه‌ڵاتی ئیدئۆلۆژییە بێ له‌به‌رچاوگرتنی تایبه‌تمه‌ندییه مرۆیییه‌کانی مرۆڤه‌کان؛ سهرکوتکردنو قه‌ده‌غه‌کردنی غه‌ریزه‌کان له غه‌ریزه‌ی ئازادییه‌وه بگره تا زۆر غه‌ریزه‌ی مرۆیی دیکەو، پاڵپێوه‌نانی له ده‌ره‌وه‌ڕا بۆ ژووره‌وه، تا ئه‌و جێیه‌ی ” آزادیهای یواشکی”و ته‌قینه‌وه‌ی جینسیی لێده‌که‌وێته‌وه.
به‌ناوی ئیسلام‌و شه‌ریعه‌ت هه‌وڵیان دا پیاوان‌و ژنان لێک جیا بکه‌نه‌وه تا نه‌کا تووشی گوناح بن، حیجاب‌و خۆداپۆشینی زۆره‌ملییان داسەپاند که نه‌کا لاقو له‌ته‌ری ڕووتی ژنێک‌و تاڵه‌موویه‌کی دیارکهوتووی کچێک هه‌وساری هه‌وه‌س له ده‌ستی پیاوێک بڕفێنێو فه‌سادو تاوان به‌سه‌ر وڵات‌دا نازڵ ببێ؛ پێوه‌ندی‌و تێکه‌ڵاویی دوو ئینسانی پێگه‌یشوو و باڵغیان قه‌ده‌غه کرد تا پێش به وێککه‌وتنیان بگرن، بەڵام ئێستا بە پێچەوانە، ئه‌وه ڕووی دا که ده‌یبینین: په‌ره‌سه‌ندنی پێوه‌ندییه جینسییه‌کانی نێوان کوڕ‌و کچ‌و پیاو و ژن له ئاستی ته‌قینه‌وه‌دا، په‌ره‌سه‌ندنی هاورهگهزبازیو هه‌روه‌ها په‌تای خۆڕه‌حه‌تکردن.
کاتێک کە ئه‌وانه‌و کۆمه‌ڵێک کێشه‌و قه‌یرانی دیکه‌ی وه‌ک بێکاری‌و گرانی‌و ئێعتیادیش به‌رۆکی کۆمه‌ڵگا ده‌گرێ، ده‌بینین که له‌شفرۆشی له گهڕهکو کۆڵانه‌کانی شارڕا دێته سهرشهقامو ته‌مه‌نی له‌شفرۆشییش له ٣٠ ساڵی پێش ئینقلابه‌وه بۆ خوار ١٥ ساڵ داده‌به‌زێ. تاڵ‌و ڕاتڵهکێنهر ئەوەیە که به‌پێی توێژینه‌وه‌یه‌کی مه‌جلیس سه‌دی ١١ ی له‌شفرۆشه‌کانی تاران گوتوویانه که مێرده‌کانیان به‌و کاره‌یان دهزاننو چونکی ناچارن ده‌نگی لێدهرناهێنن.
وردبوونه‌وه له‌سه‌ر چه‌ند به‌شێکی ئه‌و توێژینه‌وه‌یه‌ی کۆمیسیۆنی کۆمه‌ڵایه‌تیی مه‌جلیس ڕوونتر ئه‌و ڕاستییه تاڵه‌مان بۆ ده‌رده‌خا. كاكڵی لێكۆڵینه‌وه‌ی ئه‌و گرووپه كارناسییه ئه‌وه‌یه كه له ده‌یه‌كانی ٦٠ و ٧٠ دا ته‌مه‌نی له‌شفرۆشی له سه‌رووی ٣٠ ساڵ بوو، به‌ڵام ئێستا ته‌مه‌نی له‌شفرۆشی بۆ خوار ١٥ ساڵ دابه‌زیوه، هه‌روه‌ها پێشتر سه‌ڵته‌كان زیاتر ڕوویان له له‌شفرۆشی ده‌كرد، به‌ڵام ئێستا ئه‌و دیارده‌یه پتر له نێو خێزاندارهكاندا په‌ره‌ی سه‌ندوه.
كارناسه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان كۆمه‌ڵێك هۆكار بۆ په‌ره‌سه‌ندنی له‌شفرۆشی له كۆمه‌ڵگه مرۆیییه‌كاندا و تێكه‌وتنی سۆزانییه‌كان بۆ ئه‌و لادانه ریز ده‌كه‌ن كه گرنگترینیان بریتین له: ههژاریو ده‌سكورتی، بێكاری، ته‌ڵاق، بێ هاناو پشتیوان مانه‌وه‌ی ژنانی سه‌رپه‌رستی خێزان، چوونه سه‌ری ته‌مه‌نی پێکه‌وه‌نانی ژیانی هاوبه‌ش، چوونه‌سه‌ری رێژه‌ی ژنانی گیرۆده به ماده هۆشبه‌ره‌كان، خواستی زۆری پیاوانی تامه‌زرۆی پێوه‌ندیگرتن له گه‌ڵ سۆزانییهكانو داهاتی زۆر‌و بوونه پیشه‌یه‌كی پڕخێروبێر بۆ سۆزانییه‌كان و هتد. به‌ڵام گرینگ لێره‌دا خه‌مساردیی بهرپرسانو به‌رێوه‌به‌رانی وڵاته كه وا سووك و سانا‌و بێ هیچ پلان و پڕۆژه‌یه‌ك بۆ چاره‌سه‌ری قهیرانو خه‌ساره كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، له ته‌نیشت ئه‌و خهسارانە كه رۆژ به رۆژ له كۆمه‌ڵگه‌ی ئێران‌دا په‌ره ده‌ستێنن، تێده‌په‌ڕن.
په‌ره‌سه‌ندنی دیارده‌ی له‌شفرۆشی له ئێران كاریگه‌ریی به‌رچاوو نیگه‌تیڤی له سه‌ر دیارده كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی دیكه‌ی وه‌ك چوونه سه‌ری رێژه‌ی ئیعتیاد، په‌تای ئایدز، تاوانكاری، كاڵبوونه‌وه‌ی بایه‌خه مرۆیییهكان و سست و لهرزۆكبوون و لێك ترازانی شیرازه‌ی خێزان هه‌یه‌و ئه‌وه‌ش ده‌خوازێ که ئه‌و دیارده‌یه له كۆمه‌ڵگه‌ی بههاخوازو نۆرمویستی ئێران‌دا وه‌ك مه‌ترسییه‌ك به هێند وه‌ربگیرێ و مشووری ئه‌وه‌ی لێ بخورێ كه ئاسه‌واره زیانباره‌كانی به لانیكهمی خۆیان بگه‌یه‌ندرێن.
لە ژماره ٦٧٠ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه