ماوەی زیاتر لە ٢٠ ڕۆژە هێزەکانی تورکیە لە باکووری کوردستان دەستیان داوەتە هێرشێکی کەموێنە بۆسەر هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پێکاکا) و شەڕێکی خوێناوییان وەڕێخستوە کە کوژراو و بریندارێکی زۆر لەهەر دوو لایەنی شەڕەکەی لێکەوتۆتەوە. ئەو شەڕو تێکهەڵچوونانە بەتایبەت لە نێو شارەکانی جزیرەی بۆتان و سیلۆپی و ناوچەی سووری باژێری ئامەد (دیاربەکر) زۆر بەخەستی بەردەوامن و هێزە دەوڵەتییەکان کە وەک بۆخۆیان دەڵێن لە زیاتر لە دەهەزار سەرباز به تانک و زرێپۆش و باڵهفڕهوه پێکهاتوون، ئەو ناوچانەیان بەتەواوی گەمارۆ داوە. بە وتەی هەواڵدەرییەکان هێزەکانی pkk لەو شار و ناوچانەدا که گەمارۆ دراون، لەشکری تورک ئیزنی هاتوچۆ بەکەس نادا. بەهۆی هەڵگیرسانی دووبارەی شەڕو پێکدادان، هەتا ئێستا زیاتر لە دووسەد هەزار کەس لە زێد و ناوچەکانیان ئاوارە بوون و ڕوویان لە شوێنەکانی دیکە کردوە. خەڵکی ئەو شارو ناوچانە کە شەڕیان تێدا بەردەوامە، جگەلەوەی لەگەڵ مەترسییەکانی شەڕ و بۆمباران و کوژران بەرەوڕوون، سەرما و سۆڵەی زستان و بڕانی تەزووی کارەبا و نەبوونی خواردەمەنی، بەتەواوەتی شپرزەی کردوون و لەبارودۆخێکی زۆر نالەباردا دەژین.
ئەوە کە سەرەڕای پێناخۆشبوونی نەتەوەی کورد بەگشتی و بەتایبەتی زۆربەی هەرە زۆری حیزب و ڕێکخراوە سیاسییە کوردستانییەکان و ڕێکخراوە ئاشتیخوازەکانی نێوخۆ و دەرەوەی تورکیە، بۆچی دیسان دەورێکی نوێ لە شەڕو پێکدادان لە نێوان دەوڵەتی تورکیە و هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستاندا دەستی پێکردۆتەوە، پرسیارێکە کە وهڵامەکەی بۆ زۆر هۆکاری نێوخۆیی و ناوچەیی دەگەرێتەوە. ڕەوتی ڕووداوە سیاسییەکانی نێوخۆی تورکیە کە دیارە بێگومان کاریگەریی ئاڵوگۆرەکانی ناوچەی بەتەواوی پێوە دیارە، لەماوەی یەک دووساڵی ڕابردوودا، زۆر خێرا بووە و زۆر جاران بە قازانج، یان بە زیانی کوردەکان لەنێوخۆی تورکیەدا شکاوەتەوە.
شک لەوەدا نیە که ئاڵوگۆڕەکانی دوای هەرەسهێنانی یەکیەتیی سۆڤیەتی جاران و کۆتاییهاتنی شەڕی سارد، کە کاردانەوەی لەسەر جێگەو پێگەی وڵاتی تورکیە لە ئاستی جیهانی و ناوچەکە دانا لە لایەک و سەرهەڵدانی خەباتی چەکدارانه لە لایەن “پێ کاکا”وه کە ڕۆڵی سەرەکیی لە شکست پێهێنانی سیاسەتی تواندنەوە و ئاسێمیلەکردنی نەتەوەی کورد هەبوو لەلایەکی دیکە، دەوڵەتە یەک لەدوای یەکەکانی تورکیەی ناچار بە پاشەکشە لەبەرانبەر کێشەی کورد لەو وڵاتەدا کرد. هەروەها حیزبە کوردییەکانیش توانیان لە بەستێنی تا ڕادەیەک لەباری پێکهاتوو لە فەزای سیاسیی ئەو وڵاتەدا، بەتایبەت لە ماوەی کەمتر لە ٢٠ ساڵی ڕابردوودا، کەڵک وەربگرن و کێشەی نەتەوەی کورد لە قەوارەی دڵخوازی تورکیە ، واتە کێشەی بەناو تێرۆڕیزم بێننە دەرێ و بیکەن بە کێشەیەکی سیاسی کە دەبێ رێگەچارەی سیاسیی بۆ وەبینرێ.
لەوپێوەندییەدا و بە تایبەت لە پاش هاتنەسەرکاری حیزبی داد و گەشەپێدان، لەگەڵ ئەوەی شەڕ و تێکهەڵچوون لە نێوان هێزەکانی پێ کاکا و دەوڵەتی تورکیەدا ماوە ماوە و بەشێوەی پچر پچر، بەردەوام بوو، هەنگاوگەلێکی ههرچهند سەرەتایی بۆ چارەسەری کێشەی کورد و کۆتاییهێنان بە شەڕ و بارگرژییەکان هەڵێنرانهوه. بەڵام بهداخهوه ئەو هەنگاوانە، نە لەئاست گەورەیی کێشەی لەمێژینەی نەتەوەی کورد و باکووری کوردستاندا بوون و نە هەڵوێستێکی واقعیانە و جیددی و نیازپاکیی دەسەڵاتدارانی بۆ چارەسەری کێشەکە پێوە دیار بوو. بەوحاڵەش نەفسی دوورکهوتنهوه له کەماڵیزم و باوەرهێنان بەوە کە ناکرێ وەک سەدەی ڕابردوو حاشا لە بوونی نەتەوەی کورد بکرێ دهسکهوتێک بوو، که بووه هۆی ئهوهی لە گۆرەپانی سیاسیی تورکیەدا، حیزب و رێکخراوە سیاسییەکانی کوردیش وەک یاریکەرێکی کاریگهر لە یارییە سیاسییەکاندا بەشدار بن. ئهمه خۆی سەرکەوتنێکی زۆر مێژوویی بۆ گەلی کورد لەو بەشە لە کوردستاندا دەهاتە ئەژمار.
دوای ئاگربەسی پی کاکا و دەوڵەتی تورکیە لە ساڵی ٢٠١٣دا و هەنگاوە سیاسییەکان بۆ چارەسەری قۆناغ بە قۆناغی مهسهلهکە، هەروەک دیتمان هیوا و گەشبینییەکی نەزۆر کەم لە باکووری کوردستان و بە گشتی لە ناوچەدا پەیدا بوو. بەتایبەت پاش سەرکەوتنە نهدیتراوهکەی پارتی دێمۆکراتی گەلان (هەدەپە) لە هەڵبژاردنەکانی دەوری یەکەمی پاڕلەمانی ئەو وڵاتە لە بههاری ڕابردوودا و تێپهڕاندنی بەربەستی لەسەدا دەی کۆی دەنگەکان(١٣%) و حوزووری بەهێزی (٨٠کورسیی پارلمان) ئەو پارتە لەپاڕلەماندا، چاوەڕوان دەکرا، دەوڵەتی تورکیە و هەروەها کوردەکان ئەوهەلە بقۆزنەوە و لاپەڕەیەکی نوێ لە خەباتی سیاسی ــ پاڕلەمانی لەو وڵاتەدا هەڵدەنەوە. ڕهوتێک کە دەیتوانی کۆتایی بە شەڕی سی ساڵەی تورک و کورد بێنێ و دۆزی کورد بەرەو رێرەوێکی دیکە بەرێ کە ڕەنگ بوو داهاتوویەکی زۆر جێی هومێدتر لەوەی کە بیری لێ دەکرایهوە بە دوای خۆی بێنێ.
دوای هەڵبژاردنەکان دەرکەوت کە پارتی دەسەڵاتدار ناتوانێ وەک دوو دەورهی ڕابردوو بەتەنیا دەسەڵات بەدەستەوە بگرێ، هەربۆیەش داوای هاوبەندیی لە لایەنەکانی دیکە، یەک لەوان پارتی دێمۆکڕاتیکی گەلان، هەدەپە کرد کە بەیەکەوە کابینە پێکبێنن. زۆر لە خاوەنڕایان لە سەر ئەو باوەڕەن کە لە کاتێکدا هەدەپە دەیتوانی بەهاوبەندی لەگەڵ ”پاڕتی داد و گەشەپێدان” بۆ یەکەم جار لە مێژووی خۆی و نەتەوەی کورد و ئەو وڵاتەدا، لە پێکهێنانی دەوڵەت و کابینەی هاوبەشدا بەشدار بێ، خۆی لەو دەرفەتە دزییەوە و بەمچەشنە هەلێکی باش لە کیس باکووری کوردستان چوو. ئەوەی لەو بەینەدا و لەپاش بەشدارینەکردنی هەدەپە لە هاوبەندی لەگەڵ پارتەکەی ئەردۆغاندا براوەی یارییەکە بوو، هەر پارتەکەی ئەردۆغان بوو.
لە ماوەی کورتی کەمتر لە دوو مانگی نێوان هەڵبژاردنی دەوری یەکەم و دهوری دووهەمی پارڵەماندا، رووداوگەلێک ڕوویان دا کە بەتەواوی لەگەڵ چاوەڕوانییەکان نەگونجاو بوون. لە تەقینەوەیەکی خۆکوژی لە شاری کوردنشینی سوورووچ لە ٢٠ی ژووئیەی ڕابردوو (2٩ی پووشپەر)دا ٣٢ کەس کوژران و زیاتر لە سەد کەس بریندار بوون. دوا بەدوای ئەو ڕووداوە هێزەکانی پێ کاکا، دوو پۆلیسیان بە تاوانی دەستهەبوون لەو کردەوەیەدا کوشت و ئەنجامدانی ئەو کردەوەیەیان وەئەستۆ گرت. بەمجۆرە ئاگربهسی نێوان دەوڵەتی تورکیە و هێزەکانی پێکاکا کوتایی پێهات و دەورێکی دیکەی شەڕ لە نێوان هەر دوو لادا دەستی پێکردەوە. شەڕەکانی شاری جەزیرەی بۆتان لە سێپتامبری ڕابردوودا کە لە ئاکامیدا نیزیکەی ٤٠ کەس کوژراون و دەیان کەسی دیکەش بریندار بوون ، هومێدەکانی بۆ ڕاگرتنی شەڕ و دەستپێکردنەوەی دانوستاندنەکان بەتەواوی لاواز کرد.
هێرشی بەربڵاوی هێزە ئەمنییهکانی تورکیە بۆسەر ئەندامان و لایەنگرانی پێکاکا و هەدەپە لە سەرانسەری تورکیە لە ئووتی ڕابردوو (گەڵاوێژ)هوه کە بە وتەی ئەحمەد داود ئۆغلو ٥٩٠ کەس گیراون، تەقینەوەی خۆکوژی لە ڕێپێوانی هەدەپە لە شاری ئانکارا لە ١٠ی ئۆکتۆبر (١٨ی ڕەزبەر)دا کە نیزیکەی ١٠٠ کوژراو ٢٠٠ برینداری لێکەوتەوە و هەدەپە ئەو ڕووداوەی خستە پاڵ هێزە دەوڵەتییەکان و هێرشی بێوێنەی کردە سەر پارتی داد و گەشەپێدان و ڕێبەرەکەی واته ئەردۆغان و زۆر ڕووداوی دیکە بەر لە هەڵبژاردنی دەوری دووهەمی پارلەمان لە یەکی نۆڤامبر (١١ی خەزەڵوەر)دا باڵانسی هێزیان بەتایبەت لە شار و گوندەکانی باکووری کوردستان و سەرانسەری تورکیە بە قازانجی ئەدۆغان و حیزبەکەی گۆڕی. ئەو حیزبە لەو هەڵبژاردنەدا توانی بە کۆکردنەوەی دەنگێکی ڕەها بەتەنیا و بە بێ حەوجێبوون بە حیزب و لایەنی دیکە زۆرینەی پێویستی دەنگەکان بۆ پێکهێنانی کابینە دەستەبەر بکا. هەروەها توانی جێگە و پێگەی پێشووی خۆی لە نێو باکووری کوردستاندا کە پێش هەڵبژاردنەکانی دەوری یەکەم هەستی خەڵکەکەی لە پێوەندی لەگەڵ شەڕەکانی کۆبانی لە ڕۆژئاوا و سەرکوتی خۆپێشاندانەکانی ئامەد بریندار کردبوو، تا ڕادەیەکی زۆر تەرمیم بکاتەوە. لەبەرانبەریشدا هەدەپە کە هەروەک باس کرا ٨٠ کورسیی پاڕلەمانی و ١٣% ی دەنگەکانی لە دەوری یەکەمی هەڵبژاردنەکاندا وەدەست هێنابوو، ئەمجارەیان هەرچەند توانی بەربەستی ١٠% ببڕێ، بەڵام بەداخەوە کورسییەکانی بۆ ٥٩ کورسی دابەزین.
لە پێوەندی لەگەڵ ڕووداوەکانی دوای هەڵبژاردنی دەوری یەکەمی پاڕلەماندا هەتا ئێستا، ئەگەر بگوترێ کە کوردەکانی ئەم بەشەی کوردستان دەیانتوانی باشتر عەمەل بکەن و بیانوو نەدەن بە ئەردۆغان و پارتەکەی و بە گشتی ئەو کەس و لایەنانەی دژی چارەسەری ئاشتییانەی مهسهلەی کوردن و زۆرتر لایهنگری شەڕ و ئاژاوەن. ئەو کار و کردەوە سەرەتایی و ڕووکەشییانە کە پارتی داد و گەشەپێدان لە پێوەندی لەگەڵ ئازادیی زمان و گۆڤار و کردنەوەی کاناڵی تەلەویزیۆنی بەزمانی کوردیدا کردوونی، لەلایەک بەرهەمی خوێن و خەبات و بەرخۆدانی چەندین ساڵەی کوردەکان و پێکاکان کە جێی رێزە، لەلایەکی دیکەش مەسرەفی دەرەکیی هەبووە و زۆرتر بۆ چەواشەکردن و هەڵخەڵەتاندنی وڵاتانی ئورووپایی و زەقکردنەوە و بەچاودادانەوەی ئەو بەناو دێمۆکڕاسییەیە کە بۆ خۆیان باوەریان پێی هەیە و لەڕاستیدا هەر ڕواڵەتەکەی وەک دێمۆکڕاسی دەچێ.
ئەوەش کە کوردەکان بە تایبەتی پارتەکەیان (هەدەپە) دەیانتوانی بە هاوبەشی لەگەڵ ئەردۆغان و پارتەکەی دەوڵەت و کابینە پێکبێنن، بەمانای چارەسەری کێشە و گرفتەکان لە کورتخایەندا نەبووه و نیە، ڕاستییەکەی ئەوەیە، خەبات بۆ دەستەبەرکردنی ماف و ئازادییەکانی نەتەوەی کورد لە قۆناغی شاخڕا دەهاتەوە بۆ قٶناغی پاڕلەمانی و دەوڵەت. بەدڵنیایییەوە ئەو چەشنە لە خەبات هەم زیانی گیانی و ماڵوێرانی و خاپووربوونی لەوە زیاتری باکووری کوردستانی لێنەدەکەوتەوە، کە خۆی لە خۆیدا دیاردەیەکی بەژان و دڵتەزێنە، هەم ڕق و کین و تووڕەیی نێوان پێکهاتەکانی تورکیەی بەرەو هێوەر بوونەوە دەبرد و ڕێخۆشکەر دەبوو بۆ زۆر دەسکەوتی بەنرخ کە ڕەنگە لە مەیدانی توندوتیژیدا دەست نەکەون، یان بۆ دەستکەوتنیان دەبوو لایەنەکان و یەک لەوان نەتەوەی کورد کوێرەوەریی لەوە زۆرتر بکێشن.
بەو حاڵەش ئەوەی لەو چەند مانگەدا دەرکەوتوە و ئێستا بە توندترین شێوە بەردەوامە، ئەوەیە کە تورکیە لەلایەک بەتەمایە بە ناو ئەو شەڕەی کە لەگەڵ داعش دەیکا! و لەلایەکی دیکەش ئەو هێرشانەی دەیانکاتە سەر هێزەکانی پێکاکا و ئەو کوشتارەی لە خەڵکی بێتاوانی شارو گوندەکانی باکووری کوردستاندا دەکرێ، لە چوارچێوەی بەناو شەڕ لەگەڵ تێرۆڕیزمدا وەسەریەک بخاتەوە. ئامانجی تورکیە کەڵکوەرگرتن لە دیاردەی داعش و سەرقاڵبوونی کۆمەڵگهی جیهانی بەو سەرەتانەوهیەو دەیەوێ لەو بەینەدا ئەوەی لە ساڵانی ڕابردوودا لە پێوەندی لەگەڵ سەرکوتی جووڵانەوەی کوردەکاندا بۆی نەکراوە، ئێستا جێبەجێی بکا. جگەلەوەش، تورکیە باش دەزانێ کۆمەڵگهی جیهانی و بەتایبەت وڵاتانی ئورووپایی بەدەست قەیرانی ئاوارەکان و کۆچی بەکۆمەڵی ئەوان بەرە ئەو وڵاتانە بەرەوڕوویە. هەروەها ئەوەش دەزانێ کە دەتوانێ چ ڕۆڵێکی هەبێ و چۆن کەڵک لەو قەیرانە وەرگرێ و گوشار بخاتە سەر وڵاتانی ئورووپایی و چ ئیمتیازگەلێکی ئابووری و سیاسی لەو بەینەدا مسۆگەر بکا.
دیارە خەون و ئیستراتێژی و ئامانجەکانی تورکیە و حیزبی داد و گەشەپێدانی ئەردۆغان، لە نێوخۆی تورکیە و لە ناوچەدا بێگومان گەڕانەوە بۆ هێز و دەسەڵاتی ئیمپراتۆری عوسمانییەکانە و ئەو حیزبەو ڕێبەرەکەی نەیانشاردۆتەوە کە دەیانەوێ ئەگەر هەر نەبێ لە چوارچێوەی تورکیەی ئێستادا ئەو شێوەیه لە دەسەڵاتداری دابمەزرێننەوە.
ئەوە کە ئەردۆغان و دەوڵەتەکەی بتوانن بە هێرشی لەشکری و تانک و تۆپ و تەیارە، جووڵانەوەی کورد لەوبەشە لە کوردستان دابمرکێنن و سەرکوتی بکەن، بیرۆکەیەکی نەزۆکە کە هەر ڕێژیمە تۆتالیتێرەکان خەونی پێوە دەبینن. تورکیە ئەوکات کە زۆر کەمتر لە ئێستا کێشەی نێوخۆیی و دەرەکیی پڕژانهسەری هەبوو، توانای سەرکوت و دامرکاندنی ئەو جووڵانەوەیەی نەبوو، ئێستا کە لەگەڵ زۆر کێشەی نێوخۆیی و دەرەکی بەرەوڕوویە، چۆن دەتوانێ بە شەڕ و هێرش و سەرکوت و زیندان ، بەر بە حەرەکەتی ئازادیخوازانەی نەتەوەی کورد لەو بەشە لە کوردستاندا بگرێ.
پارتی داد و گەشەپێدان، لەکورتخایەندا ڕەنگە بتوانێ لە ناکۆکییەکانی نێوان هێزە ناوچەیی و دەرەکییەکان بۆ گهیشتن به ئامانجەکانی لە پێوەندی لەگەڵ نەتەوەی کورد بە گشتی کەڵک وەرگرێ، بەڵام هەم کورد و هێزەکانی لە تورکیە، چ لە گۆڕەپانی شاخ و چیاکاندا و چ لە مەیدانی سیاسەتی نێوخۆیی و پارلمانیی ئەو وڵاتەدا ئەوەندە بەهێزن کە ئەو پارتە و دەوڵەت و لەشکرەکەی باشاری ناکەن، هەم کورد وەک نەتەوەیەک لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا و لە کایەی سیاسی و نیزامیی بە کردەوەدا ئەوەندە ڕۆڵی ئەکتیڤ و حاشاهەڵنەگری هەیە کە تورکیە ناچار دەبێ، حیسابی بۆ بکات و لە کۆتاییدا ملی بۆ ڕاکێشێ.
هەروەک مێژووی هاوچەرخ دەریخستوە ڕێگە چارەی چارەسەری کێشە و گیروگرفتە ناوچەیییەکان، وەک کێشەی ڕەوای نەتەوەکەمان، شەڕ و لەشکرکێشی و نکوولی لە بوونی نەتەوەکەمان نیە؛ تورکیە هەتا کەی دەتوانێ خهباتی نەتەوەی کورد بە تێڕۆر لهقهڵهم بدا؟ بە دڵنیایی نە کورد لە باکووری کوردستان واز لە ماف و ئازادییەکانی دێنێ، نە تورکیە دەتوانی کورد بە چۆکدا بێنێ و، نە کۆمەڵگای جیهانی لەوە زیاتر باوەر بە چەواشەکارییەکانی ڕێژیمە داگیرکەرەکانی کوردستان دهکا. کەوابوو ژیرانەترین رێگا، رێگای ئاشتی و پێکەوەژیان و خۆبواردن لە شەڕ و توند و تیژی و دەمارگرژیی ڕەگەزپەرستانەیە.
لە ژماره ٦٧٠ ی رۆژنامهی “کوردستان”دا بڵاو بۆتهوه