جۆ بایدەن سەرۆک کۆماری هەڵبژێردراوی ئەمریکا لە سیاسەتی دەرەوەی حکومەتی نوێی خۆیدا خوازیاری گەرانەوە بۆ سەر مێزی وتووتوێژ و رێکەوتننامەی بەرجام( بەرنامەی گشتی کاری هاوبەش٥+١) دەگەڵ ئێرانە. جۆ بایدەن دەیهەوێت گەمارۆکانی سەر رژیمی ئێران لابەرێت بەمەرجێک دەسبەرداری پەرەساندنی موشەکی بالستیک و دەستێوەردان لە وڵاتانی دراوسێ و پشتیوانی لە گروپە تیرۆریستەکانی ناوچە و پێشێلکاری مافی مرۆڤ بێت، ئەم ووتارە ئاستەنگەکانی بەردەم دەوڵەتی جۆ بایدەن لە ئاستی یەکێتی ئوروپا، رۆژهەڵاتی ناوەراست و ناوخۆی دەسەڵاتدارانی ئێران بۆ گەرانەوەی دوبارە بۆ برجام باس دەکات.
یەکێتی ئورووپا
سەرۆک کۆماری ئەمریکا، دۆناڵد ترامپ لە ساڵی ٢٠١٨ لە رێکەوتنی بەرجام هاتە دەر، بەڵام هەرسێک وڵاتی ئاڵمان، فەرانسە و بریتانیا لە رێکەوتنەکەدا مانەوە و دەگەڵ ئەمریکا نەکەوتن. ئەو سێ وڵاتە بەهێزەی ئوروپایی هەوڵیان دا بەرجامی نێوە مردوو راگرن و تەنانەت رێگەیەکی تایبەتی دارایان بە ناوی (ئینستێکس) بۆ یارمەتی دارایی و ماڵی ئێران کردەوە و ئەگەرچی لە کردەوەدا ئەوە نەبوو چاوەروانیان دەکرد. کۆمپانیا و بانکە گەورەکانی ئوروپا لە ترسی دەوڵەتی ئەمریکا بازەرگانی و هەموو مەعامەلاتی خۆیان دەگەل ئێران راگرت و بەکردەوە دەگەڵ گەمارۆکانی ئەمریکا لە سەر ئێران کەوتن. ئەگەر جۆ بایدەن بگرێتەوە بۆ برجام بێگۆمان ئەو سێ دەوڵەتە ئوروپایە رەنگە دڵخۆش بن بەوەی کە دەتوانن لە رێگەی دیپلۆماسی رژیمی ئێران کونتروڵ بکەن بەڵام بێگۆمان کۆمپانیا و بانکە گەورەکانی ئوروپا ئەو متمانەیان بە دەوڵەتی ئەمریکا نەماوە و هەمیشە ترسی ئەوەیان هەیە کە دوای چوار ساڵی دیکە سەرۆک کۆماری نۆێی ئەمریکا دوبارە گەمارۆ دەخاتە سەر ئێران. جۆ بایدنی ٧٨ ساڵە بە تەمەنترین سەرۆک کۆماری مێژوی سیاسی ئەمریکایە وتا کۆتایی دەورەی چوار ساڵەی سەرۆ کۆماری، جۆ بایدەن دەبێتە ٨٢ ساڵ و بێگۆمان ناتوانێت بۆ دەورەیەکی دیکە خۆ بەربژێر بکات و کامیلا هەریس ئەو کەسایەتی کاریزما و ئەزمونەی نیە ببێتە سەرۆک کۆماری داهاتوو. ئەوە دەتوانێت هۆکارێکی دیکە بێ بۆ دڵەراوەکی و ترسی کۆمپانیا مەزنەکانی ئوروپا کە بازەرگانی و سەرمایەگوزاری درێژخایەن دەگەڵ رژیمی ئێران نەکەن.
رۆژهەڵاتی ناوەراست
رۆژهەڵاتی ناوەراستی ساڵی ٢٠٢١ زۆر جیاواترە لە رۆژهەڵاتی ٢٠١٥ و ئەمریکا و جۆ بایدەن تاکە هێزی یەکلاکەرەوەی ئەو ناوچە ئاڵۆزە نابن.
دوناڵد ترامپ وەک تاجر و بازەرگانێکی شارەزا سیاسەت و ستراتیژی زیاتر لە نیو سەدەی ئەمریکای خستە ژێر پرسیار و سەلماندی کە ئاشتی ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی تەنیا بە هاتووچۆ لە نێوان رام اللە و تێلئاویو سەرناگرت و شەقامەکانی دونیای عەرەب چیدی بریاردەری پرسی فەلەستین و ئیسرائیل نین. لەسەر داوا و پێداگری زیاتر لە سێ ساڵەی دەوڵەتی ترامپ، ڕێکەوتنی وڵاتانی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی و بەحرین و سودان دەگەڵ وڵاتی ئیسرائیڵ بوو بە خاڵێکی وەرچەرخانی گەورەی مێژویی لە ٧٠ ساڵی رابردوودا. گرینگی ئەو هاوپەیمانییە لەوەدایە کە ئیمارات و بەحرین هاوپەیمانی زۆر نێزیکی عەربستانن و زۆربەی شارەزایانی پەیوەندیەکانی نێودەوڵەتی لەوباوەرە دان ئەو هاوپەیمانییە بێ ئاگادری و ڕەزامەندی عەرەبستان نەکراوە و ئەو وڵاتانە بە هێزی پیادەی عەرەبستان ناو دەبەن. هەفتەی رابردوو میدیاکانی ئیسرائیل و ئەمریکا ئاشکرایان کرد کە نەتانیاهو، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و پۆمپێئۆ و محەممەد بن سەلمان لە عەرەبستان دیدار و چاوپێکەوتنیان بووە و ئەگەری رێکەوتنی ئەو دوو وڵاتە و چارەسەری پرسی فەلەستین لە داهاتوویەکی نێزیکدا زیاتر کردووە. سیاسەتی دەستێوەردان و پڕچەککردنی ملیشیاکانی وڵاتانی عەربی، گەشەپێدانی مووشەکی دوورهاوێژ و پەرەسەندنی هیلالی شیعە، رژیمی ئێرانی کردۆتە دوژمنی هاوبەشی وڵاتانی عەربی و ئیسرائیل. ئەو هاوپەیمانییە بەهێزە لە هەڵوێستی بریاردەرانی رۆژهەڵاتی ناوەراست دەگۆرێت و جۆ نایدەن ناچارە گوێبیستی ویست و داخوازی ئەو هاوپەیمانە بەهێزی ناوچە بێت. دراوی عەربستان و لابی ئیسرائیل لە ئەمریکا ئاڵوگۆری گەورە و جیدی لە دارشتنی بریاراتی داهاتووی کۆشکی سپی و کۆنگرەی ئەمریکا سەبارەت بە رۆژهەڵاتی ناوەراست پێکدێنێت و بایدن ناچار بەوە دەکەن کە بەرجامی ٢٠٢١ زۆر جیاوازتر لە بەرجامی ٢٠١٥ بکات.
ناوخۆی ئێران
لەکەمتر لە ساڵێک، دوو کەسی یەکەمی پرسی وزەی ناوکی/نیزامی و هیلالی شیعی رژیمی ئێران و بازووی بە هێزی عەلی خامەنەیی رێبەری نیزام کوژران. قاسمی سلێمانی وەک کەسی یەکەمی پرۆژەی هیلالی شیعی خامەنەیی و رێکخەر و هاندەرەی سەرکی ملیشیاکانی وڵاتانی عەرەبی بە فرۆکەی بێفرۆکەوانی ئەمریکایی لە فرۆکەخانەی بەغدا کوژرا و پاسدار موحسینی فەخریزادە جێگری وەزیری بەرگری و کەسی یەکەمی پرسی ناوکی و نیزامی ئێران لە عەمەلیاتێکی کەموێنەدا لە ناو جەرگەی پێتەختی ئێران کوژرا. حەسەنی ڕوحانی سەرۆک کۆماری ڕێژیم لە هەمیشە لاوازترە و توندرەوەکانی سەربە رێبەری کۆماری ئیسلامی دەنگیان بەرزتر بۆتەوە و باسی بێکەڵکی رێکەوتنی بەرجام دەکەن. بێمتمانەیی خەڵک بە دەسەڵاتدارانی ئێران، دارمانی ئابووریی، دابەزینی نرخی تەمەن، بیکاری و گرانی، دۆخی ئێرانی بردۆتە قۆناغێکی هەستیار. پێنج مانگ دوای هاتنە سەرکاری جۆ بایدەن لە ئێران هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمارییە و بێگۆمان بەشداری خەڵک زۆر کەم دەبێ و دەسەڵات لە ئێران زیاتر یەکدەست دەکاتەوە. بەئەگەری زۆر سەرۆک کۆمارێکی نوێی توندرەو لە ئێران دەتوانی کاری تیمی دیپلۆماسی جۆ بایدن زۆر بەزەحمەتر بکات. ڕێکخراوی ئاژانسی ناوکی لە دواترین ڕاپۆرتی سێ مانگانەی خۆی، کۆمەڵێک پێشێلکاری جیدی رژیمی ئێرانی لە بریارەکانی رێکەوتنی ئاژانسی وزەی ناوکی ڕاگەیاند. ئێران لە ماوەی کەمتر لە ساڵ و نیوێکدا ١٢ بەرامبەر زیاترلە رێکەوتنی ئاژانس، لە ٢١٠ کیلۆ را ٢٤٤٣ کیلۆی ئورانیۆمی پیتاندۆتەوە و لیکۆلینەوە و پەرەساندنی هەزاران سانترفیووژی پێشکەوتووی (ئای ئار ٢ م) (ئای ئار ٤) و (ئای ئار ٦) لە سایتی نەتەز دامەزراندون.
هەرسێک وڵاتی فەرانسە، ئاڵمان و بریتانیا لە بەیانامەیەک داوایان لە ڕێژیمی ئێران کرد پابەندی رێکەوتنەکە بێت و وەڵامی ئەو پرسیارانەی سەبارەت بە دوو سایتی نوێ و ڕێژەی سانترفیووژی نوێی پێشەکەوتوو و دۆزینەوەی زەڕاتی ئورانیۆم لە سایتی فۆردۆ بداتەووە و داوایان کردووە هەرچی زووتر رێژی سانترفیووژەکان و پیتاندنەوەی ئورانیۆم لە ئاستی ئیزن پێدارودا راگرن. ئەو بەیاننامە توندەی ئەو سێ وڵاتە دەتوانێت یەکێک لە گرفتە سەرکەیەکانی دانیشتنی داهاتووی بەرجام دەبێت.
ترسی کۆمپانی و بانکە مەزنەکانی ئورووپا، ئارامی و هاوپەیمانی نوێی بەهێز لە رۆژهەڵاتی ناوەراست، دۆخی دارماوی ئابووری، ئاڵۆزی و شێواوی سیاسی ونیزامی لە ئێران، پێشێلکاری بەردەوام و رەهای ماڤی مرۆڤ و بەتایبەت سەرکۆتی بێبەزەیانەو درندانەی سێ سەرهەڵدانی جەماوەری دوای رێکەوتنی بەرجامی ٢٠١٥ ، پشتیوانی لە گروپە میلیشیا و تیرۆریستەکانی ناوچە، پەرپێدانی مووشەکی دوورهاوێژ و هێرشی مووشەکی بۆ ئارامکۆی عەرەبستانی سعودی، بەدڵنیاییەوە بەرجامی ٢٠٢١ لە بەرجامی ٢٠١٥ جیا دەکاتەوە. جۆ بایدن ئەگەر لەسەر درووشم و هەڵوێستەکانی سیاسەتی دەروەی خۆی بمێنێتەوە، بەبێ ڕەزامەندی هاوپەیمانانی بەهێزی نوێی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست ناتوانێت بگەرێتەوە بەرجام و ئەگەری ئەوە هەیە بەردەوامبوونی کۆماری ئیسلامی لە سیاسەتەکانی لەناوچەدا، شەڕ و پێکدادانی لێبکەوێتەوە.