١) پێویست ناکا کارناس یان چاوه‌دێری سیاسی و جڤاکی بی، بۆ ئه‌وه‌ی بزانی له کۆمه‌ڵگه‌ی ئێران‌دا چ ده‌گوزه‌رێ و له رووی کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه خه‌ڵکی ئێران له چ دۆخێکی کاره‌ساتباردا ده‌ژین. به قسه‌کردنێکی ئاسایی له‌گه‌ڵ خه‌ڵکی ئاسایی ئێران بۆت ده‌رده‌که‌وێ که کۆمه‌ڵگه‌ی ئێران تووشی چ بهڵاگهلێکی کۆمه‌ڵایه‌تی بووه و ئه‌گه‌ر مودیرییه‌ت و چاره‌سه‌ر نه‌کرێن کۆمه‌ڵگه له‌گه‌ڵ مه‌ترسیی هه‌ڵوه‌شانه‌وه به‌ره‌وڕوو ده‌که‌ن.
له کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی ساغ و ئاسایی‌دا مرۆڤه‌کان وه‌ک ئه‌ندامه‌کانی له‌شێک وان که ئه‌گه‌ر یه‌کیان بێشێ، ئه‌وانی دیکه‌ش ئارام و قه‌راریان نامێنێ. وردبوونه‌وه له دۆخی کۆمه‌ڵایه‌تیی کۆمه‌ڵگه‌ی ئێران، مرۆڤ تووشی شۆک ده‌کا و دهیههژێنێ. زۆر جار ئه‌و پرسیاره لای مرۆڤ دروست ده‌بێ که بڵێی ئه‌و شته‌ی که توماس هابز، فیلسووفی سیاسیی سه‌ده‌ی ١٦ی زایینی، له‌سه‌ر دۆخی به‌رله دروستبوونی ده‌وڵه‌ت گوتوویه‌تی، که مرۆڤه‌کان له‌و دۆخه‌دا گورگی یه‌کترن، بۆ کۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌مڕۆی ئێرانیش راست نه‌بێ!
به پێی قسه‌ی کارناسان، کۆمه‌ڵگه‌ی ئێران تووشی چه‌شنێک بێئه‌خلاقی بووه. مۆڕاڵ و ئه‌خلاقیات زۆر کاڵ بوونه‌وه. کاتێک له گۆڕه‌پانی ته‌جریشی تاران، که‌سێک له به‌رچاوی خه‌ڵک یه‌کێکی دیکه ده‌داته به‌ر چه‌قۆ و ده‌یکوژێ، بێ ئه‌وه‌ی که ئه‌و خه‌ڵکه‌ی بینه‌ری ئه‌و کاره‌ساته‌ن، وه‌خۆ که‌ون و رێگریی لێبکه‌ن؛ کاتێک ته‌قه‌ڵی ده‌موچاوی منداڵێک ده‌رده‌هێننه‌وه، ته‌نیا له‌به‌رئه‌وه‌ی بنه‌ماڵه‌که‌ی توانای دانی تێچووه‌که‌یان نه‌بووه؛ کاتێک کڕین و فرۆشتنی منداڵ له نه‌خۆشخانه‌کانی تاران‌دا ده‌بێته دیارده و به قسه‌ی سه‌رۆکی کۆمیسیۆنی کۆمه‌ڵایه‌تیی شۆڕای شاری تاران منداڵی بێسهرپهرست له ناچاری و برسیه‌تی سه‌رپایی هه‌وری ده‌خوا! ئه‌مانه ته‌نیا چه‌ند نموونه‌یه‌کن که تراژیکبوونی دۆخی کۆمه‌ڵایه‌تیی کۆمه‌ڵگه‌ی ئێرانمان به ته‌واوی بۆ ده‌رده‌خه‌ن.
به پێی راپۆرتێکی ئه‌م دوایییانهی نووسینگه‌ی لێکۆڵینه‌وه ستراتیژیکه‌کانی سه‌رکۆماری، متمانه‌ی نێوان خه‌ڵک بۆ ١٠ له سه‌د دابه‌زیوه، پێوانه‌ی دروستی و “ئه‌مانه‌تداری” له نێوخه‌ڵکدا ته‌نیا ٨ له سه‌ده. له حاڵیکدا ئه‌و رێژانه له وڵاتانی سکاندیناوی له سه‌رووی ٧٠ له سهدهوهن. هه‌رئه‌م رێژانه ده‌رخه‌ری داڕمانی ئه‌خلاقیی کۆمه‌ڵگه‌ن.
له کۆمه‌ڵگه‌ی ئێران‌دا رێژه‌ی ته‌ڵاق زۆر له سه‌رێیه. درۆکردن په‌ره‌یسه‌ندوه. متمانه‌ی نێوان خه‌ڵک زۆر لاواز بووه. رۆژ نیه گه‌نده‌ڵی و دزی له نێو سیستمی زاڵدا نه‌بێته رۆژه‌ڤی راگه‌یه‌نه گشتییه‌کان. سیستمێکی وا بۆخۆی ده‌بێته ئۆلگوویه‌کی خراپ و په‌ره‌پێده‌ری ئه‌و خه‌سارانه‌ی باسمان کردن. له لایه‌کی دیکه به هۆی لێنه‌زانی و خراپیی به‌ڕێوه‌بردنی وڵاته‌وه، ئێران له‌گه‌ڵ قه‌یرانێکی قووڵی ئابووری به‌ره‌وڕوویه. قه‌یرانێک که سه‌رچاوه‌یه‌کی سه‌ره‌کیی خه‌ساره کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانه. قه‌یرانێک که له درێژه‌ی خۆیدا بۆته قه‌یرانێکی کۆمه‌ڵایه‌تیی ئاڵۆز‌و به‌رفراوان له ئێران‌دا. سیستمی زاڵ ته‌نیا سه‌رمایه‌ی ئابووریی وڵاتی به‌فیڕۆ نه‌داوه و تاڵانی نه‌کردوه، به‌ڵکوو سه‌رمایه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تیی ئێرانیشی له‌گه‌ڵ خه‌سارێکی گه‌وره به‌ره‌وڕوو کردوه. له خۆڕا نیه که له کۆمه‌ڵگه‌ی ئێران‌دا نۆڕم و بایه‌خه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان کاڵ بوونه‌وه و دژه بایه‌خه‌کانیش په‌ره‌یان سه‌ندوه و ئاسایی بوونه‌وه. له خۆڕا نیه که شاهیدی ئه‌و هه‌موو گیروگرفته کۆمهڵایهتییانهین. هه‌مووی ئه‌وانه به‌رهه‌می ئه‌و سیستمه‌ن که ئێرانی تووشی کاولکاری و وێرانییه‌کی زۆر کردوه.
٢) ئه‌گه‌ر وایدابنێین که خاوهنڕایان و کارناسانی خه‌مخۆر بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رنجی ده‌سه‌ڵات بۆ لای خه‌ساره کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان رابکشێن، قووڵایی قه‌یرانی کۆمه‌ڵایه‌تی زیاتر له واقیع به‌رجه‌سته ده‌که‌نه‌وه و ئه‌گه‌ر واقیعییه‌تی ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تی له ئێران‌دا به‌و ڕاده‌یه ره‌ش و هیوابڕ نه‌بێ و وه‌ک به‌شێک له شاره‌زایانی کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌ڵێن هێشتا خه‌ساره کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان نه‌بووبنه گرێکوێره، به‌ڵام کۆده‌نگییه‌کی ته‌واو هه‌یه که کۆمه‌ڵگه‌ی ئێران به‌ده‌ست قه‌یرانێکی قووڵی کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه ده‌ناڵێنێ و ئه‌گه‌ر به شێوه‌یه‌کی کارناسانه هەڵسوکەوتی له‌گه‌ڵ نه‌کرێ ئاڵۆزتر و قووڵتریش ده‌بێته‌وه. کۆمه‌ڵگه‌یه‌ک که به‌شێکی به‌ربڵاوی خه‌ڵکه‌که‌ی له‌گه‌ڵ کێشه‌ی گه‌وره و بچووکی کۆمه‌ڵایه‌تی به‌ره‌وڕوون، نه‌ته‌نیا کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی ئاسایی نیه به‌ڵکوو له به‌رده‌م هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی شیرازه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تیدایه. پرسیار ئه‌وه‌یه که بۆچی ئه‌و خه‌سارانه ئه‌وه‌نده په‌ره‌یان سه‌ندوه؟ له جێ‌دا بنه‌مای به‌ڕێوه‌به‌ریی، کاری کارناسانه و گه‌ڕانه‌وه بۆ پسپۆران له بواره جۆراوجۆره‌کاندایه. له ئێران‌دا به‌زۆری کار به کارزان ناسپێرن، خه‌ڵکی پسپۆڕ و شاره‌زا په‌راوێز ده‌خرێن، بابه‌ته کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان به بیاڤی ئاکادێمیک نهسپێراون و زۆرتر له ده‌لاقه‌ی سیاسییه‌وه لێیان ده‌ڕوانن؛ به‌م هۆیانه‌یه که ئه‌و خه‌سارانه په‌ره‌یان سه‌ندوه و ئه‌گه‌ری ئاڵۆزتربوونیشیان هه‌یه. ئه‌گه‌ر سه‌یری چاپه‌مه‌نی و رۆژنامه‌کانی ئێران بکه‌ن بۆتان ده‌رده‌که‌وێ که زۆربه‌ی پرسه‌کان له ده‌لاقه‌ی شه‌ڕی نێوان بانده‌کانی ده‌سه‌ڵاته‌وه ته‌ماشا ده‌کرێن. له‌م حاڵه‌ته‌دا ناکرێ چاوه‌ڕێی گۆڕانی دۆخی هه‌نووکه‌یی بین.
ئێران هه‌تا ئێستاش له خانه‌ی وڵاتانی له حاڵی گه‌شه‌سه‌ندندا پێناسه ده‌کرێ. خه‌ڵکی ئێران کاریگه‌رییه‌کی جیددی‌یان له سه‌ر چاره‌نووسیان نیه. وه‌ختێک لاوانی ئێران ده‌بینن له ده‌سه‌ڵات و پێکهاته‌ی سیاسی‌دا به‌شدار نین، تووشی دڵساردی ده‌بن و له هه‌مبه‌ر پرسه گشتییه‌کانیشدا که‌مته‌رخه‌م ده‌بن. وه‌ختێک له ئه‌نجامی سیستمی ویلایه‌تی فهقیهدا لاوان دەگەڵ گیروگرفتی بێ‌کاری بەڕەوڕوون یان کاری گونجاو له‌گه‌ڵ شاره‌زایی و ده‌رسه‌که‌یان په‌یدا ناکه‌ن، دڵ‌سارد ده‌بن و ئاسانتر تووشی خه‌ساره کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان ده‌بن.
کێشه‌یه‌کی گه‌وره‌ی ئێران ئه‌وه‌یه که ئه‌گه‌ر به‌رنامه‌یه‌کیش بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ خه‌ساره کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان داده‌نرێ، به هۆی ئه‌وه‌یکه میکانیزمه‌کانی لێپرسینه‌وه کێشه‌ی جیددی‌یان هه‌یه، جێبه‌جێ ناکرێ.
رێگه‌چاره‌ی رووبه‌ڕووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ قه‌یرانی کۆمه‌ڵایه‌تیی ئێران ئه‌وه‌یه که له ڕای کارناسان که‌ڵک وه‌ربگیرێ و خه‌ڵکیش به شێوه‌یه‌کی سیستماتیک شوێنه‌واریان له سه‌ر چاره‌نووسی خۆیان هه‌بێ.
لە ژماره ٦٧٠ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه