زۆرلەو چەمکانەی کە ئێمە ژیانی خۆمانیان پێ پێناسە دەکەین، بەرهەمی گۆتارێکی تایبەتن. گۆتاری نەتەوەیی یەکێک لەو گۆتارانەیە کە ژیانی مۆدێرنی مرۆڤەکانی داگیر کردوە. هەرکەس لە سنووری نەتەوەکەی خۆی و بۆ نەتەوەی خۆی بیر دەکاتەوە و خەم دەخوا؟ لای مرۆڤی نەتەوەیی کوژرانی هاونەتەوەیەک لە کوژرانی چه‌ند که‌س لە نەتەوەیەکی دیکه پرئازارتر دەردەکەوێ. ئەم وتارە باس لەوە دەکا کە ئەمنیەتی نەتەوەیی چیە؟ ئێمە چ کاتێک پێمان وایە ئەمنیەتی خۆمان یان وڵاتەکەمان کەتۆتە ژێر مەترسی؟ چ جۆر روانینێک بۆ ئەمنییەت دەتوانێ رێرەوی خەبات و پراکتیکی سیاسیمان لە رۆژهەڵات باشتر بکا؟
ئەمنیەتی نەتەوەیی لە ئاستی جیهانیدا
ئەمنیەتی نەتەوەیی وەک پاراستنی خەڵکێكی دیاریکراو لە جۆغرافیایەکی دیاریکراودا جێی خۆی کردۆته‌وە. بۆ نموونه له ڕابردوودا که باس له ته‌ناهی ده‌کرا زۆرتر مه‌به‌ست رۆڵی سوپا و پۆلیس له دابینکردنی ئه‌منیه‌تی فیزیکی و گیانیی خه‌ڵکدا بوو. سوپا ده‌بوا هاونیشتمانانی له‌به‌رامبه‌ر هێرشی ده‌ره‌کیی وڵاتێکی دیکه‌دا بپارێزێ و پۆلیسیش ده‌بوا گیانی هاونیشتمانانی له به‌رامبه‌ر چه‌ته و مرۆڤکۆژهکان له نێو سنووره نهتهوهیییەکاندا بپارێزێ. شەڕ جێگایەکی تایبەتیی لە ئەمنیەتی نەتەوەییدا هەیە. لە یاده‌وه‌ریی خه‌ڵکدا شه‌ڕی یه‌که‌م و دووهه‌می جیهانی شه‌ڕێکی خراپ بوون، نەک هەر بە هۆی ئەوەی ژماره‌یه‌کی زۆر خه‌ڵک له‌و شه‌ڕانه‌دا کۆژران بەڵکوو زۆر نەتەوە، هاونەتەوەیییەکانی خۆیان لەو شەڕانەدا لە دەست دا. به‌ڵام که‌متر خه‌ڵک ده‌زانن که له ساڵی ١٩١٨دا، نزیکه‌ی ١٨ میلیۆن که‌س، واته زۆر زیاتر له ژمارەی قوربانیانی شه‌ڕی یه‌که‌می جیهانی، به هۆی نه‌خۆشیی ئانفلۆنزاوه گیانیان له‌ده‌ست دا. ڕوانینی مرۆڤ بۆ ئه‌منیه‌ت له ڕابردوودا ڕوانینێکی نه‌ته‌وه‌یی بوو نه‌ک ڕوانینێکی جیهانی و مرۆیی. ئێستا ده‌وڵه‌تان ناچارن له بواری له‌شساغی و پزیشکیدا هاوکاریی یه‌کتر بکه‌ن، تا پێش به بڵاوبوونه‌وه‌ی هێندێک ڤایرۆس بگرن. له ساڵی ١٩١٨ به‌ملاوه که ڤایرۆسی ئایدز (HIV) ناسرا، زیاتر له ٢٠ میلیۆن که‌س به هۆی تووشبوون به ئایدز گیانیان له ده‌ست داوه و ٤٠ میلیۆن که‌سیش گیرۆده‌ی ئه‌و ڤایرۆسە بوون (Nye) .
به‌و پێیه پێناسه‌ی ئه‌منیه‌ت له‌سه‌رده‌می به‌جیهانیبووندا پێناسه‌یه‌کی زۆر ئاڵۆزتر و جیهانیتری به‌خۆیه‌وه گرتوه. بە هۆی لێکگرێدراوی، ولاتێک دەبێ ئەمنیەتی خۆی لە پانتایی ناوچەیی و جیهانییشدا پێناسە بکا و بۆ بردنەسەری ئەمنیەتی خۆی لە ئاستی ناوچەیی و جیهانییشدا چالاک بێ.
ئەمنیەتی نەتەوەیی لە ئێران
کۆماری ئیسلامی هەوڵ دەدا مردنی مرۆڤه‌کان لە ئێران هەرچی زیاتر بە فیلتێری ئیدئۆلۆژییەکی تایبەتدا بڕوا. بە واتایەکی دیکە کۆماری ئیسلامی لە رێگەی میدیاکان و سیستمی پەروەردەوه، هەوڵ دەدا بۆ مردنی خەڵک بەها دیاری بکا و دەستەبەندییان بکا. لە شەڕی ٨ ساڵەی نێوان ئێران وعێراقدا نزیک به یەک میلیۆن کەس کۆژران. ئەو شەڕە و کۆژراوانی ئەو شەرە بوون بە بەشێک لە یادەورریی گشتیی خەڵکی ئێران. شەری هەشت ساڵە بوو بە دەیان فیلم و چووە نێو لاپەڕەی کتێبەکانی خوێندکاران.
ئەوە لە حالێکدایە که مردن بە هۆی ڕوودای هاتووچۆوه لە ئێران نابێتە جێی سەرنجی گشتی. لە ساڵی ١٣٨٠وه هەتا ١٣٩٤، زیاتر له ٣١٥،٠٠٠ کەس واتە بە شێوەی نێونجی رۆژانە ٦١ هاونیشتمان لە ئێران گیانی خۆیان لە ڕووداوی هاتوچۆدا لە دەست داوە؛ تەنیا لە پێنچ مانگی یەکەمی ساڵی ١٣٩٤‌دا، زیاتر لە ٧،٠٠٠ کەس بە هۆی ڕوودای هاتوچۆوه کۆژراون (مهر، آمار سازمان پزشکی قانونی کشور). بە وتەی جێگری وەزیری له‌شساغیی ئێران تەنیا لە ٩ مانگی ساڵی ٢٠١٢دا، زیاتر لە ٤،٠٠٠ هەزار کەس تەنیا لە شاری تاران به‌هۆی پیسیی کەشوهەوا گیانیان لە دەست داوە (Asgari).
هیچکام لەو ئامارانە بە بەردەوامی نابنە تایتڵی رۆژنامەکان، سیمیناریان لەسەر ناگیرێ و لە فەزای مەجازیدا کەمپینیان بۆ دروست نابێ. ئەوەش تەنیا بە هۆی میدیاکانی کۆماری ئیسلامییه‌وه نیە، بەڵکوو بیرکردنەوەی بەشێکی زۆر لە خەڵکی ئێران چ ئەوانەی لەگەڵ رێژیمن و چ ئەوانەی لە دژی رێژیمن، بە ئیدئۆلۆژی نەتەوەیی ڕاهاتوە. مردن بە هۆی نەبوونی له‌شساغی و بە هۆی ڕووداوی هاتووچۆوه لە نێو بیرکردنەوەی گشتیدا وەک کێشەی ئەمنیەتی پێناسە ناکرێ.
لە رۆژهەڵاتی کوردستانیش کۆژرانی مۆرەیەکی رێژیم دەبێتە جێی سەرنجی زۆر کەس بەڵام مردنی سەدان و بگرە هەزاران هاونیشتمان بە هۆکارگەلی دیکە نابێتە جێی بایەخ و تێرامانی گەورە. ئێمە لە دەلاقەی ڕوانینێکی ئەمنیەتی بەرتەسکهوه دەستەبەندی مردنی هاونیشتمانانمان دەکەین. گرتنەبەری ڕوانینێکی نەتەوەیی بەرفراوانتر بۆ چەمکی ئەمنیەت دەبێتە هۆی ئەوەی تێرامان بۆ کێشە و گیروگرفت و ژیان و مردنی خەلکێکی زۆرتر لە رۆژهەڵاتی کوردستان بکەین.
سەرچاوەکان:
جدول مرگ و میر جادەای، خبرگزاری مهر، مهر ١٣٩٤)٣١٥ هزار کشتە در ١٤ سال تصادفات رانندگی(
Asgari, Mohsen. “Iran Pollution Worsens as Thousands Die.” BBC News. BBC, 7 Jan. 2013. Web. 19 Dec. 2015.
Nye, Joseph S, David Welch, and Joseph S Nye. 2014. Understanding Global Conflict and Cooperation : an Introduction to Theory and History
لە ژماره ٦٧٠ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه