ئەحمەد داودئۆغڵوو، سەرۆک وەزیرانی ئێستا و وەزیری دەرەوەی پێشووی تورکیە، تێزێکی تا ڕادەیەک نوێی هێنایە نێو سیاسەتی تورکیە کە بە سیاسەتی ” سیفر کێشە” ناوی دەرکرد. داهێنەری سیاسەتی” سیفر کێشە”، دەیگوت پێوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ دنیای دەرەوە بە گشتی و وڵاتانی دراوسێی بە تایبەت سەرلەنوێ دادەڕێژێتەوەو، هەوڵ دەدا کێشە و ناکۆکییەکانیان بە کەمترین ئاستی خۆی بگەیێنێ. بە پێچەوانەی ئەو تێزەی داودئۆغڵوو، کوردستانی باشووری لێ دەرهاوێین، تورکیە، لە گەڵ وڵاتانی ئیسرائیل، میسر، ڕووسیا… لە بەرزترین ئاستی ناکۆکی و نا تەبایی دایە و، بە تێپەڕبوونی کات و لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، لە دنیای دەرەوە گەڕێین، لانی کەم دەبوو لەگەڵ دراوسێکانی ڕەچاوی سیاسەتێکی شیاو و حەکیمانەی کردبا. تورکیە، ئەوەندە پێچەوانەی ئەو سیاسەتە جووڵاوەتەوە کە بۆتە یەکێک لە وڵاتەکانی پێکهێنەری زەلکاوی سووریە، زەلکاوێک کە هەروا دێ و تورکیە و ڕووسیەو هیلالی هاوپەیمانە شیعەکەی زێدەتر نوقمی خۆی دەکا. ئەوەی مەبەستمانە لە خوارەوە باسی بکهین، بریتییە لە ڕاوەستان لە سەر پێوەندیی نێوان ئەو دوو وڵاتە و هەڕەشە و مەترسییان بۆ سەر یەکدی و کەڵەوەکێشییان لە زەلکاوی سووریەدا.
پێوەندیی ئانکارا ــ مۆسکۆ
پێوەندیی گەرموگوڕی ئانکارا ــ مۆسکۆ بۆ پاش رووخانی یەکیهتیی سۆڤیەت دەگەڕێتەوە. لە ڕاستیدا، هاوکات لە گەڵ شەڕیی کەنداو لە ساڵی ١٩٩٠ و هاتنی ئەمریکا و هاوپەیمانانی بە شێوەیەکی بەرچاو بۆ ناوچە و وەشاندنی گورزی سەربازی گرچووبڕ لە سەدام حوسێن و رێژیمی بەعسی عێراق، ئەو دوو وڵاتە مەیلیان بۆ دۆستایەتی و چەشنێک لە هاوپەیمانی چەکەرە دەکا. لە ١٩٩١ەوە، ئەو مەیلە بە هاتوچۆی وەفدی دوو دەوڵەت بۆ وڵاتی یەکتر و سەرئەنجام بە سەفەری ڕەسمیی سولەیمان دەمیرێل، سەرۆکوەزیرانی ئەو کات لە ١٩٩٢ دا بە ڕێککەوتنێک گەیشتن. ئەو ڕێککەوتنە سەربەخۆیی سیاسی، دەستتێوەرنەدان لە کاروباری نێوانیان و پاراستنی یەکیهتیی خاک یەکتر، گەڕان بە دووی بەرژەوەندیی هاوبەش لە ناوچەداو، هەروەها خۆبهدوورگرتن لە هێز و چەک بۆ چارەسەری کێشەکانی دەگرتە خۆ. دیارە، وێڕای ئەو ڕێککەوتنە، تورکیە، ڕووسیەی بە پشتگیری و تەیارکردنی پەکەکە تۆمەتبار و ڕووسیەش، تورکیەی بە پشتگیری و تەیارکردنی چیچانەکان تۆمەتبار دەکرد(١). داڵدەنەدانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە ڕووسیە لە ساڵی ١٩٩٨دا و، هەروەها رێککەوتنی ساڵی دواتریان لە سەر پرسی چۆنیەتیی بەرەنگاربوونەوەی نەیارەکانیان و توندوتۆڵ کردنی پێوەندییان لە ئاستی هەره بەرزدا، ڕێی بۆ پێوەندیی توندوتۆڵی سیاسی، بازرگانی و ئابووری بە تایبەت لە بواری وزەدا کردەوە*.
پێوەندەیی سیاسی
پێوەندیی دوو قۆڵیی ئەو دوو وڵاتە، بە شێوەیەکی سەرەکی لەسهر بەرژەوەندیی ئابووری و وزە، هەڵوێستی هاوبەش سەبارەت بە ڕووداو و پێشهاتەکان لە ناوچەی قەفقاس، ئاسیای نێوەڕاست و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، دەستهەڵگرتن لە پشتیوانی و دنەدانی نەیارانی یەکتر دامەزراوە. لە ساڵی ١٩٩٠ەوە بە تایبەت لە ١٠ ساڵی ڕابردوودا، سەرەڕای ناکۆکی و ڕوانگەی جیا لە سەر هیندێک مەسەلە، تێکۆشاون کێشەکانی ناوچە لە بەرژەوەندیی خۆیان و بە تایبەت لە بەرژەوەندیی یەکدی ببڕنەوە. ئەو دوو وڵاتە تێکۆشاون کێشەی نێوان تورکیە ــ ئەرمەنستان لە سەر کۆمەڵکوژیی ئەرمەنەکان لە ١٩١٥دا، کێشەی ئازەربایجان ــ ئەرمەنستان لە سەر ناوچە شاخاوییەکانی قەرەباغ(٢) بە جۆریک ببڕنەوە کە نەبێتە هۆی وەستانی گەشەی پێوەندیی سیاسی و ئابوورییان. ئانکارا ــ مۆسکۆ لە سەر لێدانی هەیبەت و قورسایی ئەمریکا و هاوپەیمانانی لە شەڕی دووهەمی کەنداودا و تەگەرەخستنە سەر ڕێی هێرشی هێزەکانی ئەمریکا هاوهەڵوێست بوون. ساڵی ٢٠١٠ کاتێک ” کەشتیی ئازادی”ی تورکیە بە بیانووی ناردنی هاوکاریی مرۆڤدۆستانە بۆ غەززە، ئاوەکانی زەریای سپیی شەق دەکرد و بە هاوهەڵوێستی لە گەڵ ڕێژیمی ئێران و ڕووسیە دەیانویست چاو لە ئەمریکا- ئیسرائیل سوور کەنەوە و لە ئەنجامدا ئیسرائیل لە ئاکامی گەمارۆدانی کەشتییەکە شەش کەسی لێ کوشتن، ڕووسیە، بە تیژکردنی تورکیە لە دژی ئیسرائیل نەیتوانی لەو ڕووداوەدا دەسکەوتێکی ئەوتۆی بۆ بە دیاری بێنێ. ڕووسیە و تورکیە لە گەڵ برازیل لە ٢٠٠٩دا، دهربارهی دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران لە سۆنگەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی، بەرامبەر بە سەپاندنی گەمارۆی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان بە سەریدا، بەرژەوەندیی هاوبەشیان وای کردبوو بە تەواوی پشتی ئێران و ئامانجە نهگریسەکانی ئەو ڕێژیمە بگرن. ئەردۆغان ٢٠١٣ لە کاتی سەفەری پووتین بۆ وڵاتەکەیدا بەڕاشکاوی کوتی لە گرووپی ” پێنجەی شەنهگا”ی [چیه؟] وەرمان بگرن، یەکێتی ئورووپامان ناوێ!
پێوەندیی ئابووری- وزە
مێژوو دەری خستوە، که چەرخی ساتوسەودای ئابووری و وزە ی نێوان وڵاتان لە سەر ئەمنیەت و بەرژەوەندیی هاوبەشی سیاسی هەڵدەسوورێ. تورکیە و ڕووسیە لە ١٠-١٥ ساڵی ڕابردوودا، ساڵ لە گەڵ ساڵ پەرەیان بە ئاستی پێوەندیی ئابووری و وزە داوە. ڕووسیە، گەورەترین ئەو چوار وڵاتەیە کە گازی سروشتیی تورکیە دابین دەکەن. ڕووسیە پار ٣٠ میلیاردی شهشگۆشه گازی سروشتیی لە ڕووسیە کڕیوە. بە گشتی ڕووسیە ساڵانە ٢٥ میلیارد دۆڵار وزە، کەرەستە و پێداویستی بە تورکیە دەفرۆشێ. تورکیەش ٦ میلیارد بەروبوومی ئاژەڵی، سەوزە و تەڕایی بە ڕووسیە دەفرۆشێ. ئەردۆغان و پووتین بە تەما بوون تا ساڵی ٢٠٢٠ ئاڵ و وێڕی بازرگانیی نیوانیان بە نیزیکەی ١٠٠ میلیارد دۆڵار بگەیەنن. هەروەها، لە ساڵی ٢٠١٠ەوە – بە هۆی قەیرانی ئابووریی ڕووسیە ئەم ساڵی لێدەرچێ- هەژماری گەڕیدەی ڕووسی بۆ تورکیە بە سەدان هەزار گەڕۆک زیادی کردوە کە خۆی لە زیاتر لە چوار میلیۆن گەڕیدە داوە.
( ٣) ئەحمەد داودئۆغڵوو دەڵێ؛” ئانتالیا، ڕاست وەک ماڵی دووهەمی گەڕیدە ڕووسەکانە”.
لە گەڵ هەموو هەورازچوون و گەشەکردنێک کە زۆر خاڵ و بڕگەی چارەنووسسازیان لە بەرژەوەندیی خۆیاندا دەبری، پێوەندیی دوو وڵات سەر ئەنجام لە زەلکاوی سووریەدا، تێک گیرسا.
رۆژی ٢٤ی نۆڤامبر فرۆکەی شەڕکەری ڕووسی جۆری سۆخۆی ٢٤ لە لایەن فرۆکەی ئێف ١٦ ی تورکییهوه بەردرایەوە و یەکێک لە دوو خەلەبانی فرۆکەکەش کوژرا. قسەی دوو وڵات سەبارەت بە هۆی بەردانەوەی فرۆکە ڕووسیەکە جیاوازە؛ تورکیە پێی وایە فرۆکەی ڕووسی لە پێنج خولەک دا ١٠ جار سنووری تورکیەی بەزاندوە و دوایین جار ١٧ چڕکە دە خاکی تورکیەدا بووە، ڕووسیەش هەموو ئەو دەنگۆیانە ڕەت دەکاتەوە و دەڵێ فرۆکەکەمان لە سەر ئاسمانی سووریە خراوەتە خوارێ.
بەرپەرچی ڕووسیە، لەو بارەیهوە هەتا بڵێی توند بوو. پووتین گوتی: پشتیوانانی تێرۆر، بە کێرد لە پشتیان داین”. بە دووی ئەودا هاوکارییە نیزامییەکانی لە گەڵ تورکیە هەڵپەسارد. پاشان، کارتی ئابووری و وزەی وەک هەڕەشە لە بەرامبەر تورکیەدا بە کار هێنا. پووتین، بریارنامەیەکی پەسەند کردوە کە لە سەرەتای ساڵی نوێ ڕا، بایکۆت دەخاتە سەر هێنانی بەروبوومی کشت و کاڵیی تورکیە بۆ وڵاتەکەی. ڕیگە نادەن چی دیکە هاونیشتمان و شیرکەت و کرێکاری تورکی بە بێ ویزا بچنە نێو خاکی ڕووسیە. پرۆژەی ئەتۆمی که ڕووسیە بە بڕی ٢٠ میلیارد دۆڵار بۆ تورکیە وەڕێی دەخست، هەڵی پەساردوە. پووتین، دەڵێ چاوەڕێی داوای لێبوردنی تورکیەین. ڕووسیە، تورکیە بە دەستتێکەڵاوکردن و هاوکاریکردنی داعش و قاچاغی نەوت لە گەڵی تۆمەتبار دەکا. سیاسەتی ڕووسیە لە سەر ئەمە چڕ بۆتەوە کە هێڵی ئابووری و سەرچاوەکانی وزەی تورکیە بئەنگێوێ.لە لایەکی دیکەش،لێدوانی کاربهدهستانی تورکیە و کاردانەوەیان لە سەرەتادا زۆر توند بوو. ئەردۆغان سەرەتا گوتی، جارێکی دیکەش فرۆکەتان ئاسمانی ئێمە ببەزێنێ، دەیخەینە خوارێ. کەچی وا دیارە تورکیە، دەیەوێ بە شێوەیەک لە شێوەکان لە توندڕۆیی له ڕووداوەکەدا پاشگەز بیتەوە. ئەردۆغان دەڵێ؛ ویستوومە سەبارەت بە ڕووداوکە قسە لە گەڵ پووتین بکەم، ناوبراو وەڵامی نەداومەتەوە.، ” بەو ڕووداوە زۆر نارەحەتین”، نەمان دەویست شتی وا ڕوو بدا کەچی بەداخەوە ڕووی دا. داودئۆغڵوو دەڵێ:” ئەرکی خۆمان بە جێ گەیاندوە. داوای لێبوردن ناکەین. ئامادەین لە گەڵ ڕووسەکان لە سەر داهاتووی پێوەندییەکانمان قسە بکەین”. (٣)
پووتین لە ٢٠٠٠ەوە تا ساڵی ٢٠٠٨ سەرۆکوەزیرانی ڕووسیە بوو. ناوبراو بە هۆی ئەوەی نەدەبوو سێ دەورە بە دووی یەکدا خۆی بۆ ئهو پۆسته بپالێوێ، دیمتری مەدیەدۆڤی بۆ ئەو پۆستە دەستنیشان کرد و خۆی بوو بە سەرکۆمار کە ئەو شێوە داهێنانە! بە سیسمتی پووتین – مەدیەدۆڤ ناوی دەرکردوە. لە تورکیەش هەروەتر؛ ئەردۆغان لە ٢٠٠٣ەوە دوو دەورە سەرۆک وەزیران بوو، لە پاشان بوو بە سەرکۆمار و ئەحمەد داودئۆغڵوی لە سەر پۆستی سەرۆکوەزیران داناوە کە ئەمەش بە سیستمی ئەردۆغان – داودئۆغڵوو ناوی دەرکردوە کە بریتییە لە سیستمەکەی پووتین. سیستمی یەکەم، کە بە تەمایە خەونی یەکیهتیی سۆڤیهتی کۆن زیندوو بکاتەوە و مۆسکۆ بێنێتەوە نێو ئاڵوگۆڕە بەرچاوەکانی ناوچە و جیهان و سیستمی دووهەمیش کە لە خەونی سەردەمی عوسمانیدا دەژی و پێی وایە لە فڕکان فڕکانی ڕووداوەکانی ناوچەدا، ئیمپراتۆریی عوسمانی لە دایک دەبێتەوە، لە زەلکاوی سووریەدا گیریان کردوە. ڕووسیە، کە بە درێژایی مێژوو قەت لە گەڵ میللەتانی چەوساوە نەبووە و بەردەوام پشتی دەوڵەتە ناخەڵکی و دژی دێموکراتییەکانی گرتوە، بە پشتگرتن و هاوپەیمانیی شیعە لە ناوچەدا تێدەکۆشێ شوورەی پۆڵایین بە دەوری بێزراوترین رێژیمەکانی ناوچە وەک رێژیمی ئێران و ڕێژیمی بەشار ئەسەد و حکوومەتی لەقی شیعەکەی دا، بکێشێ. ئەو نەخشە قێزەونەی سیستمی پووتین- مەدیەدۆف لە سووریە و ناوچە گرتوویەتیه پێش، شتێک نیە جگە لە مەلەکردنێکی پێچەوانەی خوڕێنیی ڕووباری ڕووداوەکان. مۆسکۆ بۆ وەدەستهێنانەوەی ئەو شکست و کەوتنانەی لە دەیەکانی ڕابردوودا بە نسیسبی بوون، دەیەوێ بە دەستەوداوێنبوونی دەسەڵاتە نامەشرووع و دیکتاتۆرەکان کیسەیەک بۆ بەهێزبوونی سیستم و دەوڵەتەکەی هەڵدوورێ. لەو بەینەدا، ئەو وڵاتە ئەگەر بە ڕواڵەت بۆمبارانی گرووپی تێرۆریستیی داعش دەکا، زیاتر لهوه خەڵکی سڤیل و بێتاوان دەکوتێ و بە دەیان و بە سەدان خەڵکی سڤیلی کوشتوە و بریندار کردوە. بۆمبارانی ناوچە و ناوچه تورکمەننشینەکانی سووریە، یەکێک لەو نموونانەیە کە دەوڵەتی تورکیە پێی قەبووڵ ناکرێ! خزم و هاوناو و هاوخوێنەکانی بە فڕۆکەی شەڕکەری ڕووسیە خەڵتانی خوێن بکرێن.
لە لایەکی دیکە، دەوڵەتی تورکیە، سیستمی ئەردۆغان- داودئۆغڵوو، هەر لە سەرەتای شەڕ و ئاڵۆزییەکانی سووریەوه، هەڵوێستێکی دوور لە لۆژیکی سەردەمی گرتۆته بهر. ئەو وڵاتە، بە ئاشکرا شەڕی هەمەلایەنەی بە دژی دەسکەوتەکانی ئەو بەشەی کوردستان ڕاگەیاندوە، ئەوەندەی پیلانی بە دژی کوردی ڕۆژئاوا گێڕاوە و پشتی نەیارەکانیی گرتوە قەت ئەوەندە دژی حکوومەتی بەشار ئەسەد هەڵوێستی دەکاردا نەبووە. ئەو وڵاتە سەڕەرای هوشداری هاوپەیمانان هێشتا ئامادە نیە دەست لە ئاوەڵا هێشتنەوەی سنوورەکانی بۆ بەرژەوندی و تەراتێنێ گرووپی داعش بۆ نێو وڵاتەکەی هەڵگرێ. خۆ ئەگەر بێینە سەر پاراستنی ڕێز و سەروەریی سنوور و نەبەزاندنی سنووری هەوایی و خاکیی وڵاتان، لە پێشدا دەبێ لە تورکیە بپرسین، بە کام پێودان سنووری خاکی و ئاسمانیی کوردستانی باشوور دەبەزێنێ و تەنانەت دەست لە ژن و منداڵ و ئاژەڵەکانیش ناپارێزی؟.
قەیرانی سووریە کە ڕووسیە، تورکیە، ئێران و دەستوپێوەندەکانیان پێکیان هێناوە، بۆتە زەلکاوێک بۆیان، یان تێیدا نوقم دەبن یان ئەگەر هەولیش بدەن خۆی لێ قوتار بکەن دەبێ بە دانی باجێکی قورس خۆی لێ دەرکێشن. زەلکاوی سووریە بە جۆرێک ئەو چەند وڵاتەی بۆ خۆی کێشاوە ڕەنگە ڕێی گەڕانەوەی لێ ئاستەم کردبن.
سەرچاوەکان؛
1.mfa.gov.tr
*هەمان سەرچاوە
2.sabah.com.tr
3.aljeera.com.tr
لە ژماره ٦٧٠ ی رۆژنامهی “کوردستان”دا بڵاو بۆتهوه