لە تەمەنی نزیک بە ٤ دەیەی کۆماری ئیسلامیدا، کورد تەنیا لە سەرەتاکانی دامەزرانی ئەو سیستمە بە جیهان نامۆیەدا نەبێ، هیچ کات نەیتوانیوە و دەرفەتی ئەوەی پێ نەدراوە وەک نەتەوە و پیکهاتەیەکی جیاواز و خاوەن گوتارێکی خۆماڵی بەشدار کێبەرکێ سیاسییەکانی ئێران ببی. لە دریژایی تەمەنی ئەو سیستمەدا زۆربەی جاران کورد بە بایکۆت وڵامی رووداو و چالاکییە سیاسییەکانی تارانی داوەتەوە، کە لێکدانەوەیەکی دژبەرانە و ناڕازییانەی هەبووە. بزاڤی کوردی و ڕەوت و لایەنە سیاسییە کوردییەکان کە زۆربەی نزیک بە هەموویان پەڕیوەی ئەودیوی سنوورەکانی رۆژهەڵات بوون، لە دوای ئەو تاکە هەلبژاردنەی کە د. قاسملوو وەک نوێنەری کورد بۆ خوبرەگانی ریبەری هەڵبژێردرا، هیچ چەشنە بەشدارییەکی راستەوخۆیان لە مەیدانی سیاسی وڵاتدا بۆ نەڕەخساوە و، تەنیا بە لێکدانەوە و پاساوی خۆیان لەسەر رووداوە سیاسییەکانی ولات دواون و بڕیار و هەڵوێستیان نواندوە، یان هەندێک جار وەک هەڵبژاردنی مەجلیسی شەشەم و هەڵبژاردنی خولی دەیەمی سەرکۆماری هەندێک لایەنی سیاسی و یەکێکیش لەوان حیزبی دیموکرات، خەڵکیان هان داوە بەشداری هەڵبژاردنەکان بن، ئەویش بە ئاراستەی دەنگی نا وتن بە حاکمان و بە تایبەتیش پاوانخوازانی چوارچێوەی سیستمی کۆماری ئیسلامی و لە رێگەی دەنگدان بەو کەس و لایەنانەی دوای ویست و داخوازییەکانی خەڵک کەوتوون و لە درووشمەکانی پێش هەڵبژاردنیاندا بۆنی ئازادیی و کرانەوەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و… هتد بەدی کراوە.
ئەم چەند مانگەی داهاتوو، سیستمی کۆماری ئیسلامی و خەڵکی ئێران و هەموو ڕەوت و لایەنە سیاسییەکانی ئیران ویدەچێ بکەونە بەردەم دوو هەڵبژاردنی چارەنووسسازەوە، کە ئەگەر هەندێک بە وردبینی و لێکدانەوەی نوێترەوە هەنگاوی بۆ بێینن و بەرنامە و خوێندنەوەی تازەمان لە چوارچیوەیەکی بەدەر لە رووتی سیاسیمان بۆی هەبێ، رەنگە کورد و بزاڤی کوردی بتوانێ شوێن پێی لە چالاکییە سیاسییەکانی ئێراندا بدۆزێتەوە و دەگەڵ رچەشکێنی رەوتە جیاوازەکانی نێوخۆی کۆماری ئیسلامی، کوردیش رچەیەکی نوێ لە ژیانی سیاسی خۆی لە چوارچیوەی ئێراندا بشکێنێ.
دوو رەوتی ئووسلگەرا و ئیسلاحتەڵەبان بە هەموو لک و پۆپەکانیانەوە زۆر دەمێکە ململانێیەکی سەخت و چڕوپڕی تەبلیغاتی و مەیدانییان بۆ باڵادەست بوون لەو هەڵبژاردنانەدا دەست پێکردوە و زۆر بە هەستیارییەوە بوار بۆ چالاکی و پێشبردنی ئامانجەکانی خۆیان خۆش دەکەن و لەم سۆنگەیەشەوە لە هەردووک لایەن، شایەدی شەڕەدندووکە و شیرلێک سوانین. ئەگەرچی دەوترێ سیستمی کۆماری ئیسلامی، سیستمێکی قەیرانسازە بۆ هێشتنەوە و درێژکردنەوەی تەمەنی خۆی و خافڵاندنی خەڵک، بەڵام هەلوێست و کارکردی ئەو چەند ساڵەی لایەنەکان، بەتایبەت دوای هەڵبژاردنەکانی ٨٨ ەوە، نیشاندەری ئەوەن، کە کەلێن و کێشەکانی نێوان باڵەکانی نێو سیستم زۆر لەوە زیاترە خۆی لە قەیرانسازی رواڵەتیدا ببینیتەوە، هەر بۆیە ئۆپۆزیسیۆنی دەرەوەی ولاتی سیستمی کۆماری ئیسلامی و بەتایبەتیش بزاڤی رزگاریخوازی کورد، هەرچەند یەکمجار نییە دەکەوێتە بەر دەرفەتێک بۆ ئەوەی دەوری خۆی لە ئێران و بەتایبەت رۆژهەڵاتی کوردستان نیشان بدا، بەڵام ئەو جارە کە کێبەرکێی باڵەکانی نێوخۆی سیستمی کۆماری ئیسلامی بەوپەڕی خۆی گەیشتوە و، ناتوانرێ دەنگ و پشتیوانی خەڵک ون بکرێ و لەبەرچاو نەگیرێ، کەواتە باڵەکانی سیستم ناچارن لە هەموو کاتێک زیاتر ئاوڕ لە داخوازیی خەڵک بدەنەوە و بە جۆرێک لەپێناو زیادکردنی دەنگەکانیان لە بەرانبەر باڵەکەی دیکەدا دوای ویست و داخوازیی نەتەوە بێبەشەکانی ئێران بکەون، کە دیارە ئەو نەتەوانەش، یەکێک لەوان کوردیش لە کەسێک دەگڕێن دەنگیان بە هەند وەرگرێ و هەندێک لە مەینەت و ئازارەکانیان کەم بکاتەوە و مەڵحەمێک لە سەر زام و برینەکانیان دابنێ.
کۆمەڵگەی کوردستان هەمیشە نیشانی داوە لە بواری هۆشیاری و ئەکتیڤی سیاسی لە بەشەکانی دیکەی ئێران، زیندووترە و بزاڤی رزگاریخوازی کوردی رۆژهەڵاتیش کەمی ئەزموون لە ماوەی چەند دەیەی دوای کۆماری کوردستانەوە لە هەناوی خۆیدا تاقینەکردۆتەوە، کە دیارە پرش و بڵاوی و لێکترازان و نەبوونی گووتارێکی یەکگرتووی لایەنە سیاسییەکان خەسارێکی حاشاهەڵنەگرە. ئەو کۆمەڵگە ئەکتیڤە و بزووتنەوە خاوەن رابردوویە بە سەرنجدان بە رەوشی ناسەقامگیر و ئاوسانی گۆڕانی ناوچەکە، کاتی ئەوەی هاتوە زۆر وردبینانە و هەستیارانە هەنگاوەکانی بۆ قۆناخێکی تازەی خەبات دەست پێ بکەن، ئەویش بە خوێندنەوەی نوێی بوار و دەرفەتەکانی خەبات لە نێوخۆ و نیشادانی سەنگ و قوورسایی خۆیان و ئاراستەبەخشینێکی مەبەستداری سیاسی بۆ شوێندانان لەسەر رەوتی رووداوەکان. هەڵبژاردنەکانی مەجلیسی خوبرێگان و مەجلیسی شووڕای ئیسلامی، بەتایبەتیش هەلبژاردنەکانی مجلیس دەرفەتێکی گونجاوە بۆ یارمەتیدانی گۆڕینی ئاراستەی سیاسی ئێران و بەگشتی هەروەک چۆن دەمڕاستەکانی هەرتک باڵی نێو سیستمی کۆماری ئیسلامی ئاماژەی پێ دەکەن، هەلبژاردنێکی چارەنووسسازی ئەم سەردەمەی ئێرانە، کە گەلی کورد دەتوانێ بە روانینێکی تازەوە و ماملەی سیاسی و ریسکی سیاسی، ئەکتەرێکی ئەو رووداوە سیاسییە ببێ. لەم نێوەدا پرسیارێکی زۆر سەرهەڵدەدەن، ئایا کورد لایەنی کام دوو لایەنی نێو دەسەڵات بگرێ، یان دەنگی متمانە بەکام لایەن بدا کە هەتا ئێستاش بڕوایان بە کۆڵەکە و بنەماکانی ویلایەت و کۆماری ئیسلامی هەیە. ئایا کام لایەن جیگەی متمانە و برواپێکردنە، کە لەسەر بەڵێن و ئیمتیازەکانی خۆی بمێنێ، ئایا دەبێ سیاسیەتێکی یەکدەست لە هەموو رۆژهەڵات، لەهەمبەر هەڵبژاردنی مەجلیس ڕەچاو کرێ، یان بە گوێرەی ناوچەکانی کوردستان دەکرێ ڕوانینمان بۆ دەنگدان و سیاسەتی هەڵبژاردنیش لێک جیاواز بێ. بۆ وێنە لەو شارانەی کورد و نەتەوەکانی دیکەی ئێران تیکەڵاون، دەکرێ مامڵەی سیاسی دەگەڵ کام بەرەی سیاسی تاران بکرێ و … بە دەیان پرسیاری دیکە، کە وڵامەکانیان پێویستی بە ژوورێکی لێکۆڵینەوە و ئاماری و … هتد هەیە.
دەگەڵ ئەوەشدا کۆمەڵگەی کورد نابێ وزە و پوتانسییەلی خۆی بۆ کێشە و ناکۆکییەکانی نێوان دوو باڵە سەرکییەکەی تاران بە فیڕۆ بدا. هەروەک لە رووداوەکانی ئەو چەند مانگەی ئێرانەوە دەردەکەوێ، بەرەی پاوانخوازیی لایەنگری باندی ویلایەتی فەقیە ڕەوتی توندوتیژیی گرتۆتەبەر و رەنگە لە بەرەبەرەی هەڵبژاردندا زیاتر دەست بکەن بە ڕاوەدوونان و گرتنی لایەنگرانی ئیسلاحتەڵەب و ئەکتەرە دیارەکانیان، کە دەکرێ ئەم رەوتە توندوتیژتر کوردستانیش بگرێتەوە.
بۆیە بزاڤی کوردی کە هەتا ئێستاش نیشانی داوە ئەگەرچی ماوەیەکە بە هۆکاری جۆراوجۆر چالاکییەکی ئەوتۆی فیزیکی لە نێوخۆی رۆژهەڵاتی کوردستاندا نەماوە، هێشتاش توانای ئاراستەبەخشینی سیاسی کۆمەڵگەی رۆژهەڵاتی هەیە، ئەم بزاڤە ئەگەر بە گوتارێکی یەکگرتووانە و روون و، لە رێگەی دامەزراندنی نێوەندێک بۆ کار لە سەر هەڵبژاردنەکانی ئێران بکا، بەدڵنیاییەوە دەسکەوتی گرنگی بۆ رۆژهەڵات دەبێ. قۆناخی ژیانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، قۆناخی دیاریکردنی سنووری نەتەوەیی و ئایینی و مەزهەبییە. واتە ئەو دابەشینە سەقەتانەی پێشتر بە بێ رەچاوی ویستی خەڵک و پێکهاتەی جیاوازی ناوچەکە کرابوو، روو لە هەڵوەشانەوەن، بەدڵنیاییەوە لە ئێرانیش هەڵوێستی ئەو چەند مانگەی رابردووی خەڵکی ئازەری لە بەرانبەر نەتەوەکانی دیکە بەتایبەتیش کورد نیشاندەری دۆخێکن کە لە ناردنی نوێنەری سەر بە نەتەوە جیاوازەکان لەو شار و دەڤەرانەی نەتەوەکان تێکەڵن زیندووتر و بەرچاوتردەردەکەوێ، هەروەها بوونی نوێنەری سەر بە نەتەوەیەکی دیاریکراو لە مەجلیسی شووڕای ئیسلامی خاڵی دەسپێکی یەکلاکردنەوەی ئەتنۆگرافی شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانن. بۆیە گرنگە کورد بەبێ رەچاوی هەر بەریانییەکی جیاواز و تەنانەت دژبەیەکیش بێ، دەبێ لەو دەڤەرانەی تێکەڵ بە نەتەوەکانی دیکە، هەموو قوورسایی خۆی بۆ ناردنی نوێنەرێکی کورد وەگەڕ بخا.
لە ژماره ٦٧٠ ی رۆژنامهی “کوردستان”دا بڵاو بۆتهوه