نزیکەی یەک ساڵ لە بڵاوبوونەوەی یەکەم ویرووسی کرۆنا لە ووهانی چین تێدەپەڕێ و لەم یەک ساڵەشدا ژمارەیەکی زۆر لە مرۆڤەکان لە جیهاندا بەم پەتایە مردن و هیچ وڵاتێکیش نەیتوانی لێی دەرباز ببێ و هیچ دەوڵەتێکیش نەیتوانی پێشی پێ بگرێ. بەڵام چیرۆکی هەوڵی وڵاتان بۆ پاراستنی خەڵکی خۆیان جیاوازن. سەرەڕای ئامارەکانی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی لەسەر تووشبووان و مردووان، بەڵام ڕاستیەکەی هەتا ئێستا دیار نییە کە ئاماری دروستی قوربانییانی دەستی ئەم ویرووسە لە دنیادا چەندە. ئەویش بە چەندین هۆکار و، یەک لەوان ناشەفاف بوونی هەندێ لە وڵاتانی ناڕاست وەکوو ئێران. سەرنجڕاکێش ئەوەیە کە ئێران تاکە وڵاتە لە دنیادا کە هێشتا کەس بە دروستی نازانێ ئەم ویرووسە کەی و لە چ ڕێگایەکەوە هاتە وڵاتەکەی، چونکە حکوومەتی ئێران ئەوەی لە خەڵکەکە شاردەوە و ئێستاش ڕاستییەکەی باس نەکرد. بۆچی، چونکە حکوومەت ڕێپێوانی ٩ی بەفرانبار و ٢٢ی ڕێبەندانی لە پێش بوو و جگە لەوە دەبوو خەڵک لە هەڵبژاردنەکانی مەجلیسی شۆرای ئیسلامییدا بەشدارییان کردبا! هەڵبژاردنێک کە کەمترین ڕادەی بەشداریی خەڵکی لە تەمەنی کۆماری ئیسلامیدا تۆمار کرد. چونکە جگە لە درۆی حکوومەت لەگەڵ خەڵک لە بابەتی کۆرۆنا، ئەوجا بابەتی درۆی کارەساتی لێدانی فڕۆکە ئۆکراینیەکە بە دەستی سپای پاسداران هێندەی دیکە متمانەی خەڵکی لە حکوومەت سەندەوە.
بەهەرحاڵ وڵاتانی دنیا کەم و زۆر بۆ کەم کردنەوەی خەسارەکانی پەتای کرۆنا هەوڵی خۆیان داوە و لە خەمی خەڵکی خۆیاندا بوونە و ئەوەی لە توانایاندا بووە بۆ خەڵکەکەیان کردوە، بەڵام لەم بارەشەوە شێوەی مامەڵەی دەسەڵاتی ئێران لەم ماوەیەدا جیاوازە. یەکەم وەک باس کرا دەوڵەت سەرەتا لە خەڵکی شاردەوە و دواتریش پێ خۆش بوو کە ئەم پەتایە لە وڵات بڵاو بێتەوە و خەڵک بەم نەخۆشینەوە گیرۆدە بن، چونکە هاتنی کۆرۆنا ڕێک لە پاش سەرکوتە خوێناوییەکەی خەزەڵوەری پار بوو کە خۆپیشاندان زۆرێک لە شارەکانی ئێرانی گرتەوە و لەوە دەچوو سەرەڕای ئەو سەرکوتە دڕندانەیەی حکوومەت، دیسان خۆپیشاندان هەر بەردەوام بایە. ئەوەش مەترسییەکی زۆر جیددی بوو بۆ سەر کۆماری ئیسلامی و چ لەوە باشتر کە پاش ئاشکرا بوونی کۆرۆنا لە ئێران، خەڵک بەوە گیرۆدە بن، هەم بۆ ئەوەی خەڵک ترسیان ڕێ بنیشی و هەم بۆ ئەوەش کە دەرفەتی هاتنەوە شەقامیان نەمێنێ، و کەم و زۆر هەر واشی لێهات.
ئێستا پاش نیزیکەی یەک ساڵ بە سەر هاتنی پەتای کرۆنا و ئەو ڕووداوانەی کە باس کرا، ئەوەی لە هەمیشە زیاتر بەرچاوە نەمانی متمانەی خەڵک بە حکوومەت لە بابەت پێڕاگەییشتن بە نەخۆشەکانی کۆرۆنایە. هەرچەند کۆماری ئیسلامی ئاماری مردووانی هەتا ئێستاش لە خەڵک و لە دنیا شاردووەتەوە، بەڵام نەشیتوانیوە ئاماری قوربانییان کەم بکاتەوە و وڵات بەرەو سەقامگیری ببا. بەداخەوە ئێستا هەموو ئێران لە حاڵەتی “سوور”دایە و ڕێژەی قوربانییان هەر بە ئاماری خودی حکوومەت ڕۆژانە نزیکەی ٥٠٠ کەسە. هەرچەندە تەنانەت لەم ڕۆژانەدا “ڕەحمانی فەزڵی”، وەزیری نێوخۆی ئێران بە ئاشکرا گوتی با بەرپرسان ئاماری ناڕاست بڵاو نەکەنەوە، چونکە دەبێ بەپێی ئاماری ڕاست بڕیارەکان بدرێن.
بەهەر حاڵ ئەم ناشەفافی و ناڕاست بوونەی ڕێژیمی ئێران وای کردوە کە ئێستا خەڵکی ئێران بە هیچ شێوەیەک متمانەیان بە حکوومەت نەمێنێ و وای لێهاتووە کە نەخۆشەکان و بە تایبەت تووشبووانی کرۆنا تەنانەت ناوێرن بۆ چارەسەری ڕوو لە نەخۆشخانەکان بکەن. چونکە پێڕانەگەییشتن لە لایەک و بەئانقەست کوشتنی نەخۆشان ئێستا دەنگۆیەکی گەورەیە کە لە نێو خەڵکدا بڵاو بووەتەوە و خەڵک دەڵێن باشتر ئەوەیە کە لە حاڵەتی وادا خەڵک خۆیان لە ماڵەوە قەرەنتینە بکەن، چونکە زۆربەی ئەو تووشبوانەی کرۆنا کە دەچنە نەخۆشخانەکان ئیتر گەڕانەوەیان زەحمەتە و هەر لەوێ دەمرن. تەنانەت لە هەندێ لە شارەکان ئەو دەنگۆیە هەیە کە جاری وایە باندێکی مافیای فرۆشی ئەندامەکانی لەشی ئینسان هەندێ لە ئەندامانی لەشی مردووەکان دەردێنن و بۆ فرۆش بەڕێی دەکەن بۆ ئەو شوێنانەی مەبەستیانە. ڕەنگە سەلماندنی ئەم دەنگۆیە بڕێک زەحمەت بێ، بەڵام ئەوەی کە ترسناکە ئەو دۆخە پڕ لە ترس و دڵەڕاوکێیەیە کە ئەوڕۆ کۆمەڵگەی داگرتووە و لەوە گرینگتر گوێ نەدانی حکوومەتە بەو کارەساتانەی کە لە بەردەم خەڵکدایە.
هەرچەندە وڵاتی ئێران و کوردستان بەتایبەتی دەردی لە کۆرۆنا گەورەتری هەیە و حکوومەت لە جیاتی هەوڵی چارەسەر ئادرەسی جنێودانی خەڵک ڕوو لە کۆشکی سپی بڵاو دەکاتەوە، بەڵام ئەو دۆخەی ئێستا زیاتر لە هەموو کاتێک دەرخەری ئەوەیە کە ئەم ڕێژیمە وڵاتەکەی بە بارمتە گرتوە و زیاتر لە هەمیشە لەم یەک ساڵەی ڕابردوو بە کۆرۆنا و کێشەکانی دیکەیەوە سەلماندی کە کۆماری ئیسلامی بە هەموو پێکهاتە و لە تەواوەتیی خۆیدا مەشرووعیەتی نەماوە و هەر سات چاوەڕێی ئەوە دەکرێ کە بەهەر شێوەیەک بووبێ خەڵکی ئێران خۆیان لە چنگ ئەم بارمتەگیرانە ڕزگار بکەن.