ساڵێک بە سەر سەرکوتە خوێناوییەکەی ٢٥ی خەزەڵوەردا ڕابرد، ڕووداوێکی مێژوویی کە بەهۆی چەند خسڵەتێکی تایبەتی لاپەڕەیەکی نوێی لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ئێران لەدژی کۆماری ئیسلامی هەڵدایە. ئەو ڕۆژانەی کۆتایی خەزەڵوەری ساڵی ڕابردوو کە سەدان هەزار کەس بە دەستی بەتاڵ هاتنە سەر شەقام بۆوەی داوای مافەکانیان بکەن و دژی گرانی و بێکاری هەڵوێستیان هەبێ و کەرامەتی مرۆیی خۆیان پیشان بدەن؛ بەڵام بە بڕیاری خودی خامنەیی قڕانیان تێخرا، هەزاران کەسیان وەک خەزەڵ هەڵوەراند و شەقامیان بە خوێنی پاکترین ڕۆڵەکانی نیشتمان سوور کرد.
بەربڵاوی خۆپیشاندانەکان کە زیاتر لە سەد شاری ئێرانی گرتەوە، بەشدارانی خۆپیشاندانەکان کە هەم لە چینی مامناوەند و هەم لە چینی خوارووی کۆمەڵگەی بوون و، دروشمە پێکهاتە شکێنەکان کە هەموو هێڵە سوورەکانیان بەزاند و دواجار سەرکوتی بێبەزەییانە و ئەوپەڕی توندوتیژییەکان کە بۆ شکاندنی ڕێزەکانی خۆڕاگریی خەڵک کران؛ تایبەتمەندییەکی جیاواز بەو خۆپیشاندانە گشتگیرەی خەڵکی ئێران دەدەن.
ناڕەزایەتییەکانی خەزەڵوەری ٩٨ بەدوای بردنە سەرێی نرخی بێنزین ڕوویان دا، بابەتێک کە لە سەرەتادا هێچ دەزگا و لایەنێکی ڕێژیم بەرپرسایەتییەکەی وەئەستۆش نەدەگرت، ڕووحانیی سەرۆککۆمار سەرەتا دەیگوت ئاگاشم لێی نەبووە، دوایەش بایداوە و گوتی ئەمە لە بەرژەوەندیی خەڵکە و قازانجەکەی بۆ ئەوان دەگەڕێتەوە؛ دواتریش ڕوون بۆوە کە هەموو ئەو بەزمە بۆ پڕکردنەوەی کورتیهێنانی بودجە بووە. بەڵام هەم خەڵک و چاودێرانی سیاسی و هەم ژوورە فیکرییەکانی کۆماری ئیسلامی دەیانزانی کە ناڕەزایەتییەکان بە گرانبوونی بێنزین تەنیا بیانوویە، چونکی هاتنە سەر شەقامی خەڵک ناڕەزایەتی بە کەڵەکەبوونی کۆی قەیرانەکانی کۆمەڵگە بوو، ئەو قەیرانگەلەی وایکردوە خەڵکی ئێران کەمترین ماف و ئازادییەکیان نەبێ و پتر لە ٦٠ میلیۆن کەس لە خەڵکی وڵات پێویستییان بە یارانە و چاویان لە یارمەتیی دەوڵەت بێ.
لەو ناڕەزایەتییانەدا خاڵی گرینگ ئەوە بوو کە خەڵک بۆ بەرزکردنەوەی دەنگی خۆی شەقامی هەڵبژارد، بۆوەی زۆرترین کەس ڕەگەڵ کەوێ و زیاترین کاریگەری دابنێن و لە ئاستی سەرکوت و توندوتیژیش کەم بێتەوە؛ کاتێکیش توندوتیژیی و سەرکوتی خوێناویی خەڵک ڕەوتی ناڕەزایەتیدەربڕینەکەیان گۆڕی، بانکەکان و ناوەندە سەربازییەکان و شوێنە ئایینییەکان کەوتنە بەر پەلامار. ئەگەرچی وێدەچێ پەلامار و سووتاندنی ئەو شوێنانە لە بنەڕەتڕا کاری خۆپیشاندەران نەبووبێ و بە دەسکیسیی ناوەندە ئەمنیەتییەکان بۆ بەلاڕێدا بردنی ناڕەزایەتییەکان و بیانوو بۆ سەرکوتی توندوتیژ کرابن؛ بەڵام ئەگەر واش نەبووبێ پەیامێکی تێدا دەخوێندرێتەوە کە خەڵک لەو شوێنانە بێزارن و هیچ خێروبێرێکیان لێ نەدیون و چارەیانی ناوێ.
خۆپیشاندانەکانی خەزەڵوەر خوێناویترین ناڕەزایەتیدەربڕینەکانی مێژووی هاوچەرخی ئێرانە، بەڵام بینیمان دواجار نە کەس دادگایی کرا و نە هیچ گیانئەستێنێک وەک تاوانبار ناسێندرا. بینیمان کە زۆر لە بنەماڵەی قوربانییانی ئەم سەرکوتە لە ڕێگەی قانوونەوە وەدووی خوێنی بەناحەقڕژاوی ڕۆڵەکانیان کەوتن، بەڵام وەڵامێکیان دەست نەکەوت هیچ، بگرە برینی دیکەشیان خستنە سەر دڵیان و تەنانەت سووکایەتییان پێکرا. بۆیە هەوڵی ئەو مافناس و ڕێکخراوەگەلی داکۆکی لە مافی مرۆڤ کە دەیانەوێ پەروەندی قوربانییەکانی ناڕەزایەتییەکانی خەزەڵوەر لە دەرەوەی ئێران بەرنە بەردەم دادوەرە نێونەتەوەیی و دادگا نێودەوڵەتییەکان -بۆ نموونە دادگای لاهە- هەم جێی ڕێز و پێزانینە و هەمیش هەوڵێکی کاریگەر و شوێندانەر لە گەیاندنی حەق بە حەقدار. هاوکات مافخوازیی بنەماڵەی قوربانییان و پاشەکشە نەکردنی میراتگرانی خەزەڵوەری ٩٨ جێی بایەخە، چونکی بەدەر لە کوژرانی سەدان کەس و برینداربوونی هەزاران کەس، لەو ماوەیەدا بە دەیان هەزار کەسیش گیران، هەزاران کەس لەو گیراوانە حوکمی قورسی زیندانی درێژخایەن و سزا و قەرەبووکردنەوەی ماددییان بەسەردا سەپا، بنەماڵەی قوربانییان و گیراوەکان خرانە ژێر توندترین گوشارەکان و ڕێ لە رێورەسمی پرسە و سەرەخۆشیی کوژراوەکان گیرا و تەنانەت چەند کەس لە گیراوەکان ئێعدام کران؛ بەڵام هیچ کام لەوانە نەبوونە هۆی کۆڵدانی خەڵک و وەستاندنی دادخوازیی ئەم جینایەتە سامناکە.
سەرکوتی خوێناویی ٩٨ هاوکات دەربڕی ئەم ڕاستییەش بوو کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بە تەواوی لەلایەن خەڵکەوە چەک کراوە و هەموو ڕەواییەتێکی لێ ئەستێدراوەتەوە و ئەم ڕێژیمە جگە لە هێزی کوشتوبڕ و سەرکوت وەڵامێک بۆ ویست و داواکانی خەڵک ناناسێ.
خۆپیشاندانەکانی خەزەڵوەری ٩٨ ڕاستە بە توندترین شێوە سەرکوت کران، کۆرۆناش بۆ کۆماری ئیسلامی نێعمەت بوو کە بۆ کاتییش بووبێ خەڵکی لە ماڵەکانیان پەستاوتووە، بەڵام کێشە سەرەکییەکەی خەڵک و کۆماری ئیسلامی هەروا لەجێی خۆیەتی.
هیچ گۆڕانکارییەک لە بەرژەوەندیی خەڵک و لەپێناو باشترکردنی ژیانی خەڵک لە بواری دامەزران و خۆشبژیوییان نەکراوە، ژێرخانی ئابووریی ئێران هەروا تێک تەپیوە و هەڵبژێرانی جۆ بایدەنیش بە سەرۆککۆماریی ئەمریکا نرخەکانی نەهێنایەوە خوارێ. بیکیفایەتی، درۆ و هەڵخەڵەتاندن و گەندەڵیی سیستماتیک و ناکارامەیی حکوومەتیش کە هەروا درێژەی هەیە، بۆیە بە دڵنیاییەوە هەر ئەوانەی لە خەزەڵوەردا ڕژانە سەر شەقامەکان و خەڵکانی وەزاڵەهاتووی دیکەش لە یەکەم هەل و دەرفەتدا دەڕژێنەوە سەر شەقام. بەو جیاوازییە کە ئەمجارەیان هەم ترسیان لە سەرکوت ڕژاوە و هەم ڕق و هەم هەستی تۆڵەستێنیش دنەدەری پتریانە. ڕوون و ئاشکراشە کە ڕێژیم ناتوانێ هەتا سەر سیلە لە سەر و سینگی لاوانی ئەم نیشتمانە بگرێ و بە تێکدەر و ئاژاوەچی و دوژمنیی خەڵکیان ناو بەڕێ؛ خەڵکی ئێران هەر بە دروشمەکانیانڕا دیارە کە کێ بە دوژمنی خۆیان دەزانن.
لە ساڵیادی ڕاپەڕینی خەزەڵوەری ٩٨ دا دوو خاڵ گرینگن:
یەکەم، کاربەدستانی هەرە بەرزی کۆماری ئیسلامییش نایشارنەوە کە ئەم ڕووداوە گەورەترین قەیرانی تەمەنی کۆماری ئیسلامی بوو. ماوەیەک لەوە پێش “محەممەدڕەزا باهونەر”ی لیدەری بناژۆخوازەکان دانی بەوە دانا کە “باش بوو خەڵکێک بەجێی ئەوەی بێنە ڕیزی خۆپیشاندانەکان هەر سەیریان کرد و چاک بوو زوو کۆمان کردنەوە، دەنا ئەو ڕاپەڕینە بەرەو شۆڕش، یان شۆڕشێکی نەرم دەڕۆیشت و هەر بۆمان کۆ نەدەبۆوە.” ئەم قسەیەی باهونەر پێمان دەڵێ ئەمجارەیان دەبێ هەموو پێکەوە بین و ئەو عەمباری باڕووتە چاوەڕوانی پڕیشکێکی دیکەیە هەموو ئێران بگرێتەوە و چارەنووسی خەڵک و کۆماری ئیسلامی یەکلا بکاتەوە.
دووهەم خاڵ کە هەم گرینگە و هەم ئەرک دەخاتە سەر شانی هەموو لایەک ئەوەیە کە ڕووداوی خەزەڵوەری ٩٨ نابێ لە بیر هیچ تاکێک و هیچ لایەنێکی سیاسی بچێتەوە و ناشێ ئیزن بدرێ تۆزی بیرچوونەوەی لێ بنیشێ. چونکی ئەگەر بێدەنگی لە کوشتنەکانی ساڵەکانی یەکەمی دوای سەرکەوتنی شۆڕش نەکرابا و، ئەگەر پەروەندەی کوشتارەکانی ساڵی ٦٧ و جینایەتەکانی ڕێژیم لە کوردستان لە دادگایەکی نێونەتەوەییدا خسترابانە بەردەم دادوەران و، ئەگەر تێرۆری دژبەرانی ڕێژیم لە دەرەوەی وڵات کۆماری ئیسلامیی بەرەوڕووی لێپرسینەوە و دانی تێچوویەکی قورس کردبا؛ ئێستا ئەوەندە خوێنە لەبەر خەڵکی ئێران نەڕۆیشتبوو. ڕەنگبێ ئێستا کۆماری ئیسلامییەک نەدەبوو….