گەڕانی بەردەوام بەدووی ڕاستییەکاندا
(بە بیانووی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی دیسایت_ ئاڵمان)
ڕۆژنامەی دیسایت کە ڕۆژنامەیەکی پڕ خوێنەری ئاڵمانییە ڕاپۆرتە وتارێکی لە ڕۆژی ٥ی نوامبری ٢٠٢٠ لەژێر سەردێڕی “سیخوڕی تێرۆری دژبەران لە ڕێستورانەتی میکۆنووس کێ بوو؟” بڵاو کردەوە. بە دوای بڵاو بوونەوەی ئەو ڕاپۆرتە شەپۆلێکی دیکە لە باس و خواست لەنێو کۆڕی دژبەرانی کۆماری ئیسلامی لەسەر تێرۆری میکۆنووس و خاڵی ونبووی ئەو تێرۆرە کە چ کەسێک ئاگاداری وردەکاریی سەفەری د.شەرەفکەندی، سکرتێری حیزبی دێموکرات بۆ بێرلین بووە، هاتەوە گۆڕێ و لێکدانەوەی جۆراوجۆر لە سەر نێوەڕۆکی ئەو ڕاپۆرتە بوو بە ڕۆژەڤی ڕاگەیەنەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی. ئەوانەی بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەیان لەسەر چۆنیەتیی تێرۆری مێکونووس و پاشان دادگای میکۆنووس کردووە، دەزانن کە ئەو پرسیارە لە ڕۆژی یەکەمی دەستپێکردنی لێکۆڵینەوەی پۆلیسی جینایی ئاڵمان و هەتا حوکمی کۆتایی دادگا بۆ هەموو دامودەزگای پۆلیس و قەزایی ئاڵمان جێگای سەرنج و تێڕامان بووە. بەڵام هیچ سەرەداویەک یا دەستی پۆلیس نەکەوتووە، یا ئەگەر دەستیان کەوتووە جێگای پرسیارە کە چۆنە پۆلیس و دەزگای قەزایی بۆ بیروڕایی گشتی یا لانیکەم بۆ بنەماڵەی شەهیدانی دەستی ئەو تێرۆرەیان ڕوون نەکردۆتەوە.
بێجگە لە ڕاپۆرتی ئەو ڕۆژنامەیە (دیسایت)کە بەتازەیی بڵاو بۆتەوە و لەکاتی پێکهاتنی دادگای میکۆنووس دادخوازی داواکاری گشتیی ئاڵمان پاڵپشت بە ڕاپۆرتی ئیدارەی گشتی دژە ئیتلاعاتی ئاڵمان BNDلە پەروەندەی تێرۆری میکۆنووس ئەو بابەتە دەورووژێنن کە لە کاتی بەڕێوەچوونی تێرۆرەکە لە ڕێستورانتی میکۆنووس سەرچاوەیەکی زانیاری هەبووە کە پێوەندی لەگەڵ تێرۆریستەکان هەبووە و بەبێ ئەو سەرچاوەیە ئەو کردەوە تێرۆریستیە بەو شێوە ورد و بێ کەموکورتییە بەڕێوە نەدەچوو. بۆیە بۆ دەزگای قەزایی ئاڵمان گرینگ بوو بزانن ئەو کەسە کێیە؟ بەڵام بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتی ئەو ڕۆژنامەیە ئەو جیاوازییە دروست دەکا ئەویش ئەوەیە کە نووسەری ئەو بابەتە لە ڕۆژنامەی ناوبراودا بە هێنانەوە بەرباسی چەندین پرسیار لە سەر کەسێک بە ناوی ”عزیزی غفاری” کە لەکاتی کارەساتی تێرۆری میکۆنووسدا خاوەنی ڕێستورانەتەکە بووە و شەوی تێرۆرەکە هەم میواندار بووە و هەم لە کاتی تێرۆرەکەدا بە توندی بریندار بووە، وەک ئەو کەسە دەناسێنی کە لەو شەوەدا هاوکار و جاسووسی تیمی تێرۆر بووە و هەوڵی داوە هەموو ئاسانکارییەک بکا بۆ بەڕێوەچوونی کردەوە تێرۆریستییەکە. دیارە لە ڕەوتی بەڕێوەچوونی دادگاشدا ناوبراو هەم وەک شاهید لە دادگا بانگ کراوە و هەم وەک تۆمەتبارێک کەوتووەتە بەر لێکۆڵینەوەی دەزگای قەزایی ئاڵمان.
وەک باس کرا لە ڕەوتی لێکۆڵینەوە و دادگادا ئەو بابەتە لەبەر چاوی کاربەرێوەبەرانی دەزگای قەزایی ئاڵمان شاراوە نەبووە. بۆ وێنە لە ڕاپۆرتی ٤ی ئاوریلی ١٩٩٥کە بۆ دادئەستێن (یوست) لە دیوانی بەرزی ئاڵمان نێردراوە، باس لەوە دەکرێ کە تیمی تێرۆر بە چاوساغیی سەرچاوەیەک لە وەزارەتی ئیتلاعات و ئەمنیەتی ئێران شوێنی کۆبوونەوەی ڕێبەرانی حیزبی دێموکراتیان بە دەقیقی زانیوە و ئەو سەرچاوەیەش لە پێوەندیی ڕاستەوخۆدا بوو لەگەڵ ڕێبەرانی حیزبی دێموکرات و لە کاتی بەڕێوەچوونی تێرۆرەکەشدا لە شوێنەکە بووە. بەڵام بەداخەوە لە ڕەوتی بەڕێوە چوونی لێکۆڵینەوە و تەنانەت بۆ دادگاش ڕوون نەبووە کە ئەو کەسە کێ بوو کە ئاگاداری وردەکارییەکانی سەفەری د. شەرەفکەندی بووە و بە قازانجی کۆماری ئیسلامی ئەو زانیارییانەی بەکارهێناوە.
پەروەندەی تێرۆری د.سادق شەرەفکەندی و هاورێیانی ڕاستە خاڵی ونبووی تێدایە، ئەویش ئەوەیە کە چ کەسێک شەوی تێرۆرەکە هاودەست وهاوکار و ڕێنیشاندەری تێرۆریستەکان بووە، بەڵام لێرەدا پێویستە لەبیرمان نەچێ کە هەڵوێست و کردارەی دەزگای قەزایی ئاڵمان و دادگای میکۆنووس لەسەردەمی ئێستادا کە سەردەمی پاراستنی بەرژوەندییەکانە ئەوەندە ئازایانە و بوێرانە بوو کە هەموو کات بۆ گەلی کورد و حیزبی دێموکرات دەبێ جێگای ڕێز و پێزانین بێ. چونکە حوکمی ئەو دادگایە توانیی لە ڕێگای قانوونەوە پەردە لەسەر جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامی هەڵداتەوە و هەم نیزامی ئەو نیزامە بە “سیستمی جینایتکار” بە دنیای بناسێنێ و هەر ئەو دادگایە ئیزنی نەدا خوێنی بەناحەق ڕژاوی ئەو تێرۆرکراوانە وەک باقی جینایەتەکانی دیکەی کۆماری ئیسلامی بکەوێتە ژێر ساتوسەودای سیاسی و بازرگانی دەوڵەتەکان لەگەڵ نیزامی حاکم بەسەر ئێراندا؛ لە هەمان کاتدا بوو بە هۆکارێکی گرینگ بۆ پەکخستنی ماشێنی تێرۆری کۆماری ئیسلامی لانیکەم لە ئورووپادا. ئێمە دوای حەوت مانگ لە کردەوە تێرۆریستییەکەی ڕێستورانتی میکۆنووس، دادئەستێن ئیدیعانامەی خۆی بە ڕەسمی پێشکەش بە دادگای بەرزی بێرلین دەکا. لەو ئیدعانامەیەدا دادئەستێن بە ڕوونی ئاماژە بەوە دەکا کە تێرۆری میکۆنووس دەستی کۆماری ئیسلامی تێدایە و هەر لەو ئیدعانامەیەدا دادئەستێن بە ڕوونی ڕایگەیاندبوو کە دەیسەلمینی وەزارەتی ئیتلاعات و ئەمنیەتی کۆماری ئیسلامی و خودی “علی فلاحیان” لە پشت ئەو تێرۆرەن. بۆ لێکۆڵینەوەی زیاتر لەو بابەتە کۆمیسیۆنێک پێکهات بە ناوی کۆمیسیۆنی میکۆنووس کە ٨٩ ئەندامی هەبوو کە کارەکەیان ئامادەکردنی ڕاپۆرتێک بوو لە سەر تێرۆری میکۆنووس. دادگای بەرزی بێرلین دوای سێ حەوتوو باس و لێکدانەوە ئیدعانامەی دادئەستێنی قەبوول کرد و ٢٨ی ئوکتوبری ١٩٩٣ وەک یەکەم ڕۆژی دانیشتنی دادگای میکۆنووس دیاری کرا کە پڕۆسەی ئەم دادگایە زیاتر لە سێ ساڵ و نیوی خایاند و لەو ماوەیەدا ٢٤٧ کۆبوونەوەی دادگا بەرێوە چوون.
ڕاستە هەتا ئێستاش ڕوون نییە کە چ کەسێک زانیاریی لەسەر شوێن و چۆنیەتی کۆبوونەوەی د.شەرەفکەندی و هاوڕێیانی لەگەڵ بەشێک لە ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی گەیاندووەتە دەست تیمی تێرۆریستەکان و کارئاسانیی بۆ کردوون بۆ ئەنجامدانی کردەوەکەیان، بەڵام پێویستە و گرینگە بە بەردەوامی کار بکرێ بۆ ڕوونبوونەوەی ئەو بابەتە و دەستی یارمەتی بۆ هەموو ئەوکەس و لایەنانە درێژ بکەین کە دەتوانن کاریگەریان هەبێ لە ئاشکراکردنی ئەوکەسە. لەگەڵ ئەوەشدا کە ئاشکرابوونی ئەم نهێنییە گرینگە، بەڵام هەروەک باس کرا حوکمی دادگای بێرلین “میکۆنووس” بۆ جووڵانەوەی ئازادیخوازی ئێران بە گشتی و گەلی کورد و حیزبی دێموکرات بەتایبەتی گرینگیی زۆری هەیە و بە بڕیارێکی مێژوویی دادەنرێ.
لەو پێوەندییەدا ئەو ئەرکەی دەکەوێتە سەرشانی تێکۆشەران و هەموو ئازادیخوازان ئەوەیە کە نابێ ئیزەن بدەن، تێرۆری میکۆنووس و هەموو کردەوە تێرۆریستییەکانی کۆماری ئیسلامی بچنە خانەی لەبیرچوونەوە، هەر بۆیە پێویستە بە دایمە کار بۆ ئەوە بکرێ ئەو کردەوە تێرۆریستییانەی دەسەڵاتدارانی تاران لە بیروزەینی گەلانی ئێران و خەڵکی کوردستان و بیروڕای جیهانیدا بە زیندوویی بمێنێتەوە. پێویستە بە هەوڵ و کۆششی هەموو لایەک سیاسەتی تێرۆریزمپەروەری کۆماری ئیسلامی زیاتر لە قاو بدرێ، چونکە هەتا ئێستاشی لەگەڵ دابێ، دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی دەستیان لە تێرۆری جیابیران و دژبەرانی خۆیان هەڵ نەگرتووە و لە پەروەردە و بارهێنان و هەناردەکردنی تێرۆریست بۆ دەرەوەی سنوورەکانی ئێران خۆی نەپاراستووە.