نامەی ڕێبەرێکی کورد(د.عەبدولڕەحمان قاسملوو، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بۆ کاک سمکۆ عەلیار، سەرهەنگێکی کوردی ئەرتەشی ئێران)
دەقی نامە (نامەکە بە فارسییە)
برادر گرامی کاک سمکو!
پس از سلام مخلصانە
نە برای مطرح کردن مسائلی کە گذشت و نە بمنظور گلایە و انتقاد، بلکە بخاطر مبارزات آیندە خلق کرد و برای اینکە بتوانیم زمینە همکاری آیندە را طرحریزی کنیم. خواهش میکنم زحمت بکشید و سری بما بزنید.
البتە هرچە زودتر تشریف بیاورید بهتر خواهد بود.
با سلام فراوان
برادر کوچک شما
ع – قاسملو
٢/١٠/١٣٥٨
پێش هەموو شتیک و بۆ ئەوەی لە نێوەڕۆکی ئەم نامەیە بە باشی تێبگەین، پێویستە بە پێی ڕێکەوتی ئەم نامەیە کە ڕۆژی ٢ی مانگی بەفرانباری ساڵی ١٣٥٨ نووسراوە، ئاماژە بە چەند خاڵێک بکەین.
– ئەمە نامەی ڕێبەرێکە کە حیزبەکەی لەوپەڕی هێز و دەسەڵاتدایە، “میتینگی سەدهەزار کەس”ی خۆی لە مەهاباد گرتوە و حیزبی سەرەکیی مەیدانی خەباتی مافخوازیی گەلی کورد لە ئێرانە. ئەم نامەیەش لە زمان کەسی یەکەمی حیزبەوە بۆ کەسێکە کە، ئەو ڕێژیمەی ناوبراو لە ئەرتەشەکەیدا پلەی سەرهەنگیی هەبوو، ساڵێکە ڕووخاوە.
نامەکە بە “برای بەڕێز، کاک سمکۆ” و “سڵاوێکی موخلیسانە” دەست پێ دەکا کە بە تەواوەتی نیشان لە نیازپاکی و دەرککردن بە مەوقعیەتی شارەزایی و کۆمەڵایەتیی بەردەنگە. کاک سمکۆ عەلیار هەم پلەدارێکی بەرزی نیزامییە و هەم لە بنەماڵەیەکی ناوداری کۆمەڵی کوردەوارییە.
دوکتور قاسملوو زۆر باش دەزانێ کە ئەو کەسەی ئەو نامەی بۆ دەنووسێ، ڕابردووی “خزمەت”ی لە ئەرکانێکی رێژیمی پێشوو(پاشایەتی)دا هەبووە بە ناوی ئەرتەشی شاهەنشاهی کە ئەم ئەرتەشە دژ بە بزووتنەوەی کورد بە ڕێبەرایەتیی حیزبەکەی ئەو(حیزبی دێموکرات) سەرکوتی سیستماتیکی دژیگەلیانەی کردوە. بەڵام وەک لە نامەکەیدا دیارە، دوکتور قاسملوو ئەوەی بۆی گرینگە و سەرنجی دەخاتە سەر، داهاتووی خەباتی میللەتەکەیەتی و پێیوایە هێنانە بەر باسی ئەوەی کراوە و بووە (ڕابردوو)و هەڵدانەوەی کەموکووڕییەکانی ڕابردوو (گلەیی و بناشت)، ناتوانێ هیچ دەردێک لەم میللەتە دەرمان بکا.
دوکتور قاسملوو لە نامەکەیدا کە باس لە (مەسەلەکانی ڕابردوو، گلەیی و ڕەخنە) دەکا، باش دەزانێ کە کەسانی وەک کاک سمکۆ عەلیار دەیانتوانی لە ڕابردوودا جۆرێکی دیکە بن و لەوانەیە گلەیی و ڕەخنەشیان لەسەر بێت. بەڵام ئەوەی بە لای ڕێبەری حیزبێکی مەسئولی وەک حیزبی دێموکراتەوە گرینگە و خەڵک (نەتەوەیەک) چاوەڕوانی لێی هەیە، بیرکردنەوە لە “داهاتوو”ی میللەتێک و موبارزەکەیەتی. بۆیە ڕاست بە مەبەستی گەڵاڵەدانان بۆ داهاتووی ئەم خەباتە، هەوڵ دەدا لە تەواوی هێز و پتانسێلەکان کەڵک وەربگرێ و بەپێی “زەرورەت” دەستی هاوکاری بۆ کەسانێک درێژ بکا کە بەشێکن لەم هێز و پتانسێلە.
لێرەدا کە باس لە زەروورەت دەکەین و وەک لە نامەکەش ڕا دیارە کاک دوکتور قاسملوو لێی بەپەلەیە و داوا لە کاک سمکۆ دەکا؛ ” هەرچی زووتر تەشریفتان بێت باشترە”، قسە لە مەوقعیەتێکی پرهەستیاری بزووتنەوەی خەڵکی کوردستان بە ڕێبەرایەتیی حیزبی دێموکراتە. بەپێی ڕێکەوتی نامەکە کە ساڵێک بە سەر شۆڕشی ١٣٥٧ی هەتاوی لە ئێراندا تێپەڕیوە، ڕێبەریی حیزب زۆر باش لە نیەت و پیلانی دژیگەلییانەی دەسەڵاتدارانی ڕێژیم و لە سەروو هەمووانەوە ئایەتوڵڵا خومەینی دژ بە خەڵکی کوردستان تێگەیوە. زەرورەتێک کە وەک دەرکەوت، لە خەباتی بەرەنگاری و مقاومەتی پڕ لە شانازیی هێزی پێشمەرگەی کوردستاندا خۆی دیتەوە و بژاردەکەی دوکتور قاسملوو ڕۆڵی بەرچاوی لەم فازە لە خەباتی حیزبی دێموکراتدا گێڕا.
دەرسەکانی ئەم نامەیە:
نێوەرۆکی ئەم نامەیە فێرمان دەکا کە نابێ لە کێشەکانی ڕابردوودا بچەقێن. پێویستە بەردەوام چاومان لە داهاتوو بێت و هەوڵ بدەین لە هێز و پتانسێلی کۆمەڵگەی خۆمان کەڵک وەربگرین و ڕۆڵ و توانای تاکەکانی کۆمەڵگە بە هێند بگرین. نابێ لووتبەرزانە بەرانبەر بە تاک و خەڵکی کۆمەڵگە بێمنەت بین و خۆمان لە شارەزایی و لێزانی و لێهاتووییان بێنیاز ببینین. پێویستە زەروورەتەکان هەست پێ بکەین و بەرانبەر بە ئەگەر و پێشهاتەکان کە پێوەندیی ڕاستەوخۆی بە چارەنووسی خەبات و میللەتەکەمانەوە هەیە، خۆمان بە بەرپرسیار بزانین.
***
سەرهەنگ سمکۆ عەلیار ڕۆژی ٢٢ی خەزەڵوەری ٩٩ی هەتاوی بەهۆی نەخۆشی لە وڵاتی سوئێد کۆچی دوایی کرد.