بۆ خاتری خوا و له‌به‌ر خاتری “ماریان”
به‌شی دووه‌م و کۆتایی:
ده‌وڵه‌تی فه‌ڕانسه و ئایینی ئیسلام
له به‌شی یه‌که‌می ئه‌و باسه‌دا ڕوونمان کرده‌وه که چەمکی جیایی دین لە دەوڵەت تایبه‌ت نییە بە فەڕانسە. ته‌نانه‌ت زۆر که‌س ئەو وتە به‌ناوبانگه‌ی مه‌سیح که ده‌ڵێ “ئه‌وه‌ی هه‌قی سێزاره بیده‌ن به سێزار و ئه‌وه‌ی هه‌قی خوایه بیده‌ن به خوا” به یه‌که‌مین ئاماژه‌ی پێویستیی جیاکردنه‌وه‌ی دین و ده‌وڵه‌ت ده‌زانن. ئه‌وه‌نده‌ی بۆ مۆدێلی لائیکی فه‌ڕانسه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه مه‌به‌ست دژایه‌تیی هیج ئایینێک به‌تایبه‌تی ئایینی ئیسلام نییه و له‌و سه‌رده‌مه‌دا که ئه‌و پره‌نسیپه له فه‌ڕانسه په‌سند کراوه ئایینی ئیسلام په‌یڕه‌وانێکی ئەوتۆی لەو وڵاتە نه‌بووه، به‌ڵکوو مه‌به‌ست بێلایه‌نی له به‌رامبه‌ر هه‌موو ئایینه‌کاندایه.
له‌پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ سه‌رده‌می ئه‌مڕۆ و ئایینی ئیسلام له فه‌ڕانسه، ده‌بێ بزانین که دۆخی په‌یڕه‌وانی ئه‌و ئایینه بۆ پراکتیکی مه‌زهه‌به‌که‌یان (نه‌ک له‌ڕووی کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوورییه‌وه) له په‌یره‌وانی هیچ ئایینێکی دیکه یان له دۆخی موسڵمانان له هیچ وڵاتێکی دیکه‌ی ئورووپایی خراپتر نییه، ئه‌گه‌ر باشتر نه‌بێ. به‌پێچه‌وانه‌ی پرۆپاگه‌ندای هێندێک که‌س و لایه‌ن، نه‌ک هه‌ر پراکتیکی ئیسلام له به‌ستێنی تاکه‌که‌سیدا ته‌واو ئازاد و پارێزراوه، به‌ڵکوو ئیسلام له گوتاری ڕه‌سمیی حکومه‌تیشدا (به وتاره‌کانی ماکرۆنیشه‌وه) زۆر ڕێزلێگیراوه و ده‌وڵه‌تی فه‌ڕانسه دامه‌زراوه‌یه‌کی ڕه‌سمیشی به‌ناوی شوڕای نوێنه‌رایه‌تیی ئایینی ئیسلام و بنیاتێک بۆ پاراستن و به‌ڕێوه‌بردنی ئاساری ئیسلامیی دامه‌زراندوه. ته‌نانه‌ت به‌مه‌به‌ستی کۆتاییهێنان به ته‌مویلی ده‌ره‌کی، چه‌ندین جار پێشنیاری ته‌مویلی ده‌وڵه‌تی بۆ بنیاته ئیسلامییه‌کانی فه‌ڕانسه له‌لایه‌ن هێندێک سیاسیی مه‌سیحیی فهڕانسهویشهوه کراوه، به‌ڵام به‌هۆی پابه‌ندیی فه‌ڕانسه به پره‌نسیپه لائیکه‌کان ئه‌و پێشنیاره نه بۆ دینی ئیسلام و نه بۆ هیچ ئایین و مه‌زهه‌بێکی دیکه قبووڵ نه‌کراوه.
زۆر له‌و شتانه‌ی له‌باره‌ی فشارهێنان بۆ سه‌ر موسڵمانان له فه‌ڕانسه ده‌گوترێ ڕاست نین. بۆ نموونه حیجاب (وه‌ک نیشانه دیاره‌کانی ئایینه‌کانی دیکه بۆ نموونه “کیپا” واته کڵاوی جووه‌کان) ته‌نیا له قوتابخانه‌ی ده‌وڵه‌تیدا قه‌ده‌غه‌یه (یاسای ٢٠٠٤). نیشانه بچووکه‌کانی وه‌ک خاچی ملوانکه و ده‌ستی فاتم و ئه‌ستێره‌ی داود له قوتابخانه‌ی ده‌وڵه‌تییشدا ئازادن. نیشانه دیاره ئایینییه‌کان هه‌روه‌ها به‌پێی پره‌نسیپی بێلایه‌نیی که‌رتی گشتی له دامه‌زراوه حکومه‌تییه‌کاندا قه‌ده‌غه‌ن، به‌ڵام له زانکۆ و کۆمپانیاکاندا به‌ڕێوه‌به‌رانی ئه‌و شوێنانه ده‌توانن بۆخۆیان بڕیار بده‌ن که ڕێگه‌ی پێ ده‌ده‌ن یان ڕێگه‌ی پێ ناده‌ن (ئه‌مڕۆ تا دێ که‌متر قه‌ده‌غه‌ن). دیاره له فه‌زای گشتیدا (بۆ نموونه له‌سه‌ر شه‌قام) شاردنه‌وه‌ی ته‌واوی ڕوخسار بۆ هه‌موو که‌س قه‌ده‌غه‌یه (یاسای ٢٠١٠)، جا بورقه‌ع بێ یان ماسکی ته‌واو، به‌ڵام ئه‌وه هیج پێوه‌ندیی به ئایینه‌وه نییه و له‌سه‌ر بنه‌مای پاراستنی ئاسایشی گشتی پاساو ده‌درێ.
ڕاستییه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه که ئه‌گه‌ر کێشه یان هه‌ستیارییه‌ک له‌گه‌ڵ ئاینی ئیسلام له فه‌ڕانسه هه‌بێ، ئه‌وه نه‌ک بۆ دژایه‌تیی حکومه‌ت و خه‌ڵکی فه‌ڕانسه له‌گه‌ڵ ئایینی ئیسلام به‌ڵکوو بۆ ئه‌و به‌کاربردنه ئامرازییه ده‌گه‌ڕێته‌وه که هێندێک ده‌وڵه‌ت و گرووپی توندڕه‌و به مه‌به‌ستی سیاسی له ئایینی ئیسلامیان کردوه و له‌ژێر ناوی کاری خێرخوازی و ته‌مویلی بنیاته مهزههبییهكاندا، به‌شێک له پانتایی کۆچبه‌ریی موسڵمان له فه‌ڕانسه‌یان کردووه به عه‌رزێکی به‌ڕێژ بۆ چاندنی تۆوی بنیاتگه‌رایی و کرده‌وه‌ی تێرۆریستی.
ده‌وڵه‌تی فه‌ڕانسه نه دژی ئایینی ئیسلامه و نه ئه‌گه‌ر باسی ئیسلامیش بکا، مه‌به‌ستی هه‌موو ئایینی ئیسلام یان ئیسلام له دنیادایه، به‌ڵکوو مه‌به‌ست ئیسلام له فه‌ڕانسه و ئامانج ئاشتکردنه‌وه‌ی ئیسلام له‌گه‌ڵ بنه‌ما کۆماری و لائیکه‌کانی ئه‌و وڵاته‌یه و هیچی دیکه. بۆ نموونه پاش هێرش بۆ سه‌ر شارلی ئێبدۆ و سوپه‌رمارکێتێکی جووله‌که له پاریس (ژانویه‌ی ٢٠١٥)، سه‌رۆک وه‌زیری ئه‌وسا (مانوێل ڤالس) ئاماژه‌ی به زه‌رووره‌تی یارمه‌تیدانی ئیسلام له فه‌ڕانسه کرد بۆ ئه‌وه‌ی خۆی له‌و کارتێکه‌ری و ده‌ستێوه‌ردانه ده‌ره‌کییانه ڕزگار بکا که له نێوخۆی‌دا ده‌یانه‌وێ بنکۆڵی بکه‌ن. ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆش سه‌رکۆماری فه‌ڕانسه ده‌یڵێ شتێک نییه غه‌یری ئه‌مه و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش ده‌وڵه‌ت ده‌یه‌وێ ئه‌و ناوه‌نده ئایینییانه‌ی به سامانی ده‌ره‌کی به‌ڕێوه ده‌چن و له‌ژێر ناوی وه‌عزدا بوونه‌ته کارگه‌ی بنیاتگه‌رایی، دابخا و چیدیکه‌ش ئیمامه‌کان له ده‌ره‌وه‌ڕا بۆ مزگه‌وته‌کان دیاری نه‌کرێن، به‌ڵکوو په‌روه‌رده‌کراو و دیاریکراوی خودی فه‌ڕانسه بن. ئه‌گه‌ر له وڵاتێكی موسڵماندا باس له پێویستیی کۆنتڕۆڵی نێوه‌رۆکی خوتبه‌کانی جومعه بکرێ، بۆ ده‌بێ ده‌وڵه‌تێکی ئورووپایی که ئه‌و هه‌مووه بۆته قوربانیی تێرۆریزمی بنیاتگه‌را نه‌توانێ له سه‌رچاوه‌ی داهات و به‌ڕێوه‌به‌ریی ناوه‌ندێکی ئایینی بپرسێته‌وه؟
خۆ ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستی ده‌وڵه‌تی فه‌ڕانسه ئیسلام ته‌نیا له فه‌ڕانسه نه‌با و ئیسلام وه‌ک خۆی یان له هه‌موو دنیاشیدا گرتبایه‌وه، ڕوون نییه که بۆچی سه‌رکرده‌ی زۆر له وڵاته ئیسلامییه‌کان هه‌موو ڕۆژێ ده‌توانن به زبرترین زمان باسی مۆدێلی ژیان و ئایینی ڕۆژئاواییه‌کان بکه‌ن، به‌ڵام سه‌رکرده‌ی وڵاتێک که له‌ودا ئیسلام ئایینی دووه‌مه بۆی نییه باسی پێویستیی گونجاندنی پراکتیکی ئایینی ئیسلام له‌گه‌ڵ بنه‌ما هه‌زاران ساڵه‌ییه‌کانی ده‌وڵه‌ته‌که‌ی خۆی بکا. به قه‌ولی هاوڕێیه‌کی مه‌سیحیی لوبنانی، ئیسلام ١٤٠٠ ساڵه خاوه‌نی پێغه‌مبه‌ری شایسته‌ی خۆیه‌تی، به‌ڵام هێشتا چاوه‌ڕوانی “لوته‌ر”ێکه.
***
سه‌باره‌ت به خودی بابه‌تی کاریکاتێره‌کان ده‌بێ چه‌ند شتمان له‌به‌رچاو بێ. پێش هه‌موو شتێک ده‌بێ بزانین بۆ خوردکردنه‌وه‌ی زیاتری ڕاگه‌یاندراوی مافی مرۆڤ و هاووڵاتیی شۆڕشی فه‌ڕانسه له‌و بواره‌دا، یاسای ئازادیی ڕۆژنامه‌کان که ساڵی ١٨٨١ (واته هه‌شتا ساڵ پێش ئه‌وه‌ی موسڵمانه‌کان به لێشاو ڕوو له فه‌ڕانسه بکه‌ن) په‌سند کراوه، مافی “بلاسفێم” واته بردنه‌ژێر پرسیار و گاڵته‌کردن به ئایین و پیرۆزییه‌کانی مه‌زهه‌بی به‌ڕه‌سمی ناسیوه. دیاره ئه‌و مافه -له‌پێوه‌ندی چ له‌گه‌ڵ ئایین و چ سیاسییه‌کاندا- بۆ ئه‌وه‌ی له شکڵی ئه‌مڕۆیدا جێبه‌جێ بکرێ، ڕێگایه‌کی دوور و درێژ و پڕ هه‌وراز و نشێوی بڕیوه، هه‌ر له نیگاره‌که‌ی ئێدوارد مانێ به ناوی “بێڕێزیکردنی سه‌ربازه‌کان به مه‌سیح” ه‌وه بگره که کاتی خۆی هه‌ڵڵای زۆری لێ ساز ببوو هه‌تا ئه‌و کاریکاتۆره‌ی له‌باره‌ی مه‌رگی ژه‌نڕاڵ دوگۆلهوه شارلی ئێبدۆ بڵاوی کردبۆوه و ئه‌وده‌م ببووه هۆی داخستنی ڕۆژنامه‌که. نموونه‌ی ناسراوتر فیلمی “دوایین حه‌زه‌كانی مه‌سیح”ی مارتن سکۆرسێزه که له‌سه‌ر بنه‌مای ڕۆمانه‌که‌ی نیکۆس کازانتزاکیس ڕیوایه‌تێکی دژه-ئینجیلیانه‌ی ژیانی حه‌زره‌تی عیسا ده‌گێڕێته‌وه. سکۆرسێز پاش ئه‌وه‌ی له ئه‌مریکا بۆ به‌رهه‌مهێنانی فیلمه‌که‌ی له‌گه‌ڵ دژایه‌تی و به‌ربه‌ستێکی زۆر ڕووبه‌ڕوو ببۆوه، ڕووی له فه‌ڕانسه کردبوو و وه‌زیری په‌روه‌رده‌ی حکوومه‌تی فرانسوا میتران (جاک لانگ)ی ڕازی کردبوو که به‌شێکی بودجه‌ی ئه‌و فیلمه دابین بکا. دواتر ئه‌گه‌رچی حکوومه‌تی فه‌ڕانسه له به‌رامبه‌ر ناڕه‌زایه‌تیی کلیسا و باوه‌ڕدارانی کاتۆلیک‌دا له پشتگیریی دارایی فیلمه‌كه کشایه‌وه، فیلمه‌که له فه‌ڕانسه چووه سه‌ر ئێکران، به‌ڵام ساڵی ١٩٨٨ چه‌ندین ڕووداوی ناخۆشی لێ که‌وته‌وه: له شاری بزانسنۆن هۆڵی ئه‌و سینه‌مایه‌ی فیلمه‌که‌ی نیشان دابوو [پاش ته‌واوبوونی فیلمه‌كه و چۆڵبوونی هۆڵه‌که] سووتێندرا؛ له شاری مێتز به هۆی سه‌ردانی پاپ نیشاندانی فیلمه‌كه ڕاگیرا؛ و ئاگربه‌ردان له سینه‌ما سه‌نت میشێلی پاریس ته‌نانه‌ت زیانی گیانیی لێ که‌وته‌وه.
سه‌ره‌ڕای ئه‌وانه‌ش ئه‌مڕۆ ته‌نز به گشتی و کاریکاتێر به‌تایبه‌تی له‌نێو کۆمه‌ڵگەی فه‌ڕه‌نسیدا شتێکی ته‌واو قبووڵکراو و جێکهوتوویه. له فه‌ڕانسه هیچ ئایینێک به ئه‌ندازه‌ی ئایینی مه‌سیحی له کاره هونه‌رییه‌کاندا گاڵته‌ی پێ ناکرێ و هیچ پێشه‌وایه‌کی ئایینیش به ئه‌ندازه‌ی مه‌سیح کاریکاتۆری لێ دروست ناکرێ. ئه‌وه بۆ سیاسییه‌کان قبووڵکراوتریشه که زۆریان بۆخۆیان ئاره‌زوو ده‌که‌ن کاریکاتۆریان لێ دروست بکرێ، چونکه ده‌زانن که مه‌رج نییه هه‌میشه ئه‌و شته به زیانیان ته‌واو بێ (هێندێک له چاوه‌دێرانی بواری بیروڕا و مێدیا پێیان وایه که به‌شێكی سه‌رکه‌وتنی ژاک شیراک له هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆکایه‌تیی ساڵی ١٩٩٥ بۆ ئه‌و کاراکتێره گه‌مژه و لائوبالییه ده‌گه‌ڕێته‌وه که لە به‌رنامه‌ی ته‌نزیی “گینیۆل”دا له‌ویان دروست کردبوو).
بوونی مافی بلاسفێم له فه‌ڕانسه به‌و مانایه نیه که قانوون و دادگا هیچ جۆره کۆت و به‌ندێکیان له‌و بواره‌دا دانه‌ناوه. پاش ئه‌و سکاڵایانه‌ی سه‌باره‌ت به کاریکاتۆره‌کانی پێغه‌مبه‌ری ئیسلام له‌دژی ڕۆژنامه‌ی “شارلی ئێبدۆ” تۆمار کران، دادگای پاریس ڕایگه‌یاند که ئه‌و کاریکاتێرانه ده‌چنه خانه‌ی ئازادی ڕاده‌ربڕین و خوڵقی هونه‌ری، مه‌گه‌ر ئه‌وه که ڕۆژنامه‌که به‌ئه‌نقه‌ست، به‌خۆڕایی و ڕاسته‌وخۆ بیهه‌وێ ناوی موسڵمانه‌کان بزڕێنێ (تشهیر)، یان له‌م ڕێگه‌یه‌وه ببێته هۆی هاندانی ڕق و قینی نیژادی و هه‌ڵاواردن و توندوتیژی به‌دژی وان. ئه‌وه‌ی قانوون و ده‌وڵه‌ت له فه‌ڕانسه له‌و بواره‌دا پارێزگاریی لێ ده‌کا خودی مه‌زهه‌ب و سه‌مبوله‌کانی نییه که ده‌كرێ له‌لایه‌ن هه‌ر هاووڵاتییه‌که‌وه و له هه‌ر شکڵێکدا ببردرێنه ژێر پرسیار و تیروتوانجیان تێ بگیرێ، به‌ڵکوو که‌رامه‌ت و ئاسایشی ئیمانداران و مافه‌کانیان له‌بواری مه‌زهه‌ب و بواره‌کانی دیکه‌دایه.
ڕه‌نگه موسڵمانێک پێی وابێ که کێشانه‌وه‌ی وێنه‌ی پێغه‌مبه‌ر بۆخۆی گوناحه چ بگا به‌وه که کاریکاتۆری لێ دروست بکه‌ن و ئه‌مه به بێڕێزییه‌ک لێک بداته‌وه که هه‌ستی وی بریندار دەکا و دەبێتە هۆی پێشێل بوونی مافه‌کانی له‌و بواره‌دا. بێگومان ئه‌وه هه‌ستێکی ڕه‌وا و شیاوی بههێندگرتنه. به‌تایبه‌تی له وڵاتێک یان سه‌رده‌مێکدا که هه‌ستیاریی ئایینی و دابه‌شبوونی قووڵی ئێتنیکی و کۆمه‌ڵایه‌تی تێدا بێ، نووسه‌ر و هونه‌رمه‌ند هه‌روه‌ک سیاسه‌تمه‌دار و میدیاکاره‌کان نابێ بێڕێزی به پیرۆزییه‌کانی ئیمانداران (له هه‌ر ئایینێك) بکه‌ن.
به‌ڵام ده‌بێ بزانین که کێشانه‌وه‌ی وێنه‌ی پێغه‌مبه‌ر له مێژووی ئیسلامدا هه‌میشه و له هه‌موو جێیه‌ک قه‌ده‌غه نه‌بووه (ته‌نانه‌ت ده‌گێڕنه‌وه کاتێك مه‌ککه فه‌تح کراوه و بوت و نیشانه‌کانی “شرک” تێک شکێندراون، پێغه‌مبه‌ر ڕازی نه‌بووه تاندێم و نیگاره‌کانی مریه‌م و عیسا مه‌سیح بشێوێندرێن). پاشان پێش ئه‌وه‌ی هه‌ڵوێست بگرین، پێویسته بزانین ئه‌و کاریکاتۆرانه چین و باسی چی ده‌که‌ن؟ له زۆربه‌ی ئه‌و کاریکاتۆرانهدا که موسڵمانانیان به‌دژی فه‌ڕانسه پێ دنه دراوه، زۆر ڕوون نییه که کاریکاتۆریستهکه به فکری خۆی حه‌زره‌تی محه‌ممه‌دی کێشاوه‌ته‌وه یان هه‌ر پیاوێکی موسڵمان. جیا له‌وه‌ش، له‌و کاریکاتێرانهدا نه‌ک هه‌ر بێڕێزی به پێغه‌مبه‌ر نه‌کراوه به‌ڵکوو سیمای پێشه‌وایه‌کی دلۆڤان و مرۆڤدۆست له پێغه‌مبه‌ر پێشان دراوه. بۆ نموونه له‌سه‌ر دوو له ناسراوترینی ئه‌و کاریکاتۆرانه‌ی شارلی ئێبدۆ بڵاوی کردبوونه‌وه، له‌وه‌یاندا که پێش هێرشه‌که کێشرابۆوه و ئه‌و هه‌موو خه‌ڵکه‌ی له‌سه‌ر کوژرا، له زمان پێغه‌مبه‌ره‌وه نووسرابوو: “بێزار بووم به‌ده‌ست ئه‌و هه‌موو توندڕه‌وه‌وه. چه‌ند ناخۆشه گه‌مژه‌کان خۆشیان بوێی!” (مه‌به‌ست دیسان توندڕه‌وه‌کانه). له‌و کاریکاتۆرهشدا که پاش کوشتاری شارلی ئێبدۆ بڵاو کرایه‌وه، له زمانی پێغه‌مبه‌ره‌وه نووسراوه “ئه‌منیش شارلی ئێبدۆم. به‌ناوی کوژراوه‌کانه‌وه ده‌تانبه‌خشم”!
گرینگتر له هه‌موو ئه‌و سه‌رنج و تێبینییه پێویستانه، مه‌سه‌له‌ی ڕێژه‌یی بوونی دژکرده‌وه‌کان له به‌رامبه‌ر بۆچوونی جیاواز و نه‌یاردایه، ته‌نانه‌ت ئه‌و کاته‌ی پێمان وایه بێڕێزی به باوه‌ڕه‌کانمان ده‌كرێ. به‌ڕێز “ده‌لیل بووبه‌کر”، ئیمامی مزگه‌وتی گه‌وره‌ی پاریس له نووسراوه‌یه‌کدا که له‌ژێر ناوی “ڕاگه‌یاندراوی ئیسلام له فه‌ڕانسه” ساڵی ٢٠١٧ به‌ناوی ئه‌نیستیتۆی ئه‌و مزگه‌وته‌وه بڵاوی کرده‌وه ڕایگه‌یاند که ئیسلامی فه‌ڕانسه کۆماریخواز و مۆدێرن و پێشکه‌وتنخوازه، دژی جیهادیسم و توندئاژۆییه و هه‌موو ئه‌و ڕه‌وت و ڕه‌فتارانه ڕه‌ت ده‌کاته‌وه که به‌ها کۆمارییه‌کانی فه‌ڕانسه ده‌به‌نه ژێر پرسیار، به‌تایبه‌تی یه‌کسانیی ژن و پیاو (هه‌ربۆیه دژی فرهژنییشه).
دیاره ئه‌مه به‌و مانایه نییه که مزگه‌وتی گه‌وره‌ی پاریس ته‌ئیدی کاریکاتۆره‌کان بکا. هه‌ستیاری به موقه‌ده‌ساتی ئایینی تا ئێستا له‌لای مه‌سیحییه‌کانیش ماوه. هه‌ر سه‌ره‌تای ئه‌مساڵ کاتێك ڕادیۆی “فرانس ئه‌نتێر” (که ڕادیۆیه‌کی ده‌وڵه‌تییه) گۆرانییه‌کی هونه‌رمه‌ند “فردریک فۆمێ”ی بڵاو کرده‌وه که له‌ودا بێڕێزی به عیسا مه‌سیح کرابوو، له‌ژێر ته‌وژمی ناڕه‌زایه‌تیی کاتۆلیکه‌کانی فه‌ڕانسه‌دا به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی ڕادیۆکه ناچار بوو به‌فه‌رمی “به‌داخبوون”ی خۆی (بخوێنه‌وه داوای لێبوردن) له‌و لهدهستدهرچوونهی ڕادیۆکه ده‌رببڕێ، شتێک که هیچ که‌س به مۆڵه‌ت (مجوز)ی سه‌ربڕینی گۆرانیبێژه‌که‌ی لێک نه‌دایه‌وه! له‌پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ کاریکاتۆرهکانیشدا ئه‌نستیتۆی مزگه‌وتی گه‌وره‌ی پاریس وێڕای ده‌ڕبڕینی برینداربوونی خۆی له‌و کاریکاتێرانه، دژکرده‌وه‌ی توندوتیژ به‌دژی ئه‌و کاریکاتۆرانه مه‌حکوم ده‌کا.
ئه‌وه‌نده‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر هه‌ڵوێستی ماکرۆنیش له‌باره‌ی کاریکاتۆرهکانهوه، به‌پێچه‌وانه‌ی ڕاڤه‌ی چه‌واشه‌کارانه و گواستنه‌وه‌ی سه‌قه‌تی قسه‌كانی ناوبراو له هێندێک مێدیای جیهانی موسڵماندا، مه‌به‌ستی وی پشتگیری له نێوه‌رۆکی هیچ کاریکاتۆرێک نه‌بووه، به‌ڵکوو ده‌ڵێ من بۆم نییه مافی کاریکاتۆر کێشانه‌وه ته‌نانه‌ت له‌بواری ئاییندا که به‌رهه‌می نه‌ریتی لائیک و ئازادیی ڕاده‌ربڕین له فه‌ڕانسه‌یه له هاووڵاتییانم زه‌وت بکه‌م.
***
له به‌ره به‌ری شۆڕشی فه‌ڕانسه‌دا دوو ناوی کچانه‌ی “ماری” و “ئان” له‌نێو چین و توێژه هه‌ژاره‌کان به‌تایبه‌ت ژنه خزمه‌تکاره‌کانی خانه‌واده بۆرژواکاندا زۆر باو بوون. وای لێ هاتبوو ئهشرافییهکان ئه‌گه‌ر بیانویستبا گاڵته به که‌سێک بکه‌ن یان به که‌می بگرن، پێیان ده‌گوت “ماری-ئان”. له شۆڕشی فه‌ڕانسه‌دا که شۆڕش بوو بۆ ئازادی و یه‌کسانی و برایه‌تی، “ماریان” بوو به هێمایه‌کی خه‌یاڵیی خه‌بات له‌پێناو ئه‌و ئیدهئالانهدا که هه‌مان ئه‌و ئیدهئالانهن که له‌و کاته‌وه تا ئه‌مڕۆ دروشمی مۆدێلی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تیی فه‌ڕانسه‌ن.
بێگومان فه‌ڕانسه وه‌ک هه‌ر ده‌وڵه‌تێکی خاوه‌ن نفووزی دنیا، چ له ڕابردوودا و چ ئه‌مڕۆ، له نێوخۆی‌دا وه‌ک ڕوو به‌ده‌ره‌وه، ڕه‌خنه‌ش هه‌ڵده‌گرێ و پێویسته له به‌رامبه‌ر به‌رپرسایه‌تیی سه‌رشانی ده‌رهه‌ق به پێکهاته‌کانی وه‌ك ده‌رهه‌ق به ڕابردووی کۆلۆنیالی و ئایندهی مرۆڤایه‌تی ئازایانه ڕاوه‌ستێ. به‌ڵام واقعییه‌تی هاوکێشه ئینسانی و نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کانی ژێر سایه یان ژێر کاریگه‌ریی فه‌ڕانسه له‌و وڵاته و له دنیادا هه‌رچیه‌ک بێ، ئه‌و ئیده‌ئالانه‌ی ماریان سهمبولیانه درۆ نه‌بوون و درۆ نین. ئیدهئالگهلێکن که بۆ گه‌لی کوردیش پێویستن. هه‌ر بۆیه هه‌م بۆ خاتری ئه‌و چرا داگیرساوه‌ی مێژووی مرۆڤایه‌تی که ماریان هێمایه‌تی، هه‌م ته‌نانه‌ت له‌به‌ر خۆشه‌ویستیی خودا و پێغه‌مبه‌ره‌که‌ی، دروست نییه هه‌ستیاریی مرۆڤی موسڵمانی کورد به ئاقارێکدا بچێ که ببێته ئامێری ئۆرکێسترای ئه‌و ئاجێندا سیاسییه ده‌ره‌کی و مهبهستدارانەی په‌ره به کوشتاری بێهوده‌ی مرۆڤ به ده‌ستی مرۆڤ ده‌ده‌ن و لایەنگری لێیان سیمای لێبورده و دۆست خۆشه‌ویستی کوردیان پێ ده‌شێوێ. زۆرینه‌ی کورد موسڵمانه، به‌ڵام ئه‌و شه‌ڕه شه‌ڕی کورد نییه.