کات دێ و تێ‌دەپەڕێ و ئەوەی ڕادەبرێ دەبێتە بڕگەیەک لە مێژوو. مێژووش ئەوەیە کە ڕووی داوە، لەو نێوانەش‌دا، ڕوون و ئاشکرایە نیشتمان‌پەروەران و داکۆکیکارانی ماف و ئازادییەکانی گەلانی بندەست بەشێکی گرینگ لە ئەکتەر و ڕۆڵگێڕانی مێژوون. لەسەر هەمووانە کە ئەو بەشە لە مێژوو بەرز ڕابگرین و ئەزموونی ئەو مرۆڤە فیداکارانە لەبیر نەکەین. لەگەڵ ئەوەی دەرسی خۆڕاگری لە ژیانیان فێر دەبین، لەهەمان کات‌دا دەبێ بەخشینی گیانیان و هەڵوێستی جوامێرانە و قارەمانەتییان بۆ نەسڵەکانی دواتر باس بکەین و ئەوانیش بە ئەمانەتەوە بیپارێزن. نابێ ئەو ڕاستییەشمان لەبیر بچێ کە ئەگەر لە مێژووی خۆمان بێ‌ئاگا و بێ‌خەبەر بین، مەحکووم بە دووبارەبوونەوە دەبین. لە ستونی “هەگبەی شاخ و شۆڕش”ی ئەمجارەدا، یادی شه‌هید باقی به‌هادۆران دەکەینەوە.
لە ساڵی ١٣٣٤ی هه‌تاوی‌دا و له کاتێکدا دیکتاتۆریی حه‌مه‌ڕه‌زاشا به ته‌واوی باڵی به سه‌ر و‌ڵاته‌که‌مان‌دا کێشابوو و زه‌بروزه‌نگی دەست‌وپێوەندەکانی ئەو ڕێژیمە خه‌ڵکی کوردستانی وه‌زاڵه هێنابوو، له گوندی گه‌ڵاز لە ناوچەی دەشتەبێڵی سه‌ر به شاری شنۆ، له بنه‌ماڵه‌یه‌کی هه‌ژاری کورده‌واری‌دا، باقی به‌هادۆران چاوه گه‌شه‌کانی به ڕووی دونیای ڕوون‌دا هه‌ڵێنا. بەرەبەرە کە هەڵی دا و گەورە بوو، لە داوێنی زنجیرە چیاکانی ئەو مەڵبەندە، بە ئاڕەقە ڕشتن و کاری تاقەت‌پڕووکێن بۆ دابین کردنی بژێوی ژیانی هەژارانە وەخۆ کەوت. شەهید باقی بەهۆی نەبوونی قوتابخانە لە گوندەکەیان و هەروەها بێ‌دەرەتانیی بنەماڵەکەی لە به‌هره‌ی خوێندن بێبەش مایه‌وه. ژیانی باقی تا شۆڕشی ساڵی ١٣٥٧ی هه‌تاوی بە کاری سەختی وەرزێرییەوە تێ‌په‌ڕی. ئەو ژیانە ئەستەم و پڕ لە چەرمەسەرییە دنیایەک ڕق و قینی شۆڕشگێڕانەی لە نێو دڵی باقی‌دا کۆ کردبۆوە. ناوبراو لە هەموو ئەو چەوسێنەرانە بێزار بوو کە بەسەر کۆمەڵ و ژیانی خەڵک‌دا دەسەڵاتی شومی خۆیان سه‌پاندوه و خەڵکیان لە نەهامەتی و چارەڕەشی‌دا هێشتبۆوە. هەر بۆیە کاتێک بڵێسەی ڕاپەڕینی پڕشکۆی گەلانی ئێران بەدژی ڕێژیمی پاشایەتی دەستی پێ کرد، باقیش بە تەمای دەستەبەرکرنی ژیانێکی ئاسوودە و به‌دوور له‌سته‌می نه‌ته‌وایه‌تی شان‌بەشانی خەڵک بەشداریی ئەو ڕاپەڕینەی کرد.
باقی به‌هادۆران پاش سەرکەوتنی شۆڕش، گه‌یشتن به حەز و ئاواتەکانی لە وەدیهاتنی ئامانجەکانی حیزبی دێموکڕات‌دا بەدی دەکرد و بێ‌راوه‌ستان هاوکات له‌گه‌ڵ ئاشکرابوونی تێکۆشانی حیزبی دیموکرات شان‌به‌شانی ئاموزاکه‌ی (سه‌روان حاته‌م دوعاخان) لە نەورۆزی ساڵی ١٣٥٨ دا چه‌کی پیشمه‌رگایه‌تیی هه‌ڵگرت و له هێزی شه‌هید سمکۆی ئه‌و کات‌دا ده‌ستی به تیکۆشانی سیاسی کرد.
ئەو لاوە قارەمانەی ناوچه‌ی شنۆ لەو کاتەوە کە بوو بە پێشمەرگە، تا دوایین ساتەکانی ژیانی پێشمەرگانە ژیا و پێشمەرگانە خەباتی کرد و پێشمەرگانەش سەری دانا. ئەو تەواوی تەمەنی خۆی بۆ خزمەت بە ئامانجەکانی گەلی کورد تەرخان کرد. لە ڕەوتی تێکۆشان و خەباتی شێلگیرانەی خۆی‌دا، بڕوا و ئیمانی قووڵی بە ئازادیی نەتەوەکەی پەیدا کرد و لەبەر ئەوەیکە بەتەواوی هەستی بە ژێرچەپۆکی و بێ‌بەشیی گەلەکەی کردبوو، ئازایانە بۆ ئازادی و بەختەوەریی گەلەکەی تێ‌دەکۆشا. ئەو بەهۆی ئەو تایبەتمەندییانەوە خۆشەویستی هاوسەنگەران و خەڵک بوو.
باقی بەهادوران بەهۆی لێوەشاوەیی و لێهاتوویی کارزانی، هەر زوو وەک فارەماندەری پەلێک لە پێشمەرگەکانی هێزی شەهید سمکۆ دیاری کرا. لە عەمەلیاتە گەورەکانی ناوچه‌ی ورمێ و شنۆ بەشداریی چالاکانەی کرد و، لە تەواوی ئەو عەمەلیاتانەدا، کەسێکی ئازا و بەهیمەت و جوامێر بوو. لە پێناوی بەڕێوەبردنی ئەرکەکانی‌دا لە هیچ فیداکارییەک درێغی نەدەکرد، بە دژی دوژمنان و ناحەزانی حیزب ڕادەوەستا. چونکە چاک دەیزانی حیزبی دێموکڕات ئیرادەی گەل و خەباتی ڕەوای خەڵکی کوردستانە. بەمجۆرە زۆری نەکێشا فیداکاری و هەست بە بەرپرسایەتی کردنی شەهید باقی، بوو بە وێردی سەر زمانی هاوسەنگەرانی. ناوبراو بە هۆی لێوشاوەیی لە کاری نیزامی‌دا وه‌ک فه‌رمانده‌ری لک دیاری کرا و زۆر شه‌ڕی قاره‌مانانه له‌و مه‌ڵبه‌نده به فه‌رمانده‌یی ناوبراو کرا. به‌تایبه‌تی عەمەلیات بۆ گرتنه‌وەی شاری ورمێ و عه‌مه‌لیاتی قاره‌مانانه‌ی تێک‌شکاندنی گوردانی زرێهی قه‌زوین به فه‌رمانده‌هی ئه‌و خه‌باتکاره، ئێستاش له بیر و زه‌ینی خه‌ڵکی ئه‌و ناوچه‌یه‌دا ماوه‌ته‌وه و وه‌ک لاپه‌ڕەیەکی زێڕین و پڕشه‌نگدار له ئاسمانی خه‌باتی ڕه‌وای پیشمه‌رگه‌کانی ئه‌و مه‌ڵبه‌نده‌دا، دەدره‌وشێتەوە.
باقی بەهەق هەموو توانا و لێوەشاوەیی خۆی لە خزمەت بە حیزب و خەڵک‌دا خستە کار. ناوبراو لە ماوه‌ی شه‌ش ساڵ پێشمەرگاتیی خۆی‌دا دەیان عەمەلیاتی گەورە و بچووکی فەرماندەیی کرد و شه‌ش ساڵ خه‌باتی بێ‌وچان لە ناوچه‌ی شنۆ و ورمێ و چیا و دۆڵ و لاپاڵەکانی ئەو دەڤەرە، شەهید باقی کردبووە سیمایه‌کی ناوبەدەرەوە و جێی ڕێزی کۆمەڵانی خەڵکی ئەو ناوچەیە. ئەو تا کاتی شه‌هید بوونی ئه‌رکی فه‌رمانده‌ری لکی به‌ڕێوه‌برد و هەر لەژێر فه‌رمانده‌یی نیزامیی ئەودا چەندین مۆڵگەی دوژمن دەستیان بەسەردا گیرا، دەیان کەمینی سەرکەوتوو دانرا و، بە دەیان هێرشی دوژمن تێک شکێندرا.
ڕۆژی ٢٥ی بانه‌مه‌ڕی ساڵی ١٣٦٤ی هه‌تاوی بوو، ڕۆژ ڕۆژی کوڕانی دێموکرات بوو. له‌و ڕۆژه‌دا هێزه‌کانی کۆماری ئیسلامی په‌لاماری “ده‌شته‌کان” له گه‌لی به‌راندێز ده‌ده‌ن و باقی قاره‌مان و هاوڕێیانی به‌ره‌نگاری هێزی کۆنه‌په‌ره‌ستی ده‌بنه‌وه و ده‌رسێکی له‌بیرنه‌کراو به داگیرکه‌ران ده‌ده‌ن،بەڵام مخابن ئه‌وه دوایین فیداکاریی ڕۆڵه‌ی قاره‌مانی ناوچه‌ی شنۆ بوو. لەو شەڕەدا باقی بەهادوران سینگی پڕ له ئه‌وینی نیشتمانه‌که‌ی که‌وته به‌ر گولله‌ی شه‌وپه‌ره‌ستان و گوڵی ته‌مه‌نی له ٣١ ساڵی‌دا هه‌ڵوەری.
ڕێگای خەباتی بەردەوام.