بۆ خاتری خوا و له‌به‌ر خاتری “ماریان”
به‌شی یه‌که‌م:
پاشخانی مۆدێلی لائیک له فه‌ڕانسه
تاوانه بهربهرییهكهی نۆتردامی “نیس” که ڕاست له ڕۆژی له‌دایکبوونی پێغه‌مبه‌ری ئیسلامدا به‌ڕێوه چوو، ئه‌ڵقه‌یه‌کی دیکه له فه‌سڵی نوێی زنجیره‌ی هێرشه تێرۆریستییه‌كانی بنیاتگهراکان به‌دژی خه‌ڵک و ده‌وڵه‌تی فه‌ڕانسه‌یه، وڵاتێك که له‌نێو وڵاتانی “ڕۆژئاوایی” له چل ساڵی ڕابردوودا زۆرترین جار بۆته ئامانجی ئه‌و جۆره هێرشانه و سه‌دان که‌س له هاووڵاتییانی به‌م جۆره بوونه قوربانی.
ئه‌وه که ئه‌م هێرشانه به مۆدێلی فه‌ڕه‌نسیی لائیسیته و ئازادیی به‌یان به‌تایبه‌ت بابه‌تی کاریکاتۆرهكانی پێغه‌مبه‌ری ئیسلامه‌وه گرێ دەدرێنەوە، هی ئەم ساڵانەی دواییه. ئه‌و کاته‌ی له هه‌شتاکانی زایینی‌دا حیزبوڵڵای لوبنان و کۆماری ئیسلامیی ئێران کرده‌وه‌ی تێرۆریستییان له پاریس ئه‌نجام ده‌دا، ڕۆژنامه‌ی ساتیریکی “شارلی ئێبدۆ” ده‌رنه‌ده‌چوو. له نه‌وه‌ده‌کانی زایینی‌دا ئه‌وده‌م که گرووپه توندڕه‌وه مه‌غریبییه‌كان هه‌ڕه‌شه‌یان له گیان و ئاسایشی خه‌ڵکی مه‌ده‌نیی فه‌ڕانسه ده‌کرد، هێشتا له به‌ستێنی گشتیی فه‌ڕانسه‌دا خه‌به‌رێک له کاریکاتۆری سه‌مبوله‌کانی ئیسلام نه‌بوو. هه‌تا سه‌ره‌تای شه‌ڕی داعش‌یش که‌س نه‌یده‌گوت هێرشه تێرۆریستییه‌کانی سه‌ر خه‌ڵك و سه‌مبوله‌کانی فه‌ڕانسه دژکرده‌وه به جۆری مامه‌ڵه‌ی ده‌وڵه‌تی ئه‌و وڵاته له‌گه‌ڵ ئایینی ئیسلامن.
به هیچ ئه‌قڵێکی سه‌لیمدا نایه که ده‌وڵه‌تێک به‌و پاشخانه سه‌دان ساڵه‌یه له تێکه‌ڵاوی له‌گه‌ڵ دنیای موسڵمان که بۆخۆی نزیک به پێنج میلیۆن هاووڵاتیی موسڵمانی هه‌یه و ده میلیۆن که‌س له دانیشتووانی به ڕه‌چه‌ڵه‌ک موسڵمانن؛ ده‌وڵه‌تێک که له‌ودا ئیسلام له‌ڕووی ژماره‌ی باوهڕمهندانهوه ئایینی دووه‌م و له‌ڕووی ژماره‌ی شوێنه‌کانی عیباده‌ته‌وه ئایینی سێهه‌مه؛ ده‌وڵه‌تێک که ئه‌و هه‌موو به‌رژه‌وه‌ندییه ئابووری و نوێنه‌رایه‌تییه سیاسییه‌ی له دنیایه‌کی ته‌نراو به گرووپه ئیسلامییه توندڕه‌وه‌کان (به‌تایبه‌تی له ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست و باکووری ئه‌فریقا)دا هه‌یه؛ ده‌وڵه‌تێك که بۆخۆی ئه‌و هه‌موو کێشه ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تییه که‌ڵه‌که‌بووه و یه‌ک له‌وان کێشه‌ی شوناسی هه‌یه؛ له سه‌رده‌مێکدا که قه‌یرانی کۆڤید١٩ له زۆربه‌ی ده‌وڵه‌تانی دیکه خراپتر به‌رۆکی گرتووه، ئێستا بۆخۆی بێت به‌ئه‌نقه‌ست بێڕێزی به ئایینی ئیسلام بکا و ئه‌و شه‌پۆله به‌ربه‌رینه له ناڕه‌زایه‌تی له جیهانی موسڵماندا که هه‌ڵگری پۆتانسیه‌لی یه‌کجار ترسناک بۆ دواڕۆژی ئاسایشی نیشتمانیی فه‌ڕانسه‌یه، به‌دژی خۆی وه‌ڕێ بخا. تیئۆریسیهنهکانی پێکدادانی شارستانییه‌کان هه‌رچی بڵێن، ئه‌گه‌ر به‌ده‌ست ئێمانوێل ماکرۆن خۆی با، له “خێر”ی ئه‌و یه‌ک دۆسیه زیادی و نۆژهنکراوهیهی قه‌یرانی نێوخۆیی به ڕه‌هه‌ندی به‌هێزی نێونهتهوهیییهوه، ده‌گوزه‌را.
به‌كاربردنی ئامرازیی بابه‌تی کاریکاتۆره‌کان وه‌ك که‌ره‌سته‌یه‌ک بۆ به‌ئایینی کردنی به‌ریه‌ککه‌وتنی سیاسیی نێوان فه‌ڕانسه و ئه‌و ده‌وڵه‌ت و لایه‌نانه‌ی به هۆکاری دیکه (که هاوکاریی کورد به‌تایبه‌تی له ڕۆژئاوای کوردستان یه‌ک له‌و هۆکارانه‌یه) له سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و وڵاته ناڕازیین، ئه‌و زه‌رووره‌ته بۆ کورد دروست ده‌کا که به وشیاریی زیاتره‌وه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌و پرسه بکا و به‌بێ زانیاریی ورد و ناسینی دروستی هه‌قیقه‌تی پرسه‌که (وه‌ك له فه‌ڕانسه له ئارادایه) له‌گه‌ڵ شه‌پۆلی زۆر و بۆری ناڕه‌زایه‌تیی پان-ئیسلامیست نه‌كه‌وێ که هێندێک ده‌وڵه‌ت و لایه‌ن به‌مه‌به‌ستی سیاسیی تایبه‌ت به خۆیان و نه‌ک بۆ داکۆکی له موقه‌ده‌ساتی ئیسلام وه‌ڕێیان خستوه.
له‌و شوێنه که ته‌نانه‌ت ده‌وڵه‌تانی سه‌رکرده له دنیای موسڵماندا به‌بێ خۆبه‌ستنه‌وه به بنه‌ماکان مۆدێلی خۆیان له ئیسلام ده‌خه‌نه ڕوو، له‌و شوێنه که وڵاتان هه‌ڵوێستیان له‌مه‌ڕ پرسه سیاسی و ئابوورییه‌كانی دنیا وه‌ک بۆ بابه‌ته مێژوویی و فه‌رهه‌نگی و فه‌لسه‌فییه‌کانی نێوان میلله‌تان به پێوه‌ری به‌رژه‌وه‌ندیی نه‌ته‌وه‌یی خۆیان دیاری ده‌که‌ن، هیچ به قازانجی کورد نییه که ئه‌و فره‌ڕه‌نگی و فره‌ده‌نگییه‌ی له‌نێو کۆمه‌ڵگەی کوردی‌دا بۆ ئه‌م پرسه هه‌یه، وێنه‌یه‌کی شێواو و نیگهرانیساز له‌باره‌ی گه‌لی کورده‌وه له‌لای کۆمه‌ڵگەی نێونه‌ته‌وه‌یی دروست بکا، ئه‌ویش له به‌رامبه‌ر ده‌وڵه‌تێکی وه‌ک ده‌وڵه‌تی فه‌ڕانسه که به هه‌موو که‌موکوڕییه‌کانیه‌وه و سه‌ره‌ڕای به‌رپرسیارێتیی قورسی له دۆخی مێژوویی کورددا، له‌و قاتوقڕییه به‌رده‌وامه‌ی دۆستانی ستراتژیک بۆ کورددا، له سی ساڵی ڕابردوودا و له‌چاو ده‌وڵه‌تانی دیکه‌ی دنیا (به ده‌وڵه‌تانی موسڵمانیشه‌وه) باشترین کارنامه‌ی له به‌هاناوه‌هاتنی کورددا هه‌بووه.
کورد ده‌توانێ له وڵاتی خۆیدا هه‌م گه‌شه بکا و هه‌م “خودا لێی ڕازی بێ”، به‌بێ ئه‌وه‌ی له ئاستی ده‌ره‌وه‌دا له‌خۆڕا دۆستان و نیمچه دۆستان له خۆی دوور بکاته‌وه و ئه‌و دژمنانه‌ی به خۆی دڵخۆش بکا که بۆخۆیان له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانیان ئه‌و وه‌خته‌ی بۆیان نالوێ وه‌ك ئامراز که‌ڵک له ئایین وه‌ربگرن، به به‌ربه‌ستیشی نازانن.
ئه‌و باسه له ڕوانگه‌ی دینامیزمی گه‌شه‌سه‌ندنی نێوخۆیی کوردیشه‌وه گرینگه، چونکه به‌بێ کارلێکه ده‌ره‌کییه‌کانیش، قۆناغی گواستنه‌وه‌ی کورد به‌ره‌و مۆدێرنیته هه‌ڵگری کۆمه‌ڵێک درز و به‌ریه‌ککه‌وتن له کۆمه‌ڵگەی کوردستاندایه که ئه‌گه‌ر ژیرانه و به دیدێكی ستراتژیک ئیداره نه‌کرێن، دواجار سروشتی کۆمه‌ڵایه‌تی و کولتوورییان بۆ سیاسی و نیشتمانی ده‌گۆڕێ و بنکۆڵبوونی ئینسجامی نه‌ته‌وه‌یی کوردیان لێ ده‌که‌وێته‌وه. ئه‌م مه‌ترسییه ئه‌و کاته زیاتر خۆی ده‌رده‌خا که بزانین ئه‌و به‌ستێنه له هه‌ژاری و ناعه‌داڵه‌تی که ئیسلامی سیاسی به کایه‌کردن به یاده‌وه‌ری مێژوویی دژه کۆلۆنیالی و هه‌ستیارییه بان-نه‌ته‌وه‌ییه‌کان له قه‌راغ شاره‌کانی پاریس و مارسه‌ی په‌نای بۆ ده‌با، هاوشێوه‌که‌ی له ناوچه و وڵاتی ئێمه‌شدا به‌رده‌سته.
***
سیاسه‌تی بژارده‌کان و هه‌ڵوێستی تاکه‌کان له به‌رامبه‌ر هه‌ر ڕووداو و دیارده‌یه‌ک دروست و به‌قازانج ده‌رنایه ئه‌گه‌ر بێت و داوه‌رییان له‌باره‌ی ئه‌و دیارده و ڕووداوانه پشتبه‌ستوو به ناسینی قووڵ و زانیاریی ڕاست له‌سه‌ر بابه‌ته‌کان نه‌بێ. به‌داخه‌وه له کوردستان زۆر که‌س (ته‌نانه‌ت له‌نێو مێدیاکاراندا) به‌بێ ئه‌وه‌ی خۆیان به به‌دواداچوونی کرۆکی مه‌سه‌له‌کانه‌وه ماندوو بکه‌ن، به‌مه‌به‌ست یا بێمه‌به‌ست قه‌ناعه‌تی خۆیان و خه‌ڵک ڕاده‌ستی گواستنه‌وه‌ی ڕووکه‌شانه و هه‌ڵسه‌نگاندنی چه‌واشه‌کارانه و مه‌به‌ستداری ڕووداوه‌کان له‌لایه‌ن سه‌رچاوه‌کانی تره‌وه ده‌که‌ن. ئه‌گه‌ر له‌و تین و تاوه ورد بینه‌وه که به‌هۆی ڕووداوه‌کانی دوو حه‌وتووی ڕابردووی فه‌ڕانسه له کوردستانیش وه‌ڕێ که‌وتووه، ده‌بینین که زانیارییه‌كان نه له‌سه‌ر خودی ڕووداوه‌که (بۆ نموونه فکر و ڕه‌فتاری مامۆستا “پاکی”ی سه‌ربڕاو و پێوه‌ندیی [نه‌بووی] قاتڵ و قوربانی و ورده‌کاریی جینایه‌ته‌که) و نه له‌سه‌ر پاشخان و فه‌لسه‌فه‌ی ده‌وڵه‌تی فه‌ڕانسه له پرسی لائیسیته‌دا زۆر ڕاست و دروست نین.
ئه‌گه‌ر ورده‌کاریی ڕووداوه‌کان لێره‌دا بخه‌ینه لاوه و زۆرتر سه‌رنج بده‌ینه پاشخانی چه‌مکی لائیسیته له‌لای فه‌ڕانسه‌وییه‌کان و واقعیه‌تی مامه‌ڵه‌ی ده‌وڵه‌تی فه‌ڕانسه له‌گه‌ڵ ئاینی ئیسلام، ئه‌وه‌ی گرینگه بیزانین ئه‌وه‌یه که ده‌وڵه‌تی فه‌ڕانسه له جێخستن و داکۆکی له مۆدێلی سێکولاری خۆیدا هیچ ئایینێکی وه‌ک خۆی به ئامانج نه‌گرتووه، ئه‌گه‌ریش له‌م ساڵانه‌ی دواییدا به‌ریه‌ککه‌وتنێک له‌نێوان ئه‌و مۆدێله و ئاینی ئیسلامدا به‌رجه‌سته بووبێته‌وه، ئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی فه‌ڕانسه مه‌به‌ستیه‌تی خودی ئایینی ئیسلام یان ئیسلام له جیهاندا نییه، به‌ڵکوو ئیسلام له فه‌ڕانسه‌یه. ده‌زانین که ئه‌و جیاکارییه له‌گه‌ڵ مێتۆدی ئیسلامیسته‌کان که به‌ڕوانگه‌یه‌کی جیهانییه‌وه و به‌بێ له‌به‌رچاوگرتنی سنووری نێوان گه‌لان بۆ جێگه و پێگه و بنه‌ماکانی ئیسلام ده‌ڕوانن یه‌ک ناگرێته‌وه، به‌ڵام هه‌روه‌ک پێشتر گوترا ئه‌گه‌ر بۆ تورکیه و سعودی و ئێران که زۆرینه‌ی خه‌ڵکه‌که‌یان موسڵمانه ڕه‌وا بێ مۆدێلێکی جیاواز و تایبه‌ت به خۆیان له ئیسلام بخه‌نه ڕوو، زۆر سه‌یره که بۆ ده‌وڵه‌تێکی ئورووپایی که که‌مینه‌یه‌کی موسڵمانی هه‌یه و بۆته په‌ناگا و فریادڕه‌سی زۆر له موسڵمانه‌کانی جیهان، به گوناح دابنرێ بیه‌وێ له‌نێو سنووره‌کانی خۆیدا داکۆکی له ناسنامه و مۆدێلی مێژوویی و جێمتمانه‌ی خۆی بۆ پێکه‌وه‌ژیان و به‌ڕێوه‌بردنی وڵات بکا. کێشه‌ی فه‌ڕانسه نه له‌گه‌ڵ ئایینی ئیسلامه نه له‌گه‌ڵ هیچ ئاینێکی دیکه، به‌ڵکوو بۆ گه‌ل و حکومه‌تی فه‌ڕانسه گرینگ پاراستنی مۆدێلێکی لائیکه که پاش شه‌ڕ و ململانه‌یه‌کی زۆری نێوخۆیی و به قیمه‌تێکی زۆر گران وه‌دی هاتووه. به‌ستێن و مێژووی دروستبوونی ئه‌و مۆدێله هیچ پێوه‌ندییه‌کی به ئایینی ئیسلامه‌وه نییه و له شکڵ و نێوه‌رۆکی ئه‌مڕۆیدا بۆ سه‌رده‌مێک ده‌گه‌ڕێته‌وه که فه‌ڕانسه هیچ حه‌شیمه‌تێكی موسڵمانی لێ نه‌ژیاوه و له‌وده‌مه‌دا پێشبینیی ده‌ره‌نجامه‌کانی تێوه‌گلانی دواتری فه‌ڕانسه‌ش له‌گه‌ڵ سه‌رزه‌مینه موسڵمانه‌کان نه‌کراوه.
له‌ڕووی ئێتیمۆلۆژییه‌وه، وشه‌ی لائیک له “لائۆس”ی لاتینییه‌وه هاتووه که به مانای خه‌ڵکی ئاساییه، به‌پێچه‌وانه‌ی “کلێرک” که به‌و که‌سانه ده‌گوترێ که سه‌ر به کلیسان. وه‌ک چه‌مکیش، لائیسیته له مێژووی هزری سیاسی‌دا ته‌نیا تایبه‌ت به فه‌ڕانسه نییه. ڕه‌گ و ڕیشه‌ی ئه‌و چه‌مکه بۆ ڕۆم و یونانی کۆن (ئێپیکور، مارک ئۆرێل) ده‌گه‌ڕێته‌وه و له‌نێو ئه‌و بیرمه‌ندانه‌ی “رووناکی”یش که ئه‌م چه‌مکه‌یان داڕشتوه ته‌نیا ڤۆلتێر و دیدرۆی فه‌ڕانسه‌یی نابینرێن، به‌ڵکوو جۆن لۆکی ئینگلیسی و مادیسۆن و جێفێرسۆنی ئه‌مریکاییش هه‌ن. تایبه‌تمه‌ندیی فه‌ڕانسه (شتێک که ده‌بوو له‌لایه‌ن ئیسلامیسته‌کانه‌وه به ئیمتیاز بۆی حیساب بکرێ) ئه‌وه‌یه که له‌جیاتی به‌رزکردنه‌وه‌ی سێکولاریزم که به مانای داماڵینی به‌ستێنی گشتی له هه‌رچی ئایینه، چه‌مکی لائیسیتهی هه‌ڵگرتووه که به مانای بێلایه‌نیی ده‌وڵه‌ت له به‌رامبه‌ر ئایینه‌کاندا و نه‌بوونی ئایینی ڕه‌سمی و ڕێزگرتن له هه‌موو ئایینه‌کان دێ.
به له‌به‌رچاوگرتنی شه‌ڕی ئایینی له ئورووپا و ڕۆڵی کلیسا له‌و نه‌زمه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌دا که شۆڕشی فه‌ڕانسه سه‌رله‌به‌ری هه‌ڵوه‌شاند، پاشه‌کشه به ئایین و ده‌سه‌ڵاتی کلیسا یه‌کێک له ده‌سکه‌وته‌کانی ئه‌و شۆرشه بوو که نزیکترین ده‌ره‌نجامی ده‌ستداگرتن به‌سه‌ر زه‌وی و زاری کلیسا و کۆتایی هێنان به ته‌مویل (پاره‌پێدان) به هیچ مه‌زهه‌بێک له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌وه بوو. دیاره له سه‌روبه‌ندی شۆڕشی فه‌ڕانسه‌دا کاتۆلیکه‌کان له‌گه‌ڵ چینی سێهه‌م که مۆتۆری سه‌ره‌کیی ئینقلاب بوون که‌وتن، به‌ڵام چه‌ند ساڵێک دواتر له سه‌رده‌می “تێرۆر”دا ئه‌وان به‌ته‌واوی که‌وتنه به‌ر غه‌زه‌ب. دواتر به هۆکاری سیاسیی نێوخۆیی و ده‌ره‌کی ناپلیۆن به په‌سندکردنی سیستمی “کۆنکۆردا ” (١٨٠١) له‌گه‌ڵ کلیسا ئاشت بۆوه و به‌بێ ئه‌وه‌ی زه‌وی و زاره‌کانیان بۆ بگه‌ڕێنێته‌وه، ڕێگه‌ی دا پیاوانی ئایینی له‌ژێر چاوه‌دێریی ده‌وڵه‌ت و به مووچه‌ی ده‌وڵه‌ت ده‌ست به تێکۆشانی خۆیان بکه‌نه‌وه. پاش کۆتایی هاتنی ده‌سه‌ڵاتی ناپلیۆن کێشه‌ی جێگه و پێگه‌ی کلیسا به چه‌شنێکی دیکه سه‌ری هه‌ڵدایه‌وه تا ئه‌وه که پاش شۆڕشی ١٨٤٨ بۆرژوازیی لیبرالی فه‌ڕانسه له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی خۆیدا له‌گه‌ڵ کاتۆلیکه‌کان ڕێککه‌وت و کۆمه‌ڵێک ئیمتیازی بۆ په‌ره‌پێدانی چالاکییه‌کانی کلیسا له به‌ستێنی گشتیدا پێبهخشینەوه.
به‌هۆی ده‌ره‌نجامه‌کانی ده‌ستڕۆیشتوویی هێشتا دیاری کلیسا له به‌ستێنی گشتیدا و له‌گه‌ڵ به‌هێز بوونی چه‌په‌کان له کۆماری سێهه‌می فه‌ڕانسه‌دا، کۆتاییه‌کانی سه‌ده‌ی نۆزده و سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌می فه‌ڕانسه شایه‌تی ڕه‌وتێکی پێچه‌وانه به زیانی ده‌سه‌ڵاتی دامه‌زراوه مه‌زهه‌بییه‌کان بوو. له‌ژێر کاریگه‌ریی هێندێک ده‌وڵه‌تمه‌داری چه‌پی وه‌ک “ئێمیل کۆمب” که کۆنه قه‌شه‌یه‌کی هه‌ڵگه‌ڕاوه له ئایین بوو، هه‌موو بنیاته گشتیی مه‌زهه‌بییه‌کان هه‌ڵوه‌شانه‌وه و له‌مه‌ولا ته‌نیا به ڕه‌زامه‌ندیی ده‌وڵه‌ت و له شکڵی ئه‌نجومه‌ندا ده‌یانتوانی درێژه به تێکۆشانی خۆیان بده‌ن. هه‌روه‌ها قانوونه‌کانی “ژوول فێری” له‌باره‌ی خوێندن، قوتابخانه‌ی حکومه‌تیی به ته‌واوی لائیسیزه (به‌عیلمانی) کرد. کۆی ئه‌و هه‌نگاوانه جیا له‌وه که پچڕانی پێوه‌ندییه‌کانی فه‌ڕانسه و ڤاتیکانی لێکه‌وته‌وه، له هه‌موو ئه‌و کێشانه‌دا که ڕه‌هه‌ندێکی مه‌زهه‌بییان هه‌بوو (به‌تایبه‌تی له کاتی قه‌زیه‌ی درێفووزدا که کاپتنێکی جووله‌که‌ی بەناهەق تۆمه‌تبارکراو به خیانه‌ت بوو) هه‌ستیارییه‌کی دروست کردبوو که سیستماتیک کۆمه‌ڵگای فه‌ڕه‌نسیی به‌سه‌ر دوو جه‌مسه‌ردا دابه‌ش ده‌كرد.
هه‌موو ئه‌م کێشه و ململانێیانه سه‌ره‌نجام وای له بیروڕای گشتی و زۆرینه‌ی بژارده‌کانی فه‌ڕانسه کرد که شێلگیرانه له‌سه‌ر بهمهقسهد گه‌یاندنی کاروانی لائیسیزاسیۆنی ده‌وڵه‌ت سوور بن. مێعماری ئه‌م قۆناغه چاره‌نووسسازه‌ش ده‌وڵه‌تمه‌ردی گه‌وره‌ی مێژووی فه‌ڕانسه ”ئاریستید برییان” بوو که یاسای ساڵی ١٩٠٥ له‌پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ “جیاکردنه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت و کلیساکان”ی به‌په‌سند گه‌یاند، یاسایه‌ک که وێڕای ڕاگه‌یاندنی ئازادیی ویژدان و گه‌ره‌نتیی ته‌مرینی ئازادانه‌ی ئایین، سیستمی کۆنکۆردا بۆ سه‌رجه‌م فه‌ڕانسه (جگه له ده‌ڤه‌ری ئه‌لزاس و مۆزێل)ی هه‌ڵوه‌شانده‌وه، هه‌ر جۆره بودجه‌یه‌کی ده‌وڵه‌تی بۆ بنیاته مه‌زهه‌بییه‌کانی ڕاگرت و له‌سه‌ر ئه‌و بنیاتانه‌ی فه‌رز کرد که وه‌ک ئه‌نجومه‌ن کار بکه‌ن و بۆخۆیان خۆیان بژیه‌نن.
سه‌رنجڕاکێشه که بزانین له سه‌رده‌مێکدا که ئاینی ئیسلام هیچ حزوورێکی له دیبه‌یتی سیاسیی فه‌ڕانسه‌دا نه‌بوو، مه‌سیحییه ئۆرتۆدۆکسه‌کانیش له باس و خواسی نێوخۆیی ئورووپادا – وه‌ك ئیسلامی سیاسیی ئه‌مڕۆ ده‌یکا- یاده‌وه‌ریی مێژوویی خۆیان و خه‌ڵکیان به‌لای شه‌ڕه خاچییه‌کاندا نه‌ده‌برده‌وه و که‌س فکری بۆ ده‌ره‌نجامه کۆچبه‌رییه‌کانی سیاسه‌تی ئیستعماری یان پێداویستیی دواتری فه‌ڕانسه به هێزی کاری موسڵمان نه‌ده‌چوو (به‌شی زۆری موهاجرانی موسڵمان له شه‌سته‌کانی زایینی‌دا ڕوویان له فه‌ڕانسه کردووه)، سه‌ت و بیست ساڵ پێش ئێستا ئاریستید برییان ناچار بوو به‌رده‌وام وه‌بیر به‌رهه‌ڵستکارانی قانوونه‌که بێنێته‌وه که سه‌قامگیرکردنی پره‌نسیپی جیایی ده‌وڵه‌ت له نیهادی دین به‌مه‌به‌ستی سه‌رکوتکردنی کاتۆلیکه‌کان نییه!
گرینگیی ئه‌م یاسایه بۆ ژیانی دامه‌زراوه‌یی و کۆمه‌ڵایه‌تیی فه‌ڕانسه به چه‌شنێکه که ده‌ستووری کۆماری پێنجه‌می فه‌ڕانسه (١٩٥٨) به پێویستی زانی له ماده‌ی یه‌که‌می خۆیدا لائیک بوونی کۆماری فه‌ڕانسه ڕابگه‌یه‌نێته‌وه.