تایتێڵی ئەم بابەتە گرێدراوی ئه‌م ڕوانگه‌یه‌یه كه بە حوکمی ئەوەی زۆرێک لە چاوەدێرانی سیاسی پێیان وایە کۆماری ئیسلامی لەم قۆناخەی ئێستادا لە خراپترین دۆخی خۆیدایە، ئایا به‌ڕاستی به‌ره‌و هه‌ڵدێری نه‌مان ده‌چێ؟ پرسیارێک کە هەموو جارێ له دۆخێكی هاوشێوه‌دا له ماوه‌ی ٤١ ساڵی ڕابردوودا به‌رده‌وام هاتۆته گۆڕێ. واته ٤١ ساڵە زۆر جاران چاوەدێرانی سیاسی دەڵێن ئەوڕۆ نا سبەینێ کۆماری ئیسلامی دەڕووخێ، جا بۆیە ڕەنگە به‌جێ بێ كه دەسپێکی باسەکەمان بەو پرسیارە دەست پێ بکه‌ین بۆچی کۆماری ئیسلامی ناڕووخێ؟ بۆچی کۆماری ئیسلامی سەرەڕای ئەوەی زیاتر لە ٤١ ساڵە لە دۆخێکی قەیراناویدایە بەڵام تا ئێستا هه‌ر له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاته؟
لە تەواوی ئەم ساڵانەدا کە کۆماری ئیسلامی لەسەر کار بووه قەیرانی به قەیران تێپەڕ کردوە و هەتا ئێرەی هێناوە و هه‌ر ئێستا ملی دهبەر ملی زلهێزترین وڵاتی جیهان ناوە و ئێستا خەریکی ئەوەیە له‌گه‌ڵ لایه‌نێك دانوستان بکا یان بە جۆرێک لە جۆرەکان کێشەکەی یەکلا كاتەوە. بۆ ئەوەی بڵێم کۆماری ئیسلامی بۆ تا ئێستا توانیوییەتی لەسەر پێ ڕاوەستێ دوو لایەنم لەبەرچاو گرتوە، لایەنی یەکه‌م لایەنی سه‌خت ئامێری باسەکەیە. مەبەستم لە لایەنی سه‌خت ئامێری ئەوەیە ڕەنگە هیچ نەتەوەیه‌ک له ئێران وەکوو کورد هەستی بە دەزگای سەرکوت و داپڵۆسینی کۆماری ئیسلامی نەکردبێ، هیچ نەتەوەیه‌ک لە ماوەی هاتنە سەر کاری کۆماری ئیسلامی بەقەد کورد تووشی چارەڕەشی و کوشت و کوشتار و ئاوارەیی نەبووە. بۆیە ڕەنگە ئێمە لە هەموو نەتەوەیه‌ک زیاتر هەستمان بەوە کردبێ دەزگای سەرکوت و ماشێنی كوشتاری کۆماری ئیسلامی لە نێوخۆدا چەندە بە زەبر بووە، چەند قات بەزەبرتر بووە بە نیسبەت نەتەوەکانی دیکە. سەیر که حوكمی هه‌ر جیابیرێكی سیاسی لە کوردستاندا زیندان، ئێعدام و ئەشکەنجە بووه.
لە پەنا ئەمه ئێمە لەو حكوومه‌ته‌دا هەمیشە قوربانیی شتێکی دیکە بووین كه بریتییه لە تیرۆری دەوڵەتی یان باشتر بڵێم تیرۆری سیستماتیکی دەوڵەتی. کە سەیر دەکه‌ین دەبینین حیزبی دێموکرات سەرکردەکانی لە دەرەوی وڵات تیرۆر دەکرێن، لە نێوخۆی وڵات‌دا لە باشوور، لە ئاست و ڕهدە جۆربه‌جۆره‌كان كادر و ئه‌ندام و پێشمەرگە تیرۆر دەکرێن، بە شێوەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ! کەوابوو، کۆماری ئیسلامی تەنیا زمانێکی کە تا ئێستا لەگەڵ کورد زانیویەتی زمانی كوشتن و هه‌ڕه‌شه بووه، دیاره ڕەنگە ئه‌مه بۆ نەتەوەکانی دیکەش هەبێ، بەڵام بە حوکمی ئەوەکە ئەو شتە لەنێو ئێمەدا خەستتر بووە ڕەنگە بەرهەستتر بێ.
بۆیە کۆماری ئیسلامی لایەنی سه‌خت ئامێری بە کار هێناوە بۆ ئەوەی دەسەڵاتی خۆی پێ ڕاگرێ. ئەوەی دیومانە لە هەموو خۆپیشاندانەکاندا لە هەموو ئەو شوێنانە کە دەنگ هەڵبڕین و ناڕەزایەتی هەبووە کراوە. لە دوو سێ ساڵی ڕابردوودا بە تایبەت لە بەفرانباری ٩٦ و خەزەڵوەری ٩٨، ئێمە دیتمان خەڵک ڕژانە سەر شەقامەکان و وڵامی داواکارییەکانی هەرچەند بەڕواڵەت ئابووریی خەڵک گوللە بوو. بۆیە یەکێک له تایبەتمەندییه سه‌ره‌كییه‌كانی هەر سیستمێکی تۆتالیتێر ئه‌وه‌یه كه بە زەبری چەک و کوشتن دەیهەوێ لەسەر پێ ڕاوستێ ئەوە لایەنی سه‌خت ئامێرێکەیەتی کە هەموومان هەستمان بەو کردەوە. بەڵام لایەنێکی دیکە کە بە باوەڕی من دەبێ به‌جیددی هەڵوێسته‌ی لەسەر بكرێ، كه کەمتر ئاوڕی لێ دراوەتەوە و شاردراوەتەوە لایەنی نەرم ئامێرییه!
کۆماری ئیسلامی چۆن توانیوێتی هەتا ئێستا خۆ ڕابگرێ، ئەو دوڕگەیەی کە لە تەواوی دنیای مۆدێرن دابڕاوە و لەگەڵ چه‌مكه‌كانی دێموکراسی و ئازادی نامۆیە چۆن توانیوێتی تابشت بێنێ! بە باوەڕی من ئه‌مه دەگەڕێتەوە سەر لایەنی سیاسەتە نەرمئامێرییەکانی کۆماری ئیسلامی. له هه‌ناوی ئه‌م لایه‌نه نهرمئامێرییهدا من چهمكێكم ده‌سنیشان كردوه كه به “ئاڵترناتیڤوسازی” ناوزه‌دم كردوه. من ئەو چەمکهم بۆ ئەوەی دەکار كردوە كه زۆر جاران دەنگۆی ئەوە دێتە گۆڕێ دەڵێن ئەمریکا و وڵاتانی ئورووپایی و وڵاتانی دەرەوە ترسی ئەوەیان هەیە لە دوای کۆماری ئیسلامی چ دەسەڵاتێکی دیکە دێتە سەر کار؟
کە چاو لە ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی دەکەن، ئه‌وان پێیان وایە ئەم ئۆپۆزیسیۆنە ئەو تواناییەی نییە کە جێگرەوەی کۆماری ئیسلامی بێ و لە هەمان کاتدا شانسێکی گەورە کە کۆماری ئیسلامی هێناوێتی ئەوەیە كه ئۆپۆزیسیۆنێکی یه‌ك هه‌ڵوێست و یەکگوتار و یەکدەستی نییە.
ئەگەر سەیری ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی بکەی، لە ڕاستی ڕاسته‌وه تا چەپی چەپه‌وه پێکەوە ناکۆکن. لەسەر خاڵی زۆر بچووک ناتوانن وێژمانێکی هاوبەشیان هەبێ. لەو نێوەدا کۆماری ئیسلامی ژووری بیرکردنەوەی هەیە، لە خۆڕا ئەو وڵاتە هەتا ئێستا ٤١ ساڵ نییە لەسەر پێیە. ئەوان هاتن ئاڵترناتیڤوسازییان کرد هەر ئێستا لە دوو حەوتووی ڕابردوودا، لایەنێک پەیدا بووە کە پێشتر دەسەڵاتیان بە دەستەوە بووە لە ئێران و خەریکه مێدیاکان و سۆشیاڵ مێدیا گەورەی دەکەنەوە بۆ ئەوەی نیشانی بدەن تەنیا ئاڵترناتیڤو و تەنیا لایەنێک کە دەتوانێ هەڕەشە لە بوونی کۆماری ئیسلامی بکا، ئەو لایەنەیە! بەڵام لەسەر عەرزی واقیع لە نێو خەڵکی خۆماندا تەنانەت لەنێو نەتەوەکانی دیکەدا بە کوردیشەوە ئەو لایەنەی کە ئەوان دەیانهەوێ گەورەی کەنەوە جێگەوپێگەیەکی ئەوتۆی نییە. لە ماوەی ٤١ ساڵی ڕابردوودا ئەو ڕەوتهی کە ئێستا زەق دەکرێتەوە لەنێو مێدیاکانی فارس زماندا بە تایبەتی هیچ جێگەوپێگەیەکی نەبووە، حزوورێکی مەیدانی نەبووە. بەڵام کۆماری ئیسلامی دێنێ تەنانەت لە قسەکانی ڕێبەری باڵای ئەو وڵاتەدا دێ ڕێک باسی ئەو لایەنە دەکا کە ئێمە پێمان وایە جێگەوپێگەی نییە، بۆ؟ کۆماری ئیسلامی دەیهەوێ ئاڵترناتیڤوسازی بکا، دەیهەوێ بڵێ ئاڵترناتیڤوی من ئەوەیە. بۆخۆی دەزانێ ئەو ئاڵترناتیڤە، ئەو لایه‌نە کە ئەو باسی دەکا نە ئەو هێزەی هەیە نە ئەو تواناییەی هەیە و نە ئەو ڕێکخراوەیە و نه ئه‌و ئۆرگانیزێیشێنەی هەیە… كۆماری ئیسلامی لە تەواوی ئەو ٤١ ساڵەدا ئەو کارەی کردوە.
لە سەردەمی ئۆبامادا بەپێی ئەو ئامارانەی کە خۆیان داویانەتە دەرێ زیاتر لە ٢٠٠ مامۆستا خزاونەتە نێو زانکۆکانی ئەمریکاوە کە لە ئێرانەوە هاتوون. هەر ئێستا حوسێن مووسه‌ویان کە لە جەرەیانی دادگای میکۆنووس (تیرۆری شه‌هید دوکتور شەڕەفکەندی) باڵوێزی ئێران بوو لە ئاڵمان ئێستا لە زانکۆی پرینستۆن وەکوو لێکۆڵەر خەریکی کاری لێکۆڵینەوەیە. نموونەی ئەوانە زۆرن کە بەردەوام دەخزێنە نێو مێدیای فارس زمان بۆ داکۆکی کردن لە کۆماری ئیسلامی. ڕەنگە بەڕواڵەتێکی مۆدێرن کڕاوات لێدەن، ڕدێن بتاشن، واته بە پێچەوانەی قەوارە مۆرفۆلۆژیكییهی کۆماری ئیسلامی، به‌ڵام داکۆکی لە ڕێژیمی ئێران دەکەن. ئەوانە هەموو سیاسەتێکن کە خەریکە ئاڵترناتیڤوەکان بەرەو ئەو ئاقارە دەبه‌ن. بۆیە من پێم وایە یەکێک لە هەرە هۆکارەکانی کە بە باوەڕی من زۆر گرینگە، ئاڵترناتیڤوسازییە تا زه‌ینی تاک و کۆمەڵگای ئێرانی به‌م شێوه‌یه له‌باری ڕەوانییهوه ته‌خلیه كه‌ن. بەرەو ئاقارێ بەرن کە بڵێین به‌ڵێ ئه‌مه‌یه ئۆپۆزیسیۆنی دژبه‌ری کۆماری ئیسلامی! ئۆپۆزیسیۆنێک کە هیچ تواناییەکی نییە، هیچ هێز و دەسەڵاتێکی نییە کە لە داهاتوودا بتوانێ خەڵک لەگەڵ خۆی هاوتەریب بکا و یا بێتە ڕێنیشاندەر بۆ خەڵک!
بابه‌تێكی تر کە هەر لە بازنەی ئەم نەرم ئامێرییەدا ده‌كرێ شه‌نوكه‌و كرێ، چه‌مكێكه به نێوی “سازکردنی کەلێنەکان”. ئه‌م كه‌لێن سازییه یه‌كێ له سیاسه‌ته‌كانی تری کۆماری ئیسلامی بووه لە ماوەی ٤١ ساڵی ڕابردوودا. بۆ نموونە له په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد، وه‌ك ده‌بینین هەمیشە کوردی شیعە یەکێک لە هەرە غایبە سەرەکییەکانی ئەو بزووتنەوەیە بووە. ئێمە کوردین وەکوو نەتەوە، بەڵام بەسەر کوردی سوننە، شیعە و یارسان و…دا دابەش کراوین و دەسەڵاتی سیاسی هەمیشە هەوڵی داوە کوردی شیعە بۆ لای خۆی پەلکێش بکا و كه‌لێن و بۆشاییه‌كی گه‌وره بۆ به ئه‌نجام گه‌یاندنی مه‌به‌سته‌كانی خۆی سازبكا.
دیارە جگه له سازكردنی کەڵێنی ئایین و ئایینزایی وەک کەلێنی شیعە و سوننە، زۆر کەلێنی تریشی پێك هێناوه وه‌ك کەلێنی چینایەتی، کەلێنی ڕەگەزی، كەلێنی نەوەکان و… كه ئەم كەلێنانە دواجار ڕێگر بوون لەبەردەم سازبوونی گوتارێكی هاوبەش، ڕێك ئه‌و شته‌ی كه كۆماری ئیسلامی نه‌خشه و پلانی بۆ داڕشتوه.
بۆیە پڕ کردەنەوەی ئەو کەلێنانە له‌سه‌ر ئاستی بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی كوردی ئەرکی حیزبەکانە بە تایبەتی حیزبی دێموکراتی کوردستان كه وه‌ك ئاڵاهەڵگری هاوتەریب كردنی خه‌باتی نێوخۆ و ده‌ره‌وه ده‌یه‌وێ ده‌ور بگێڕێ. كه‌وابوو دەبێ یەکێک لە هەوڵەکانی ئەوە بێ سه‌ره‌تا ئاڵترناتیڤوسازییەكه پووچەڵ کاتەوە و دواتر دەبێ ئەو کەلێنانە پڕ کاتەوە.
بە باوەڕی من ئەوە کارێکی فیکرییە كه دەبێ هەوڵی بۆ بدرێ و قسەی لەسەر بکرێ و بخه‌مڵێندرێ.
بابه‌تێكی تر دەگه‌ڕێتەوە سەر هەناردەکردنی شۆڕش یا ئەو شتەی کە ئەوان وەکوو “صدور انقلاب” باسی دەکه‌ن. هەناردەکردنی شۆڕش، لە ڕاستیدا درێژ کردنەوەی قووڵایی ستراتیژیکی کۆماری ئیسلامی بوو وه‌ك پرسێكی ئه‌منی بۆ پاراستنی ڕێژیم. بۆیه لە سنوورەکانی سووری‌و و لە سنوورەکانی لوبنان و عێراق و به گشتی له ناوچه‌ی هیلالی شیعی، کۆماری ئیسلامی حزووری هەبوو. ئه‌مه تا بەر لە كوشتنی سوله‌یمانی كاركردی خۆی هه‌بوو به‌ڵام بە تەعبییری هێندێک لە دۆستان، ماڕاڵاگۆ ئەو هاوینه‌هه‌واره‌ی کە تڕا‌مپ لەوێ فەرمانی کوشتنی قاسمی سوله‌یمانیی دابوو، دەڵێن ماڕاڵاگۆ کۆتایی قووڵایی ستراتیژی کۆماری ئیسلامی بوو. ئێستا مەسەلەی قووڵایی ستراتیژیك ڕێک پێچەوانە بۆته‌وه، به‌تایبه‌تی له دوای كوشتنی قاسم سوله‌یمانی و هه‌روه‌ها لە دوایی ئاسایی کردەنەوەی په‌یوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و چەند وڵاتی عەڕەبی (كه ئه‌مه هه‌ر به‌رده‌وامه) لە ئێستادا کۆماری ئیسلامی لە سووریە و یەمه‌ن و لوبنان دابڕاوە. یانی ئەو گوشارە ئابوورییانە وای کردوە کە نەتوانێ یارمەتی ماڵی و نیزامی بدا. بۆیه ئەوجارە هاوکێشەکە بە پێچەوانە بۆتەوە و ئەوە ئیسڕائیلە كه قووڵایی ستراتیژیکی لە سنووره‌كانی خۆی به‌ره‌و باشووری ئێران و كه‌نداو پەرە دەستێنێ.
جگه لە دوو لایەنی ڕەق ئامێری و نەرم ئامێری كه باسم كرد هێندێک هۆکاری پێکهاتەییش هەن كه ئاماژه‌یان پێده‌كه‌م. ئه‌وه‌ی ڕاستی بێ گه‌لانی ئێران نیشانیان داوە، کە بە دژی کۆماری ئیسلامی هەمیشە لەسەر هێڵ بوون. سه‌یری ٢٠ ساڵی ڕابردوو بكه:
ساڵانی ١٣٧٨ بزووتنەوەی خوێندکاری لە ئێران سەرهەڵدهدا له گەورە شارەکان، ئەو شوێنانەی زانکۆی گەورەی لێ بوو، ده ساڵ دواتر دێینە سەر بزووتنەوەیەک بە ناوی بزووتنەوەی سەوز، بەدەر لە شێوازی بیركردنه‌وه و لایەنه‌كانی به‌شدار، مەبەستم لایەنی ناڕەزاییەتی مەسەلەکەیه. دواتر سه‌رهه‌ڵدانه‌كانی بەفرانباری ٩٦ و خەزەڵوەری ساڵی ٩٨ كه له ئاكامدا كاره‌ساتی زیندان و كوشتن و ئێعدامی خه‌ڵكی لێ كه‌وته‌وه. به‌ڵام بە داخێکی گرانەوە وه‌ك ده‌بینین ئه‌م سه‌رهه‌ڵدانانه مه‌ودایەکی زۆری تێدەکەوێ، و له‌سه‌ر یه‌ك كه‌ڵه‌كه نابێ و وه‌ك ئه‌وه‌یه هه‌موو سه‌رهه‌ڵدانێك له سیفره‌وه له بۆشاییه‌وه ده‌ست پێ بكاته‌وه!
ئه‌وه‌ش خاڵێكی پێكهاته‌ییه بۆ ئه‌وه‌ی کۆماری ئیسلامی لەسەر پێ بمێنێته‌وه. هه‌موومان باش ده‌زانین کەڵەکە بوونی داخوازییەکانه کە دواجار خەڵک دێنێتە سەر شەقامەکان و بە قەولی لێنین دەڵی: “شۆڕش کاتێک ڕوو دەدا، خەڵک بگاتە ئەو جێگایەی چی تر تاقەتی سیاسەتەکانی حکوومەتەکهی نه‌مێنێ”. ئێمه دیتمان له‌م ڕاپه‌ڕینانه‌ی دواییدا چه‌ند هه‌زار كه‌س كوژران و بریندار بوون به‌ڵام به حوكمی بەردەوام نەبوونی داواکارییهكانی خه‌ڵك، دیسان ئێمە هاتینه‌وه سەر خاڵی سیفر.
واته ئه‌م جموجۆڵەی کە تەواوی شارەکانی داگرتبوو به حوکمی به‌شه سه‌خت ئامێرییهكهی باسم لێوه‌كرد کە خەڵکی پێ سەرکوت دەکرێ دەڕوا بۆ دوو سێ ساڵی دیکە، وەکوو ئەوەیە ئەو جموجۆڵە سەر لە نوێ لە بۆشایی دەست پێ بکاتەوە.
بۆیە یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی شۆڕش، پهرهگیربوون و بەردەوامییە. پهرهگیربوون بەو مانایە کە تەواوی وڵات بگرێتەوە و بەردەوام بوون بەو مانایهیە کە مه‌ودایه‌كی زۆر بۆ ڕاپه‌ڕین ساز نه‌بێ. ئەوە له پێناسەی کلاسیکی هەموو شۆڕشه‌کاندا هەیە.
هەروەها دیسان لە په‌یوەندی لەگەڵ هۆكاره پێکهاتەییهكاندا، نەبوونی ئۆپۆزیسیۆنێکی جیدی وەک ئاڵترناتیڤو ده‌وری تایبه‌ت به خۆی هه‌یه. کاتێک سەددام حوسێن لە عێراق ڕووخا، مادڵین ئاڵبڕایت وەزیری دەرەوەی ئیداره‌ی كلینتۆن، ئۆپۆزیسیۆنی عێراقی كۆ كرده‌وه به شیعە به سوننه و كورده‌وه (ئەو کات کێشەی نێوان یەکیەتی و پارتی زۆریش بەرچاو بوو) لە لەندەن کۆنگرەیەکی بۆ سازکردن کە بە کۆنگرەی “معارضین” بەناوبانگە! کۆنگرەی “معارضین” ئەو شوێنە بوو كه بوو به سەرەتای تێکەوە پێچانی سەددام حوسێن. بەڵام بەداخەوە ئێستا ئۆپۆزیسیۆنێكی هاوشێوه‌ی عێراق له ئێران بوونی نییه، ته‌نانه‌ت ئێمە با ئەو ڕەخنەیەش لە خۆمان بگرین، لەنێو کوردا که‌سێکی ئەوتۆمان لێ هەڵنەکەوتووە کە بتوانێ هەموومان لە ژێر یەک چەتردا كۆكاته‌وه. خۆ ڕاستە سەردەمی کاریزما بەسەرچووە، ڕاستە سەردەمی تاک بەسەرچووە، بەڵام خۆ سەردەمی عەقڵی بەکۆمەڵ بەسەرنەچووە. حیزب یانی کاری بە کۆمەڵ، حیزب یانی ئاوەزی گشتی، بۆیە من پێم وایە لە نەبوونی ئۆپۆزیسیۆنێکی یەکگرتووی سه‌رانسه‌ریدا، كورد ده‌بێ ماڵی خۆی ڕێك بخا بۆ ئه‌گه‌ری هاتنه گۆڕێی هه‌ر چه‌شنه ئاڵوگوڕێك.
ئه‌گه‌ر كۆی ئه‌م خاڵانه‌ی وه‌ك لایه‌نی سه‌خت ئامێری و لایه‌نی نه‌رم ئامێری و هۆكاره پێكهاته‌ییه‌كان باسم كردن وه‌ك فاكتۆری مانه‌وه‌ی كۆماری ئیسلامی ڕه‌چاو كه‌ین، ده‌كرێ لهنگهرێكیش بگرین له‌سه‌ر ئه‌و خاڵانه‌ی ده‌بنه كاتالیزۆری ڕووخانی ڕژیم:
ئێستا کۆماری ئیسلامی بە حوکمی ئەو گۆشارانەی کە بە ماکزیمۆم پرێشێر ناسراوە و لە لایەن دەوڵەتی تڕامپەوە بەسەری داسەپاوە لە خراپترین دۆخی خۆیدایە.
کە سەیر دەکه‌ی لەنێوچوونی نرخی پارەی ئەو وڵاتە شتێکی سەرسوڕهێنەڕە! کاتێک کە ڕووحانی بوو بە سەرۆک کۆمار نرخی دۆڵارێک بە سێ هەزار تمەن سەودا دەکرا ئێستا دۆڵارێک بە زیاتر له سی هەزار تمەن مامڵه دەکرێ. ئەوە بەپێی هەموو فۆڕمۆڵێک بە پێی هەموو خوێندنەوەیەکی شۆڕشە کلاسیکهكان ڕۆیشتنی ئەو حکوومەتە هیچ شک و گومانی تێدا نامێنێ. بەڵام بەدەر لە هاوکێشە سیاسییەکان و ئەوە کە باس لەوە دەکرێ کۆماری ئیسلامی ڕه‌نگه جارێکی تر جامی ژەهر وەکوو خومەینی بخواتەوە، یان نەرمشێکی قارەمانانە وەکوو خامنەیی له خۆی نیشان بدا، جارێكی تر بووز ناخوا. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر پێمێل بێ به ١٢ مەرجەكه‌ی مایک پۆمپێئۆ، ئاخۆ ئه‌م ڕژیمه ده‌كرێ چی تر پێی بوترێ كۆماری ئیسلامی؟ واته ئەگەر کۆماری ئیسلامی لە زاتی خۆیدا حکوومەتێکی ئایدۆلۆژیکە، بێنێ ئەو مەرجانە جێبەجێ کا ئایا ئەوە هەمان کۆماری ئیسلامی دەبێ؟ بەبێ هیچ شک و گومانێک نا. لە لایەکی دیکەوە ئێران لە نێوخۆدا تووشی ده‌یان قەیرانی وردودرشت بووە. ئێستا خه‌ڵك باس لەوە دەکا دەڵێن ئێوە ٤١ ساڵە لەبەرامبەر ئەو دروشمانەتان به دژی دنیا، ئێرانتان تەریک خستۆتەوە، ئێرانتان ئیزۆلە کردۆتەوە، ئێرانتان خستۆتە نێو دوڕگەیەک ئه‌دی ئێستا چۆنە دوای ٤١ ساڵ بە ئەو قەناعەتە گەیشتوون ئه‌وه‌ی هه‌یه و نییه وه‌لای نێن؟ بۆیه وڵامێک بۆ ئەم خەڵکە لە گۆڕێ‌دا نییە.
بۆیە من پێموایە ئەوە یەکێک لە مەسەلەکانە کە دەبێ بە شێوەیەکی هیوابەخش لێی بڕوانین. مەسەلەیەکی دیکە دەگه‌ڕێتەوە سەر ئەو بزووتنەوە ئانڵاینانەی کە، ئەمڕۆ بۆ وێنه لە تویتێردا کۆمەڵانی خەڵکی ئێران ڕوویان تێکردوە و تەنانەت هه‌ندێ جار پاشەکشهیان به ده‌سه‌ڵات کردوە. من دوو نموونە دێنمەوە بۆ ئەوەی کارتێکەریی ئەو بزووتنەوە ئانڵاینانە، ئەو بزووتنەوە کۆمەڵایەتییانەی کە لەسەر ئینتێرنێت ڕوو دەدەن نیشان بده‌م. ئەمڕۆ تویتێر بۆتە گۆڕەپانێکی بەربەرین بۆ خەبات بە دژی کۆماری ئیسلامی و دەست و پێوەنده‌کانی. هەر چەند ڕۆژ لەوه‌پێش پێش نوێژی هەینی ئیسفەهان و بۆجنوورد لە خوراسان گوتبوویان دەبێ هێزە چەکدارەکان و هێزەکانی ئینتیزامی لە نێوخۆدا کەشوهەوا بۆ ژنان نائەمن کەن. ده‌سبه‌جێ دەقی قسەکانیان لە تۆڕە كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا بڵاو بۆوە و هەڵمهتێکی به‌رفراوان سازبوو بە دژیان و بوو بە هۆکارێک کە هەردووکیان له قسەکانی خۆیان پاشگه‌ز ببنه‌وه.
یان لە پێوەندی لەگەڵ ئێعدامی زیندانیانی سیاسی‌دا ئێمە “هووشەنگ عەلیپوور”مان هەبوو کە حوکمی ئێعدامی بۆ هاتبۆوە، به‌ڵام ئەو هەشتەگانهی بۆی سازبوو، بوو به هۆكاری پاشگه‌ز بوونه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات له‌م حوكمه.
بەهەرحاڵ ئێمە دەبێ ئەوەمان لەبیر بێ خەبات هەمیشە بە ئاکام ناگا، بەڵام کشانەوە و له شلێدانیش ئێمە بە ئەنجام ناگەیهنێ. بۆیە ئەوەش دەتوانێ بێتە یەکێک لەو گۆڕەپانانەی کە پاشەکشە بە کۆماری ئیسلامی بکا کە بەداخەوە، ئێمەی کورد لەو بوارەدا زۆر کەمتهرخهمین و ئەوە کایەیەکی مێدیاییە کە ئەتۆ دەبێ بوونت هەبێ.
بۆ وێنه یەکێکی وەکوو تڕا‌مپ به تویتێر سیاسه‌ت دەکا، کەوابوو ئەو بەستێنێکی لەبارە بۆ ئەوەی بە دژی کۆماری ئیسلامی چالاكیت هه‌بێ. ئه‌و هەشتەگهی ماوەیه‌ك له‌وه پێش بۆ خامنەیی سازكرابوو، ڕەنگە شەعنی وێبیناره‌كه نەهێڵێ باسی ئەو ڕستەیە بکه‌ین کە بوو بە ترێندی یەکەمی توییتی فارسی. مەبەستم ئەوەیە کە دەسەڵات لە باری مێدیایی و سۆشیال مێدیاییەوە ناتوانێ زەفەر بە جیابیران و ئەو کەسانه‌ی جیاوازن، به‌رێ.
بۆیە دەتوانێ کارتێکه‌ریی زۆر ئەرێنی هەبێ. سەبارەت بە مەسەلەیەکی دیکە وەکوو عەرزم کردن، لە دوایی کوژرانی قاسم سوله‌یمانییەوە، ئەو دەسەڵات و هەیمەنەیە کە کۆماری ئیسلامی هەیبوو نه‌یما، پۆڕتی شکا. قاسم سوله‌یمانی و عەلی خامنەیی دەتوانین بڵێین نوێنگەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامین بە شێوەیەکی ڕەمزی. کە من وەکوو دوانەی ئاخوند-پاسدار ناوم هێناوەن. ئاخوندێک وەکوو خامنەیی و قاسم سوله‌یمانی یان سەردار جەعفەری یان سەردارەکان و پاسدارەکانی دیکە. بەبێ هیچ شک و گومانێک قاسم سوله‌یمانی لە تەواوی ئەو کەسانەی کە لەنێو ئەو حکوومەت دان لە باری مادی، چەکداری و نفووزی کەلامەوە کاریگەریی پتر بوو.
بەڵام بە لە نێوبردنی قاسم سوله‌یمانی قووڵایی ستراتیژیکی کۆماری ئیسلامی کۆتایی پێهاتوە. ئێستا حووسییەکانی یەمەن دێنن دیلەکانیان لەگەڵ عەڕەبستان و دەوڵەتی یەمەن دەگۆڕنەوە، لوبنان هاتۆتە سەر ئەو قەناعەتی چی دیکە باج نەدا بە حیزبوڵڵای لوبنان، لە سووریە دەبنین ئیسراییل بەردەوام لە بنکە نیزامییەکانی کۆماری ئیسلامی دەدا و کۆماری ئیسلامی هەتا ئێستا فززەی لێ نەهاتووە.
یا ئاسایی کردنەوەی پێوەندی نێوان ئەو چەند وڵاتە عەڕەبییە لەگەڵ ئیسڕائیل کە بێ هیچ شک و گومانێک ئەمریکای لە پشت بووە و، وڵاتانی دیکە خەریکن پێوەندی خۆیان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی دەکەنەوە و ئێران خەریکە بەتەواوی تەریک و ئیزۆلە دەبێتەوە. لە هەمووی گرینگتر خەڵکی ئێران بەتایبەت کوردستان، نیشانیان داوە و من زۆر جار بەو غەیرە کوردانە دەڵێم کوردستان سەرمەشقێکی زۆر باشە بۆ ئەوەی گەلانی ئێران دەرسی لێ وەرگرن بۆ نافەرمانی و خەباتی مەدەنی.
ئێمە لە ڕەوتی مووشه‌کبارانی قەڵای دێموکرات دیتمان سه‌ره‌ڕای بوونی هەموو گوشارەكان حەماسهیهك خوڵقا، ئەو خەڵکە پەیمانیان لەگەڵ حیزبێک نوێ کردەوە کە ئەندامانی سەرکرداییەتی ئەو حیزبە لە کردەوەیەکی تیرۆریستی‌دا شه‌هید ببوون. دووکان داخستن و نه‌هاتنه‌ده‌ر له ماڵ، لەژێر گوشاری کۆماری ئیسلامی‌دا شتێکی هەروا سووک و سادە نییە. بۆیە بە باوەڕەی من شەقام ئەو جێگایەی کە دەسەڵات لێی دەترسێ بە دەست خەڵکەوەیە. خەڵک ئەگەر ئیرادە بکا و شەقام بە دەستەوە بگرێ هیچ دەسەڵاتێک ناتوانێ پێشی پێ بگرێ. بەڵام وەک گوتم ئەو تابۆیە شکاوە، تا بەفرانباری ساڵی ٩٦ ئێمە ئەوەمان نەبوو ئێمە لە کوردستان چەند جار ئەوەمان نیشان داوە، لە جەرەیانی شەهید کردنی ڕێبەرانی حیزبی دێموکرات ئەوەیان نیشان دا، من لە نێوخۆی وڵات‌دا شاهیدی ئەو جەرەیانە بووم دیومە، یان ئێعدامی گەنجەکان بۆ وێنه بۆ یەکێکی وەکوو شه‌هید فەرزاد کەمانگر خەڵک دووکان و بازاڕیان بۆ داخست بۆیە من پێم وایە هەر ئێستا شەقام بە دەست خەڵکەوەیە.
دیاره داڕمانی کۆمەڵایەتی و ئەخلاقی هه‌ر باسی لێ ناکه‌ین کە ئەمە بەرەو چ ئاقارێک ده‌ڕوا!
ئەگەر بمەوێ قسەکانم کۆکەمەوە و بەرچاوڕوونییهک بدەم بە باسەکهم دەمەوێ باسی ئەوە بکەم كه کۆماری ئیسلامی ئێستا تەواوی هێز و توانای خۆی وەگه‌ڕ خستووە دۆخی هه‌نووكه‌یی خۆی بپارێزێ، ئەو تویته‌ی کە دوو ساڵ لەمەوبەر خامنەیی نووسی کە ئێمە نە شەڕ دەکەین و نە وتووێژ بۆ ئه‌وه بوو كه لە ئەگەری نەبوونی تڕامپدا بتوانن بگەڕێنەوە سەر “بەرجام” و بە شێوەیه‌ک لە شێوەکان بە دانی هێندێک ئیمتیاز قەرەبووی ئەو دۆخە بکەنەوە و ئاهێکیان بێتەوە بهرهخۆ.
سه‌یره کۆماری ئیسلامی ده‌بوایه زۆر لەوه وردبینتر بوایه کە ئه‌م دوو حیزبه ده‌سه‌ڵاتداره هه‌رگیز له‌هه‌مبه‌ر خەڵکی ئەمریکا خۆیان ناكه‌ن به شەرمهزارێكی مێژوویی و هەتاهەتایی بۆ ئه‌وه‌ی ئێران ده‌ستی به چه‌كی ئه‌تۆمی ڕابگا، چ پارتی كۆماری بێ چ دێموكراته‌كان. لە بیرمان نەچێ زۆرترین گوشارەکان لە سەردەمی کلینتۆنی دێموكرات‌دا به‌سه‌ر كۆماری ئیسلامی داسه‌پا، تەنانەت فرۆشی نەوتی ئێران بوو بە سیفر.
بۆیە من پێم وایە سیاسەتی دەرەکیی ئەم دوو حیزبە ڕەنگە جیاوازیگه‌لێكی بێ بەڵام لەوەدا كه ئەو وڵاتە دەستی بە چەکی ناو‌کی بگا و ببێتە هەڕەشەیەکی جیدی، به هیچ كلۆجێك مه‌یسه‌ر نابێ. ته‌نانه‌ت تڕا‌مپ هەوڵی ئەوە دەدا کە ئەگەر بۆخۆشی سه‌رله‌نوێ هەڵنەبژێردرێتەوە میکانیزمی ماشە بە جۆرێ چالاک بکا تا دێموکراتەکان بۆ چوار ساڵی داهاتوو نەتوانن ئەو گوشارانە سەر لەنوێ لەسەر ئێران هەڵگرنەوە.
بۆیە من پێم وایە تەمەنی کۆماری ئیسلامی بەرەو تەواو بوونە، دیارە لە سیاسەتدا پێشبینی کردن بە قەولی مایکل واڵزێر مامۆستای فەلسەفەی سیاسی لە ئەمریکا، ئێستاش سیاسەت ئەو شوێنەیە هەموومان غافڵگیر دەکا، واڵزێر دەڵێ ئەگەر ئەو شوێنە نەبوایە بەهاری عەڕەبیمان پێشبینی دەکرد، ئەگەر ئەو شوێنە نەبوایە هاتنە سەر کاری تڕا‌مپ و باڵی ڕاست لە نێو وڵاتانی ئورووپاییمان پێشبینی دەکرد. بۆیە ڕەنگە پێشبینی کردن لە سیاسەتدا شتێکی زۆر دروست نەبێ، بەڵام بە حوکمی ئەو خاڵانه و ئه‌و خوێندنەوانەی كردمان، واته دۆخی داڕماوی نێوخۆ له هه‌موو بواره‌كاندا و دۆخی نێونەتەوەیی ئه‌م وڵاته، ده‌كرێ بڵێین کۆماری ئیسلامی گه‌یوه!
ئێستا پرسیار ئەوەیە کە ئێمە وەکوو کورد دەور و ڕۆڵمان لەم هاوکێشانەدا چییە؟ لە کوێی ئەو هاوکێشانەداین؟ ئایا بەڕاستی کورد بە عام و حیزبی سیاسی به‌تایبه‌تی خەبات دەکەن؟ ئایا بەڕاستی توانیومانە لەسەر ئەو هاوکێشانە شوێندانەرییهكی ئەوتۆمان هەبێ؟
ڕەخنە لەخۆ گرتن من پێم وایە یەکه‌م هەنگاوە بۆ ئەوەی تۆ بەرەو پێش بچی. بۆیە ئەو باسانەی کە لە ئێستادا هاتۆتە گۆڕێ لەسەر یەکگرتنەوەی حیزب سیاسیەکان و هەروەها لەسەر سازکردنی یەک گوتاری دەبێ لە قۆناخی قسە بێتە دەرێ و بچێتە قۆناخی جێبەجێ کردنەوە. زۆرجار سەرکردەکانی ئەو حیزبە سیاسییانە هاتوونەتە ئێرە و سەردانی وەزاره‌تی دەرەوەیان کردووە كه‌چی گوتویانە پێکەوە وەرن، ئێوه هەر کامێکتان لایەنێکن! کە سەیر دەکه‌ی سەیری تەواوی ئەو حیزب سیاسییانە دەکه‌ی، بۆ وێنه سەیری حیزب و لایەنێک دەکه‌ی کە پێشتر چەپێكی تۆخ بووه، ئێستا لە حیزبە نەتەوەییه‌كان نەتەوەییترن و دروشمەکانیان نەتەوەییترە. کەوابوو ئەگەر لەسەر دروشمە ستراتیژییەکان هیچ کێشەیەک نییە، هیچ گرفتێک نییە بە باوەڕی من ئەوە زۆر بە سانایی دەکرێ ئەتۆ بەرەو گوتارێک بڕۆی کە لانی کەم هاوشێوه بێ.
ئەوە واته یه‌كگرتن و یه‌كگرتنه‌وه كه ویست و داخوازی سه‌رجه‌م خەڵکی نێوخۆیە و دڵسۆزانی بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی كورده.
***
* تێبینی: ئه‌م بابه‌ته ده‌قی قسه‌كانی كاك ناسر باباخانی نووسه‌ر و مامۆستای زانكۆیه له ئه‌مریكا كه به شێوه‌ی ئانڵاین وه‌ك وێبینارێكی سیاسی بە هاوئاهەنگی کومیتەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە وڵاتانی ئەمریکا و کەنادا ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٤ی ئۆكتۆبری ٢٠٢٠ی زایینی سه‌باره‌ت به دوایین دۆخی كۆماری ئیسلامی به‌ڕێوه‌چوو.