هەرچەند تا ئێستا پێناسەیەکی ڕوون و یەکدەست لە دوو چەمکی “تێرۆریزمی دەوڵەتی” و “تێرۆریزمی نێونەتەوەیی” نەکراوە، بەڵام هەرکات قسە لە کۆماری ئیسلامیی ئێران و دیاردەی “تێرۆر” دەکرێ، بەبێ هێچ دوودڵییەک باس کردن لەم دوو مەفهوومە دێتە ئاراوە. یان بە واتایەکی دیکە دەتوانین بڵێین باس کردن لە دوو چەمکی “تێرریزمی دەوڵەتی” و “تێرۆریزمی نێونەتەوەیی” و لێکۆڵینەوە لە دیاردەی تێرۆریزم بە گشتی، بەبێ ناوهێنانی نیزامی سیاسیی ئێستای ئێران وەک ڕێژیمێکی تێرۆریست و تێرۆریستپەروەر قورس و ناتەواوە.
ئەم دوو مەفهوومە پێش لە پەیدابوونی کۆماری ئیسلامیش هەبوون و لە زۆربەی زانستنامە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکاندا ئاماژەیان پێ کراوە، بەڵام دەکرێ ئیدیعا بکەین کە دوای هاتنە سەرکاری ئەم نیزامە، “تێرریزمی دەوڵەتی” و “تێرۆریزمی نێونەتەوەیی” وەک دوو دەستەواژە لە حەوزەی “تێرۆریزم”دا زیاتر لە هەمیشە باسی لێ کراوە و “کۆماری ئیسلامیی ئێران” لە ماوەی ٤٠ ساڵی ڕابردوودا بۆتە ئاوەڵدووانەی ئەم دوو مەفهوومە.
بە سەرنجدان بە هەر شەش ڕەگەزەکەی تێرۆریزم کە لە زانستی کۆمەڵناسیدا کۆدەنگی و هاوڕابوونی لەسەرە (چەندپات بوونەوە، ئەنگیزە، ئامانج، دەستووردەران، بەڕێوەبەران و شوێنەوار) دەتوانین بە زمانێکی سادە هەر دوو ئەم مەفهوومانە بەم شێوەیە پێناسە بکەین:
تێرۆریزمی دەوڵەتی: کۆمەڵێک کردەوەی تێرۆریستی کە بە ئامانجێکی سیاسی و بۆ ترساندن و توقاندن و سڕینەوە لە لایەن دامەزراوەیەکی دەوڵەتی و بە فەرمانی کەسانی دەسەڵاتدار بەڕێوە دەچن.
تێرۆریزمی نێونەتەوەیی: کۆمەڵێک کردەوەی تێرۆریستی کە بە ئامانجێکی سیاسی و بۆ ترساندن و توقاندن و سڕینەوە لە لایەن دامەزراوەیەکی دەوڵەتی و بە فەرمانی کەسانی دەسەڵاتدار لە دەرەوەی وڵات (وڵاتانی دیکە) دژ بە نەیاران یان بەرژەوەندیی دەوڵەتان دەکرێن.
لە هەردوو ئەم پێناسانەدا ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران نە لە “چەند” کردەوەی تێرۆریستدا بەڵکو لە “چەندین” کردەوەی تێرۆریستیدا و بە شێوەی ڕەسمی و سەلمێندراو وەک بڕیاردەر و بەڕێوەبەر، ناوی لە مێژووی دیاردەی تێرۆر و تێرۆریزمدا تۆمار کراوە.
لە پێوەندی لە گەڵ تێرۆریزمی دەوڵەتیدا، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لەسەر ئاستی بەرزترین دامەزراوەکانی خۆی وەک ئۆڕگانە دەوڵەتی و حکوومەتییەکانیدا ناوی لە سەر چەندین کەیسی تایبەت بە تێرۆر تۆمار کراوە. لە زۆربەی نزیک بە تەواوی ئەم کەیسانەدا ناوی کەسانی هەرە بەرزی دەوڵەتی و حکوومەتی وەک بڕیاردەری تێرۆر سەلمێندراوە. بە واتایەکی دیکە هەردوو دامەزراوەی سیاسی و یاسایی ئەم نیزامە، واتە دەوڵەت و حکوومەت و، هەروەها کەسی یەکەم و دووهەمی ئەم نیزامە، ڕێبەری و سەرۆککۆمار ناویان لە زۆرێک لە پەروەندەکانی تایبەت بە تێرۆرێزمی دەوڵەتیی کۆماری ئیسلامیدا هاتوە. لەم پێوەندییەدا دادگای میکۆنووس وەک یەکێک لە متمانە پێکراوترین و بێلایەنترین دادگاکانی دنیا لە پەروەندەی تێرۆری سکرتێری حیزبی دێموکراتی کوردستان، دوکتور سادق شەرەفکەندی و هاوڕێیانی لە بیرلینی پایتەختی وڵاتی ئاڵمان لە ٢٦ی خەرمانانی ١٣٧١ی هەتاوی، سەلماندی کە: “دەسەڵاتدارانی هەرە سەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران؛ عەلی خامنەیی(ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران)، هاشمیی ڕەفسەنجانی (سەرکۆماری ئەوکاتی حکوومەتی ئێران)، عەلی ئەکبەر ولایەتی، (وەزیری دەرەوەی ئەوکاتی دەوڵەتی ئێران) و عەلی فەلاحیان (وەزیری ئیتلاعاتی ئەوکاتی ڕێژیمی ئێران) لە کۆمیتەی تایبەت بە بڕیاردان لە سەر تێرۆری ڕێبەرانی حیزبی دێموکراتدا بوون و وەک تاوانبار لە تێرۆری میکۆنووس دەناسێندرێن”.
لە پشت تەواوی ئەو تێرۆرانەی کە بەرانبەر بە نەیاران و دژبەرانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بەڕێوە چوون، “دەوڵەت” و “حکوومەت” وەک دوو دامەزراوەی خاوەن بڕیاری ئەم نیزامە هەن و دەسەڵاتدارانی هەرە سەرەوەی ئەم دوو دامەزراوە لە تیمی بڕیاردەری ئەم تێرۆرانە بوون. بۆیە بەکارهێنانی مەفهوومی “تێرۆریزمی دەوڵەتی” بۆ هەموو ئەو کردەوە تێرۆریستیانەی لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بەرانبەر بە دژبەرانی چ لەسەر ئاستی دەرەوەی وڵات و چ ئەو تێرۆرانەی کە لە نێوخۆی وڵات بەڕێوە چوون، بە تەواوەتی لە جێی خۆیدایە.
بە نیسبەت “تێرۆریزمی نێونەتەوەیی”یەوە کە لە ڕووی جوغرافیاییەوە پانتاییەکی بەرینتر و لە ڕووی سیاسییەوە کاریگەریی تایبەت بە خۆی هەیە، دیسان کۆماری ئیسلامیی ئێران بێپەروا و ڕووڵماڵاوترین ڕێژیمە کە نەتەنیا لە بەڕێوەبردنیدا بەڵکوو لە پەرەپێدان بە دیاردەی “تێرۆر”دا نازناوی “ماکەی تێرۆریزمی نێونەتەوەیی” وەرگرتوە.
بە وردبوونەوە لە تەواوی ئەو تێرۆرانەی کە لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێران و لە ماوەی ئەم چوار دەیە لە دەسەڵاتدارەتیی ئەم ڕێژیمەدا بەڕێوە چوون، دەردەکەوێ کە ئەم ڕێژیمە “بۆ تێرۆری نەیاران و دژبەرانی خۆی هیچ سنوورێکی جوغرافیایی نەناسیوە و لە زۆربەی وڵاتانی دنیا کردەوەی تێرۆریستی ئەنجام داون”. بەشێک لەو وڵاتانەی کە کۆماری ئیسلامیی ئێران تێرۆری تێدا کردوون، بریتین لە؛ ئامریکا، بریتانیا، ئاڕژانتین، تورکیە، عێڕاق، سووریە، لوبنان سوئیس، دانمارک، سۆئێد، ئەفغانستان، پاکستان، ئاڵمان، ئوتریش، ئیسرائیل، هێندوستان، بەحرەین، کنیا، تایلەند، فەڕانسە، قوبرس، و…
تەواوی ئەو تێرۆرانەی کە لەم وڵاتانەدا بەڕێوەچوون ڕاستەوخۆ لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێران و بە دەستووری کۆمیتەی تایبەت بە تێرۆری دژبەران لە دەرەوەی سنوورەکان بەڕێوە چوون. بەڵام لە حەوزەی تێرۆریزمی نێونەتەوەییدا کۆماری ئیسلامی ئێران لە سەر ئاستی پشتیوانیی لە تاقم و گرووپە تێرۆریستییە ناسراوەکانی دنیادا، پێناسەیەکی بەرینتر هەڵدەگرێ کە لەمەیاندا پێویستە قسەی زیاتری لە سەر بکرێ.
بەپێی پۆلینبەندییەکی قوربانییانی ماشێنی تێرۆری کۆماری ئیسلامی پشکی شێری بەر بزووتنەوەی مافخوازانەی کورد و حیزبی دێموکراتی کوردستان کەوتوە. “کارنامەی تێرۆریزمی دەوڵەتیی کۆماری ئیسلامی ئێران دژ بە حیزبی دێموکراتی کوردستان، هەر لە تێرۆری سەرگورد حەبیبوڵڵا عەبباسی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی شوورای نیزامیی حیزب لە هاوینی ١٣٥٩ تا هێرشی مووشەکی بۆ سەر کۆبوونەوەی ڕێبەریی حیزب لە قەڵای دێموکرات لە خەرمانای ١٣٩٧ ناوی سەدان ڕێبەری ئاستبەرز، کادر، پێشمەرگە و تێکۆشەری ئەم حیزبەی تێدا تۆمار کراوە کە بەرچاوترینیان تێرۆری دوو سکرتێری گشتیی حیزب، شەهیدان دوکتور قاسملوو و دوکتور شەرەفکەندییە. کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ماوەی چوار دەیەی ڕابردوودا پتر لە 416 کەس لە ئەندامان و تێکۆشەرانی ئۆپۆزیسیونی کوردی داوهته بهر پهلاماری تێرۆریستی کە حیزبی دێموکرات بە بوونی ٣١٤ قوربانی، ئامانجی سەرەکی بووە. جیا لە شەهیدکردنی ئەم 416 کەسە، لەو کردەوە تێرۆریستییانەدا لانیکەم دەیان کەسی دیکەش بریندار بوون و توانیانە گیان دەرباز بکەن.*
ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە ماهییەت و نێوەڕۆکێکی ئیدئۆلۆژیکی مەزهەبیی هەیە و وجوود و ڕەسالەتی خۆی لە سەر ئەساسی “ناردنە دەرەوە و بڵاوکردنەوەی شۆڕش” پێناسە کردوە، پشتیوانی لە هەر تاقم و گرووپێکی توندڕەوی مەزهەبی بە ئەرکی خۆی دەزانێ. بۆیە بە بێپەروا و بەبێ ئەوەی شاردبێتیەوە یان هەوڵی حاشا کردن بدا؛ پشتیوانی لە هەر گرووپێکی تێرۆریستی دەکا کە بتوانێ بەرژەوەندییە ئیدئۆلۆژیکەکانی ئەو دابین بکا. لەم پێوەندییەدا هەر کات قسە لە ئاشتی و ئاسایشی نێونەتەوەیی و هەڕەشەکان بۆ سەر کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی دێتە ئاراوە، کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕێزی هەرە پێشەوەی تەواوی ئەو هۆکار و فاکتەرانەدا جێ دەگرێ کە هەڕەشەن بۆ سەر ئاشتی و سەقامگیریی جیهانی.
پاڵنەرەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بوونی ئەم نیزامە لە پاڵ هەردوو چەمکەکانی “تێرۆریزمی دەوڵەتی” و “تێرۆریزمی نێونەتەوەیی” ئەگەر بەشێکی پێوەندی بە ئیدئۆلۆژیکبوونی ئەم نیزامە مەزهەبییەوە هەیە، هیچ گومانی تێدا نییە کە بەشێکی تایبەتە بەو خەسڵەتە لەمێژینەیەی کە دەسەڵاتی سیاسیی لە ئێران بە سەدان ساڵە پێڕەوی دەکا. خەسڵەتێک کە ناتوانێ هیچ جیاوازی و جۆراوجۆرییەک لە چوارچێوەی ئەو جوغرافیاییەی ناوی ئێرانە، قبووڵ بکا. خەسڵەتێک لە سەر ئەساسی “ناوەندگەرای ئێرانی” کە چاوی دیتنی جیا لە خۆی نییە و ناتوانێ هیچ جۆڕاوجۆرییەک ببینێ. مادام ناتوانێ جیا لە خۆی قبووڵ بکات، هەوڵی سڕینەوە و فەوتانی دەدا، بۆ ئەم مەبەستە “تێرۆر” ئەو ئەبزارەیە کە نیزامی ناوەندگەرای ئێرانی وەک دەوڵەت و دەسەڵات پشتی پێ بەستووە و بۆ سڕینەوە مخالفانی خۆی (ئەوانی دیکەی جیا لە خۆی) کەڵکی لێ وەردەگرێ.
بۆیە ناکرێ کە باس لە تێرۆریزمی دەوڵەتی و تێرۆریزمی نێونەتەوەیی بە پاشگری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەکرێ تەنیا لە ڕەهەندی ئیدئۆلۆژیکبوونی ئەم نیزامەوە لێک بدرێتەوە. ناوەندگەرابوونی ئەم نیزامە ئێرانییە کە پاشخانێکی نزیک و تێکەڵی لە گەڵ مەفهوومی “شۆڤێنیزمی ئێرانی” هەیە، یەکێک لە پاڵنەرە شوێندانەرەکانی سەر ئەم نیزامە سیاسییەیە بۆ قبووڵ نەکردنی جیا لە خۆی کە “تێرۆر” توانیویەتی ئەبزارێک بێت بەدەست “دەوڵەتی ئێرانی”ەوە بۆ سڕینەوەی ئەوانەی کە جیاواز لەوانن.
***
* وتاری“تێرۆریزم و کۆماری ئیسلامیی ئێران”، ڕۆژنامەی “کوردستان”