پێشەکی
پرسی وزە بە هۆی ڕۆڵێکی چارەنووسساز کە لە ئابووریی جیهاندا هەیەتی، هەردەم یەکێک لە گرینگترین پرسەکانی جێی سەرنجی وڵاتان، بە تایبەت هێزە زەبەلاحەکان بووە. هەربۆیە، نەوت یان “ئاڵتوونی ڕەش” بە هۆی دابین کردنی سەتا 30ی وزەی سەرەتایی جیهان، هەروەها 95 لە سەدی وزەی پێویست لە کەرتی گواستنەوە خاوەن گرنگییەکی بێوێنەیە و وا بە ئاسانی جێی ناگیرێتەوە. یەکێک لەو ناوچانەش کە لە ڕووی سەرچاوەکانی وزەوە لە جیهاندا پشکی شێری بەردەکەوێ، ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستە. بە پێی داتاکانی بی پی (BP)، وڵاتانی ئەو ناوچەیە لە کاتێکدا کە تەنیا ٣.٤ لە سەدی ڕووبەری جیهان (5.1 میلیۆن کیلۆمتری چوارگۆشە) پێک دێنن، بەڵام خاوەن 48 لە سەدی سەرچاوەکانی نەوتی جیهان، هەروەها 35 لە سەدی گازی سروشتی جیهانن. هەر بە پێی داتاکانی بی پی لە ساڵی ١٣٩٢، سەرچاوە سەلمێندراوەکانی نەوتی ئێران دەگەنە نزیک 1٥٧ میلیارد بۆشکە. ئەم ڕێژەیەش دەبێتە زیاتر لە 10 لە سەدی سەرجەم سەرچاوە سەلمێندراوەکانی نەوتی جیهان. ئەو حەجمە زۆرە لە نەوت و داهاتە زەبەلاحەکەی (پێترودۆلار)، چ لە سەردەمی دیکتاتۆریی پێشوو (حەمە ڕەزای پەهلەوی) و چ لە سەرەتای هاتنەسەر حوکمی دەسەڵاتێکی تیئوکرات لە پاش شۆڕشی ساڵی ١٣٥٧، بواری بۆ سیاسەتێکی سەرکەشانە و فراوانخوازانە بۆ ڕێژیمی ئێران ڕەخساندوە، بە چەشنێک کە بە تایبەت لە سەردەمی ڕێژیمی ئیسلامی لە ئێران خراوەتە خزمەتی بەرژەوەندییە ئایدۆلۆژییەکانی ئەم ڕێژیمە سیاسییە کە زیاتر لە دەرەوەی سنوورە جوگرافیاییاییەکانی ئەم وڵاتەدا پێناسە کراون و بەڕێوە براون.
شارەزایانی بواری نەوت و سیاسەت پێیانوایە کە دەوڵەتانی هەناردەکەری نەوت کە بە دەوڵەتی نەوت یان (Petrostate) ناسراون، بە ڕێژەی 50 لە سەدی دەوڵەتانیتر دەچنە نێو ململانێ نێونەتەوەییەکانەوە. هاوکات ئەو دەوڵەتانە هەڕەشەی زۆریان لە ڕووی شەڕ و ململانێ نێوخۆییەکانەوە لەسەرە، گەشەی ئابووری ئەو وڵاتانە، سەرەڕای پۆتانسییەلی سەرچاوە سروشتییەکانیان، وەکوو پێویست نییە، ناسەقامگیرترن لە دەوڵەتانیتر و بگرە لە ڕووی گەندەڵییشەوە، ڕێژەیەکی زۆرتری گەندەڵی لەو وڵاتانەدا بەدی دەکرێ.
بەگشتی کاریگەریی نەوت لە هەر وڵاتێک، لە هەر دوو ئاستی نێوخۆیی و سیاسەتی دەرەکیش، پێوەندییەکی تۆکمەی بە سیاسەتی نێوخۆیی، و بە تایبەت بژاردەی سەرکردە [سیاسییەکانەوە] هەیە، بۆ نموونە: تێگەیشتن لە خواستی دەوڵەتە نەوتییەکان بۆ چوونە نێو ململانێ نێونەتەوەییەکان بەبێ لێک جیاکردنەوەی گروپی دەوڵەتان (نەوتی و غەیرە نەوتی) و تێگەیشتن لە ڕووی دەوڵەتە نەوتییە ئینقلابییەکان مەحاڵە، هۆکارەکەشی ئەوەیە کە ئەو گرووپە لە دەوڵەتان -ئەوانەی خاوەن ڕێبەرییەکی ئینقلابین- هەڕەشەیەکی جیددین بۆ سەر ئاشتی و تەناهی نێونەتەوەیی، بە چەشنێک ئەو دەوڵەتانە 3.5 جار زیاتر لە دەوڵەتانیتر، دەسپێشخەریی شەڕیان لەگەڵ دەوڵەتان کردوە.
نەوت و ئێرانی دوای شۆڕش
پاش ڕووخانی ڕێژیمی پەهلەوی و هاتنە سەر حوکمی دەسەڵاتێکی تیۆکرات لە ڕێگای شۆڕشی ئیسلامییەوە، دەسەڵاتدارانی ئێران بەردەوام باسیان لە هەناردە کردنی شۆڕش کردوە و ئەم چەمکەیان وەکوو یەکێک لە پرەنسیپەکانی سیاسەتی دەرەکیی ڕێژیمەکەیان بەکار هێناوە. سەرکردەکانی شۆڕش پێیان وابوو کە ئەگەر ئێران لە هەناردەکردنی شۆڕشدا شکست بهێنێ، ئەوە لە لایەن دوژمنانییەوە ئیزۆلە دەکرێ، هەروەها لەسەر ئەو باوەڕە بوون کە دەتوانن لە ڕێگای هەناردەکردنی شۆڕشەوە گەلانی بندەست (شیعەکانی جیهان) لەژێر ستەم ڕزگار بکەن و ببن بە مۆدێلێک لە سەرکەوتنی بەها ئیسلامییەکان بەسەر گەندەڵی و سەرکوتی ڕێژیمە ڕۆژاواییەکان.
شارەزایەکی بواری نەوت و سیاسەت، میرتورابی پێی وایە کە بەرز بوونەوەی بەهای نەوت، هاوکات لەگەڵ شۆڕشی ئیسلامی، بوو بە هۆی چێبوونی بەرپرسیارەتیی سەروونەتەوەیی بۆ دەوڵەتی ئێران، هەروەک چۆن دابەزینی بەهای نەوت لە میانەی دەیەی 1980دا بوو بە هۆی هەموار کردنەوەی سیاسەتی دەرەکیی ئێران. شایانی باسە کە بۆ خۆمەینی و شوێنکەوتووانی، بەردەوامی شۆڕشەکەیان گرێدراوی هەناردەکردنی و بە واتایەکی دی بەردەوامیی شۆڕشێکی بێسنوور بوو؛ کە جیاوازییە کولتوورییەکان یان هەستیارییە نەتەوەییە جۆراوجۆرەکان ناتوانن پێش بە خواستەکانی بگرن. خامنەییش لە ڕێگای پشتیوانی لە پراکسییە شیعەکانەوە بە درێژایی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە ئامانجی بڕەودان بە ستایلی ئێرانی ئیسلامگەرایی و تێکدانی نەزمی (Order) ئەمنیەتی ناوچەیی پشتیوانی کراو لە لایەن ئەمریکاوە، ئەو ئەرکەی بە تەواوی جێبەجێ کردوە. بەگشتی ئیدئۆلۆژی خۆمەینی پێک هاتووە لە پۆپۆلیزم، شیعیزم و ئینقلابیگەری کە بناغەی ئیدئۆلۆژیی سیاسەتی دەرەکیی ئێرانی پێک هێناوە و دەبینرێ کە ئەو تێڕوانینە ئیدئۆلۆژیکە پێناسە کراوە لە لایەن خۆمەینییەوە تەنانەت دوای نەمانی ئەویش هەر بەردەوام بووە و سیاسەتی دەرەکیی ئێران لەو چوارچێوەیەدا کە ئەو پێناسەی کردبوو، کۆ کراوەتەوە. ئەو چەمکە هەروەها چەمکی وێستفالیایی سیستەمی نێودەوڵەتیشی ڕەت کردۆتەوە و لە جیاتیان جەختی لەسەر چەمکی “ستەم لێکراوان” کردۆتەوە، کە ئەوەش بە واتای ڕەت کردنەوەی هێژموونی ئەکتەرە دەرەکییەکان (بە تایبەت ئەمریکا و ڕووسیە) بووە. ئەنجامی ئەو سیاسەتە لە ئاستی ناوچەییدا، پێشێل کردنی سەروەریی وڵاتان، بەرەوپێش بردنی سیاسەتێکی سێکتاریستی و ناسەقامگیرکردنی ئەو وڵاتانەی لێ کەوتۆتەوە. گێڕانی ڕۆڵێکی کاریگەر لە بازاڕی جیهانی نەوت پاش ساڵی ١٣٥٧ بە لەبەرچاو گرتنی بەستراوەیی وڵاتە ڕۆژاواییەکان بە نەوت وای کردبوو کە ئێران لە بەرەوپێش بردنی ئەو سیاسەتانەی بەردەوام بێت.
بە گشتی ئەگەر بمانەوێ بزانین کە نەوت چۆن کاریگەری لە سەر ململانێ نێونەتەوەییەکاندا دادەنێ، پێویستە ئاماژە بکەین کە نەوت بە 8 شێوە ئاگری ململانێ نێونەتەوییەکان خۆش دەکا: ١) شەڕی سەرچاوەکان 2) توندوتیژی نەوتی (Petro – aggression) 3) پەلهاوێژی شەڕی نێوخۆیی لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتانیتر 4) پشتیوانی مادی لە یاخیبوونەکان 5) کێشەکانی پێوەندیدار بە سروشتی دەستبەسەر داگرتن بەسەر بازاری نەوتدا 6) کێشە لەسەر ترانزیتی نەوت 7) ستەملێکراوی نەوتی 8) ئەستەنگییەکانی بەردەم هاوکاریی چەند لایەنە.
لەو 8 خاڵەی سەرەوە خاڵەکانی 2 و 4 پێوەندییەکی ڕاستەوخۆیان بە باسەکەی ئێمەوە هەیە. هۆیەکەشی ئەوەیە کە ئەو دوو خاڵە کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر سیاسەتی ناوچەیی و نێونەتەوەیی دەوڵەتی ئێران هەبوو.
توندوتیژی نەوتی (Petro – aggression) لە ڕێگای جیاکردنەوەی ڕێبەری توندوتیژەکانی وەک سەدام حسەین یان ئایەتوڵڵا خومەینی لە ئۆپۆزیسیۆنی نێوخۆیییەوە، هانی ئەوانەی داوە بۆ گرتنەبەری سیاسەتێکی دەرەکیی سەرکەشانە. خاڵەکەیتر، واتە پشتیوانی مادی لە یاخیبوونەکان، بریتییە لە پشتیوانی لە حیزبوڵڵای لوبنان و بەخشینی پێترۆدۆلار بە گرووپە [تیرۆریستە].
نەوت و سیاسەتی ناوچەی ئێران
پشتیوانی و پڕچەک کردنی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی وەک حیزبوڵڵای لوبنان یان حۆسییەکانی یەمەن و خستنە بەردەستی ئیمکانات و دراوی زۆر بۆ ئەو گرووپ و میلیشا جۆراوجۆرانە لە سیاسەتی ناوچەیی ئێرانەوە سەرچاوە دەگرێ. بۆ ئەو مەبەستەش ژێستی سەربازیی ئێران لە سەر دوو بنەمای “کۆسپ خستن” (Deterrence) و “بەرگری” دامەزراوە، بە جۆرێک کە ئەو وڵاتە ستراتیژییەکی ئەمنیەتی نەتەوەیی پێڕەو دەکا کە ئامانج لێی گۆڕینی دۆخی هەنووکەیی ناوچەیی لە ڕێگای فراوان کردنی نفووزی خۆی لە سەر حیسابی ئیسراییل و وڵاتانی عەرەبیی کەنداوە.
جێی ئاماژەیە کە سیاسەتی “بەرگریی هێرشبەرانە” (Forward Defense) لەو چوارچێوەیەدا و بە مەبەستی قەرەبوو کردنەوەی لاوازیی سەربازی موتەعارف (Conventional) لە ڕێگای قووڵایی ستراتیژیک و تۆڕێک لە میلیشیا شیعەکانەوە لە کورتخایەن و مامناوەنددا داڕێژراوە. لە درێژخایەنیشدا، ئەو سیاسەتە ئامانجی بەرزەفڕانە و هەڵبەت پڕمەترسی هەیە، ئەویش بەکار هێنانی هێزێکی هێژمونێکی کەڵەکە کراوە بۆ چێ کردنی “حەوزەیەکی ئێرانی” (Iran Sphere). هەڵبەت ئەو خۆپیشاندانانەی کە لە کۆتایی هاوینی ١٣٩٨دا لە ئێراق و لوبنان لە دژی گەندەڵی، لایەنگرە خۆجێییەکان و فراوانخوازیی پانشیعیی تاران دەستیان پێ کردوە و هەڵبەت بە توندترین شێوە سەرکوت کراون، دەری دەخا کە ئەو سیاسەتەی ئێران تا چ ڕادەیەک لەگەڵ واقعی ژیانی ڕۆژانەی خەڵک [لەو وڵاتانە] دەیخوێنێتەوە.
ئەگەرچی زۆربەی دەوڵەتە نەوتییەکان بە هەردوو شێوازی مادی و میدیاییش پشتیوانییان لە یاخیگەرییە دەرەکییەکان کردوە، بەڵام لەو بەینەدا، ڕەفتاری ئێران زۆر جیاوازترە. جیاوازیی ئێران لە گێڕانی ڕۆڵێکی سەرەکی و تەواوکەردا لە دامەزراندن و بەکارهێنانی حیزبوڵڵا لە لوبنان، تێکەڵاوی لەگەڵ حەماس لە فەلەستین، جەیشی مەهدی و مەجلسی ئەعلا لە ئێراق و یاخیگەرییەکانیتر لە دەرەوە، و هەروەها گێڕانی ڕۆڵێکی ڕاستەوخۆی سەربازییە وەک بەشێک لە ململانێ نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان لە وڵاتانیتر. هەوڵەکانی ئەو وڵاتە بۆ پەرەپێدانی بەرنامە ئەتۆمییەکەی بۆ ماوەی زیاتر لە 20 ساڵ لە کاتێکدا کە بووەتە مەحکوومکردنی بە شێوەیەکی بربڵاو لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، ڕۆڵی ئێران وەک حکوومەتێکی “هێرشبەر” (Aggressive) بەهێزتر دەکا. ئەو سیاسەتە هێرشبەرانەیە، هاوکات بووە لەگەڵ سیاسەتێکی هێرشبەرانەی نەوتیش لە هەمبەر دەوڵەتە ڕۆژاواییەکان کە ئەو سیاسەتە لە لایەن شارەزایانی ئەم بوارەوە بە “مێرکانتیلیزمی نەوتی” ناسراوە.
میرتورابی له شوێنێکی تر باس لەوە دهکا که وادیاره بهرزبوونهوهی نهرخی نهوت له بازار پاش ساڵی ١٣٨٤ ڕۆڵێکی گرنگی له بردنهسهرێی ئاستی هێز و توانایی ئێران له گۆڕانکارییه ناوچهییهکان، ڕاوهستان له ههمبهر گوشاره نێودهوڵهتییهکان و بهرهوپێش بردنی بەرنامە ئهتۆمییهکهی سهرهڕای گهمارۆ نێودهوڵهتییهکان، گێڕاوه. ئهوه له کاتێکدایه که بهرپرسانی ئهمریکی و ئیسرائیلی چهندین جار ڕایانگهیاندوه که ئێران ساڵانه لانیکەم بڕی یەک میلیار دۆلار یارمهتیی دەداتە حیزبوڵڵا. ههروهها له دهستپێکی قهیرانی سووریەوه، بانکه دهوڵهتییهکانی ئێران له ساڵهکانی ١٣٩٢ – ١٣٩٤دا، بڕی 4.6 میلیارد دۆلاریان سهرمایه خستۆته بهردهست ڕێژیمی ئهسهد. ههروهها ئێران مووچهی مانگانهی 50000 میلیشیا، پێداویستی و چهکوچۆڵ و تەقەمەنیی و ڕاوێژی سهربازیی بۆ دابین کردوون.
ئەنجام
له کۆتاییدا دهر دهکهوێ که سامانی نهوتی ئێران ههر له سهرهتای هاتنه سهرکاری دهسهڵاتی دێموکرات له ئێران له ساڵی ١٣٥٧ بهملاوه، یهکێک له کهرهسته سهرهکییهکانی سیاسهتێکی پێداچوونهوهخوازانه و فراوانخوازانه له ئاستی ناوچهیی و نێودهوڵهتیدا بووه. ئێران دوای ١٣٥٧ کۆمهڵه چهمکێکی وهکوو “ههنارده کردنی شۆڕش” و “پشتیوانی له ستهملێکراوانی جیهانی” وهک یهکێک له تەوەرەکانی سیاسهتی دهرهوهی ههڵبژاردوە که ئهو سیاسهته ڕاستهوخۆ؛ واتای پێشێل کردنی سهرهوهریی وڵاتان له ڕێگای پشتیوانی له کۆمهڵێک گرووپی تێرۆریستی وهک حیزبوڵڵای لوبنان و حهماس، و له ئهنجامدا قووڵکردنی درزی مهزههبی و بهرهوپێش بردنی سیاسهتێکی سێکتاریستی بووه. دهستێوهردان له کاروباری وڵاتان له ڕێگای بههێزکردنی ئهو گرووپانهوە ساڵانه چهندین میلیارد دۆلاری تێچوو بووه و ئهو خهرجیانهش بهبێ لهبهر چاو گرتنی داهاتی نهوت و پێترۆ دۆلارهکانی ئێران، به ئاسانی مومکین نهبووه. له لایهکیتر بەرنامەی ئهتۆمیی ئێران تا ئێستاش خهرجییهکی زۆری لهسهر دهستی ڕێژیم داناوه که ئهویش تهنیا به داهاتی میلیارد دۆلاریی نهوت مەجالی بهردهوامیی ههبووه. به گشتی دهتوانین بڵێین که نهوت و سامانهکهی مهکینهی سهرهکی سیاسهتی دهرهکی دهوڵهتی ئێران له دوایی شۆڕشی ١٣٥٧ بوون.
****
سەرچاوەکان:
- رفیع، حسین. “تحول نقش نفت در تقابل سیاسی خاورمیانهِ اسلامی و غرب.” مطالعات سیاسی جهان اسلام.اسلام. بهار ١٣٩٣. سال سوم شماره ٩. صص ۶٠-٣۵
- Miller, Richard G., and Steven R. Sorrell. “The future of oil supply.” (2014): 20130179.
- Sorkhabi, Rasoul. “Why so much oil in the Middle East?.” (2010).
- Sorkhabi, Rasoul. “How Much Oil in the Middle East?.” (2014).
- Colgan, Jeff D. “Oil, domestic politics, and international conflict.” Energy Research & Social Science 1 (2014): 198-205.
- Iran: exporting the revolution, an intelligence assessments. National foreign assessments center. march 1980.
- میرترابی، سعید، هفت قاعده سیاست خارجی نفتی. پژوهشنامه علوم سیاسی. زمستان ١٣٩١. سال هشتم. شماره ١. صص ٢۴٣-٢٠٩.
- Edelman, Eric, and Ray Takeyh. “The Next Iranian Revolution: Why Washington Should Seek Regime Change in Tehran.” Foreign Aff. 99 (2020): 131.
- Gedikli, Gursel Firat. “Iranian foreign policy in the 2000s: a neo-realist perspective.” PhD diss., Master Thesis, The Graduate School of Social Sciences of Middle East Technical University, 2014.
- Colgan, J. “Oil, conflict, and US national interests. Policy Brief.” Belfer Center for Science and International Affairs, Harvard Kennedy School. http://belfercenter. ksg. harvard. edu/publication/23517/oil_conflict_and_us_national_interests. html. Accessed Oct (2013).
- Eisenstadt, Michael. “Iran after Sanctions: Military Procurement and Force-Structure Decisions.” International Institute for Strategic Studies, Dec (2017).
- Topa, Alessandro. “Irans Geschichte: 1979-2019–Zwischen Revolution, Reformversuchen und regionalem Hegemonieanspruch.”
- Priest, Tyler. “The Dilemmas of oil empire.” The Journal of American History 99, no. 1 (2012): 236-251.
- Iran’s proxy war: how iran spends its billions. jan 2,2018. www.theweek.co.uk
- Bakhash, Shaul. The Politics of Oil and Revolution in Iran. Brookings Institution Press, 2010.
- Martorell, Benjamin E. “Oil, politics, society and the state in the middle east: Enduring authoritarianism in Iran and Saudi Arabia.” (2012).
- Topa, Alessandro. “Machtgefüge Iran: Kleriker, Garden–und eine Generation ohne 1.2020. www.bpb.de
- Dudlák, Tamá “After the sanctions: Policy challenges in transition to a new political economy of the Iranian oil and gas sectors.”Energy policy 121 (2018): 464-475.
- Smith, Benjamin. “The wrong kind of crisis: why oil booms and busts rarely lead to authoritarian breakdown.”Studies in Comparative International Development 40, no. 4 (2006): 55-76.