به‌دوای توندوتۆڵ بوونی ستاندارده نێوده‌وڵه‌تییه‌كان به مه‌به‌ستی هه‌ڵسه‌نگاندنی ئاستی وڵامده‌ر بوون و ڕه‌وایه‌تیی ده‌وڵه‌تان، په‌یوه‌ندیی نێوان هاووڵاتی و ده‌سه‌ڵاتدار گرینگییه‌كی زیاتری په‌یدا كرد. به‌شێوه‌یه‌ك كه خواست و چاوه‌ڕوانیی هاووڵاتیان بوو به ده‌قی گرینگیدانی سیاسه‌ت و بابه‌تی سه‌ره‌كیی پلان‌داڕێژیی ده‌وڵه‌ت بۆ حوكمڕانی. به تایبه‌ت كۆتایی هاتنی جەنگی سارد و بلۆكبه‌ندیی سیاسیی ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژئاوا، كۆمه‌ڵێك بنه‌مای ئه‌رزشی و مافی مرۆڤی جێ كه‌وتن یان باشتره بگوترێ پێگه‌یه‌كی باشتریان وه‌رگرت.
كۆماری ئیسلامی هه‌رچه‌ند له ده‌ره‌نجامی شۆڕشێكی گه‌لیدا هاته سه‌ر كار، شۆڕشێك كه شۆڕشگێڕان به‌مه‌به‌ستی داهاتوویه‌كی باشتر له‌ڕووی ئابووری و سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه قوربانیان بۆ دا، ده‌ره‌نجامێكی دڵخوازیی گه‌لانی ئێرانی لێ نه‌كه‌وته‌وه. ڕه‌تكردنه‌وه‌ی سیسته‌مێكی سیاسیی ناته‌با له‌گه‌ڵ سه‌رده‌م و خولیای دامه‌زرانی سیسته‌مێكی خه‌ڵكی و دیمۆكڕات و وڵامده‌ر، گه‌لانی ئێرانی له شۆڕشێكدا سه‌رخست كه ئاراسته‌ی مێژوو و ته‌مه‌نی چه‌ند نه‌وه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی تڕاژیك داڕشته‌وه، ئه‌زموونێك كه له‌سه‌ر خه‌ڵك گران كه‌وت و چه‌ندین نه‌سلی كرده قوربانی. له‌ڕاستیدا هه‌ر ڕێژیمێكی سیاسی به‌رهه‌می ئاست و ڕاده‌ی وشیاری و تێگه‌یشتوویی ئه‌و خه‌ڵكه‌یه كه حوكمڕانییان به‌سه‌ردا ده‌كا. تێكچوونی ئه‌و هاوكێشه‌یه یان چاكسازی به‌دوادا دێ و یان شۆڕشی لێ ده‌كه‌وێته‌وه. به‌ڵام شۆڕش ته‌نیا كاتێك ده‌توانێ ئازادی و دیمۆكڕاسی و دادپه‌روه‌ری به‌رهه‌م بێنێ كه كۆمه‌ڵگە گه‌یشتبێته ئه‌و ئاسته له گه‌شه‌ی فكری و كۆمه‌ڵایه‌تی كه ئه‌و به‌هایانه‌ی له گشت تاكه‌كان یان زۆربه‌یان نه‌هادینه كردبێ. به ده‌ربڕینێكی دیكه گۆڕینی ڕێژێمی سیاسی به‌بێ گۆڕینی فه‌رهه‌نگی سیاسیی كۆمه‌ڵگە ڕوو نادا. تا ئه‌و كاته‌ی خه‌ڵك به ته‌واوی به‌و قه‌ناعه‌ته نه‌گه‌ن كه ڕژیمی سیاسیی ئاراییان ناوێ و جۆرێكی دیكه له دنیابینی له هه‌ست و نه‌ستی هاوبه‌شی تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگەدا دروست نه‌بێ و سه‌ره‌نجام ئه‌و ئاماده‌ییه دروست نه‌بێ كه ده‌بێ له‌و پێناوه‌دا هه‌نگاوی لێبڕاو بنێن، گۆڕانكاریی گه‌وره ڕوو نادا.
شۆڕشی 57 له ئێران ئه‌و ساته مێژووییه‌یه كه ویستی گۆڕانكاری له به‌شێكی گه‌وره‌ی كۆمه‌ڵگای ئێران‌دا ئاوێته‌ی به‌ها سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوورییه‌كان نه‌بوو. ڕێكخستنی مۆدێڕنی حیزبی زیاتر له‌وه‌ی به‌رهه‌می تێڕوانینی كۆمه‌ڵگا بۆ كێشه‌كان بێ، به‌رهه‌می چاولێكه‌ری و به‌ستراوه‌یی ئیدئۆلۆژی به‌ملا و ئه‌ولا بوو. ئه‌وه حیزب نه‌بوو ڕای گشتی ئاراسته بكا و پلانی حوكمڕانی دابڕێژێ و بانگه‌شه بۆ ستڕاتیژیی خۆی بۆ داهاتووی وڵات بكا، به‌ڵكوو تاقمێك هه‌لپه‌ره‌ستی ئایینی به هه‌ڵخڕاندنی هه‌ستی ئایینیی كۆمه‌ڵگە توانییان ده‌سه‌ڵات بگرنه ده‌ست.
دۆخی ئێستای ئێران قۆناغی ململانێی نه‌وه‌ی نوێی فكریی كۆمه‌ڵگەیه بۆ سڕینه‌وه‌ی ئاسه‌واری 40 ساڵ حوكمڕانیی ئایینی. ئاماده‌یی كۆمه‌ڵگەی ئێران بۆ وه‌به‌رهێنانێكی سیاسی كه تێیدا مافه‌كانی مرۆڤ ڕێزیان لێ بگیرێ و ده‌سه‌ڵاتی سیاسی دیمۆكڕاتیزه بكری، تا ڕاده‌یه‌ك هه‌ستی پێ ده‌كرێ. له ئێران‌دا سیاست به واتا به‌رته‌سكه‌كه‌ی له ده‌سه‌ڵاتی سیاسی‌دا به ته‌واوی شكستی هێناوه. شكست به‌و مانایه‌ی چ له ئاستی ده‌ره‌وه‌و چ له ئاستی ناوخۆ ڕه‌واییی كۆماری ئیسلامی كه‌وتۆته ژێر پرسیاره‌وه.
ئه‌و ئامانجانه‌ی كۆماری ئیسلامی كه له ده‌ره‌وه‌ی نۆڕمه‌كانی كۆمه‌ڵگەی نێوده‌وڵه‌تین و له ژێر ناوی په‌ره‌پێدان به شۆڕشی ئیسلامی له ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌كانی ئێران و هه‌ر له دوای سه‌ركه‌وتنی شۆڕشه‌وه له سه‌ر ئاستی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌دا بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كا، نه‌ته‌نیا وه‌دی نه‌هاتوون، ته‌نانه‌ت به‌ستێنه‌كانی وه‌دیهاتنیان له‌بار براون. كۆماری ئیسلامی كه بانگه‌شه‌ی هه‌ڵكردنی ئاڵای شۆڕشی ئیسلامی له جیهانی ئیسلامدا به‌رز كردبۆوه، له ئێستادا نه‌ته‌نیا له لایه‌ن ڕۆژئاواییه‌كانه‌وه به‌ڵكوو له لایه‌ن وڵاتانی ئیسلامیشه‌وه ته‌ریك خراوه‌ته‌وه. ئێستا وڵاتانی عه‌ڕه‌بی، ئێران به دوژمنی سه‌ره‌كیی خۆیان ده‌زانن نه‌ك ئیسڕائیل. له ماوه‌ی ڕابردوودا شاهیدی په‌یماننامه‌ی ڕێككه‌وتنی ئیسڕائیل و به‌شێك له وڵاتانی عه‌ڕه‌بی دژی ئێران بووین. ڕێككه‌وتنێك كه شكستی گه‌وره‌ی سیاسه‌تی پێكهێنانی “به‌ره‌ی به‌رگری”یه كه كۆماری ئیسلامی بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كا و تێچوویه‌كی زۆری له‌و پێناوه‌دا ته‌رخان كردوه. ئاماژه‌كان ئه‌وه ده‌نوێنن ئه‌و ڕه‌وته ئاشتیه درێژه‌ی هه‌بێ و وڵاتانی ئیسلامیی دیكه‌ش په‌یوه‌ست به‌و ڕه‌وته‌وه بن. ده‌ستێوه‌ردانه‌كانی كۆماری ئیسلامی له وڵاتانی ناوچه شه‌پۆلێك له تووڕه‌یی و نه‌فره‌تی له‌و وڵاتانه دژی ئێران لێكه‌وتۆته‌وه، كه دیتمان چۆن له ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی یه‌ك دوو ساڵی ڕابردووی عێڕاق و لوبناندا به‌ئاشكرا دروشم دژی ئێران ده‌گوترانه‌وه. شۆڕشی ئێران كه قه‌رار بوو هه‌نارده‌ی وڵاتانی ده‌وروبه‌ر بكرێ و به‌ره‌ی به‌رگریی فراوان دژی جووله‌كه‌ی لێ بكه‌وێته‌وه، پێچه‌وانه بۆته‌وه و ئاكامی كاره‌ساتباری ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تیی بۆ گه‌لانی ئێران لێ كه‌وتۆته‌وه.
سیاسه‌تی په‌ره‌پێدانی تێكنۆلۆژیی ناوكی كه نزیك سێ ده‌یه‌یه بوودجه‌یه‌كی گه‌وره‌ی بۆ ته‌رخان كراوه، نه توانیویه‌تی ـ وه‌ك ئه‌وه‌ی له سه‌ره‌تاوه بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كراـ وزه‌ی كاره‌با به‌رهه‌م بێنێ و نه توانیویه‌تی توانای به‌رگریی سه‌ربازی بۆ ئێران به‌رێته سه‌ر. ده‌ره‌نجامی ئه‌و سیاسه‌ته، دڕدۆنگی و له هه‌مان كاتدا هاوهه‌ڵوێستیی كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی دژی ئێرانی به دوای خۆیدا هێناوه‌و له ئه‌نجامی ئابڵۆقه‌كانی سه‌ر ئێران، هه‌ژاری و بێ ده‌ره‌تانی بۆ گه‌لانی ئێران لێ كه‌وتۆته‌وه. دابه‌زینی بێ وێنه‌ی نرخی تمه‌ن و هه‌ڵاوسانی له گرێژنه ده‌رچووی ئه‌و دواییانه له ئێران به‌ته‌واوی ته‌نگی به خه‌ڵك هه‌ڵچنیوه و چینی ناوه‌ڕاستی به‌رته‌سكتر كردۆته‌وه. به جۆرێك كه ئێستا له ئێران‌دا چینیێكی ده‌ستڕۆیشتووی ده‌وڵه‌مه‌ند به كه‌ڵك وه‌رگرتن له ڕانتی ده‌وڵه‌تی توانیویانه ده‌ست به سه‌ر به‌شی هه‌ره‌زۆری سه‌روه‌ت و سامانی وڵات‌دا بگرن و له‌ولاشه‌وه زۆربه‌ی خه‌ڵك كه‌وتوونه‌ته خوار هێڵی هه‌ژارییه‌وه‌و ته‌نانه‌ت توانای دابین كردنی پێداویستییه سه‌ره‌تاییه‌كانی ژیانیان نییه. ئه‌و جیاوازییه چینایه‌تیه، ئاشتی و ئارامیی كۆمه‌ڵایه‌تی و ته‌نانه‌ت ئه‌خلاقی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌ره‌و داڕمان بردوه.
له ئاستی نێوخۆیی‌دا نێوه‌ڕۆكی نادیمۆكڕاتیكی سیسته‌می سیاسی له ئێران‌دا و په‌یڕه‌و كردنی سیاسه‌تی سه‌ركوت و سانسۆڕ و هه‌روه‌ها وڵامده‌ر نه‌بوونی ده‌وڵه‌ت له ئاست داواكارییه‌كانی توێژه جۆراوجۆره‌كانی كۆمه‌ڵگە، ڕه‌وتێكی به‌رینی ناڕازیانی دروست كردوه كه ڕۆژ به ڕۆژ به‌رفراوانتر و ڕێكخراوتر و ئامانجدارتر دژی ڕێژیم ده‌وه‌ستنه‌وه. درێژه‌دان به‌و ناڕه‌زایه‌تییانه ورده ورده ئێران به‌ره‌و دۆخی شۆڕش ده‌با. دۆخی شۆڕش ئه‌و ساته‌وه‌خته‌یه له ژیانی كۆمه‌ڵگەدا كه كه‌لێنی نێوان خه‌ڵك و حاكمییه‌ت به ڕێژه‌یه‌ك فراوان ده‌بێ كه كۆی ڕایه‌ڵه‌كانی به‌ستنه‌وه‌ی گه‌ل به سیسته‌می سیاسی ده‌پچڕێن و هه‌ر به‌و پێیه گه‌ل به‌دوای گۆڕانێكی ئه‌ساسیدا ده‌گه‌ڕێ و زه‌مینه‌كانی ڕووخانی نه‌زمی كۆن و هێنانه‌دیی نه‌زمی نوێ ده‌ڕه‌خسێنێ. دۆخی شۆڕش دۆخی دووباره پێناسه كردنه‌وه‌ی كۆی سیسته‌می به‌ها و نۆڕمه‌كانی كۆمه‌ڵگەیه.
به ئاوڕدانه‌وه‌یه‌ك له‌و قه‌یرانانه‌ی به‌رۆكی كۆماری ئیسلامی گرتووە به تایبه‌ت له ساڵانی ڕابردوودا ده‌توانین بڵێین دۆخی شۆڕش له داهاتووی نزیكدا له ئێران چاوه‌ڕوانكراوه. ناڕه‌زایه‌تییه سه‌راسه‌رییه‌كانی به‌فرانباری 96 و خه‌زه‌ڵوه‌ری 98، ناڕه‌زایه‌تیی كرێكاران، مامۆستایان، پیشه‌وه‌ران و … و دروشمی خۆپێشانده‌ران كه كۆی سیسته‌می سیاسی‌یان ڕه‌ت كرده‌وه، سه‌لمێنه‌ری ئه‌وه‌ن كه لێكترازانێكی قووڵ له نێوان خه‌ڵك و ده‌سه‌ڵاتدا دروست بووه.